عوسمان عومەر: مێژووى نوسینى کوردى ـ بەشی دووەم.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بنەچەى ساسانیەکان

جیهانى ئەوکات و سەردەمە، دابەش ببو لە نیۆان ئیمپراتۆریەتى ساسانى لە رۆژهەڵات و رۆمە بیزەنتیەکان لە رۆژئاوا. ئەم دوو ئیمپراتۆریەتە بەردەوام لە ململانێ و شەڕو کێبرکێى یەکتر بوون, ئیمپراتۆریەتى ساسانى 400 ساڵ پ .ز دامەزراوە. دکتۆر رشیدى باسمى لە زانکۆى تاران لەزنجیرە وتاریکى ئاماژەى بەوە داوە کە ساسانیەکان کورد بوون نەک فارس وەک باسدەکرێ. ساسانیەکان گرنگى زۆریان بە زانست و هونەرو کارى پزیشکى و بازرگانى داوە. دامەزرێنەرى ئیمپراتۆریەتى ساسانیەکان (ئەردەشیرى کوری بابەک) کە کوردبووە لە هۆزێکى شوانکارە و دایکى بابەک لەهۆزى( بازرەنگى)کورد بووە، وەک ئاماژەى پێدراوە 88ساڵ ژیاوە 25 سالى ئیمپراتۆر بووە. کۆتا ئیمپراتۆرى ساسانیەکان (یەزدى کورد ) بە عەرەبى بە یزجورد ناوبراوە، ئەوە بۆ شیواندنى کورد بونى بووە و 20 ساڵ ئیمپراتۆر بووە, دواى ئەو 29 ئیمپراتۆر حوکمرانییان کردووە و لە ماوەى حوکمڕانى ساسانیەکان پایتەختەکەیان ( مەدایان و بەعەربى مەدائین ) ناوبراوە و 29 فرسەخ لە بەغداوە دوور بووە. یاقوت حەمەوى لە موعجەم البلدان دا دەلێت: مەدایان ناوى کورد بووە. ئیسترابۆنیش دەلێت: ئەردەشیر سەرکەوتوو زاڵبووە بەسەر فارسەکاندا ناوى شاهنشا نەبووە، ئەمەش ئەوە دەردەخات، کە کورد بووە بەبەڵگەى ئەوەى هەر کەسێک حوکمرانى گەلێکى تر نەکات جگە لەگەلەکەى خۆى پێى ناوترێ شاهنشا. لە مێژوى کۆنى موسل دا ئاماژە بەوە دراوە کە ئەردەشیر دەولەتى ساسانى دامەزراندوە بە پشتیوانى وهاوکاریى مادەکان یا میدیەکان و، شەرى لەگەڵ دواجێنشینى هاخامەکان بەناوى ئەردەوان کە فارس بووە ئەنجامداوە.
طەبەرى لە بەشى یەکەم و لاپەرە 478 دا دەڵێت : ئەردەوانى فارسى نامەیەکى دواى جەنگى دووەمى نێوانیان بۆ ئەردەشیر ناردووە تێیدا هاتووە ( زۆر لە خۆ بایی و بەرز فڕیوى کە دوژمنایەتیمان بکەیت خۆت کۆتایی خۆتت هێنا ئەى ئەوکوردەى لە ژێر چادردا پەروەردە بویت کێ رێگاى پێداوى تاجى پاشایەتى لەسەر بنێى و دەست بەسەر ئەو خاکەدا بگریت، کە خەلک و پادشاى لێنەبووە. کێ فەرمانى پێکردى ئەو شارە لەو بیابانە بنیات و دامەزرێنى.؟ بەوەدا دەردەکەوێ کە ئەردەشیر کورد بووە.. مەبەست کورداوا – مەدائینە.

خوێندن و نوسین بەزمانى کوردى لە پێش زایینەوە تا ئەمڕۆ
لە ناوچەکانى باکورى موسل 700ساڵ پ . ز، زاناو ئەدیبێک هەبووە بەناوى ( تەنکەلو ) بە ” شەلکول ” ناسراوەو، بنەچەى کوردە و خاوەنى چەندین کتێبى سەبارەت بەفەلەکناسى و ئاینى بەزمانى کوردى نوسیوە, (ئاریاتە) ش زاناو دکتۆرێکى بەناوبانگ بووە، چەندین کتیبى سەبارەت بە هونەرى پزیشکى نوسیوە بە زمانى کوردى، داهێنەرى پیتى ئەبجەدى کوردى بووە. حەسەن بیرنیاس لە کتێبى ئێران باستاندا دەڵێت: زەردەشت دوو کتێبى هەبووە بەناوەکانى ئاویستا و ویین کورد, وین کورد لەسەر پێستى 13000 گامیش نوسراوە. هەروەها ئەلف و بێى پەهلەوى داناوە کە 42 ئاماژە بووە سەروبۆرى تیدا رەچاو کراوە. واتە( ضمە , فتحەو کسرە ) هەر بەوزمانەش ئاوێستاى نوسیوە بە زەند ناسراوە. نوسینى زەندى نمونەى نوسینى کوردی و ئەلف و بێى کوردیە 2800 ساڵ پ.ز. لە پاشکۆى ژمارە 1 داهاتوە ئاڤیستاو کیکروکوهن و ویینکورد، کونترین کتێبن بە زمانى پەهلەوى و لوڕى و کەلهوڕى نوسرابێ و وەرگێردرابێ. ئازەربورد کورى هەمەد کە سەرکردەیەکى بادینان بوە دەلێت : بە پشتیوانى خوا و بونى کاغەز جارێکى تر توانیمان هەموو کتێبى ویین کورد کۆبکەینەوەو بنوسینەوە.

هیرۆدۆت دەڵێت: بنەماڵەى ئیمپرتۆرە میدیەکان نوسراوێکیان دەخوێندەوە لەکاتى دادگادا، بەوەدا دەردەکەوێ کە خوێندەوار بون. کۆنتزیاسى یۆنانى پزیشکى دەربارى ئەردەشیر کتێبێکى مێژوویی داناوە و باسى رۆژنامەو رۆژژمێرى دەربارى پادشایەتى، هەروەها دکتۆر ئیفلاتون و یولوتارک و، چەندینى تر باسى ئەوەیان کردووە. تەورات لەبارەى سەردەمى هاخامنیشان باس لەوە دەکات کە یاساو فێرکردن واتە خوێندن و نوسین لە ئیمپراتۆریەتى میدیەکان بونى هەبووە. ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێ کە خوێندەوارى و نوسین و رۆژنامە و یاساو دادگا بوونى هەبووە لە کۆنەوە لەکوردستان. کەچى بەداخەوە لەسەردەمى ئیستامان دا سیاسەتمەداران وح وکمڕانى ئێستامان دیارە رابوودو میژووى خۆمانیان نەخوێندۆتەوە بۆیە دادگاو سەروەرى یاسا پێشێل دەکەن و تەنانەت ناشوێرن بنەچەى خۆشیان بۆ خەڵکى هەرێمەکەمان دەرخەن. بۆ زانیارى خوێنەرانى بەڕێز ئاویستا و ویین کورد وەک هۆنراوە نوسراوەو بەدەنگى بەرز و خۆش دەخوێندرایەوە لە دەربارى ساسانیەکان و باربود هۆنراوەکەى دەخوێندەوەو دواتر وەک گۆرانى بەئاوازى سەمتورەوە دەیچەراند..