ئارام قزلەری: نەھێنی3 چڵ گوڵ بۆ 32 شەھیدی گولەبارانکراویی شاری سلێمانی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕۆژی دووشەممە ڕۆژی شەھیدانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بوو، لەسەر پێژنیاری بەڕێز خاتو ئەمیرە خێزانی بەڕێز (دکتۆ شێرکۆ ) مۆنۆمێنتێک دروستکراوە بۆ ھەموو ئەو قارەمان و تێکۆشەرانەی، کە لە شاری سلێمانیدا بەدەستی فاشستەکانی بەعس بە بەرچاوی خەڵکەوە گولەباران کراون. پاشانیش زۆربەی کەسوکاریی نەمران بەدەستی فاشستەکان ملیان قرتێنراوە.

ئەوەی زۆر گرنکە ئاماژەی پێ بکەم، ئەوەیە زیاتر لە یەک ھەفتەیە لە ڕاگەیاندنەکانەوە خاتو ئەمیرە بانگەشەی بۆ کردووەو سەرجەم کەسوکاری ئەو نەمرانەشی ئاگادار کردۆتەوە، کە لەو ڕۆژە پیرۆزەدا چەپکە گوڵی ڕێزلێنان لەسەر مۆنۆمێتی ئەو نەمرانە دائەنرێت. زۆر بەداخەوە ژمارەی ئامادەبوانی ئەو مەڕاسیمە بە بەرپرسان و پاسەوانەکانیانەوەو ئەندام پەرلەمانەکان و لایەنە حکومی و پارتە سیاسیەکانەوە نە دەگەیشتە سێ ھیندەی ژمارەی ئەم شەھیدە نەمرانەی منۆمێنتەکەیان بۆ دروستکراوە.
ئەو بەرپرسانەی ئامادەی مەراسیمەکە بون بریتی بون لە بەرێزان: وەستا حەسەن ئەندامی سەرکردایەتی و بەڕێوبەری ئاسایشی سلێمانی، و شێخ لەتیف بەرپرسی مەڵبەندی ڕێکخستی سلێمانی، و مەحمودی حاجی ساڵح وەزیری کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوەکان، و مەلا بەھادین بەرپرسی دەزگای شەھیدانی یەکێتی.
لەسەرەتادا بەرپرسی مەڵبەندی ڕێکخستی سلێمانی وتەیەکی پێش کەش کرد، و وەک ھەموو بەرپرسەکانی تر چۆن بەشان و باڵی کەسوکاری شەھیداندا ھەڵ ئەدەن و بە ئارەزوی دڵی خۆیان وشەی بریقەدار ئەھۆننەوە دەڵێن: یەکێتی کەس خاوەنی نیە تەنھا کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان نەبێت. نازانین پە چ پێوەرێک خانەوادەی شەھیدان خاوەنی یەکێتین؟ بەسەروەت و سامانەکەیانەوە؟ بە ڕیزە ئوتومبێلە زریپۆشەکانیانەوە؟ بە باخ و فێلاو کۆشکە شاھانەکانیانەوە. یان بە گەشت و سەردانەکانیانەوە بۆ ئەمریکاو وڵاتانی ئەوروپاو وڵاتە عەرەبیەکان. ئادەی پێمان بڵێن: ئێوەی پەرپرسان و ماڵ و منداڵەکانتان خاوەنی یەکێتین؟ کە خۆتان و ھاوسەرتان و مناڵەکانتان کە ھەر مانگەی لە وڵاتێکن و ھەر ڕۆژەی جۆرە ئوتومبیلێکتان پێیە؟ ئایا خاوەنی ڕاستەقینە ئێوەن؟. یاخود کەسوکاری نەگبەتی شەھیدانە، کە لە سایەی سەریی ئێوەو خۆبەخۆیتانەوەو کوتلەو کوتلە کاریتانەوە ھەر ھەموو کەسوکاری شەھیدانتان نانبڕاو و برسی کردوە.
بنەماڵەی تێکۆشەری وا ھەیە بەسکێک تێرە و بە سەد سک برسی. ئەرێ بەڕاست بنەماڵەی شەھیدان بەو نەھامەتیەوە خاوەنی ڕاستەقینەی یەکێتی ئەوانن؟. ئێوە بینیوتانە خەڵکانێک خاوەنی یەکێتی بن، کە لە نزمترین ئاستا ژیان بەسەر بەرن.
دوای وتاری بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی و پاشانیش چەند وتەیەک لە لایەن وەزیری شەھیدانەوە پێشکەش کرا . دواتر چەپکە گوڵێکی گەورە و شایستە بەو نەمرانە ھی بەڕێز (جەنابی مام جەلال و ھێرۆخانی) ھاوسەریی، لەلایەن بەڕێز سدیق خەراجیانیەوە لەسەر مۆنۆمێنتەکە دانرا، پاشان لە لایەن کەسوکاری شەھیدان و ھەموو ئەو بەڕێزانەی ترەوە چەندین چەپکەگوڵ لەبەردەم مۆنۆمێنتی ئەو نەمرانەدا دانرا.
بەلاتانەوە سەیر نەبێت بە ھەموو ئەو بەرپرسە باڵایانەی کە لایەنی پەیوەندیدارن بۆ کاروباری شەھیدان! ( 3) تەنھا سێ چڵ گوڵیان لەسەر ئەو مۆنۆمێنتە دانا کە ئەو سێ چڵەش لەوێدا بۆیان پەیدا کردن.
تو ویژدانتان ئەمەیە ڕێزی شەھیدو خوێنی پیرۆزیان.
تەنانەت خۆم بە بەڕێزێکیانم وت قسەتان بکردبایە من چەپکە گوڵێکی گەورەم پێ بوو، پێم ئەبەخشین. بەڵام قسەکەی منیان پێ ناخۆش بوو، سەیر لەوەدایە زۆرێک لەوانەی خۆیان بە بەرپرس و دەسەڵاتدار ئەزانن، وا ھەست ئەکەن لە ئاسمانەوە کەوتونەتە خوارەوە ئەوەندە لوت بەرزو لە خۆباین. ھەرچەندە ئێمەی کەسوکاری شەھیدان ھیچ کەس و لایەنێک، نە لە خۆمان و نە لە شەھیدە نەمرەکانمان بە گەورەترو بە پیرۆز تر نابینین.
نوێنەری بەڕێز جەنابی مام جەلال بۆ کارو باری شەھیدان و ئەنفالکراوەکان ئامادەی ئەو مەراسیمە نەبوو.
لیژنەی شەھیدان و ئەنفالکراوەکان لە پەرلەمانی کوردستان ئامادە نەبون.
لە مەکتەبی شەھیدان تەنھا بەڕێزێک ھاتبوو ئەویش بەبێ گۆڵ.
لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کەس نەھاتبو، ئەوە ئەگەر تەندەرێکی پڕ لە قازانج بوایە دەبووە دەمەقاڵێ لەسەر ئەوەی کێ بەژدار بێت.
سەبارەت بە پەرلەمانتارانیش جگە لە دوو بەڕێز ئامادە بون ئەویش خوشکی یەکێک لە شەھیدەکان و کاک دلێر ماوەتی بوو.
ئەی پەرلەمانتارەکانی تر لە کوێ بون، کە لەسەر خوێنی پیرۆزی ئەم نەمرانە لەتەڕ ئەخۆن و لە وشک ئەخەون و ڕۆژانە بە ئوتومبێلی گران بەھاو بە پاسەوانەکانیانەوە بە شەقامەکاندا بۆ کەشخەیەتی چرت و فرتیانە، دیارە بیریان چۆتەوە کە لەکاتی ھەڵبژاردنەکاندا دەستی کەسوکاری شەھیدانیان ماچ ئەکرد و ماڵ بە ماڵ لەدەرگای ھاوڵاتیانیان ئەدا. تا دەنگی زۆر بەدەست بھێنن بەڵام کاتێک ئەرکێکی پیرۆزی وەک ڕۆژێکی ئاوا دێتە پێشەوە، لە ھیچ کونێکەوە بەدی ناکرێن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت