بەختیار شارەزوریی: گەورەبونی شەقام و بچوک بونەوەی حیزب.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر کۆمەڵگا پانتاییەک بوبێت، و حیزبەکان هاتبێتن هێڵی دەسەڵاتی خۆیان کێشا بێت، و هەر حیزبە و پانتاییەکی بۆ خۆی داگیرکردبێت. ئەگەر پێشتر حیزب جێی متمانەی بەشێك لەکۆمەڵگا بوبێت، و باوەڕی تاک وا بوبێت، کە بتوانن کار لەسەر دروشمەکانیان بکات. ئەوا ئێستا ئەوەی جێگەی پێکەنین و گاڵتەجاڕییە ئەو دروشمانەن کە حیزبەکان هەڵیان گرتبو.

ئەگەر پێشتر تاک پێی وا بوبێت کە بەدەنگی دەتوانێت دەسەڵاتەکان بگۆڕێت، ئەوا ئێستا لەساییەی دو حیزبی بێ ئەرزش دەنگی تاک هیچ ناکات جگە لە یارییەکی بێ تام.

ئەگەر پێشتر تاک باوەڕی بە دەنگدان بوبێت بەئۆپۆزسیۆن، کە کار لەسەر دامەزراوەیی بونی کۆی دەزگا نیشتمانییەکان بکات، ئەوا لەسایەی تاکتیک و سیناریوکانی ئەم دو حیزبەوە، ئەو ماکیاجەی بۆ خۆیان کردبویان، هەمان ماکیاجیان بۆ ئۆپۆزسیۆنیش کرد و ڕەنگی خۆیانیان کردە بەری.

ئەگەر هەوڵێک بوبێت لەلایەن گۆڕانەوە بۆ گۆڕێنی ئەم دۆخە و جێی هیوای شەقام بوبێت. ئەوا لەسایەی جاشایەتی و پاڵپشت بە هێزی بێگانە هەوڵەکانی بزوتنەوەی گۆڕانیش خرایە کۆڵانێکی داخراوەوە. ئێستا شەقام چی تر ئەو شەقامە نیە، کە پێشتر حیزبەکان کەرتیان کردبو، ئێستا لە سایەی حکومڕانییەکی مافیاوە دۆخێک خوڵقاوە، کە نەهامەتییەکان هەمو تاکێکی گرتوەتەوە، گەیشتوەتە ئاستی بژێوی تاک، بە جۆرێک کۆی کۆمەڵگا توشی داڕمانێک هاتوە. چیتر شەقام خۆی هەڵدەسێت خەتی دابەشکاری حیزبەکان لەسەر جەستەی خۆی دەسڕێتەوە، هەر شەقام خۆی دێت. دەموچاوی ناشیرنی حیزب لەسەر جەستەی خۆی دەردەکات. چونکە نەیان توانی کلتوری دەستاودەستکردن و سەروەری یاسا گەورەتر بکەن لە منداڵدانی حیزب، بە ڕیگایەکدا ڕۆشتن کە ڕێگای شکستی ئەم جۆرە مۆدیلە بو لە حیزب،

تا ئێرا دەتوانین ناوی بنێن ململانێی شەقام و حیزب، لە داوی دەرکەوتنی کاریگەری دەرئەنجامەکانی شکستی ئەم دوو حیزبە لە ڕوی حکومڕانییەوە، دوای داکەوتنی دەمامکی دەموچاویان و خراپی بژێوی تاک. دواجار تاکەکان هیچ شوێنێک بەگۆڕەپانی خۆیان نازانن تەنها گۆڕەپانی شەقام نەبێت، بە جۆرێک کوڕانی حیزب حاشا لە حیزبەکانیان دەکەن و دەگەڕێنەوە لای دایکی شەقامیان، ئەمەش پشکی شێر بەر پارتی و یەکێتی دەکەوێت، لەبەر ئەوەی گۆڕان خۆی لە شەقامەوە دروست بوە. زوتر کوڕانی گۆڕان دەچنەوە ناو باوەشی شەقام، ئەگەر چی گۆڕان دەیویست یاساکانی گشتی بۆ هەمو تاکێک بێت بێ جیاوازی دەنگ و ڕەنگ ، بۆیە دەبینین کوڕانی گۆران ناتوانن لە شەقام هەڵبین، ئەوەی دەمێنێتەوە لە دەرەوەی دەنگی شەقام ئەو حیزبانەن کە خاوەنی دەستەڵات بون و ئەم شکستەیان بەرهەمهێناوە، دەرئەنجام شەقام زۆر گەورەتر دەبێت لە حیزب و دەبێتە یەک دەنگ، ئەگەر پێشتر ناڕەزایەتیەکان داینەمۆی بزوێنەری چەند حیزبێک بوبێت، ئەوا ئێستە ئەوەی جێگەی گەڵتەجاڕییە هەمو حیزبەکانن ، ئەگەر چی بزوتنەوەی گۆڕان ڕەخنەی خەڵک ئەوەیە کە بۆ ئەوەی ببێتە کوڕی شەقام دەبێت لەوە گەورەتر بێت کە ئێستە هەیە، دەیانەوێت گۆڕان ببێتە فشار بۆ دو حیزبی گەندەڵ، بەڵام کاتێک دەبینن لە ئاستی دۆخی دەست تێوەردانی دەرەکی و جاشایەتی ئەم دو حیزبەدا و جوڵاندنیان بە کۆنتڕۆڵەکانی تاران و ئەنقەرە هیچیان بۆ ناکرێت، ئەوا شەقام خۆی دێتە قسە و دەکەوێتە جوڵە.
ئەوەی گرنگە لە ئێستادا دەرئەنجامی حوکمڕانی ئەم دو حیزبە بوتە هۆی داڕمانی دۆخی بژێوی تاک لە دەنگ دەرانی خۆشیان، زۆر خوڕسکانە شەقام لە داواکارییەکانی مامۆستایانەوە بوتە شەقامێکی توڕە و شوێنێک بۆ ڕیسواکردنی حیزب، ئەوەی گرنگە ئامانجی ئەم خۆپیشاندانانە لە چوارچێوەیەکی بچوکدا قەتیس نەکرێت، دەبێت چوارچێوەی داواکارییەکان گەورەتر بکرێت بۆ مافە یاسای و گشتیەکان، تەنها لە چوارچێوەی موچەی مامۆستایاندا نەبێت، سنوری موچە ببڕێت بۆ هەمو ئەو داواکارییانە کە دەبێتە هۆی گۆڕینی ئەم حکومەت و دەستەڵاتە بە حکومەتێکی تەکنۆکراتی چاودێری کراو ، پێویستە لەوە بگەین ئیتر ئەوە حیزب نیە دەچێت بە قەڵەمێکی سور هەندێ لە جەستەی حیزب بۆ خۆی داگیر دەکات، چی تر شەقام خۆی دەتوانێت سنوری متمانە و دەسەڵاتی حیزب لەسەر جەستەی خۆی دیاری بکات، دەبێت لەوە تێ بگەین کە دەسەلاتی شەقام باڵا ترە لە هەمو ئەو سیناریو و گەڵتاجاڕییانە کە ئەم دو حیزبە دیکەن، گەورەترە لەوەی شەقام گوێ بۆ گۆرانی درۆزنەکان بگرێت، گەورەترە لەوەی بە دروشم ڕوی ڕەشی خۆیان سپی بکەنەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت