فەوزی ڕەمزی: زانستی فیزیك چیمان پێ دەڵێت :…..

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەر لە ڕووماڵی ڕاستييەكانی فيزيک Physicsبكەين، ڕووبەڕووی دوو لايەنی سەرەكیی دەبينەوە، لايەنی زوانەوانی؛ بنەچەی وشەكە كە لە زوانی يۆنانييەوە هەڵێنجراوە ، بەمانای زانستی سروشت Science of Natureدێت، لە زوانی كورديماندا بە فيزيا ياخود هەر فيزيك ناومانبردووە.
كاتی خۆی فەيلەسوفی يۆنانی ”ئەرەستۆ” لە يەكێك لە تێزەكانی بۆ لێكۆڵينەوە لەسەر چۆنێتیی و چييەتیی ماددەكان و ڕۆڵيان لە سروشتدا، ئەم وشەيەی وەك زاراوە داڕشتووە كە بە سروشتی شتەكان The nature of thingsی لێكداوەتەوە. بەرەبەرە لێكدانەوەكە گەشەيكرد و بووە پێناسەی زانستێكی پەيوەنديدار بە دياردە سروشتی و زيندەييەكانی گەردوون لە شيميا، پزيشكی، ئەندازە و زيندەوەرزانی و هيــتر، فرۆزەكردن و ڕاڤەكردنی ئەو دياردە و قانوونانەی گەردوونيان گرتۆتەخۆ لەڕێی ئەو ديمانە و گريمانانەی بە ئەزموونگەرانە بەردەستە دەكرێن. لە سەربەرايی سەتەی هەژدەمدا، ئەم زانستە پەرەیسەند و بووە زانستێكی سەربەخۆ بۆ تاوتۆیكردنی ڕەوشتەكانی ” ماددە لە جووڵە و وزەيدا.
لەم ڕۆشنەوەڕا… دەشێت بڵێين كە ئەم جووڵە و وزەيە كە لە ئێمەی مرۆڤــدا هەيە، دەبێت لە ڕووی فەلسەفييەوەيش تێگەيشتنمان بۆ هەبێت بزانين تا چ ڕادەيەك لەم گەردوونە پانوبەرينە ناكۆتاييەدا چ بوون و پەيوەندی و ڕۆڵێكمان هەيە؟
لە چەمكی ئەو ديمانە و گريمانانەی كە هەر مرۆڤ بۆ فرۆزەكردن و ڕاڤەكردنی گەردوون دايڕشتوون، چی دەگەيێنن و چۆن لە هزر و ئاوەزدا وێناكراون و لە ژيانی ڕۆژانەدا ڕەنگدەداتەوە؟
لەم كورتە ڕوونكردنەوەڕا. خوازياربووم ئاوێزاندنێك لەنێوان هەندێك لە ياسا و ڕێساكانی سروشتی ئەم زانستە و سروشتی ئێمەی مرۆڤ بسازێنم، بتوانم لەڕێی ئەو ياسا و ڕێسايانەوە كە بە بير و هزری خۆمان دەوروبەرمان پێـــڕۆشنكردۆتەوە، با هەر بۆ بەخۆداچوونەوەيەك هەر بەو ياسا و ڕيسايانە دڵودەروونی ناوخودی خۆمانی پێــڕۆشبنكەينەوە. كەواتە با بزانین ئەو زانستەوە چ ڕێنماییەكمان دەكات و چیمان پێ دەڵێت:

بە پێی ئەو ياساو ڕێسايانە پێمان دەڵێت كە؛
1- ئەوەی ئەم گەردوونەی ڕاگرتووە بریتییە لەو هاوسانی و هاوسەنگیی و هاریكارییە بەرفراوانەی كە لە نێوان گشت پێكهاتە و بەشەكانیدا پەیڕەودەكرێت.
كەواتە با ئێمەی مرۆڤ هەر هیچ نەبێت كەمێك پابەندی ئەو یاسا سرووشتیيە بین لە نێوان خۆماندا .
2- هەرگیز لەم سروشتەدا شتێك نییە پێی بگوترێت ” نابێت و هەرگيز نابێت.
كەواتە با هەوڵدەین و خۆ فێركەین تا زاڵ بین بەسەر ئاستەنگ و نابێت و هەرگيز نابێتدا .
3- خەونەكان هەر بەشێوەی خەونێكی تەموموژاوی دەمێننەوە گەر هەوڵێكی چوست و چالاكانەمان نەبێت بۆ بەرجەستەكردنیان و هێنانە دییان، كەواتە تەمەڵی هەرگیز نامانگەیێنێتە هیچ ئامانجێك.
4- هەموو شتێك لە ژیاندا بە تاقیكردنەوە دەتوانرێت ڕۆبچینە نێو نهێنییەكانەوە. هەتا بينـــــدرێژ بین…. شتی زیاتر و ڕاستی و درووستیمان بۆ دەردەكەوێت یا بۆ ڕوونتر دەبێتەوە.
5- هەرگیز دوو تەنی جیاواز ناتوانن لە یەك كاتدا هەمان بۆشایی پڕ بكەنەوە،كەواتە با ئێمەیش لەو دوو بۆشاییەدا كە هەر یەكەمان بۆخۆی پڕی كردۆتەوە بتوانین بە ئاسانی خۆبەيەكترگونجێن بين تا جیهانێكی ئارام و كامەران بۆخۆمان بڕەخسێنین.
6- تەنێكی ڕوونی شووشەئاسا بە ئاسانی شەپۆلەكانی ڕووناكی پێیدا تێپەڕدەكەن و زۆر بە جوانی شتەكان لەودیویەوە دەبینرێن، كەواتە با ئێمەیش دڵ و دەروون و سینەمان ڕوون و پاك و بێگەرد و جوان بێت و تا جێگەی هەموو شتێكی جوان و سەنگینی تێدا ببێتەوە.
7- توخمی جیوە Mercury كە تاكە كانزايەكی شلە. هەمیشە بە ڕووی هێزە دەرەكييەكانی سروشتدا ڕاوەستاوە و توانيويەتی گردێتی و خڕێتی خۆی بپاریزێت. ئەم سروشتەی بۆتە پەندێك لەسەری كە گوايە دەيەویت بيدات بە گوێماندا و بڵێت؛ دەبێت بەردەوامی بدەم بەو ژیانە تازەیەی بۆم هاتۆتە گۆڕێ، تاكو هەر بە خۆم، بوونێتی خۆم بسەلمێنم كە من هەم و ماوم. كەواتە با لەو كانزا نەسرەوتەوە فێربین كە چۆن خۆمان بپارێزین دژ بە كاریگەری هێزێكی دەرەكی تێكدەر و دووبارە بە شێوەیەكی دیكە بێينەوە مەیدان و كۆڕی خۆنواندن.
8- هەر ماددەیەك، سروشتێكی تایبەتمەندی خۆی هەیە، بەرامبەر بە دەوروبەر یا ساردی یا گەرمی یا بەكارهێنانی هێز و….. تاد، لە سنوورێكی تايبەت خۆيدا.
دەبا ئێمەیش ڕادەی ئەو سنوورە بپارێزین و بزانین چۆن بەرامبەر بەیەكتر بەكاریان بێنین.
9- هەر شلەیەو سروشتێكی تایبەتمەندی خۆی هەیە بەرامبەر بەو وزە گەرمییەی پێیدەدرێت تا بگات بە پلەی كوڵاندن، كەواتە هەر ماددەیەك سروشتێكی جیاواز و بارودۆخێكی تایبەتی خۆی هەیە كە گەیشتە بينی و تينی بۆ هات، کەفوكوڵی دەجۆشێت و هیچ هێزێك ناتوانێت بەربەستی بێتەوە.
10- زەبری هێز بەندە بە كورت و درێژی باسكی هێز و بڕی ئەو هێزە كاریگەرەوە، كەواتە تا باسكمان درێژ و توندوتۆڵ بێت، ئەوا بە زەبرتر دەبین بۆ پەرپەچدانەوەی سەنگە زل و گرانەكان ( وەك چۆن تا دەسكی نوێڵێكی ئاسن درێژ بێت ئەوا گا بەرد و تاشی گەورەتر دەتوانێت هەڵکەنێت یا تڵۆر بكاتەوە ).
11- هەر تەنێك یاخود پەپكێك چەند خێرا بیت لە جووڵە یاخود سووڕانەوەیدا ، ئەوا كاتێكی زیاتریشی پێویستدەبێت بۆ وەستانەوە و گەڕانەوە بۆ بارە سرەوتبووەكەی. كەواتە با بۆ بڕیاردانمان زۆر خێراو تیژڕەوانە نەبين، چونكە بێشك كاتێكی زیاتری پێویست دەوێت بۆ هێوربوونەوە. با لە هەڵسوكەوتماندا ئارام و هێور بین و هەرگیز تیژڕە و نەبین و بڕیاری بە پەلە نەدەین چونكە پەشیمانی دادمان نادات.
12- هەردوو بار و دۆخی ” وەستان و جووڵە ”، لە ڕووی فیزیكەوە دوو باری ڕێژەیین، هەیە بۆ خۆی لە جووڵەدایە بەڵام لە چاوی كەسانی دیكەوە وەك وەستاو دەبینرێت و هیچ كاریگەرییەكی ئەوتۆی نییە بۆ دەورووبەری خۆی و كەواتە بوون و نوبوونی وەك یەكە، هەروەها بە پێچەوانەیشەوە.
13- دەنگ ( گفتوگۆ و دەمەتەقە و… تاد) جۆرێكە لە وزە، ئەوجا لەوانەیە وزەیەكی درووستكەر یا ڕووخێنەر و پووكێنەر بێت.
دەبا ئێمەيش بەردەوام ئاگامان لە بەكارهێنانی ئەو وزەیە بێت و بۆ بنیادنانی چاكەكاری و قسە و گفتوگۆی باشی پێــبكەین، نەوەك بۆ دڵگرانی و سەخڵەتكردنی یەكتر ئەو جۆرە وزەیەی خودێی میهرەبان پێی بەخشیوین بەكاربێنین.
14- لە بواری موگناتیس و یاخود كارابادا، جەمسەرە لێكچووەكان بەردەوام بە هێزێك لە یەكتر دووردەكەونەوە بەڵام جەمسەرە جیاوازەكان هەمیشە یەكتر كێش دەكەن. كەواتە با ئێمەیش لەم ڕوانگەیەوەڕا بڕوانین و تێبگەین كە بەهێزبوونی تواناكانمان بێشك لەو یەكتر كێشكردنانەوە دێتە ئاراوە.
15- بەرگری و بەرگەگری ماددەكان بەرامبەر بە هێزی كاریگەری دەرەكی بۆ تێكدانی شێوەی یا بچڕاندنییان جیاوازە ئاوا دەبێت خۆ بپارێزین و بەرگری لە شێوە و پێكهاتەی خۆمان بكەین و بەرگەی هەموو بارێكی ناسروشتی و قورس و گران بگرین. كەواتە با ئێمەیش هەمان سرووشتی ئەو ماددانە لە خۆمانداڕەچاوبكەین.
16- بە پێی یاسای مانەوە و پاراستنی وزە ، چەند وزە بدەیت، ئەوا بێگومان دەبێت ئەوەندەیش لە جێیدا وەربگریتەوە، ئەگینا بارەكە لاسەنگ دەبێت. كەواتە با لە ژیانی ڕۆژانە و سەواو ئاڵوگۆڕمان ئەو هاوسانیی و هاوسەنگییەی تێدا ڕەچاوبكەین بە تایبەت لە كاربەڕێوەبردنی نێودەوڵەتیدا.
17- خولخواردن و پێچەبەدەورێ بە دەوری چەقێكی دیاریكراودا هەرگیزاوهەرگیز هەنگاوێك ناماتباتە پێش، بەڵكو بەردەوام هەر دەمانباتەوە سەر شوێنخاڵی دەسپێك. كەواتە با لە هەڵسوكەوتی ڕۆژانەماندا پێچ و پەنامان نەبێت و ڕاستەوڕاست بێنەپێش و تا زووتر بگەینە ئاکام.
18- تا ڕادەی لێكخشاندن لە نێوان دوو ڕووی جیاوازدا زیادكات، ئەوا خێرایی جووڵە لە نێوانیاندا كەمتر دەبێتەوە و پلەی گەرمیش لە نێوانیاندا بەرزتر دەبێتەوە. كەواتە با خۆ دوور بگرین لە شەڕەدەنووك و پێداهەڵكژان و بەریەككەوتن و… تاد لە نێوانماندا، بۆ ئەوەی گەرمییەكەی سووتێنەر و بڕست بڕ نەبێت و لە جووڵەمان بخات.
19- بۆ هەر هێزێكی كار ئەوا بێگومان هێزێكی كارداوانە هەیە كە یەكسانە لە بڕدا و پێچەوانەیە لە ئاڕاستەدا. كەواتە تا بۆمانــبكرێت زوڵم و ستەم و توندوتیژ و مافخواردەی كەسێكی دیكە نەبین. چونكە كە جام پڕ بوو ئەوا لێی دەڕژێت و تۆف و زریان و لافاوەكەی ڕووخێنەر و كاولكارانە دەبێت.
20- وزە چەندین جۆر و بەشبەشە، وەك چۆن مرۆڤ هەمە چەشن و فرەڕەنگە. كەواتە با ئاگامان لەخۆ بێت لە هەڵسووكەوتماندا لە تەك كەسانی فرە زمان و فرەڕووی زیانبەخشدا.
21- زەوی، بە پێی ئەو یاسا تایبەتمەندییەی هەیەتی، هەموو تەنێك بە هێزێكی دیاریكراو بۆ لای خۆی ڕاكێش دەكات… كەواتە با ئاگامان لە خۆمان بێت لەوانەیە هەموو كێشكردن و ڕاكێشانێك نەك هەر سوودێكی ئەوتۆمان پێنادات، بگرە لەوانەیە زیانبەخش بێت. هەروەها وەك باوەو دەگوترێت شتی سەنگين بێگومان ڕووەو زەوی دەچێت و سووك و ناوبۆشیش ڕووەو بەرزایی ئاسمان.
22- پەیوەندی نێوان پەستان و ڕووبەر ، دوو ئاڕاستەی پێچەوانەييان هەيە. كەواتە تا سینە و دڵمان فراوان بێت بەرامبەر بە یەكتر،ئەوا فشار و سەرێشە لەسەرمان كەمتر دەبێتەوە.
23- پەستان و هێزی كاریگەر پەیوەندییەكی ڕاستەوانەیە؛ كەواتە تا پەستان فشار زۆر كەیت ئەوە بزانە كە هێزی بەرامبەریشت ڕوو لە زیاد بوون دەكات و لەوانەیە تەقینەوە ڕووبدات.
24- تەنە سرەوتەكان هەر لەسەر ئەو بەردەوامییەی خۆیان دەمێننەوە گەر هێزێكی دەرەكی نەیان جووڵێنێت؛ كەواتە نابێت هەرگیز بەردەوام بین لەسەر ئەو بار و دۆخەی تێدا وەستاو یاخود گۆشەگیر بووین، بەڵكو دەبێت بە هۆشگيری زانين و زانست و، بە هێزوبازوی ناماندوومان بەردەوام تەكان بە خۆ بەرەوپێشچوون بدەین و ئاوەزماندانە بەرەو ئاسۆی بڵند هەنگاو بنێين.
25- بینینی شێوەی جەستەی هەر ماددەیەك، بە پێی گۆشەنیگای بینین دەگۆڕێت. كەواتە با یەكسەر دوابڕيار نەدەین بەسەر شتەكاندا تا بە تەواوی لێمان ڕوون و ئاشكرا نەبێت، ئەوجا بڕیاری خۆمان دروستانە و بەجێيانە بدەین.
26- تا ئیشێكی دیاریكراو بەركار بێت و بێتە ئاراوە، پێویست دەكات وزەیەكی دیاریكراوی بۆ بخرێتە گەڕ. كەواتە با باش ئەوە بزانين كە ئێمەی مرۆڤ خاوەنی وزەیەكی زۆرين، با بۆ كاركردن هەرگیز تەمبەڵی نەنوێنين و لە هەوڵدان هەرگیز درێغـــی نەكەين و بزانين كە دەستی ماندوو لەسەر سكی تێرە.
27- شەپۆلە جیاجیاكان، بەردەوام بەیەكدا چوون تێیاندا ڕوودەدات، ئەوجا لەوانە بەیەكداچوونێكی دروستكەر یا لەناوبەر و كپكەر بێت. كەواتە با مامەڵەكردنمان لە تەك دەوروبەردا بەشێوەیەكی بنیادگەرانە بێت كە بێشك دەبێتە هۆی پێدانی ڕۆشنایی هێزێك و تەوژمێك دەدات ڕێبازی ژیانمان… بەڵام گەر مامەڵەمان تەنیا بۆ دژایەتی و لە نێوبردن و كپكردن و سڕینەوەی یەكتر بێت، ئەوا بێگومان ژیانێكی پڕ لە ناهەمواری و ناتەبایی و تاریكستانیمان پێــدەبەخشێت.
28- هەر ئیسپرینگە و ڕادەیەكی جێڕی(كشان و گرژی ) خۆی هەیە؛ لەوە ترازا ئەوا بێشك دەپچڕێت یا بە تەواوی شێوەكەی تێكدەچێت و هەرگیز ناگەڕێتەوە دۆخی پێشووی خۆی. كەواتە با ئێمەیش ئەو ڕادەی پەیوەندییە بپارێزین لە هەڵسوكەوتی ڕۆژانەی خۆماندا و زیاد لە پێویست جيڕێتـــی نەنوێنين.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت