فەوزی ڕەمزی: مام ساڵح و ڕاوی ڕێوی.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دەگێڕنەوە چەند کەسێك لە ڕێگایەکی چۆڵ و بەندەنێکدا تووشی ( مام ساڵح ) دەبن کە سێ سەگی مل قەوی و چوار تانجی نێوقەد باریکی دەمچەش و دوو توولەی بە دواوەن، لە تەك ئەمانەیشدا گاڵۆکێکی درێژ و باوەشێک چڕوچیلکەی وشک و پووشوپەڵاشی بە کۆڵەوە و بوتڵێکیش نەوتی بەکەمەرەوە. ڕێبوارەکان لێی نزیک دەبنەوە و پاش سڵاو و ماندوونەبوون و بەخێرهاتن، یەکێکیان لێی دەپرسێ و دەڵێت:

– خاڵە گیان ئۆغر بێ!! ئەو توولە و تانجی و گشت جڕوجانەوەرانە بۆ کوێ دەبەیت؟
– ئەگەر خودێ یارویاوەرم بێت، خەیاڵی ڕاوی ڕێویم لە سەردایە.
– جا مام ساڵح گیان، ڕاوە ڕێوی و ئەم مەفرەزە سەگەی بۆچییە؟ تەنیا ئەو تانجییانە بەسە، ئەی ئەو گاڵۆک و چیلکە و چەوێڵ و بوتڵە نەوتەت بۆچییە؟
– باوکم ڕێوی فێڵبازە فێڵباز، من دەزانم پێی دەوێ، سەگم هێناوە کە پێشەکی تێی بەردەم، کە بە سەگەکان ماندووم کرد، ئینجا تانجی تێ بەردەدەم. ڕێوی زۆرزان و فێڵبازە و لەوانەیە خۆ لە کونان بخزێنێ. ئەودەم منیش توولەی لەپاڵ دەکەم. ئەگەر کونەڕێوی بۆ توولەکان باریک و تەنگ بێ و بۆیان نەگونجێ، ئەم دارە درێژەی بۆ دەبەم و کەوڵ و تووکی بادەدەم و ڕایدەکێشم جا ئەوجا ئەگەر دارەکەیشم نەیگاتێ، ئەم پووش و چیلکەوچەوێڵەی لەبەر کونێ دادەنێم و نەوتی پێدادەکەم و بە دووکەڵ قانگی دەدەم و خاکی بە توورەکان دەکێشم.
– یەکێك لە ڕێبوارەکان بە پێکەنینەوە دەڵێت: وەڵا هەر سێك تەڵاقەم کەوتبێ و بە هیچ مەلایەکی دوانزەعیلم چار نەکرێت، خودایش ئەجەلی مام ڕێوی نەهێنابێ، لەبەر ئەو هەموو تانک و تۆب و جبەخانەیەی بۆت ئامادەکردووە، گیان بەسەلامەت دەرباز ناکات.
– ئەی چۆن برای ئازیزم، من ئەم کارەم لە وەستاکانی خۆمەوە بۆ ماوەتەوە و فێریان کردووم و ئێستایش بوومەتە وەستای ڕاوی مام ڕێویان.
* گەلۆ … بڵی ئەم کابرا ڕاوچییە ڕۆژێک لە ڕۆژان شاگردی بەردەستی ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە بووبێت؟
تۆ بڵێ هێشتا هەر ئەلفوبێی فرتوفێڵ لێیانەوە فێر بوو بێت؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت