لاوک کونجرینی: هەژی پارتی بوون و نەوەکانی حەسیب قەڕەداخی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کۆمەڵێک تێڕوان لە سێبەری دارێکی قێزەوەندا، چ بەهایەکی دەمێنیت بۆ ئەوەی لەخۆبووندا خۆت وون بکەیت. پاسۆکەکان ئەو سەردەمانە خۆیان کوشت، تەنها جەستەیەکی بێ جوڵەو بێ کردار، کە وێنەی بەرزانیان کردە سمبوولی کوردایەتی، بەڵام لەوە نەگەیشتن ئامانج بۆ مەبەستە. لە گۆشەی بیرکردنەوەوە ڕۆبچۆرە قۆناخێک کەبەباشی خۆت بناسیت ، لەوەی خۆت بەخەڵکانی تر ناساندووە. ئەوسا دەزانیت ئەوەی وتت وانەبوو، بەڵکوو ئەوەی وتیان وادەرچوو. پارتی بوون مەبەستە لای بنەماڵەی بەرزانی، نەک ئامانج. لای ئەوان ئامانج ئەوەیە، هەمووان لە ژێر سێبەری سمبوولەکەدا کەنفت و زەلیل و دەست بەرزکەرەوە بن. نموونەش ئەوانەی دوو دیویان هەیە: دیوێک ئازادانە قسە دەکەن و بەدیوەکەی تردا، هیج واتایەک بۆ قسەکردنیان نیە. واتا لەقسەکردن و قسەنەکردن، خاوەنی کەسایەتی و بوونی خۆت نیت، لەناویاندا پاسۆک و شوعی و چەپەکانی ناو پارتی و، هەروەها کۆمەڵێک حیزب و ڕێکخراو و جڕوجانەوەر و کەسانی قەڵەمگیر و بەناو ڕۆشنبیری دروستکراو و … هتد.

کورد مێژووەکەی شەن بکەیت، کوردایەتییەکەی لەبارچوویی بێگانە ویستە، ڕابردوو دەڵێت: کورد هێندەی شۆڕەسواریی داگیرکەران بووە، گەربۆخۆی بووایە، ئیمپراتۆرێکی ناو مێژووی مرۆڤایەتی دەبوو. ئەی خۆ ئەتاتورک سوودمەندی ئەقڵی کورد نەبوو، بۆیە گەیشت بەمەبەست. ڕەزاشا چەند سوودمەندی کوردانی بەشەکەی خۆی بوو، دووهێندە کوردانی باشور، بەهۆی بنەماڵەی بەرزانیەوە. ئەی ئەوە نەبوو پەیمانی جەزائیر، دوو وانەی داداین: یەکیان/ کوردیان کرد بە هەوێنی و، دووەمیان/ سەرکردەی شۆڕشەکەش خۆی چەمانەوەو لەبەردەم شکۆی شای ئێراندا.

ئەم مێژووە ڕەشە، کۆتایی نەهات، سەدام هەزاران هێندەی شۆڕشگێرەکانی شاخ، لەکارگەی تاسەلێسیدا کوردی چەکدارکرد، تا سنور گەیشتە نیوملوێن. ئەوەی سوودمەند بوو لەو مەدرەسەیە لەپاش سەدام، بنەماڵەی بەرزانی بوو.

لەدوای راپەڕین حیزبی شیوعی، دەروازەی بیرو هەست و نەستی بەخۆیدا هاتەوە، تا دوێنێ لە دوای جەبهەت التقدمی لەگەڵ بەعس، وانەی وەرنەگرت، سیاسەتی هەڵەی پیادەکردو خۆی بینیەوە لەناو بەرەی جوودا. واتا ڕووی لەبەهار نەکرد، بەڵکوو پایزێکی تری بۆ خۆی هەڵبژارد، بۆیە گەڵای بوونی ڕۆژ بەڕۆژ هەڵدەوەریی. زۆرجار شوعییە کۆنەکان سەرزەنشتی یەکێتی دەکەن، گوایە ئەوان هۆکاریی پچووکبوونەوەی بوون. چوونکە نەخوێنەوەرای ڕابردووی خۆیانن، لەوەناگەن بەعس دایتاشین و پاشان پارتی دایدۆشین.

بەمێژووی شەڕی ناوخۆی دوای راپەڕین، شوعییەکانی ناوپارتی، سەرەڕمی بەرگریکاریی وتەو ڕستەو تێکستی مێدیاکانی پارتی دژ بە یەکێتی بوون. قۆناخێک بوو، تەنها لەسەر مێدیاکانی پارتی ئەم چڕوچاوانە دەبینران. ئەوان وزەخۆشکەری شەڕی ناوخۆ و بوون، گەر یاسا بوونی هەبێت ، لەدوای سەرانی شەڕی ناوخۆ، ئەمانەش بەشێکن لەتاوانباران.

زۆر لەمێژە چروچاوێکی قێزەوەند بەر شاشەی تیڤییەکانی پارتی گرتووە، کورد زۆرجار باشی ووتووە لەبەرامبەر نەوەیەکی سەقەتدا، خوازیاربوون وا بەباوکی نەوەکان بڵێن: خوازیا وەجاخت کوێر بووایە.

من ئەم ڕستەیە نابێژم بە شاعیری گەورەی کورد حەسیب قەرەداخی” ئەوە شانسی ئەو بووە، بۆیە ڕۆژانە دەکەوێتە بەر ئەو ڕستەیە.

ئازا حەسیب قەرەداخی لەکورتە نوسینێکیدا شتی وای ڕیزکردووە، ئەگەر هەر خۆی تێی بگات. سەرەتا وا دەنوسێت: ئەوەی ئێستا لە ریزەکانی بزووتنەوەی گۆڕاندا روودەدات و بانگەواز بۆ خۆچەکدارکردن و پێکهێنانی شانەی جاسووسی بۆ ئیغتیالات و کوشتنی نەیارەکانیان دەکەن، نیشانە سەرەتاکانی سەرهەڵدانی باڵێکی توندڕەوتر و فاشیترە کە پێی وایە گوڕان چیتر ناتوانێ ئەو بزووتنەوە “شۆرشگێڕە رادیکال”ـە بێت کە هیوایان لەسەر هەڵچنی بوو. 
ئەو هەمیشە وەک چۆن تێنەگەیشتووە، بەردەوام تێناگات لەوەی پارتی چەکداریی هەیەو هەرڕۆژەی جاسوس و شۆڕەسواریی بەردەمی داگیرکەرێکەو، لە کوردستانیش ئازادی قەتیسکردووەو کودەتای بەسەر یاسا و قوتی خەڵکدا کردووەو، کەچی دێت قسە لەسەر هێزیکی بێ جەکدار دەکات و، وشەی فاشیزمی ئاراستە دەکات، بێ ئەوەی لە وشەی فاشیزم تێبگات.

قسەیەکی مام عەوڵای مالۆمەم هاتەوە یاد خوالێی خۆش بێت، کە ڕۆژێکیان بۆ کۆمەڵێک خەڵکی باس دەکرد و دەیوت: ئەم کۆمەڵانە ( واتا کۆمەڵەی زەحمەتیکێشانی  کوردستان / ئێران) فاشیستن ، گەنجێک لێی چووە پێشەوەو وتی مام عەوڵا: فاشیزم واتای چییە؟ . ئەویش وتی چووزانم فاشیست فاشیستەو، کوڕە ڕقم لێیانە. تومەز لەناوخەڵک و گوێگرتن لە ڕادوێ کوردیەکان، فێری وشە فاشیزم ببوو، لەبەر ئەوەی ڕقی لە کۆمەڵە بوو، بەشێک لەزەوییەکانی داگیر کردبوو، ئیتر هەمیشە پێی دەوتن فاشیزم.

ئازا حەسیب قەرەداخیش، چوونکە هەم کۆنە شوعی و هەم کۆنە نوسەری دەرباری پارتییە، دوو سەرە ڕقی لە ڕێکخەریی بزوتنەوەی گۆڕانە، بە حەقد و قین و بەرژەوەندییەوە، بە گۆڕان دەلێت: فاشیزم، بێ ئەوەی لە وشەی فاشیزم تێ بگات. یان ئەم وشەیە پەرچەکردارە بەبەری بزوتنەوەی گۆرانی دەبڕێت و دەخوازێک لە ڕووی دەسەڵاتی حیزبەکەی بکاتەوەو، لە فاکتی ئەم وشەیە دووری بخاتەوە. ئەگینا تاسنورێک دەشێت بە بەرزانی سەرۆکی حیزبەکەی بوترێت فاشیزم، چوونکە لەدەسەڵات نایەتە خوارەوەو دەخوازێت، خۆی و پارتی زاڵ بکات بەسەر هەموو لایەکداو سمبولی بەرزانی باوک یش ، بکاتە فاکتێک بەزۆر بەسەر سەریی هەموو لایەکەوە بوونی هەبێت.

ئەمەی خوارەوە، کورتە نوسینەکەی ئازا حەسیب قەرەداخی یە، کە لە ڕۆژنامەی گوڵان بڵاویی کردۆتەوە.

ئازا حەسیب قەرەداخی: ئه‌وه‌ی له‌ڕیزه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ڕووده‌دات

ئەوەی ئێستا لە ریزەکانی بزووتنەوەی گۆڕاندا روودەدات و بانگەواز بۆ خۆچەکدارکردن و پێکهێنانی شانەی جاسووسی بۆ ئیغتیالات و کوشتنی نەیارەکانیان دەکەن، نیشانە سەرەتاکانی سەرهەڵدانی باڵێکی توندڕەوتر و فاشیترە کە پێی وایە گوڕان چیتر ناتوانێ ئەو بزووتنەوە “شۆرشگێڕە رادیکال”ـە بێت کە هیوایان لەسەر هەڵچنی بوو.
باڵێک لە هەڵسوڕاوانی گۆڕان ئیتر بەو قەناعەتە گەیشتوون ئەم بزووتنەوەیەی ئێستایان کۆتایی هاتووە و قۆناغی سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەکی نوێیە، بەڵام بەو مەرجە کە نابێ هیچی لەوەی رابردوو بچێ و ئەم قسانەش لەو کەسانەی گۆڕان و تام گۆڕان دەبیستین کە بە هەڵوێست و رەفتاری توندڕۆ ناسراون، کەواتە چاوەڕوانی ئینشیقاق یان هەڵوەشانەوە و سەرلەنوێ دروستکردنەوەی بزووتنەوەیەک دەکەین لەوەی پێشوو نەچێت، بەڵکو چەکدار بێ، شانەی جاسووسی و ئیغتیالاتی هەبێ و بڕوای بە بەرپاکردنی کودەتا هەبێ بۆ رووخاندن وەکوو چارەسەر بۆ ئەم مەملەکەتە. هەموو ئەمانەش واتە سەرهەڵدانی گروپێک کە توندوتیژی و فاشییەت و ئیرهابی سیاسی و فیکری ئێستای گۆڕانی پێ نەرمییە و دەبێ توندتر و فاشی تر بێ.
ئەم بزووتنەوە فاشییە نوێیە بە هەماهەنگی و هاوکاری ئاڵوگۆڕانە لەگەڵ سەرهەڵدانی فاشیزمی ئیسلامیدا کە ئەویش خەریکی چەکەرەکردنی نوێیە، هەر لە سلێمانی و دەوروبەری دروست دەبێ، بۆیە خەڵک و حزبەکانی دی بەگشتی و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە هەردوو باڵەکەی ئێستای و کاربەدەستان و رۆشنبیرانی سلێمانی کە یانزە ساڵە تەحەمولی فەوزا و رەفتاری ئەنارشیزمی پۆپۆلیستانە و بڵاوکردنەوەی بێ ئومێدی و رەشکردن و بێ بەها کردنی هەمووشتێک و بایکۆت و خۆپیشاندانی دروستکراوی بێ بەرهەم و پێشوەخت فرۆشراویان گرتووە، ئەرکێکی سەخت و چارەنووسسازیان دەکەوێتە ئەستۆ بۆ رێگە گرتن لە ئەگەری سەرهەڵدانی رێکخراوێکی وەها فاشی. پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە حیکمەتی خۆی و تەرحکردنی چارەی کردەنی بۆ کێشە سیاسی و داراییەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان دەتوانێ هاوکارێکی فعلی بێ لە پووچەڵکردنەوەی ئەو هۆکار و پاساوانە کە ئەو فاشییە نوێیە کردوونیەتە پاساوی دروست بوونی خۆی. بەر لە سەربەخۆیی کوردستان دەبێ ئەو فاشییە نوێیە لە منداڵدانی دایکیدا لەبار ببرێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت