محـەمـەد بـەرزی: پــیــاوێـک لــە پــەڕەی گــوڵ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە هەر وڵاتێکدا دەسەڵاتی دیوانی چاودێری دارایی هاوتا و هاوسەنگی دەسەڵاتەکانی یاسا دانان و جێبەجێکردن نەبێت و لە بڕیارە سیاسی و ئابورییەکاندا هەمان هێز و قورسایی ئەوانی نەبێت، ئەوا دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە تەنها سەرۆکێکدا کۆدەبێتەوە، ئەو سەرۆکەش دەبێتە کەسێکی تاکڕەوی خۆسەپێنەری خۆپەرست و بە تەواوی یاسا فەرامۆش دەکات و بەرژەوەندی تایبەت دەخاتە سەرووی بەرژەوەندی گشتییەوە و لە ئەنجامدا دەرگای گەندەڵی واڵادەبێت و تاڵانی و بەفیڕۆدانی سەروەت و سامانی گشتی پەرەدەسێنێت و وڵات ڕووبەڕووی وەیشومە و قەیران و قاتوقڕی و برسێتی و مەترسی گەورە دەبێتەوە و هیچ مانایەکیش بۆ مافی گشتی و ئازادی و دیموکراتی نامێنێتەوە.
بێگومان حکومەتی هەرێم لە ڕۆژی دروستبوونییەوە دەکەوێتە خانەی حکومەتە خۆسەپێنەرە تاکڕەوەکانەوە. نە بەتەنگ ماڵ و موڵکی گشتییەوەیە و نە ڕێز لە یاسا و دەستاودەستی دەسەڵات دەگرێت و نە بەهای مەینەتی و مێژووی خوێناوی میللەتەکەی خۆشی دەزانێت، ئەوەندەش بێ باکە لە قسەی خۆی زیاتر ، گویێ لە قسەی کەس ناگرێت.
دیارە لە ژێر سایەی دەسەڵاتێکی خراپی لەمجۆرەدا چاکسازیی و بەرگریکردن لە گەندەڵی کارێکی ئێجگار ئەستەم و گرانە. بەڵام لە هەموو سەردەمێکدا و لە ناو هەموو میللەتێکدا، کەسانی ئازا و بوێر و پیاوی پیاوانەی دڵسۆزی وا هەبووە لە پێناوی خزمەتکردنی نیشتمان و بەرژەوەندی گشتی و سەروەت و سامانی میللەتدا ئامادەبوون سەری خۆیان دابنێن و بە کژ گەندەڵی و تاڵانیدا بچنەوە و باکیشیان لە هەڕەشە و مەترسییەکانی سەر ژیانی خۆیان نەبێ. شایانی باسە یەکێک لەو کەڵە پیاوە پاکانە، کە خەمی گەلەکەی لە کۆڵ ناوە کاک جەلالی عومەری سام ئاغایە . کاتێک وەک سەرۆکی دیوانی چاودێری کاردەکات، بە هەموو هێز و توانایەکییەوە دەیەوێت ئەو دەزگایە چاوی کراوەی گەل بێت و دەسەڵاتەکانی هاوتای دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن بێت، تا بتوانێت بە باشترین شێوە چاودێری وردی خەرجکردنی داهاتی ساڵانە بکات و موڵک و ماڵی گشتی بپارێزێت و بەر لە لێشاوی ئەو هەموو گەندەڵییە بگرێت، کە جەستەی کۆمەڵگاکەمانی داڕزاندووە و ئابوری وڵاتی بەرەو داڕمان و هەرەس بردووە. ئەم پیاوە مەردە توانیویەتی لە ماوەیەکی کورتدا ساڵانە دەیان ملیار دینار و دەیان ملیۆن دۆلار بگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت و بێ ترس و پرس دەستبکات بە قوڕگی دزە گەورەکاندا و چۆکیان پیێ دابدات و ببێتە گابەردی سەر دڵیان.
خۆ کاتێکیش سەرکردەکان و سیاسییە بیرکۆڵەکان و خاوەن کۆمپانیا بێ ویژدانەکان لە هەموو هەستێکی نیشتمانی و نەتەوەیی دەشۆرێنەوە و وەک نەهەنگی برسی بە ڕاست و چەپدا هەموو شتێک قووتدەدەن و بە تاڵانی دەبـــەن ، ئـــازایــانــە نــاو و دۆســییــەی 86 کـــەس و 2725 ڕاپۆرت ڕادەستی داواکاری گشتی هەرێم دەکات ، کە هەتا ئێستا تەنها چوار دۆسییە جوڵێنراون و دەسەڵاتیش، کە پشکی شێری لە گەندەڵیدا هەیە 82 دۆسێیەی لیێ سڕ و فەرامۆشکردووە، کە سەدان ملیۆن دۆلاری دزراو و هەزاران پارچە زەوی و موڵک و ماڵی گشتیی تاڵانکراویان گرتۆتە خۆیان و لە بەرامبەریشدا دزە گەورەکان بۆ شاردنەوەی ئابڕوی خۆیان و پڕکردنی گیرفانیان بەردەوام ویستوویانە دەنگی ڕەوای کاک جەلال بە ژەهر و هەڕەشە کپ و خامۆش بکەن. بێگومان لەبەر نەبوونی یاسا و بەدەنگەوەنەهاتنی دەسەڵات بۆ ئەو ڕاپۆرتانە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گەندەڵی زیاتر پەرەدەسێنێت و دەچێتە ئاستی تاڵانییەوە و تەنها دەزگایەک ناتوانێت بەری پیێ بگرێت، بۆیە ئەم پیاوە تێکۆشەرە، کە بە موو لە ڕاستی لای نەداوە، نامەی دەست لە کارکێشانەوە بۆ جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆمار و سەرجەم ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەنێرێت و تێیدا دەڵێت: شەرەفمەندنیم بە وەزیفەکەتان، چونکە من جسمێکی غەریبم لە نێوانتاندا و پاشان بە ویست و ئارەزووی خۆی واز لە پلەی وەزیریی دەهێنێت، بەمەش باشتر ڕێگا بۆ دزینی سەروەت و سامانی وڵات واڵا دەبێت و حاڵی وڵاتەکەمان دەگات بەم ڕۆژە ڕەشەی ئەمڕۆمان، کە جگە لە داڕمانی ژێرخانی ئابووریمان و نەمانی پارە لە بانقەکاندا، ئەوەتا بە چوار پێنج مانگ حکومەت ناتوانێت نیو مووچە بۆ کارمەندەکانی خۆشی دابینبکات.
ئەوەی شایانی باسە کاک جەلال لە دەرخستنی گەندەڵییدا خزمەتێکی زۆر گەورەی کردووە، بە جۆرێک ناو و ناوبانگی سنوری کوردستانی بڕیوە و گەیشتۆتە دەرەوەی وڵاتیش، ئەوەتا لە لایەن یەکێتی ئابوری ناسان و کارگێریی ناسانی دەوڵەتەکانی ئەوروپاوە ڕێزی لێنراوە و پاداشتی ساڵانەی لە بواری دەستپاکیدا پیێ بەخشراوە و وەک کەسایەتی ساڵیش دەستنیشانکراوە، سەرباری ئەمانەش ڕۆڵی گرنگی کاک جەلالی عومەری سام ئاغا هەر ئەوە نییە ڕووبەڕووی گەندڵکارە زلحۆرتەکان بۆتەوە و پەردەی لەسەر ڕوو لابردوون، بەڵکو دەیان هەڵویستی دڵسۆزانەی هەیە، کە دەکرێت لێرەدا ئاماژە بۆ هەندێکیان بکەم:
1- خانووەکەی یەکێکە لە خانووە جوان و دڵگیرەکانی گردی سەرچناری سلێمانی، کە لە کاتی خۆیدا بە بڕی 700 هەزار دۆلار خەمڵێنراوە، بێ بەرامبەر بەخشیویەتی بە وەزارەتی تەندروستی تا دوای خۆی بکرێت بە بنکەیەکی تەندروستی و خزمەتی هاوڵاتیان بکات و لە ساڵی 2002 وە تاپۆی ئەو خانووە خراوەتە سەر وەزارەتی ناوبراو .
2- لە ناوچەی ئابڵاخ خاوەنی زەوییەک بووە و فرۆشتویەتی و پارەکەی لە بانقدا بە ناوی دەزگای چاودێرییەوە داناوە و ساڵانە سودەکەی وەک ڕێزلێنان پێشکەشی فەرمانبەرانی سەرکەوتو و چەند خانمێکی سەلاری دیوانی چاودێری دەکرێت.
3- پێشنیار بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کردووە، کە مانگانە موچەی خانەنشینییەکەی ببەخشرێت بە دەزگای شەهیدان و کەمئەندامان.
لە دواجاردا ئەوە ماوە بڵێم کاک جەلال چرایەکی گەشی نیشتمانەکەمانە، هەموو خەون و خولیایەکی ژیانی ئەوەبووە خزمەتی خاک و خەڵک بکات، دیارە دزەکان کە وەک زەروو بەربوونەتە گیان و جەستەی شەکەتی ئەم میللەتە کڵۆڵەمان، ویستییان بە گەروویەکی پڕ لە ژەهرەوە فوو لەو چرایە بکەن و بەتەواوی خامۆشی کەن، بەڵام ئێستا ئەو پیاوێکە لە پەڕەی گوڵ پاکتر و لە جاران گەشترو ڕووناکترە و جێگای ناخی دڵ و دەروونی هەزاران هەزار کوردی بەشەرەفە و دڵنیام ڕۆژێک لە ڕۆژان، کە دەسەڵات دەگاتە دەستێکی پاک و بێگەرد، ئەوا لە ناوەڕاستی باخێکی پڕ لە گوڵە باخی سپیدا پەیکەرێک بۆ ئەو چرا گەشەی نیشتمان دەکرێت و بەردەوامیش بۆن و بەرام و شنەی ئەو باخە خۆشەش باوەشێنی ڕۆحمان دەکات و ناخمان پڕدەکات لە پاکیی و نەوەکانی داهاتووش فێری دەستپاکی و خۆشەویستی نیشتمان دەکات. بێگومان ئەو کەسانەشی دەنکە جۆیەکی ماڵی میللەتیان خواردووە، ئەوا زوو بێت یان درەنگ بەر شەقی زەمانە دەکەون، جا جێگای خۆشییەتی هەر لێرەدا هۆنراوە بەرزەکەی شێخ ڕەزای تالەبانی بیری ئەو کەسە مشەخۆرانە بخەینەوە، کە چاویان بە کەسانی وەک کاک جەلالدا هەڵنایەت و سەرقاڵی دزینی داهاتی میللەتێکی ئەنفالکراون، تا چاک بزانن هەتا سەر ئاوا نایخۆن، چونکە ئەوەی بە دزی گندۆران بخوا، دەبێ ڕۆژێک لە ڕۆژان کوتەکەکانی سەروگوێلاکی خۆشی بژمێرێ :

لێگەڕێ با کەر لە ناو قەرسیلدا یاری بکا
ڕۆژێک ئەبێ خاوەن قەرسیل کەر دارکاری بکا

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت