ئومێد كەریم: قازەكانی مەلا بەختیار بە بەهاراتی پارتییەوە.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەدوایین لێدوانەكانیدا بەتەحدیدیش لێدوانەكەی لە دیدارەكەی میریدا، چونكە لێدوانی ئەم پیاوە ئەوەندە زۆرو رۆژانەو لەهەر سەرە سەعاتێكان ئەبێ تەحدیدی بكەین كام لێدوان مەبەستمانە.. لەم دیدارەكە جارێكیتر مامۆستا مەلا بەختیار شەكرێكی شكاند، بەڵام شەكردشكاندنەكەی ئەمجارەیان هیچی تازەی تیا نەبو ئەگەر چی كاردانەوەی زۆریشی بەدوای خۆیدا هێناوە، چونكی پێشتر هاوڕێ خۆشەویستو گیانی بەگییانییەكەی دەوڵەتمەدار نێچیرڤان بارزانی هەمان ئەو قسەیەی كرد كاتێك فەرموی” ئەندامانی پەرلەمان نوێنەری خەڵك نین، بەڵكو نوێنەری حزبەكانیانن”. واتە “قازەكانی” مەلا بەختیار.. ئەویش پێیوایە كەوا ئەندامی پەرلەمان نابێ لەفەرمانی حزبەكانیان دەربچن، هەر بۆیەشە ئەندام پەرلەمانەكانی پارتی نەوەك قاز، بەڵكو وەكو گوێدێرژێكی گوێڕایەڵ بەزەبری داروقامچی بەڕێوە ئەڕۆن، ملكەچ و زەلیل وەكو بەبەغا قسەكانی سەروی خۆیان ئەجونەوەو لەقسەی سەرۆكو جێگرەكەی دەرناچن، سەرۆك وتی دەوڵەت دائەمەزرێنم هەمویان هەڵئەپەڕن، كاتێك وتیشی جارێ وەختی نیە، دیسان بەحیكمەتی سەرۆك سەرسام ئەبن.
پەرلەمانتارانی یەكێتی و حزبەكانیتریش لەم قوتابخانەیەی كۆیلایەتیدا پەروەردە نەكراون بە ماستیش بڵێن رەشەو سەری رەشیش بكەن بەسەری بڵند، كەسایەتی خۆیان تا سنورێك ئازادە كە بتوانن لەناو حزبەكانیشیاندا رای خۆیان هەبێ، بەدەلیلی چەندینجار مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی لەگەڵ فراكسیۆنەكەی لەهەردو پەرلەمانی كوردستانو عیراقیشدا كۆئەبێتەوە بۆ گفتوگۆو تاوتوێكردنی پێشهاتەكان، بە پێچەوانەی پارتی كە فەرمانەكان لەماڵی بارزانییەوە بە گشتاندن دێتەخوارەوە هیچ جیاوازیەكیش لەنێوان پەرلەمانتارو دكتۆرە جامیعەكانیانو عارەبانچیەكانی حزبدا ناكرێ، هەمویان بەبەغاو فەرمانی سەرۆك جێبەجێ ئەكەن.
گریمان قسەكەی مەلا راستەو پابەندنەبونی پەرلەمانتار بە سیاسەت و هەڵوێستی حزبەكانیان كوردستانی گەیاندە ئەم وەزعە كارەساتەی ئێستاوە، باشە پرسیارێك ئاراستەی مەلا ئەكرێ ئەویش ئەوەیە” ئایا كاكی مامۆستا مەلا بەختیار بەم هەمو عەقڵە گەورەو فەیلەسوفییانەیەوە قەت تەسوری ئەوە ئەكات كەسێكی وەكو دكتۆر یوسف محمەد وەك شەخس ئەجیندایەكی تایبەت بەخۆیەوە هەبێت بۆ دژایەتی كردنی بارزانی وحزبەكەی؟. تۆ بڵێی یوسف محەمەد وەكو زەعیمێكی گەورەی كورد خۆی داڕێژەری سیاسەت بێت لەكوردستانداو بەدەر لەحزبەكەی خۆی بریار لەسەر چارەنوسی پۆستێكی گەورەی وەك پۆستی سەرۆكی هەرێمبدات؟.
تۆ بڵێی كاكی مامۆستا مەلا بەختیار ئەوەی لەبیر چوبێ كەوا بزوتنەوەی گۆڕان خاوەن پرۆژەی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمەو هەر ئەویش پێشەنگی كۆتاهێنان بە ویلایەتە بەسەرچوەكەی پارتییە؟. یا بڵێی كاكی مەلا ئەوەشی بیر چوبێتەوە كە خودی حزبەكەی خۆیشی پرۆژەی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی لەگەل حزبەكانیتردا پێشكەش بەسەرۆكایەتی پەرلەمانی كردوە، كە كۆتایی بە پۆستە دزراوەكەی بارزانی ئەهێنێ، كەچی زۆر بێشەرمانە ئێستا ئەو بارزانی بەسەرۆكی هەرێم بزانێ؟. بۆچی مەلا ئەو هەقە ناداتە دكتۆر یوسف كە پابەندی پرۆژەكەی حزبەكەی خۆی بێت، بەڵام خۆی ئامادەیە بەدەر لە بریارو پرۆژەی حزبەكەی خۆی لە نەغمەیەكی تردا بخوێنێ؟ كێشەكەش لەوەدایە كاكی مەلا، دكتۆر یوسف و پەرلەمانتارەكانی حزبەكانی غەیرە پارتی بەقاز ئەزانێ، بەڵام خۆی قازێكی تووككراوی پارتیەو بەقەدەر قازەكانی پارتی لەناو پەرلەماندا داكۆكی لەسیاسەتەكانی ئەم حزبە ئەكات هیچ شەرمیشی نیە لەوەی ئێستا بەحوكمی قەدەر كارگێڕی مەكتەبی سیاسی حزبێكە كە دەیان ساڵە دژی ئەم سیاسەتانەی پارتی تێكۆشاوە تەنانەت دامەزراندنی خودی حزبەكەی كاكی مەلا وەك رەفزكردنی سیاسەتو هەڵوێستە ناكوردانەكەی پارتیو سەرانی بوە لە شۆڕشی نوی گەلەكەماندا.
كاكی مەلا ئەمرۆ وەكو موعارەزەی فەنادقی سەردەمی سەدامی لێهاتوە لەئوتێلەكانی هەولێرەوە تەسریحاتی ئاگرینی ئەدات، لەگەڵ جیاوازی ئەوەی حزبە كارتۆنیەكانی ئەو سەردەمەی سەدام لانیكەم وەلائێكیان بۆ وڵاتەكەی خۆیان هەبو، بەڵام مەلا بەختیار ئێستا وەلائەكەی ئەوەندە بۆ خاوەن ئوتێلەكانی هەولێرە ئەوەندە پەرۆشی پێگەی حزبەكەی خۆی نیە لەناو هەولێردا كە بەدەست دیكتاتۆری پارتییەوە رۆژانە ئیهانەی كەڕامەتیان ئەكرێ و دەمكوتو سەركوت ئەكرێن كە ئەمجۆرە لێدوانانەی كاكی مەەلا دڵیان بریندار ئەكات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت