چێنەر جەمال: ئاین وەک بەرەنگاریی.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لە ساڵێ 1882 لە کتێبی زانستی شاددا بۆ یەکەم جار نیتچە کۆنسێپتی خودا مرد یان مردنی خودا بەرهەمدێنێت و لە نێوان ساڵەکانی 1883 بۆ 1889 لە کتێبی زەردەشت بەم شێوەیە دوواو گەشەی پێدەدات و وەک کۆنسێپتێک بۆ گەڕانەوەی هێز بۆ خود و بەڕێوەبردنی زەوی تەنها بۆ مرۆڤ دەگاتە دوا ئاستی کۆنسێپتەکە ، زۆرن ئەوانەی کە شیکردنەوەی جیاوازیان بۆ ئەم کۆنسێپتە کردووە و بە شێوەی جیاواز شیانکردۆتەوە بەڵام لێرەدا بۆ من ئەوەی گرنگە کۆنسێپتەکەیە بە ڕووت و قوتی وەک ئاماژەیەکی کۆنکرێتی بۆ سەردەمێک، کە هەموو چاویان لە زانست بڕیبوو وە زۆربەی بیرمەندان و فەیلەسوفەکان وا پێشبینیان کرد، کە ئیتر لە سەدەی بیستدا خودا دوا هەناسەی خۆی دەدات، تا ڕادەیەکی زۆر پێشبینیەکانیان بەجێبوو بەڵام خودا تەواوی سەدەی بیست لە پەلەقاژێی ژیان و مەرگدا مایەوە وەک ئەوەی هیوایەک هەبێ کە چاوەڕێی بکات، لە نێوان پێشبینی فەیلەسوف و زاناکان و پێشبینی خودادا جیهان بەرەو گەورەترین کەرت بوون دەڕوات تا ئەوڕادەیەی کە پارچەیەکی کۆنسێپت و داهێنانەکان بەرهەمدەهێن و بەشێکی تری وەک ئێشکگرێک بەدیار گیاندانی خوداوە لە هەوڵدایە، خودا لە دوای یەک سەدە لە بێهێزی و لە ئێستا و ئێرەدا وەک بەهێزترین ئایدیا دێتەوە ناو ژیانمان، زۆرێک لە نووسەرەکان ئەم گەڕانەوەیە وەک شکستی مۆدێرنتی وێنا دەکەن و باوەشکردنەوە بۆ ئاین وەک دەرچەیەک ئەبیننەوە .

ئەوەی بۆ من جێی سەرسوڕمانبوو لەم ماوەیەی دوایدا ئەو بەهێزیەی ئاینە لە ئێستادا تا ئەو ڕادەیەی هیچ جارێک نەبوو،ە کە ڕێم بکەوێتە باو سەنتەری شار و توشی ئەو گروپە جیاوازانە نەبم کە بانگێشتی خەڵکی دەکەن بۆ ئاین و پێناسە کردنەوەی خودا.

بۆ من دیاردەیەکی وابەهێز تەنها خۆی لە کێشەکانی مۆدێرنتیدا قەتیس ناکات بەڵکو ئەوەی بە ئاشکرا دەبینرێت باوەشکردنەوەیە بە ئایندا وەک بەرەنگاربوونەوە و خۆپاراستن.

لە ئێستادا ئەوروپا بەهۆی ئەو لاشاوە بەکۆمەڵەی کۆچ لە هەڵکشانی ژمارەی تاکی ئیسلامیدایە بە ڕادەیەک کە لەناو شارێکی وەک یۆتۆبۆری ووڵاتی سوویدا کۆمیۆنیتی ئیسلامی و کۆمیۆنیتی نا ئیسلامیەکان دابڕانێکی سەرتاسەری لە نێوانیاندا هەیە بەڕادەیەک کە بازاڕی ئیسلامیەکان هەمان بازاڕی نا ئیسلامیەک نییە، ناوچەی نشینگەی موسوڵمانەکان هەمان ناوچە نییە، کە سویدیەکی لێ دەژی ئەمە کارێک نییە وەک زۆرێک لە نووسەرانی ئێمە وەک پەناخستنی موسوڵمانان لە ئەوروپادا وێنەی دەکەن. نەخێر بە تێڕوانین لەم حاڵەتە دەبینین ئەوە کۆمەڵەی موسوڵمانەکانن کە بەهەموو شێوەیەک خۆیان لە گشت کۆمەڵەکانی تر جودا و دوور دەخەنەوە، تا ڕادەیەک کە بەهیچ شێوەیەک خاوەن کارێکی موسوڵمان نییە کە کەسێکی سویدی وەک کارگەر لە فرۆشگاکەیدا وەربگرێت.

ئەمە وا دەکات کەبە دوو شێواز بەرهەڵستی دروست ببێت شێوازێکیان وەک ڕەگەزپەرستەکان کە ئەمە مەدێکی لاوازە و هەرکاتێکی وەک هێزێک دێتە مەیدانەکە کورت خایەنە و توانایی بەرگری نییە بەهۆی ئەو یاسا جێگیرانەی کە لە ووڵاتانی ئەوروپادا داڕێژراوە ، ئەمەش وادەکات کە نا موسوڵمانەکان بەگشتی باوەشکردنەوە بەئایندا وەک تەنها هۆکاری بەرگری و بەرەنگاربوونەوە ببینن و باوەشی بۆ بکەنەوە، هەرلێرەوەیە کە لایەنگرانی پارتە ڕاستڕەوەکان لەم ماوەیەدا لە هەڵکشانێکی چاوەڕوان نەکراودایە.

بە پێی تێڕوانین و قسەکردن لەگەڵ چەند کەسێک کە لە ئێستادا سەردانی کەنیسە دەکەن و کۆمەکی کەنیسە دەکەن ئەوەیە زۆربەیان هیچ شارەزاییەکیان نە لە ئایندا هەیە و نە ئیماندارن، بەڵکو کەسانێکن وەک هەستکردنی بە پێویستی بۆ دەزگایەکی بەهێز کە بەرگریان لێبکات و هەست بە دڵنیای بکەن لێیەوە تەنها کەنیسە بەم دەزگایە دەبینن چونکە دەزگا حکومیەکان ئەوکاتەی مافی هەڵبژاردن دەدات بە موسەڵمانەکان، موسوڵمانەکان دێن و دیوارە هزریەکانیان بە دەوری ناوچەکانیاندا بەرز دەکەنەوە بۆ ئەوەی، کە دیوارێکیش هەبێ بەرامبەر ئەمان پێویستە کەنیسە بێت و بە بیرۆکەی خوداییانە کۆشکێکی هزری دروست بکات .

ئەمە تەنیا دیمەنێکە لە دیاردەی ئاین وەک پارێزەر و باوەشکردنەوە بۆی، هەر لێرەوە ئێمە دەتوانین بە ووردی بچینە ناو ئەم عاڵەتە و داتاکان کۆبکەینەوەو مەعریفەیەک لەسەر ئەم بابەتە بەرهەمبێنین و پێشبینیەکانیش بۆ قۆناغی دواتر ئامادە بکەین، ئەگەر نا زۆربەی داتاکانی تا پێش ئەم مەدەی گەڕانەوە بۆ ئاین ئەیبردینەوە سەر ئەوەی کە ئەوروپا وا بەرەو بە ئیسلامی کردن دەچێت. بەڵام لە ئێستادا ئەمە دوورترین ئەگەرەو پێویستە ئەگەرەکانی تر کەشف بکرێت پێش ئەوەی هیچ پێکدادانێکی ئاینی بتوانێت خۆی لەم تەنها پارچە زەویە پارێزراوەدا فەرز بکات.