عیماد عەلی: تورکیا ئاگر لە ماڵی خۆی بەردەدات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بە گرتنی هەردوو هاوسەرۆکی هەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگن یوکسیکداغ، تورکیا هیچ مەودایەکی تەنانەت بچوکیشی بۆ پەیرەو کردن و پشت بەستن بە دیموکراسی و ئازادی لەو وڵاتە نەهێشتەوە و، ئەوەی لە سەر خەلیفە ئۆردوگانمان وت کتومت وەک خۆی دەرچوو ( خەلیفە بەو واتایەی جێگری شێخ و بەشێک لەهەموو شێوەکانی خەڵکی تر ) . ئەم نیمچە سوڵتان و نیمچە ئەتاتۆرکیە، دەیەوێت بەم کردەوانەی جێگەیەکی تایبەت لە رووی شەخسیەوە بۆ خۆی دیاری بکات، لەوانەی پێشوتر نەچێت و، مەجدێکی مێژوویی بۆ خۆی تۆمار بکات، کە ئەگەر لەسەر هەر گەل و کەسێک بکەوێتەوە، لەوانەش ئەگەر گەلی تورکی تورکیاشی لە پێشەوەیاندا بێت، هیچ بیرێکی جدیی لێنەکاتەوە .
پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە کە ئایا تاکۆتایی بۆی دەچیتە سەر، یان لە قۆناغەکانی جێبەجێ کردنی مەبەستەکانی سەری دەدات لە بەرد و تورکیا لە گۆشەیەکی تەسکی ناوچەکە لە رووی سیاسیەوە گۆشەگیر دەکات و چوار دەوری بە نەیارانی ناوچەیی و نێوخۆیی خۆی و جیهانیش دەورەدەدات و مەتەرێسی بەرەنگاری لە بەردەمیدا لێدەدرێت و، نەک هە رخۆی بەڵکو وڵاتەکەشی توشی لاتەریکی دەکات و، لە دواییشدا وەک خووە پێشوەکانی ملکەچی تەنازول دەبێت و داوای لێبردن دەکات، بێ ئەوەی هیچ گوێی لە ئابروچون بێت ؟

با بە هاوکێشە و بۆچونی عەقڵانی باس لەمە بکەین :
A- وەزعی نێوخۆیی تا دێت رووە و خراپتر دەچێت و پیلانی پاش کودەتاکە بۆ خەڵک لەو هەنگاوانەی کە هیچ پەوەندی بەو وەزعەوە نیە و ئەردوگان بۆ مەبەستی تایبەتی و شەخسی دەینێت، بۆ گەلانی تورکیا دەردەکەون، ئەوەی دەیەوێت لە بیری ئۆردوگانیزمدا قەتیش ماوە شکست دێنێت، یان بە یەکجاری وەزعی نێوخۆی ئاڵۆز دەبێت و توانای بەرگری ناگرێت و لەهەنگاوەکانی پەشیمان دەبێتەوە یان بە شێوەیەکی ئاشتیانە یان بەکودەتای مەدەنی بێت یان عەسکەری لەناودەچێت ( واتا شەعبیەتی کزدەبێت و زەرەر لە حزبەکەی دەدات؛ یان: لە نێوخۆی حزبەکەی خۆی پاشقولی لێدەدرێت، یان کێرفی دەنگی حزبەکەی دەگاتە خاڵێکی پێشبینی نەکراو و لە هەڵبژاردنی داهاتودا توشی شکستی گەورە دەبێت، یان حزبێکی تر لە سەر پاشماوەی پارتی گەشەپێدان و دادپەروەری دروست دەبێت، وەک پێشتر روویدا و، ئەم حزبە لە پاشماوەی ئەوانی تر دروست بوو ) .
B- پرۆسەی ئاشتی لە لایەن خودی ئۆردوگانەوە بە تەواوی لەگۆرنرا، ئەوەی کورد بیکات هیچ کەس گلەیی لێناکات و پەکەکە و لایەنگرانی و لایەنگرانی هەدەپە، دەگەنە ئەو راستیەی لەگەڵ ئەردوگاندا ماوەی دانوستان و پەیرەو کردنی هەنگاوی ئاشتیانە بەسەرچووە و مەودای ئاشتی نێوخۆیی نەماوە . هەموو توانایەک و کردەوەیەک حەڵاڵە و قورسایی فشاری زیاتر لە سەرجەم رووەکانەوە بە سەربازیشەوە دەکەوێتەگەر و قۆناغی دوور لە ئاشتی پەیرەوکراو لەم ماوەیەدا کۆتایی دێت، کە خەڵکیش باش دەزانن تورکیا لەم کاتەدا وەک پێشتر نیە بۆ بەرەنگاربونەوەی هەر ئەگەر و پێشهاتێکی نێوخۆیی لەگەڵ کورددا . لەم بەینەدا پەیوەندیەکانی تورکیا و وڵاتان بە شێوەیەک گۆرانکاری بەسەردا هاتووە کە لەمەودوا لە نێوخۆی خۆیدا توانای ئازارپێگەیاندنی لەلایەن نەیارانیەوە زیاتر دەبێت و توانای بەرگەگرتنی کزدەبێت و لە رووی ئابوریەوە دەچێتە قوڵایی قەیرانەکانەوە .
C- لە رووی ناوچەییەوە، ئەو ئارامی و تەباییەی لە نێوان خۆی و ئێراندا هەیە لە دوای شەری موسڵ نامێنێت و هاوکێشەکان لە رووی ئامانجە ستراتیجیەکانی هەردوولادا وا دەگۆرێن کە تەنانەت ئەگەری پێکدادان بە هەموو شێوەکانیەوە زۆر لە ئارادا دەبێت و، تەنانەت شەری عەسکەریش دوورنیە . ئەمەش گۆشەیەکی تاریکی بۆ دروست دەکات و رۆڵی خۆی دەبێت لە لاتەریک کردنی ئەردۆگان و وڵاتەکەی. ناتۆش لەم بەینەدا سیاسەتی خۆی هەیە و لە بەرژەوەندی تورکیادا نابێت بە ئەمریکاشەوە، کە ئەمرۆ سیاسەتەکانی وا دەخوێنرێنەوە بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشوو لەگەڵ تورکیادا گۆرانکاری ریشەیی تێیدا رووی داوە. پەیوەندیە تازەکانی ئۆردوگان لەگەڵ روسیادا جێگە بە پەیوەندیە ستراتیجیەکەی روسیا و ئێران لەق ناکات و ئەوە لەولاشەوە یۆنان و قوبرس و ئەرمینیا بوەستێت .
D- نەهێشتنی کاریگەری رۆڵی ستراتیجی تورکیا لە باکووری عیراق و شکستهێنانی لە سوریا بە سەرکەوتنی ئێران لە پلانە ستراتیجیەکەی خۆی لە عیراق و بەستنەوەی بە سوریاوە لە دواییدا یەکێکە لە ئەگەرە گەورەکان، ئەمەش زەرەرێکی گەورە لە بیرو نیازەکانی ئەردۆگان دەدات و دەکەوێتە نێو هیلالە تایبەتەکەی ئێرانەوە و لەوێدا نوتقی دەبرێت. ئەم ئەگەرە مەگەر لەو کاتەدا دەستەبەر نەبێت کە ئۆردوگان سەرشێتیەک بکات و بێ حساباتی قوڵ خۆی بخزێنێتە نێو مەیدانێکەوە دەرچون و قوتاربونی لە قور و لیتەو زەلکاوەکانی نابێت و، بە ملشکانی خۆی ئەگەر بە عەسکەری نەبێت بە نالەباری باری دیموغرافی مسۆگەر دەبێت و کۆتایی دێت. لەم بارەوە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی رۆڵێکی گەورە بۆ ئێران و عێراق دەگێرن .
E- لەم رۆژانەدا زۆرێک لە فشەفش و خۆهەڵتەکاندنەکانی تورکیامان بینی و لەماوەیەکی کەمی ئەم کاتەدا کە لەشەری رزگارکردنی موسڵ داین، وەزعی تورکیامان بە جوانی بۆ روون بووەوە و هەنگاوە خێراکانی حەشدی شەعبی و سوپای عیراق شتیترمان بۆ روون دەکاتەوەو، ئەوەی هەرەشەی پێدەکرد تا ئێستا هیچی پێنەکراوە و، دوای رزگاکردنی موسڵ و باڵادەستی حەشدی شەعبی، توانا و بواری بەردەم تورکیامان بۆ دەردەخات کە تەنها بە هەڵقۆستنەوە و بە جوڵەیەکی کتوپر و ریکەوتنی ژێربەژێر و فێل و تەڵەکە نەبێت، لەسەر ئەرزی واقیع هیچی لەدەست نایەت .
G- ئەم هەنگاوە نێوخۆییانەی تورکیا بە گرتنی هاوسەرۆکانی هەدەپە پشتی خۆی زیاتر شلکردەوە و نیشانەی ئەوەی کە لەدەروەی سنورەکانی هیچ پیچناکرێت و دەیەوێت رای گشتی نێوخۆیی بەو رەفتارانەوە مەشغول بکات و فشوهورەکانی لە رووی بەشداریکرن لە شەری موسڵ و شکستهێنانی بە کردەوەیەکی ئاوها داپۆشێت ( … بە خاڵۆی خۆی فێرە ) .
بۆیە، تورکیا و ئەردوگان بەم رەفتارەیان لە رووی سیپاسیەوە لە نێوخۆدا باسی ئاشتی و پرۆسەی بەیەکگەیشتنی ئاشتیانە بنبربوو،ە هەموو لایەک حەقی خۆیەتی هەر کاریچک بکات بۆ بەئامانجەکانی و دەرگابۆ هەموو شتێک کرایەوە. بەم شێوەیەش داواکاری بۆ ئاشتی بەرێوەبردنی پرۆسەی ئاشتی نامێنێت و گەلی کوردستان حەقی خۆیەتی چ هەنگاوێک دەنێت و پەویەندی و هاوکاری کێدەکات و کەسیش لۆمەی ناکات. هاوکێشە سیاسیەکانی ناوچەکە و ئاڵۆزکانی پەیوەندیە هەمەجۆرەکانی وڵاتان لەمەر کێشەو پرسەکانی ئەم ناوچەیە بوار بە گەلی کورد و هێزەکانی بە تایبەتی پەکەکە و هەدەپە و پەیەدە دەدات یاریەکانی خۆیان بە ئاسانی لەم ناوچەی بکەن و فشارێکی گەروە لەسەر ئەردۆگان و تورکیا بکەن، کە لەم کاتەدا دۆش داماو دەبێت و دۆستەکانی کەمتربوون .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت