عەتا قەرەداخی: تورکیاو کورد ـ لە ئەتاتورکەوە بۆ ئەردۆگان.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لە دوای شەڕی چاڵدێرانی ساڵی 1514 لە نێوان عوسمانی و سەفەوییەکاندا، بە تایبەتی دوای ئەوەى کە سوپای عوسمانی سەرکەوتنی بەدەستهێنا، پێگەى عوسمانییەکان بەهێزتر بوو. دواتریش لە پەیمانی رێکخستنی سنووردا لە ساڵی 1839 ، هەردوو دەوڵەت کوردستانیان لە نێو خۆیاندا دابەشکرد. بێگومان ئەم دابەشکردنە کاریگەری نێگەتیفی لەسەر کورد وەکو نەتەوەو کوردستان وەکو نیشتیمان بەجێهێشت. هەر لەو کاتەوە فارس و تورکەکان و پاشانیش عەرەبەکان سوودیان لەو دابەشکردنەى کوردستان وەرگرتووەء تەنانەت لە هەرکاتێکدا پێویست بووبێت هاریکاری یەکتریان کردووە بۆ لێدان و سەرکوتکردنی ئەو بزووتنەوەو راپەڕینانەى لە بەشەکانی کوردستاندا درووستبوون. هەرکاتێکیش ئەو دەوڵەتانە ناکۆکی لە نێوانیاندا درووستبووبێت، هەریەکەیان هەوڵیداوە کوردی بەشەکەی تر لەبەرژەوەندی خۆی بەدژی دەوڵەتەکەى تر بەکاربهێنێت.
لە مادەی یەکەمی میساقی نیشتیمانی تورکیادا باسی ئەوە کراوە ئەگەر پێویستی کرد ئەوا بڕیاری چارەنووسی ئەو بەشانەى ئیمپراتۆرێتی عوسمانی دەدرێت کە زۆرینەى دانیشتوانەکانیان تورک نین. ئەوەش بەپێی دەنگدانی ئازادانەى خەڵکی ئەو ناوچانە خۆیان دەبێت. بەڵام دیارە بەبیانووی پێکهێنانی نیشتیمانێک کە ناوی تورکیا بوو ئەوە رووینەدا. لەم رووەوە ئەو بەندەی میساقی نیشتیمانی تورکیا دانی نەنا بە جیاوازبوونی کورددا وەکو نەتەوەیەک. هەروەک دوای ئەوەش کۆمەڵەى نەتەوەکان مافی کوردو کەمە نەتەوەییەکانی تری نەسەپاند بەسەر تورکیادا. دواتریش لە رێکەوتنی سیڤەری ساڵی 1921 بەندەکانی 61، 62، 63 سەبارەت بە مافەکانی کورد یان چارەنووسی ولایەتی موسڵ جێبەجێنەکران و، لە رێکەوتنی لۆزاندا زیندەبەچاڵ کران. دواتریش بەپێی مادەی ( 88 ) لەدەستووری یەکەمی کۆماریدا ئەوە جێگیر کرا کە دانیشتووانی تورکیا بێگوێدانە بڕوای ئایینی و ئینتیمای نەتەوەییان هەموو هاونیشتیمانی تورکین ( بڕوانە: دکتۆر لگفی المعوش: المسڕلە القومیە فی ترکیا، القچیە الکردیە. الفکر العربی، اتعدد 98، 1999 ).
دیارە لەدوای درووستبوونی دەوڵەتی ناسیونالیستی تورک لەسەر دەستی کەمال مستەفاو باڵادەستبوونی تێزی تورکچێتی لەو وڵاتەدا، دەوڵەتی تورک هەموو هەوڵێکی داوە کەسێتی کورد تێکبشکێنێت و کورد لەنێو تورکدا بتوێنێتەوە تا ئەو ئاستەى کە ناسیونالیستی تورکی بەگشتی و بەرنامەى دەوڵەت بەتایبەتی کوردیان ناونا تورکی چیایی. ئەوەش ئاشکرایە دەوڵەتی تورک بەشێوەیەکی شۆڤێنیانە رەفتاری لەگەڵ کورددا کردووە. لەو رووەوە کوردیش دەستەوسان دانەنیشتووە. پێش رووخاندنی دەوڵەتی عوسمانی بزووتنەوەى بەدرخانیەکان و بزووتنەوەى شیخ عوبەیدوڵای نەهری سەریان هەڵداوە. لەسەردەمی دەوڵەتی نوێی تورکدا بزووتنەوەى شێخ سەعیدی پیران و بزووتنەوەی شیخ رەزای دەرسیم و، لە چواردەیەی رابردووشدا پارتی کرێکارانی کوردستان لە خەباتێکی نەپساوەدا بووە لەپێناوی بەدەستهێنانی مافەنەتەوەییەکانی کورددا.
لەماوەى رابردوودا پارتی کرێکارانی کوردستان لەرووی نەتەوەییەوە رۆڵێکی دیاری هەبووە لە زیندووکردنەوەى هەستی نەتەوایەتی کوردی لە باکوری کوردستان و توانیووێتی پرۆژەى تورک بۆ تواندنەوەى کورد رووبەڕووی شکست بکاتەوەو بەشێوەیەکی گشتی ئەو هەستە لە باکوری کوردستان درووست ببێت کە کورد نەتەوەیەکی جیاوازە لە تورک و شتێک نییە بەناوی تورکی چیایی، بەڵکو عەقڵێکی شۆڤێنی هەیە ئەو ناوانە دەبەخشێتەوە کە ئەوەش دەرئەنجامی سیاسەتێکی شۆڤێنیانەیە کە دەوڵەتی نوێی ناسیونالیستی تورک لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تاکو ئێستا پیادەی دەکات. بارودۆخی کوردی ئەو راستییەى سەلماند کە هەرگیز ناتوانرێت نەتەوە یان ئیتنیکێک لەنێو نەتەوە، یان ئیتنیکێکی تردا بتوێنرێتەوە. بەهەرحاڵ ئێستا ناسیونالیستی کوردی لە باکوری کوردستان لە پەرەسەندندایەو لە ماوەی رابردوودا هەرچۆن پارتی کرێکاران رۆڵی دیاری هەبووە لە زیاتر زیندووکردنەوەو پەرەسەندنی ئەو تێزو تێڕوانینەدا، بەهەمان شێوە رۆڵی دیاریشی هەبووە لە رێکخستن و ئامادەکردن و سەرکردایەتیکردنی بزووتنەوەى نەتەوایەتی کورددا لەو بەشەى کوردستان. هەروەک مەسەلەى رزگاری نیشتیمانی و سەربەخۆیی کوردستان لە باکور رووبەرێکی فراوانی لە کۆنەستی کۆمەڵایەتی کوردی داگیر کردووە.
لەو کاتەوە پارتی کرێکاران دەستی داوەتە خەباتی چەکداری و گەریلاکانی کورد سەرباری بەهێزیی سوپای تورکیاو پشتگیری کردنیشی لەلایەن نەیتۆوە، بەڵام هێزەکانی گەل چاونەترسانە رووبەڕووی سوپای داگیرکەر بوونەتەوەو لەو رووەشەوە بێجگە لە زیانی گیانی، دەوڵەتی تورک ساڵانە بەو بارودۆخە خراپە ئابوورییەوە کە هەیەتی بودجەیەکی زۆر بۆ دژایەتی کردنی هێزی گەل خەرج دەکات، ئەوەش بارێکی قورس لەسەر دەوڵەتی تورکیا دەکەوێت. هەروەک لەلایەکی ترەوە توانای پارتی کرێکاران و جەماوەری کوردی باکور بۆ گواستنەوەى خەبات بۆ نێو شارەکانی تورکیا بە ئەنقەرەشەوە، لە دوو ئاستدا زیانی گەورەى لە دەوڵەتی تورک داوە: یەکەمیان زیانی مەعنەوییە واتە دەوڵەت سەرباری ئەو هەموو هێزو توانا سەربازییەى هەیەتی و سەرباری خۆنیشاندانی وەکو هێزێکی باڵادەست، بەڵام نەیتوانیووە رێگری لە گەیشتنی دەنگی کورد بە هەموو گەلی تورکیا بکات. هەروەک گواستنەوەى خۆپیشاندان و دەنگی نارەزایی کورد بۆ شارە گەورەکانی تورکیا بە پایتەختیشەوە رۆڵی دیاری هەبووە لە خراپترکردنی ناوبانگی تورکیادا لە بواری دیموکراسیدا. لەم رووەشەوە ناسەقامگیری و پشێوی لە وڵاتەکەدا رۆڵی هەبووە لەسەر کەرتی گەشتوگوزاری تورکیا کە ئەو کەرتەش یەکێکە لە پایە سەرەکییەکانی ئابووری وڵات.
دیارە بارودۆخی نوێی سوریاو ئەگەری نزیکبوونەوەى رژێمەکەى ئەسەد لە رووخاندن، تورکیای خستۆتە بەردەم مەترسیەکی گەورەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەى تورکیا نەیتوانیووە ئەجیندای خۆی لەو وڵاتەدا بۆ دوای ئەسەد نەخشە رێژ بکات و بیخاتە کار، بەتایبەتی ئەوەى کە پەیوەندی بە رۆژئاوای کوردستانەوە هەیە. تورکیا دەترسێت لە سووریا رووبەڕووی هەمان ئەو ئەزموونە ببێتەوە لەگەڵ باشووری کوردستان لەسەرەتای نەوەدەکانی سەدەى رابردوودا رووبەڕووی بووەو پاش چەندین دژایەتی کردن ناچاربوو دان بەو دیفاکتۆیەدا بنێت و مامەڵەى راستەخۆ لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکات کە دەشزانێت ئەو بارودۆخەى لەباشووری کوردستان درووستبووە کاریگەری راستەخۆی لەسەر باکوری کوردستان هەیە. دەشێ بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ باشووری کوردستان وای لێکردبێت مامەلە لەگەڵ ئەو دیفاکتۆیەدا بکات ئەگینا تورکیاو داگیرکەرانی ترى کوردستان لە فارس و عەرەبیش هەمووان دوژمنی کوردن لە هەر کوێیەک بێت.
هەروەک پەیوەندی خراپی تورکیا لەگەڵ رووبەرێکی فراوان لە جیهان تورکیای خستۆتە بەردەم جۆرێک لە ترس و گومان کردن لە ئایندە. ئەوەش ئاشکرایە کە ماوەیەکی دوورو درێژە تورکیا هەوڵدەدات و خەونیش دەبینێت کە لە کۆمەڵەى ئەوروپیدا ببێتە ئەندام. بەڵام لە روانگەى ئەوروپاوە تورکیا ئەو خاسێتە پێویستانەى تێدا نییە کە دەبنە هۆکاری وەرگرتنی لە ریزی ئەو یەکێتیەدا. خاڵی لاوازی تورکیاش لەو رووەوە بوونی پشێوی سیاسی و سیاسەتی تووندو تیژییەتی بەرامبەر بە کوردو دان نەنانە بە شووناسی نەتەوەیی پێکهاتەیەکی گەورەى وڵاتەکەیدا.
تورکیا لەماوەى 35 ساڵی رابردوودا هەموو کۆششێکی کردووە بۆ سەرکوتکردنی بزووتنەوەى کوردی لە باکورو لەو رووەشەوە زیانی ئابووری و مرۆیی گەورەی کردووە. گومانێک یان گریمانەیەک هەبوو کە دەوڵەتی تورک لەوە تێگەیشتبێت کە لە رێگەى سەربازییەوە ناتوانێت بزووتنەوەى کوردی لە باکور سەرکوت بکات بەڵکو بە پێچەوانەوە بزووتنەوەى کوردی رۆژ لەدوای رۆژ بەهێزتر دەبێت و فشاری زیاتر لەسەر هێزەکانی دەوڵەتی داگیرکەری سەر وڵاتەکەى دادەنێت. بۆیە ئەگەرێکی لاوازی ئەوە هەبوو کە دەوڵەت بۆچوونی لەو جۆرەى لەلا درووستبووبێت کە هەوڵبدات جۆرە سەوداگەرییەک لەگەڵ کورددا بکات. هەرچەندە من بۆ خۆم پێموانییە دەوڵەتی تورک بە ئاسانی دان بە بوون و شووناسی کورددا بنێت بەتایبەتی ئەو ئاراستە ئیسلامییەى کە ئێستا لە دەوڵەتدایە لە دوو رووەوە زیانی لە کورد داوە. لەلایەک بەکاریگەری ئایینەکە رووبەرێکی فراوان لە کوردستان دەنگ بەو ئاراستە ئایینیە دەدەن. لە لایەکی تریشەوە ئەو ئاراستە ئایینیە روانینێکی ئومەمی هەیەو بڕوای بە مەسەلەى نەتەوایەتی نییەو وەها سەیری کورد دەکات کە بەشێکە لە گەلی تورکی مسوڵمان واتە ئەو بڕوای بە شووناسی تورکیای مسوڵمان هەیە. هەر لەم رووەوە من پێموایە ئەردۆگان دەیەوێت لە رێگای هەندێ نەرمی نواندنەوە بەرامبەر بە عەبدوڵا ئوچالان ریزەکانی پارتی کرێکاران تێکبدات بەتایبەتی ئەردۆگان لە قسەکانی ئەم دواییەیدا دەڵێت: ئێمە لە لایەک گفتوگۆ دەکەین و لە لایەکی تریشەوە شەڕی تیرۆر دەکەین کە مەبەستی لە شەڕی تیرۆر شەڕی پێکەکەو کوردە کە ئێستا ئەو شەڕە گەیشتە ئەو لایەنانەى کورد کە خەباتی مەدەنی دەکەن.

بە ریز سەرۆک شارەوانیەکان و چالاکەوانی کورد دەستگیر دەکات. بە پێچەوانەى سادەترین بنەماو عورفی دیموکراسیەوە ئەندام پەرلەمانانی پارتی دیموکراتی گەلان دەستگیر دەکات. سەرئەنجام گەیشتە ئەوەیەى هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی گەلان بە شێوەیەکی دڕندانە راپێچی زیندان بکات. ئەمەش پاساوى ئەو راستیە دەدات کە دەوڵەتی تورکیا لە گەوهەرو ماهیەتدا گۆڕانکارى بەسەردا نەهاتووە بەرامبەر بە کوردو ئەدرۆگانیش وێنەیەکی ترى دیکتاتۆرە شۆڤێنیستەکانی تورکە لە مستەفا کەمال ئەتاتورکەوە تا دەگات بە تانسۆچیللەر، هەموویان یەک ئاراستەو یەک روانین و یەک هەڵوێست و یەک سیاسەت و ستراتیژیان بەرامبەر بە کورد هەیە کە ئەویش سیاسیتی پاکتاوکردنی کوردە.