عەتا قەرەداخی: دەنگی بڵندى جەماوەرو نوزەى لەرزۆکی حیزبی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەڵوێستی نەتەوەیی جەماوەرو هەڵوێستی شەرمنانەى حیزبی کوردى بەرامبەر بە تورکیاو داگیرکەرانی ترى کوردستان
ئەوە ئاشکرایە کە سەرەتای بزووتنەوەى نەتەوەیی کورد کە دەرئەنجامی دەرکەوتنی جۆرێک لە هەستی نەتەوەیی یان ناسیونالیستی کوردی بووە لە باکوری کوردستان دەستی پێکردووە. بزووتنەوەى بەدرخانییەکان لە پێش ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەمدا وەکو یەکەمین بزووتنە لە مێژووی کورددا سەیر دەرکێت کە هەڵگری بەشێک لە داواکارییە نەتەوەییەکانی کورد بووە. هۆکاری ئەوەى کە بۆ یەکەم جار لە باکووری کوردستان سەرەتای هوشیاری نەتەوەیی کورد یان بە چەمکی نوێ ناسیونالیستی کوردی دەردەکەوێت، پەیوەندی بە چەند هۆکارێکەوە هەبووە لەوانەش نزیکی تورکیا لە ئەوروپاوە بەتایبەتی لە سەدەی نۆزدەدا کە ئەوروپا بووەتە زەمینەى درووستبوونی دەوڵەتە نەتەوەییەکان و ئەوەش کاری لە تورک و کوردیش کردووە بۆ ئەوەی جۆرێک لە هەستی نەتەوەییان لەلا درووست ببێت. هەروەک هاتوچۆی ئەندامانی بنەماڵەی بەدرخانییەکان بۆ ئەوروپاو مانەوەیان لە شارە گەورەکانی ئەوێ و پێگەی دیاری خۆیشیان وەکو بنەماڵیەکی رۆشنفکر دەوری کاریگەری هەبووە لەوەیدا ئەوان لە مێژوویەکی تا ئەندازەیەک زوودا داواکارییە نەتەوەییەکانی کورد بەرز بکەنەوەو لەو پێناوەشدا خەباتیان دەست پێکردووەو دواتریش کاتێ لە خەباتی چەکداریدا سەرکەوتنیان بەدەست نەهێناوە رێگای قەڵەم و خەباتی مەدەنیان گرتۆتەبەر کە لوتکەى ئەو خەباتەش دەرکردنی رۆژنامەى کوردستان بووە وەکو یەکەمین رۆژنامەى کوردی لە مێژووی کورددا.
هەر بەدوای شکستی بنەماڵەى بەدرخانییەکاندا لەخەباتی چەکداری بە ماوەیەک شێخ عوبەیدوڵای نەهری کە سەربە رێبازی نەقشبەندی بوو، سەرکردایەتی بزووتنەوەیەکی تری کردووە کە رووبەری داواکارییەکانی و ستراتیژی کارکردنیشی بەراورد بە بزووتنەوەى بەدرخانییەکان فراوانتر بووە ئەوەش پەیوەندی بەزیاتر بەهێزبوونی ناسیونالیستی کوردیەوە هەبووە لەچاو پێشتردا. هەرچەندە بزووتنەوەکەى شێخ عوبەیدوڵاش دووچاری شکستی سەخت هات بەڵام لەرووی مێژووییەوە بایەخێکی گرنگی هەیە ئەویش:….

یەکەم: لەرووی رووبەری داواکارییەکانیەوە.

دووەم: لەرووی جوگرافیاو ئەو خێڵ عەشیرەتە کوردانەى کە بەشدارییان تێداکردووە.

سێیەم: لەو رووەوە کە تاکو ساتەوەختی شێخ عوبەیدوڵا میرو بەگ و ئاغاکان سەرۆکایەتی میرنشین و دەسەڵاتە ناوچەییەکانیان کردووە، بەڵام لە راپەڕینەکەى شێخ عوبەیدوڵاوە ئەوەى زیاتر سەرکردایەتی و رابەرایەتی بزووتنەوەکانیان کردووە سەیدو شێخەکانی هەردوو رێبازی نەقشبەندی و قادری بوون کە ئەوەش جێگای لەسەر راوەستان و قسە لەسەر کردنە.
بێگومان ئەوەش ئاشکرایە کە لەسەردەمی تورکە لاوەکاندا ئەو نوخبە رۆشنبیرو خوێندەوارەى کورد کە لە ئەستانە بوون یان لە سایەی دەوڵەتی تورکیادا بوون، نزیکی زۆریان لەگەڵ تورکە لاوەکان هەبوو بەئومێدی ئەوەى بارودۆخێکی نوێ بێتە ئاراوە کە کوردیش لەو میانەدا بتوانێت بەشێک لە مافەکانی بەدەست بهێنێت، بەڵام دیارە تورکە لاوەکانیش هەمان شێوەى پێش خۆیان سەیری کوردیان کرد، دواتریش کە لە هەڵوەشاندنەوەى دەوڵەتی عوسمانیدا دەوڵەتی ناسیونالیستی تورک درووستبوو، لەگەڵ سیاسەتی نامرۆڤانەى دەوڵەتانی بڕیار بەدەست کوردستان دابەشکرا، بەشێکی فراوان و زیندووى کوردستان خرایە سەر تورکیای کەمالیزم کە لەکورترین ماوەدا کورد لە مافی سرووشتی بەکارهێنانی زمانی دایکیش بێبەش کرا. کورد لەو بەشەى کوردستان بەردەوام خەباتی کردووە لەپێناوی مافە نەتەوەییەکانیدا. بەڵام جووتبوونی بەرژەوەندی دەوڵەتانی بڕیاربەدەست لەگەڵ تورکیادا وایکردووە دنیای بڕیار بەدەست نەگوێی لە هاواری پڕ لە ئازاری کورد بێت نە چاویشی ئەو هەموو کوشتنء بڕینە ببینێت کە دەوڵەتی تورک و داگیرکەرەکانی تری کوردستان لە کوردستاندا کردوویانەو دەیکەن. بێگومان لەدوای زیاتر بەهێزبوونی دەوڵەتی تورک و پشتگیری کردنی لەلایەن رۆژئاواوە ئەو دەوڵەتە تا ئەندازەیەک لەدوای بزووتنەوەى سەید رەزای دەرسیم لە سیەکانی سەدەی رابردوودا توانی بۆ ماوەیەک دەنگی کورد کپ بکاتەوە، بەڵام بزووتنەوەى کوردی لەو بەشەدا بەتایبەتی لەسەر دەستی پارتی کرێکاران لەکۆتایی حەفتاکانء سەرەتای هەشتاکان بەدواوە بەشێوەیەکی بەهێز سەری هەڵداو لەو کاتەوە تاکو ئێستا دەوڵەتی تورک بە هەموو شێوەیەک هەوڵدەدات ئەو دەنگە کپ بکاتەوە بەڵام رۆژ لە دوای رۆژ دەنگی ناڕەزای کورد لە باکوور بەهێزتر دەبێت و ئێستا دنیای بڕیار بەدەست تەنانەت ئەگەر چاویشی بنووقێنێت و گوێیشی بگرێت هێشتا ناتوانێت خۆی لە بیستن و بینین دەنگ و داواکارییەکانی کورد لە باکوور دوور بگرێت.
تورکیا واخۆی نیشان دەدات کە دەوڵەتێکی دیموکراتییەو ماوەیەکی دوورو درێژیشە هەوڵدەدات رووى حۆی بەجۆرێک نیشان بدات کە قەناعەت بە کۆمەڵی ئەورپی و پەلەمانی ئەوروپا بهێنێت کە شایانی ئەوەیە بە ئەندام وەربگیرێت بەڵام بەردەوام وەڵامی ئەوروپا بۆ تورکیا نێگەتیفە چونکە تاکو ئێستا بنەماکانی دیموکراسی لە تورکیادا لەوە لاوازترن شایانی ئەوە بێت مافی بەئەندامبوونی لەو کۆمەڵەیەدا پێببەخشرێت. هۆکاری سەرەکیش لەو رووەوە مەسەلەى کوردو مافە بنەڕەتییەکانی کوردە کە تاکو ئێستا دەوڵەتی تورک نەیتوانیووە بەکردەوە ئەو مافە سەرەتاییانە بۆ کورد لەو بەشەى کوردستان دەستەبەر بکات، لەناویاندا ئاخاوتن و خوێندن بە زمانی دایک. بێگومان لە رابردوودا بڕیار بەدەست لە سیستێمی سیاسی تورکیادا جەنراڵەکان بوون کە ئەوان و هەموو ئەتاتورکییەکان لەوساوە بۆ ئێستا ناتوانن دان بەبوونی کورددا بنێن و لە مێژە ناویان لە کورد ناوە تورکی چیایی. لەدوای هاتنی ئیسلامیەکانیش بۆ سەر کورسی دەسەڵات، هەرچەندە ژمارەیەکی زۆر لە کوردی باکور سەربە پارتە ئیسلامیەکەی ئەردۆگانن، بەڵام وەکو ئاشکرایە هیچ هەنگاوێکی جیدی لەلەلایەن ئەردۆگان و حکوموتەکەیەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەى کورد نەنراوە. ئەمەش دەشێ دەرئەنجامی ئەوە بێت کە پارتە ئیسلامییە سیاسیەکان بڕوایان بە مەسەلەى نەتەوایەتی نەبێت، هەربۆیە سەرباری هەندێ بەڵێنی سەرزاری لەلایەن ئەردۆگانەوە هیچ هەنگاوێکی کرداری نابینرێت.
وەک دەبینین لەماوەى پانزە ساڵی رابردوودا ئەمە جاری دووەمە بارودۆخی باکووری کوردستان بەمجۆرە هەڵچوون بەخۆیەوە ببینێت. جاری یەکەم لە کۆتای سەدەی رابردوودا بوو کاتێ بە پیلانێکی نێودەوڵەتی سەرۆکی پارتی کرێکاران دەستگیر کرا. ئەو کات خۆپیشاندانی کوردی باکوور لە ناوخۆو کوردی هەرچوار پارچەى کوردستانیش لە وڵاتانی رۆژئاوا بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ رۆڵی لەبەرچاوی هەبوو بۆ ئەوەى جارێکی تر دنیای سیاسی نووستوو بەئاگابێنێت بەرامبەر بە کورد، یان بەلایەنی کەمەوە گەلانی ئەو وڵاتانەى کە هەست بە ئازارەکانی کورد ناکەن لەبەر خاتری بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستاندا، زەنگی ئازارەکانی کورد رۆحی وروژاندن، ئەوەش دەشێ تا ئەندازەیەک کاریگەری نێگەتیفی بۆسەر کەسێتی مەعنەوی دەوڵەتی تورکیا هەبوو بێت.
لەماوەی ئەم چەند ساڵەى رابردوودا حکومەتی تورکیا بەشێوەیەکی نامرۆڤانە بە هەموو شێوەیەک پەلامارەکانی بۆ سەر کورد زیادکردووە بەتایبەتی دوای ئەوەى کورد شێوازێکی نوێی لە خەبات دەست پێکردووە، واتە سەرباری خەباتی چەکداری پارتی کرێکاران، خەباتی دیموکراتی و پەرلەمانی پارت و جەماوەرو کەسانی سیاسی کوردە لە تورکیا کە ئەوەش تورکیای زۆر تەنگەتاو کردووە، چونکە دەزانێت ئەوە چەکێکی زۆر کاریگەرەو دەشێ سەرئەنجام ئەو شێوە خەباتە مەدەنییە هەم لەسەر ئاستی ناوخۆو هەم لەسەر ئاستی دەرەوە ئەوەندەی پشتگیری بۆ پەیدا ببێت تورکیا ناچاری داننان بە مافەکانی کورددا بکات. تورکیا نایشارێتەوە کە پێی خۆشە ئەوانەى خەباتی مەدەنی دەکەن شارەکان بە جێبهێڵن، تەنانەت هانیان دەدات چەک لە شان بکەن و بچنە لای پارتی کرێکاران. بۆ ناچارکردنی هێماکانی خەباتی مەدەنیء دیموکراتیانەى کورد دەوڵەت ئەو هێمایانە دەگرێت و سووکایەتیان پێدەکات و زیندانیان دەکات، ئەمە بێجگە لەوەى کە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی مەدەنی کوردی لە زیندانەکان تووند کردووە، کە ئێستا نزیکەى دوو مانگ زیاترە بەشێکیان مانیان لە خواردن گرتووەو دەوڵەتی تورکیش لە داواکارییەکانیان بێدەنگە. بەڵام ئەمجارەیان هەڵوێستی کۆڵنەدەرانەی زیندانیانی کوردو بێباکی دەوڵەتی تورک نەک هەر کوردی باکوور بەڵکو کوردی هەموو بەشەکانی کوردستانی وروژاندو رووبەری خۆپیشاندانء ناڕەزاییەکان بۆ هاریکاری زیندانیانی مانگرتووى کورد لە تورکیا زۆر فراوانبووە. ئەوەش شتێک نییە تەنیا دەرئەنجامی هەڵچوون و سۆزێکی سادەی نەتەوەیی بێت بەڵکو بەڵگەى ئەوەشە کە هەستی نەتەوایەتی کورد زیاتر بەرەو بەهێزبوون دەچێت و ناسیونالیستی کوردی بەرەو قۆناغی خۆنمایش کردن دەڕوات، کە بێگومان رۆژ لە دوای رۆژ ئەو خۆنمایش کردنە بەهێزتر دەبێت تا سەرئەنجام هەموو کورد لە دەوری ناسیونالیزمی کوردی کۆدەبێتەوەو ئەو بزووتنەوە جەماوەرییە پێکدێت کە بە جۆرێک بەهێز دەبێت، هیچ داگیرکەرێکی کوردستان ناتوانێت لەبەرامبەریدا خۆی رابگرێت و درێژە بە نکوڵی کردنی مافە نەتەوەییەکانی کورد بدات.
هەنگاوى سێیەم لە سیاسەتە چەوت و تۆتالیتارەکانی رژێمی ناسیونالیست ئیسلامی تورک ئەمەى ئێستایە کە ئەردۆگان سەرۆکایەتی دەکات و بە شێوەیەکی دڕندانەو دوور لە سادەترین بنەماکانی مافی مرۆڤ و ئازادى و رووتکراوە لە هەموو ئەتەکێتێکی پەرلەمانی و دەوڵەتدارى، دەوڵەتی تورک بەوەوە ناوەستێت کە پەلامارى کوردى مەدەنی بێ چەک بدات، بەڵکو پەلامارى ئەو کەسانەش دەدات کە بە دەنگی خەڵک بوونەتە سەرۆکی شارەوانیەکان و ئەندامی پەرلەمانی تورکیا. لەوەش زیاتر بە هەمان ئەو شێوەیەى کە لەسەردەمی ئەتاتورک خۆیدا چۆن پەلامارى شیخ سەعیدى پیران و هاورێکانیان داو لە سێدارەیان دان، بەو شێوەیەى پەلامارى سەید رەزاى دەرسیمیان دا، بەو شێوە دڕندانەى کە گوندو ناوچە کوردییەکان بۆمباران دەکەن و وێرانیان دەکەن، بەو شێوەیەى خەباتگێڕانی کورد بە ئاشکرا یان لە پشتەوە تیرۆر دەکەن، بەو شێوەیەى کە مافی زمانی دایکیان لە کورد سەندووەتەوە، ئەمجارەیان سیستێمی تورکی شۆڤێنی ئیسلامی پەلامارى سیمبوڵە مەدەنیە پایەبەرزەکانی کورد دەدات و راپێچی زیندانیان دەکات. بێگومان. راستە ئێستا دەمیرتاش و هاوەڵەکانی لە زیندانەکانی تورکیادان، بەڵام بەم کارەى تورکیا، جارێکی تر هەستی جەماوەرى خەڵکی کوردستانی وروژاندو ئەگەر شەقامی کوردى بە هۆى دابەشبوونی حیزبایەتی تەسکەوە تەواو دابەشبووبێت، بەڵام ئەم هەڵوێستە نامرۆڤانەى دەوڵەتی تورک جارێکی تر جۆرێک لە یەکگرتوویى لەشەقامی کوردیدا درووستکردەوەو ئەوەش بە جۆرێک بریتیە لە وروژاندن و بڵندبوونەوەى هەستی نەتەوەیی کوردى. ئەم جۆرە هەڵوێستەش دەلالەتێکی گرنگی نەتەوەیی هەیەو ئەوە دەگەیەنێت کە سەربارى دابەشبوون و نەبوونی یەکێتی نەتەوەیی کوردى لەسەر ئاستی یەک پارچەى کوردستان یان کوردستانی گەورە، بەڵام لە کاتە ترسناکەکاندا جەماوەرى خەڵکی کوردستان هاوهەڵوێستە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئاستی هەست بە بەرپرسیارێتیکردنی جەماوەرو هەست و هوشیارى نەتەوەیی جەماوەرو هەڵوێستی نەتەوەیی جەماوەر زۆر لەپێش کۆى حیزبەکانی کوردستانەوەیە کە بەپێی بەرژەوەندەکانیان هەریەکەو گۆرانی بە باڵای داگیرکەرێکی کوردستاندا دەڵێت.. ئەمەش ئەو ئومێدە دەبەخشێت کە سەرئەنجام هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتیمانی جەماوەر بەسەر هەڵوێستی بەرژەوەندیخوازانەى حیزبەکانی کوردستاندا سەردەکەوێت و دەنگی زوڵاڵی جەماوەر کە دەنگی نەتەوەو هاوارى نیشتیمانە، بەسەر دەنگی ناسازو قرخنی حیزبی بیرتەسک و بەرژەوەند پەرست و پاشکۆى داگیرکەرە جۆراوجۆرەکانی کوردستاندا زاڵ دەبێت. دەمیرتاش و هاوەڵەکانی نوێنەرى خەڵکن، دەنگی نەتەوەو نیشتیمانن، بۆیە لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە پشتگیرییان لێدەکرێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت