شەماڵ عادل سەلیم: دۆناڵد ترامپ و دەولەتی کوردی.

بەر لە ڕاگەیاندی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ، حەشامەتێک لە تەڕەزانەکانی ڕاگەیاندن و فەیلەسوفەکانی هەرێمی کوردستان، ئەوانەی شاشەی کەناڵە ئاسمانییەکان و ماڵپەرو رۆژنامە کوردییەکانیان بەکرێ گرتبوو بۆ خوێندنەوەو […]
سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بەر لە ڕاگەیاندی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ، حەشامەتێک لە تەڕەزانەکانی ڕاگەیاندن و فەیلەسوفەکانی هەرێمی کوردستان، ئەوانەی شاشەی کەناڵە ئاسمانییەکان و ماڵپەرو رۆژنامە کوردییەکانیان بەکرێ گرتبوو بۆ خوێندنەوەو شیکردنەوەو شیتاڵکردنی ڕۆلی ئەمریکا دوای هەڵبژاردن، بەشێکی هەرە زۆر لەو فەیلەسوفانە بەئاشکرا ڕایاندەگەیاند و دەیانگووت: چۆن دەبێت شێت ، مەبەستیان دۆناڵد ترامپی كاندیدی كۆمارییەكان بوو، ببیتە سەرۆکی ئەمریکا. ئاخر بۆ ئێمەی کورد زۆر بە خەراپی دەشکێتەوە، هەندیکیان لەوەش زیاتر دەرۆیشتن و دەیانگووت: ترامپ ناتوانێت پەیچی تایبەتی خۆی لە تۆرەکۆمەلایەتیەکان بەکار بھێنێت، چۆن دەتوانێت ئەمریکا بەڕێوە ببات و شیفرەی چەکی ئەتۆمی ( کۆمەڵکوژی ) لەدەست بێت؟.

ئەو فەیلەسوفانە بەگاڵتەجاری باسی هەڵوێست و قسە و ریکلام و وتارەکانی ترامپیان دەکرد و ئاماژەشیان بە سەرکەوتن و بردنەوەی سەد دەرسەدیی دادە ( هێلاری ) لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکرد، هەروەها باسیان لە ڕۆڵ و پالپشتی و داکۆکی دادە هێلاری لە کوردو پێشمەرگە و دەولەتی کوردی و زۆر بابەتی سەیروسەمەرەی دیکە، کەلێرەدا جێگایان نابێتەوە باسیان بکەم دەکرد.
دوای هەڵبژاردن و سەرکەوتنی ( ترامپ ) ، هەر هەمان فەیلەسوف و تەڕەزانەکانی سەرشاشەی تی ڤی و نووسەرە دانسقەو خەبیرە زۆرزانەکانی رۆژنامە کوردیەکان، سەدو هەشتا پلە بایان داوەو، کەوتنە پاکانەکردن و بەشان و پیاهەڵدانی شێتی بەر لە ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و، پالەوانی دوای ڕاگەیاندنی ئەجامەکانی هەڵبژاردن، هەروەک ئەوەی نەبایان دیتبێ نەباران.
یەکێک لەم فەیلەسوفانەی، کە خۆی بە لێکۆلەرەوەو شارەزاو پسپۆر لەبواری سیاسەتی نێودەوڵەتی دانابوو، قسەو بۆچون و خوێندنەوە سەقتەکانی رۆژێک پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای لەبیر خۆی بردبووەوە، ئەمجارە داوای لە بەرپرسانی هەرێم دەکردو دەیگووت :
دەبێت هەرێم زۆر بەپەلە پەیوەندیەکانی لەگەڵ سەرۆک ترامپ بەهێزبکات، چونکە بەڕای جەنابیان، ترامپ دژی عەرەب و تورک ـە، ئەوەش بەرای فەیلەسوفە نازدارەکەی هەرێم، دەبێتە هۆی ئەوەی کە لەسەردەستی ترامپ کورد ببێتە دەوڵەوت، بەشەرتێک ئەگەر کورد بزانێت چۆن ترامپ لە بەرژەوەندی خۆی بەکاردەهێنێت.
خوێنەری بەرێز ، سەیری ئەو گاڵتەجارییە بکەن، ئەم فەیلەسوفە پێمان دەلێت: کورد لەسەر دەستی ترامپ دەبێتە دەوڵەوت، بەشەرتێک ئەگەر بزانێت واتا کورد چۆن ترامپ لە بەرژەوەندی خۆی بەکاردەهێنێت، لێرەدا نازانم لەئاست بلیمەتی و زۆرزانی ئەم فەیلەسوفە بگرێیم یان پێ بکەنم. هەرئەوەندەم لەدەست دێت بلێم: نازانم بۆ حکومەتی هەرێم، هەندێ پارە لە دزینی نەوت بۆ تۆمارکردنی قسەی ئەم فەیلەسوفە تەرخان ناکات و ئەم وتە بەنرخەی بەئاوی زێر لەدەرگای گەورەی قەڵاتی هەولێر بنووسێتەوە، هەرنەبێت وەک مێژوو بۆ نەوەکانی داهاتوو بمینێت و، ماف و هەقی ئەو فەیلەسوفە نەفەوتێت.
بەرێزان نامەوێ لەوەزیاتر کاتتان بگرم بەگێرانەوەی ( ئەو قسە پووچ و بێ مانایانەی ئەو فەیلەسوف و تەڕەزان و بیرمەندانەی هەرێم، بۆیە لەکۆتایدا بەو فەیلەسوف و پسپۆرو شارەزاو لێکۆلەرەوە و تەرەزانەکانی سەر شاشەی کەناڵە ئاسمانییەکان و رۆژنامە بێ ناوەرۆکەکانی هەرێمی بەتەمای خودا دەڵێم :
باش بزانن، ترامپ نە ئەردۆگانە، نە موعەمەر ئەبوومنیار قەزافی و نە سەددام حوسێن ـە، ترامپ وەک هەرسەرۆکێکی هەڵبژردراوی ئەمریکا، ئەرکی سەرشانیەتی تەنها حزمەتی وڵات و بەرژەوەندیە سەرەکییەکانی ئەمریکا و ئەمریکیەکان بکات، ناتوانێت وەک سەرۆکە دیکتاتۆرەکانی ئێمە هەڵسوکەوت بکات و بەکەیفی خۆی بریار بدات و بەشەو لەخەونیدا چی ببینیت بەرۆژ جێبەجێ بکات.
ئەمریکا وڵاتێکی موئەسەساتییە، بریارەکانی سەرۆک تەنها لە پەراوێزی بریارە سەرەکیەکانی موئەسەساتە هەڵبژێردراوەکان تۆماردەکرێت و بەس، بۆیە ترامپ نەدەتوانێت دەوڵەتمان بۆ جاڕبدات، نەدەتوانێت پارتی و گۆڕانمان بۆ ئاشت بکاتەوە، نەدەشتوانێت ریزەکانی یەکێتیمان بۆ رێک بخاتەوە.
ئەوەی ترامپ دەیکات، تەنها خزمەتکردنی ئەمریکاو ئەمریکیەکانە لەچوارچێوەی ئەو سیاسەتە دارێژراوەی کە بۆی دانراوە و بەس. ئاو بێنن و دەستان بشۆن .

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت
شەماڵ عادل سەلیم

ئەرشیڤی بەڕێز: شەماڵ عادل سەلیم