شه‌ریف هه‌ژاری: بزانن سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ترامپ جیاوازه‌ له‌ هی ئۆباما و، كاریگه‌ری خۆرهه‌لاتی كوردستانیش با دووانه‌كه‌وێت.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئه‌و پرسیاره‌م لێكراوه‌، ئایا مامۆستا ڕاسته،‌ كه‌ زۆر كه‌س پێیان وایه:‌ ترامپ درێژه‌ده‌ری سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئۆباما ئه‌بێت.

له‌ وه‌لامدا ئه‌ڵێم: نه‌خێر، نه‌ك هه‌ر درێژه‌پێده‌ری سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئۆباما نابێت، بگره‌ ئه‌وپه‌ڕی ناسیاسیی بوون و نامه‌نتیقیشه‌ كه‌ مرۆڤی سیاسیی وا لێكی بداته‌وه‌، بۆ؟
سه‌ره‌تا وه‌ك خۆم نامه‌وێت له‌ شیكاری سیاسیی و هه‌ڵسه‌نگاندن دا، شێوازی فه‌لسه‌فیی یان ئه‌ده‌بی بگرمه‌به‌ر، چونكه‌ وه‌ك زانای گه‌وره‌ی عێراق و عه‌ره‌ب (عه‌لی وه‌ردی) ده‌بێت له‌ شیكاركردن دا زمانێكی ساده‌ی وا به‌كاربێنین، كه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانمان زۆر ڕوون بێت و، زۆرینه‌ی خه‌ڵك به‌ گشت توێژه‌كانه‌وه‌ لێی تێ بگا و، دواتریش بزانن هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانمان ڕاست دێنه‌دی یاخود نا؟
هاتنه‌ سه‌ر كاری ترامپ، نه‌ك هه‌ر گورزی كاریگه‌ره‌ بۆ ئێران و شوێنكه‌وته‌كانی، بگره‌ بۆ زۆر له‌ بزووتنه‌وه‌ دیموكراسییه‌كان و پارته‌ لیبراڵه‌كانی جیهانیش، كه‌ به‌رده‌وام هه‌ندێكیان جه‌خت له‌ كاڵكردنه‌وه‌ی سنوره‌ نێو ده‌وڵه‌تییه‌كان و دیموكراسیی ڕه‌ها ده‌كه‌نه‌وه‌.
هه‌ندێ توێژه‌ری خۆرئاوایی و ئیسرائیلی، ته‌نانه‌ت به‌ خودی دۆناڵد ترامپیشه‌وه‌، ئه‌جێنداكانی ترامپ و بردنه‌وه‌كه‌شی، به‌ ده‌ركه‌وتنی بزووتنه‌وه‌یه‌كی نوێ، یان شۆڕشێكی نوێ له‌ جیهان دا داده‌نێن.
گه‌ر وردبینه‌وه‌، ترامپ هێنده‌ بڕوای به‌ بۆچوونه‌كانی هه‌بوو، ته‌نانه‌ت له‌ كاتی بانگه‌شه‌كانی دا سازشی له‌ باوه‌ڕه‌كانی بۆ سه‌ركرده‌ گه‌وره‌كانی پارتی كۆمارییه‌كانیش نه‌كرد! كه‌ زۆریش پێویستی پێیان بوو!! هیچ گوێشی به‌وه‌ نه‌دا كه‌ جۆرج بۆشی باوك وتی: ده‌نگی پێ ناده‌م، ئینجا با دژایه‌تی كردنی جیب بۆش و، دواتریش جۆرج ده‌بلیو بۆش بۆی بووه‌ستێت.
زیاتر له‌ مانه‌ش، ترامپ هیچ سازشی له‌ باوه‌ڕه‌كانی نه‌كرد، به‌رامبه‌ر جۆن مه‌كه‌ینی سه‌ركرده‌ی دیار و خاوه‌ن سه‌نگی جه‌ماوه‌ریی (پارتی كۆمارییه‌كان) یش دا.
ئیدی با سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌ركرده‌كانی جیهان بووه‌ستێت كه‌ سه‌ریان له‌ ترامپ سوڕمابوو، بۆ نموونه‌: وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا ڕاسته‌وخۆ له‌ كاتی بانگه‌شه‌كانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مریكا دا له‌ باره‌ی ترامپه‌وه‌ ڕوون ئه‌م ڕسته‌یه‌ی وت: مرۆڤ سه‌رسام ده‌بێت له‌ قسه‌ و ئه‌جێنداكانی دۆناڵد ترامپ. ڕوونیشه‌، له‌ ڕێزی یه‌كه‌مین سه‌ركرده‌كان، كه‌ ته‌بریكیان بۆ ترامپ نارد له‌ سه‌ره‌تاكانی ڕاگه‌یاندنی بردنه‌وه‌ی دا، سه‌رۆكی حیزبی ڕاستڕه‌وی فه‌ره‌نسا بوو!!

هه‌موو ئه‌مانه‌ واتای چی یە؟
واته‌ به‌ ده‌نگدانی خه‌ڵكی ئه‌مریكا به‌ ئه‌جێندا و پرۆژه‌كانی ترامپ (كه‌ زۆرینه‌یان پرۆژه‌ی ستراتیژین)، مانای وه‌رچه‌رخانێكی گرنگی جیهانی به‌دووای خۆیدا دێنێت، ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت به‌شێكیشیان جێ به‌ جێ بكات! بۆ و چۆن!؟
بۆ!؟ چونكه‌ پرۆژه‌كانی ترامپ، كه‌ ولاته‌كه‌ی زلهێزترینی جیهانه‌، به‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ نه‌ك هه‌ر له‌ ناوخۆی ئه‌مریكا، بگره‌ له‌ ئاستی ته‌نانه‌ت ناوخۆی ولاتانی جیهانیش دا كارگیه‌ری ده‌بێت!

چۆن؟
چونكه‌ كۆمه‌ڵێك له‌ باوه‌ڕه‌كانی ناو پرۆژه‌كانی دۆناڵد ترامپ، به‌مانای ده‌مه‌زه‌ردكردنه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ ناسیۆنالیسته نوێیه‌كانی‌ جیهان دێت، به‌تایبه‌ت پارته‌ توندڕه‌و و ناسیۆنالیسته‌ نوێیه‌كانی ئه‌وروپاش ئیلهامیان له‌ بردنه‌وه‌ی ترامپ وه‌رگرت و پێی شادبوون، كه‌ پێشتر نموونه‌ی حیزبی ڕاستڕه‌وی فه‌ره‌نسام هێنایه‌وه‌.
به‌رنامه‌كانی ترامپ له‌ بواری توندوتۆڵ كردنه‌وه‌ی سنوره‌كانی ئه‌مریكا، ڕێگریكردن و ته‌واو سنورداركردنی كۆچبه‌ران، هاندان و پاڵپشتی كۆمپانیاكانی ئه‌مریكا بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر له‌ ناوخۆی ولات به‌رهه‌م هێنان بكه‌ن. كه‌مكردنه‌وه‌ی یارمه‌تیدانه‌كانی ئه‌مریكا بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و خراپبوونی ژینگه‌ی جیهانی و … هتد. هه‌موو ئه‌مانه‌ به‌بێ گۆڕانكاری كاریگه‌ر له‌ سیاسه‌تی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی دیموكراته‌كان (بیل كلنتن، ئۆباما و، هیلاریش ئه‌جێنداكه‌ی هه‌ر درێژه‌پێده‌ری ئۆباما بوو) نایه‌ته‌بوون. چۆن؟
ڕوونه‌ ئێستا نه‌ك هه‌ر ترامپ براوه‌بووه‌، بگره‌ پارتی كۆمارییه‌كان ژماره‌ی زۆری كورسییه‌كانی كۆنگرێس و ئه‌نجوومه‌نی پیرانیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، كه‌وابوو زه‌مینه‌ بۆ پراكتیزه‌كردنی به‌رنامه‌كانی ترامپ له‌ ئارادایه‌.
ئا لێره‌دا ئه‌سه‌لمێت كه‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ترامپ ئه‌گه‌ر به‌شێكی به‌رنامه‌كانی جێبه‌جێ بكات ئه‌وا گۆڕانكاری كاریگه‌ر له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئۆباما دێنێته‌بوون. چونكه‌ ئه‌گه‌ربێتو به‌ سه‌رۆكایه‌تی ترامپ، ئه‌مریكا هاوكارییه‌ داراییه‌كانی بۆ خراپبوونی ژینگه‌ی جیهانیی كه‌م بكاته‌وه‌، ئایا به‌ ڕوونی گۆڕانكاری كاریگه‌ر له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئۆباما نایه‌ته‌بوون!؟
ئه‌گه‌ربێتو له‌ سه‌رۆكایه‌تی ترامپ دا، ئه‌مریكا هاوكارییه‌كانی بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كه‌م بكاته‌وه‌، ئایا گۆڕانكاری كاریگه‌ر له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئۆباما نایه‌ته‌كایه‌وه‌!؟
ئه‌گه‌ر بێتو ڕێگری ورد له‌ چوونی كۆچبه‌ران بۆ ئه‌مریكا بكرێت و سنوری نێوان ئه‌مریكا و مه‌كسیك دیواربه‌ندی بكرێ و سنوره‌كانی ئه‌مریكا توندبكرێته‌وه،‌ ئایا گۆڕانكاری له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئۆباما نایه‌ته‌بوون!؟
ئه‌گه‌ربێتو پالپشتی كۆمپانیاكانی ئه‌مریكا بكرێت كه‌ زیاتر وه‌به‌رهێنان له‌ ناوخۆی ئه‌مریكادا بكه‌ن تا بچن بۆ ئه‌فریقا و ئاسیا، ئاخۆ گۆڕانكاری له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا نایه‌ته‌بوون!؟
ئه‌گه‌ربێتو ترامپ پابه‌ندی هه‌ندێ له‌ ڕێكه‌وتنه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی ئۆباما و ئه‌مریكا نه‌بێت، له‌وانه‌ وه‌ك ڕیكه‌وتنی خۆراوا و ئێران، ئایا ئه‌مه‌ گۆڕانكاری له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ناگه‌یه‌نێت!؟
هه‌موو ئه‌مانه‌ پێمان ده‌ڵێن، ده‌رچوونی ترامپ به‌مانای وه‌رچه‌رخانێك، یان ده‌ركه‌وتنی بزووتنه‌وه‌یه‌ك، یاخود شۆڕشێكه‌ كه‌ له‌ ئه‌مریكا دا ڕووی داوه‌ (ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌شێكی به‌رنامه‌كانیشی جێ به‌ جێ بكرێت).
ئه‌م شۆڕشه‌ی ترامپ،‌ بنه‌ماكانی دیموكراسیه‌تی ئه‌مریكا كه‌ پارتی دیموكراتی ئه‌مریكا (پارته‌كه‌ی كلینتن و ئۆباما) پشتی به‌ پراكتیزه‌كردنی بنه‌ماكانی دیموكراسیی و لیبرالیزم به‌ستووه‌، گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت بۆ دیموكراسیه‌تی سنوردار، كه‌ تێیدا نه‌ته‌وایه‌تی (ناسیۆنالیزم) شوێنی هه‌ندێك له‌ پره‌نسیپه‌كانی لیبرالیزم ده‌گرێته‌وه‌.
هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وایكردووه‌ گه‌ر له‌ ته‌له‌فزیۆنی (سی ئێن ئێن) بڕوانین، ئه‌وا چه‌ندان پڕۆفیسۆری بیانی (نائه‌مریكی ڕه‌سه‌ن) به‌شداری خۆپیشاندانه‌كانی دژی ده‌رچوونی ترامپ له‌ ئه‌مریكا دا ئه‌كه‌ن. بۆ !؟
چونكه‌ باش دركیان كردووه‌ كه‌ به‌شێكی بنه‌ماكانی ترامپ ته‌ركیز له‌ كێرڤی ناسیۆنالیزمی ناوخۆیی و ئابوری ناوخۆیی ئه‌مریكا ئه‌كاته‌وه‌ و، ئه‌وه‌ش بێ كاریگه‌ری نابێت له‌ ئاستی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكاش دا.
بۆیه‌ پسپۆڕانی لیبرالیزم و دیموكراسیی (به‌تایبه‌ت پڕۆفیسۆره‌ بیانییه‌كانی زانكۆ دیاره‌كانی ئه‌مریكا) ژماره‌یه‌كی به‌رچاوییان له‌ خۆپیشاندانه‌كان به‌شدارن، چونكه‌ ئه‌زانن و وردبوونه‌ته‌وه‌ بنه‌ماكانی ترامپ كاریگه‌ری ستراتیژیان ئه‌بێت له‌ ئاستی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ و ناوخۆی ئه‌مریكادا.
ته‌نانه‌ت ترامپ به‌ ڕوونیش ئه‌ڵێت: ڕێگا له‌ هاوسه‌رگیری هاوڕه‌گه‌زبازه‌كانیش ئه‌گر‌م و تائێستا لێشی نه‌كشاوه‌ته‌‌وه‌ و چه‌ندان بابه‌تی دیكه‌. ئه‌مه‌ش به‌ بڕوای زۆرینه‌ی پسپۆڕان سنورداركردنی دیموكراسیی ئه‌مریكا و سنورداركردنی دیموكراسیه‌ت- لیبرالیزمی (پارتی دیموكراته‌كان) ده‌گه‌یه‌نێت.
به‌مپێیه‌ش بۆیه‌ ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ له‌ ئه‌مریكا ئه‌كرێت، چونكه‌ ده‌یانه‌وێت ڕێگری بكرێت له‌وه‌ی به‌شێك له‌ به‌رنامه‌كانی ترامپ جێبه‌جێ ببێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باش ده‌زانن گه‌ر ئه‌و بنه‌مایانه‌ له‌ تاكتیك دا كاریگه‌ره‌ ڕوونه‌كانی ده‌رنه‌كه‌‌وێت، ئه‌وا له‌ ستراتیژدا گۆڕانكاری به‌رچاو دێنێته‌كایه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ خۆرهه‌لاتی كوردستان
پێم سه‌یره‌، زۆرێك له‌ نووسه‌رانی كورد، باوه‌ڕه‌كانی ترامپ له‌ باره‌ی ئێرانه‌وه‌، به‌ پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردن ئه‌زانن. ئه‌گه‌ر پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردن بووبێت، ئه‌ی بۆ جۆن مه‌كه‌ینی كۆمارییه‌كان له‌ پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیكردنی خۆیدا ئه‌و لێدوانانه‌ی دژ به‌ كاندیدی پارتی دیموكراته‌كان كه‌ ئۆباما بوو نه ‌ده‌دا!؟ بۆ ته‌نانه‌ت جۆرج ده‌بلیو بۆشیش له‌ پڕوپاگه‌نده‌كانی دا لێدوانی وای نه‌ده‌دا!؟ بۆ كاندیده‌كانی تری پارتی كۆمارییه‌كان (وه‌ك جیب بۆش) ئه‌مسال ئه‌و لێدوانانه‌ی نه‌ده‌دا!؟

چونكه‌ له‌مه‌دا ئه‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ دوو شت:
یه‌كه‌م باكگراوندی ترامپ كه‌ خاوه‌ن چه‌ندین كۆنتراكتی بازرگانیی سه‌رمایه‌داریی و شه‌ریكایه‌تیی بووه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رمایه‌داره‌كانی ئیسرائیل و عه‌ره‌بستانی سعودی و پێشتر كاروكرده‌وه‌ی ئێرانی ناسیووه‌.
دووه‌م: تیمی پاڵپشت و ڕاوێژكارانی ترامپ، به‌تایبه‌ت سیناتۆرێكی كاریگه‌ری وه‌ك (تێد كرووز)، كه‌ ڕكه‌به‌ری ترامپی ئه‌كرد بۆ پالێوراوی سه‌رۆكایه‌تیی و دواتریش بووه‌ پشتیوانی ترامپ.
هه‌ر ئه‌و تێد كرووزه‌ بوو، له‌ كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مریكا دا، فه‌زاحه‌تێكی گه‌وره‌ی ئۆباما و جۆن كێری ده‌رخست.‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو: ئۆباما و جۆن كێری به‌بێ ئه‌وه‌ی ڕاوێژ به‌ وه‌زیری به‌رگری ئێستای ئه‌مریكا (ئاشتن كارته‌ر) و جه‌نه‌راڵ جۆزیپ دانفۆرد و ڕاوێژكارانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی بكه‌ن، ئه‌وا بڕی 400 ملیۆن دۆلاریان به‌ كاش داوه‌ته‌وه‌ به‌ ئێران، كه‌ ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ترین كاره‌ بێ سه‌روبه‌ره‌ییه‌كانی ئۆباما، به‌بێ ئه‌وه‌ی پرس به‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری و ڕاوێژكاره‌كانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و جه‌نه‌‌راڵه‌ گه‌وره‌كان بكات، ئه‌نجامی داوه‌.
بۆیه‌ ده‌بینین، تیمی ترامپ، چ تێد كرووز، چ بۆڵتن و ئیدی با خودی ترامپ و لۆبییه‌كانی ئیسرائیل بووه‌ستێت، زۆر دژی ڕێكه‌وتنه‌كه‌ی ئه‌مریكا و ئێرانن. ته‌نانه‌ت دژی سیاسه‌ته‌كانی جۆرج بۆش و گفتوگۆی (نه‌رم!)یش بوون له‌گه‌ڵ ئێران.
باشه‌ ئه‌مانه‌ پڕوپاگه‌نده‌ن یان باوه‌ڕی ترامپن!؟ ئایا ترامپێك به‌ ئاشكرا له‌ به‌رچاوی ملیۆنان ده‌نگده‌ر و خه‌ڵكی جیهان دا و، سێ جاریش له‌ دیبه‌یت له‌گه‌ڵ هیلاری كلینتن دا، دژی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئۆباما به‌تایبه‌ت له‌ به‌رامبه‌ر ئێران دا وه‌ستابێته‌وه‌، ئایا هه‌موو ئه‌مانه‌ بانگه‌شه‌ بووه‌!؟ نه‌خێر باوه‌ڕو و بنه‌ماكانی بووه‌ و ده‌شی بینین!!
پێشموایه‌، بزووتنه‌وه‌ی كورد له‌ خۆرهه‌لاتی كوردستان له‌ ئاستی پێویست و قۆناغه‌كه‌ دا نییه‌. به‌شێكی زۆری حیزبه‌كانیان سه‌ر به‌ په‌كه‌كه‌، پارتیی و یه‌كێتین و، ناتوانن سیاسه‌تێكی سه‌ربۆخۆیان هه‌بێ و كاریگه‌ردانه‌ر بن (هه‌ر له‌ پژاكه‌وه‌ بیگره‌، بۆ كۆمه‌ڵه‌كان و، تا ده‌گات به‌ حیزبی دیموكراتی خالید عه‌زیزی-عبدالله‌ ه‌سه‌ن زاده‌ و، گرووپه‌كانی حسێن یه‌زدان په‌نا و سازمانی خه‌بات).
له‌ 2011 ه‌وه‌ به‌ بابه‌ت و به‌ گفتوگۆ، پێموابووه:‌ گروپی حیزبی دیموكراتی خالید عه‌زیزی ئه‌مڕۆ بێت یان سبه‌ینێ هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌ و ده‌بێته‌ گروپ گروپی بچووكتر. ئێستا به‌ ته‌واوی وه‌خته‌ لێیان دیاری ده‌دا، چونكه‌ وه‌كجاران یه‌كێتیی و پارتیی پاره‌یان نییه‌ پێیان بده‌ن و، عه‌بدولای حه‌سه‌ن زاده‌ش له‌ بری كلتوری قاسملوو، ئه‌وا كلتوری پارتیی و یه‌كێتیی درێژه‌پێده‌دات، كه‌ ده‌یه‌وێت كوڕه‌كه‌ی بكاته‌ جێگره‌وه‌ی و، له‌بنه‌ماش دا ئه‌و گرووپه‌ بڕوایان به‌رێبازی قاسملوویزم نییه‌ و لایانداوه‌ و په‌رته‌وازه‌تریش ده‌بن و ئه‌یبینین!!
سه‌باره‌ت به‌ حیزبی دیموكرات كه‌ مسته‌فای هیجری سكرتێرییانه‌، ئه‌مانه‌ گه‌وره‌ترین حیزبی خۆرهه‌لاتن و حیزبه‌ ڕه‌سه‌نه‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌مانیش وه‌ك پێویست نین.

بزووتنه‌وه‌ی ڕاسان كه‌ ڕایانگه‌یاندووه‌ گرنگه‌، به‌ڵام ئه‌یانتوانی ئێستا له‌ قۆناغی گرنگتر دابێت!
پێموایه‌ و به‌ڕوونیش ئه‌یڵێم: سه‌ركرده‌كانی حیزبی دیموكرات پێویسته‌ بۆ بزووتنه‌وه‌ پارتیزانییه‌ جیهانییه‌كان و ته‌كتیك و پلانه‌كانی پارتیزانان وردتربنه‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌ی زیاتر بكه‌ن، چونكه‌ سوڕی داهاتوو به‌ قازانجی بزووتنه‌وه‌ی كورده‌ له‌ خۆرهه‌لات دا. ناشی شارمه‌وه‌ ئه‌گه‌ری زۆره‌ كه‌ حیزبی دیكه‌ له‌ خۆرهه‌لاتی كوردستان دا بێته‌بوون كه‌ كاریگه‌ر بن.
حیزبی دیموكرات ده‌بێت له‌ ئێستادا قۆناغی جه‌نجاڵبوونی په‌كه‌كه‌-پژاك به‌ دۆزی باكور-خۆراواوه‌ له‌ قازانجی خودییان له‌ خۆرهه‌لات دا بقۆزێته‌وه‌ و كات نه‌كووژێت، گرنگتر له‌وه‌ش پێویسته‌ ته‌ركیزبكه‌نه‌ سه‌ر ئیلام و كرماشان، ئه‌گینا داهاتوو ئه‌بینین!!
دوواین پرسیار كه‌ له‌م بابه‌ته‌دا لێكدانه‌وه‌ی خۆمی له‌باره‌وه‌ ده‌رببڕم، ئه‌م پرسیاره‌یه كه‌ لێمكراوه‌‌: ئایا به ‌كشانه‌وه‌ی سوپای ئه‌مریكا له‌ ساڵی‌ 2011 دا له‌ عێراق، وایكرد نفوزی ئێران له‌ ناوچه‌كه‌دا زاڵ ببێت و، هه‌ژموونی ئه‌مریكا له‌ خۆرهه‌لاتی ناوه‌راست له‌ق ببێت و شه‌ڕی شیعه‌ و سوننه‌ بێته‌كایه‌وه‌ و ئه‌مریكا خۆی له‌و شه‌ڕه‌ بوواردبێت!!؟ ئایا ئابوری ئه‌مریكا به‌ شه‌ڕی ئه‌فغانستان و عێراق داڕووخا!؟
ئه‌و پرسیاره‌ به‌شێوه‌ شموولیه‌كه‌ی هه‌ڵه‌یه‌، سه‌ره‌تا ئه‌وه‌ ئه‌ڵێم: ئه‌مریكا ده‌ به‌رامبه‌ر نه‌وتی عێراقی بردووه‌ و ئه‌یبات، من ته‌واوی به‌لگه‌نامه‌ نهێننیه‌كانی به‌ریتانیام له‌سه‌ر كورد هێناوه‌ته‌وه‌ و باش ئه‌زانم ئه‌مریكا و به‌ریتانیا بۆ چنگخستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان یه‌كلانه‌بووبنه‌وه‌ ناكشێن بۆ داگیركردنی ولاتان!! سه‌ه‌ده‌یه‌كی تر ڕه‌نگه‌ بزانرێت ئه‌مریكا چه‌ندێك نه‌وتی عێراقی به‌ فه‌رهوودی بردووه‌!! ئه‌و قسانه‌ بانگه‌شه‌ی ڕۆژانه‌ی ڕۆژنامه‌نووسان و ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌ سیاسه‌ت به‌ گوتاری ڕۆژهه‌ڵ ده‌سه‌نگێنن!!
هه‌روه‌ها، سوپای ئه‌مریكا له‌ عێراق نه‌كشاوه‌ته‌وه‌ و ناشكشێته‌وه‌ و گه‌وره‌ترین بالوێزخانه‌شی له‌ عێراق دایه‌، به‌ڵكو ته‌نها هێزه‌كانی كه‌مكردۆته‌وه‌.
تایبه‌تمه‌ندی داگیركاری ئه‌مریكی ئه‌وه‌یه‌: ئه‌و ده‌وله‌تانه‌ی كه‌ ئه‌مریكا گرتوونی ئه‌وا هێزی هه‌میشه‌یی له‌سه‌ر جێگیركردوون. ته‌نها له‌ ڤێتنام ئه‌مریكا شكاوه‌، ئه‌گینا هه‌ر كوێی گرتبێت لێی ناكشێته‌وه‌!!
ئه‌وه‌ش هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ كه‌ بووترێت: ئه‌وه‌ وایكرد ئێران نفوزی له‌ ناوچه‌كه‌دا زاڵ ببێت و ئه‌مریكا خۆی له‌ شه‌ڕی سوننه‌ و شیعه‌ بوواردووه‌!!

ئه‌یڵێمه‌وه‌: ئه‌م قسانه‌ زیاتر قسه‌ی ڕۆژنامه‌نووسه‌كانن نه‌ك شیكاریی سیاسیی-ستراتیژیی بن!!
چونكه‌ ڕوونه‌ ئه‌مریكا پرۆژه‌ی ستراتیژی بۆ خۆرهه‌لاتی ناوه‌راست هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا بیه‌وێت سنوره‌كانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دابڕێژێته‌وه‌، ئه‌وا پێویسته‌ به‌ چه‌ندین ئاراسته‌وه‌ په‌مپی شه‌ڕ بدات له‌ ناوچه‌كه‌دا بۆ ئه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ تێ بچێت و دابڕێژێته‌وه‌!!
ئێران به‌هۆی شیعه‌وه‌ هه‌ر نفوزی هه‌بووه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا سنوری عێراق و سوریا ده‌ستكاری بكات، خۆ ده‌بێت پلانڕێژی بۆ بكات، خۆ ده‌بێت زه‌مینه‌یه‌ك بسازێنرێت كه‌ داعش به‌شێكی عێراق و سوریا بگرێت!! بۆیه‌ هێزه‌كانی كه‌م كرده‌وه‌. له‌و ڕێیه‌وه‌ ئه‌مریكا هه‌م شوێنی ستراتیژی وه‌ك كه‌ركووك و شنگال (ئه‌داته‌وه‌ ده‌ست كوردی هاوپه‌یمانی) و ئه‌شبینین ده‌وڵه‌تی بۆ دروست ئه‌كات، هه‌م عێراق و سوریاش پارچه‌ پارچه‌ ئه‌كات.
به‌لام ئه‌م پرۆژه‌ ستراتیژییانه‌ به‌ پێنج ساڵ ته‌واو ناكرێت و كوردیش چیكڵدانه‌ و نه‌فه‌سی بچووك و كورته‌!! ده‌بێت داعش هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر كورد بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا بێت و خۆی بكاته‌ فریادڕه‌سیان!! ئه‌گینا له‌ بنه‌مادا خودی پرۆژه‌ی خۆیه‌تیی و دایڕشتووه‌.
با ئه‌وه‌ش ڕوون بێت كه‌ پێموایه‌: ئه‌مریكا ئێستا نفوزیشی زیاتره‌ له‌ ناوچكه‌دا تا ساڵی 2011، چونكه‌ پێش 2011 ئێران نفوزی جێگیریی هه‌بوو له‌ عێراق دا، به‌ڵام ئێستا نفوزی عێراقی سه‌ر به‌ ئێران له‌ شه‌ڕی ئه‌وه‌دایه‌ ده‌سه‌لاته‌كه‌ی پێش 2011 به‌ده‌ست بێنێته‌وه‌، كه‌ پێموایه‌ به‌ده‌ست نایه‌ته‌وه‌ و تاهه‌تایه‌ كه‌ركوك و شنگال كه‌وتنه‌ ده‌ست كورد.
پێش 2011 به‌شار ئه‌سه‌دی سه‌ر به‌ ئێران و ڕووس، هه‌موو شتێك بوو له‌ سوریادا، هیلالی شیعه‌ جێگیربوو، ئێستا به‌شار ئه‌سه‌د نیوه‌ی سوریای به‌ده‌سته‌وه‌ نییه‌!! ڕۆژانه‌ ئێرانیه‌كان و حیزبوڵا و ئه‌سه‌د لێیان ده‌كوژرێت له‌ سوریادا! ڕاوێژكارانی ئه‌مریكیی و فه‌ره‌نسیی و به‌ریتانیی تێكه‌ڵی هێزی سوریای دیموكرات و په‌یه‌ده‌ بوون!! ئه‌مه‌ واتای چی ئه‌گه‌یه‌نێت!؟
به‌ مانای ئه‌وه‌یه‌: ئه‌مریكا ڕۆشتۆته‌ ناو ستراتیژترین شوێنگه‌ی خۆرهه‌لاتی ناوه‌ڕاستی ڕووس و ئێران كه‌ سوریایه‌!! چونكه‌ جیۆپۆله‌تیكی سوریا ده‌مێكه‌ بۆ ئه‌مریكا و ئیسرائیل بایه‌خی هه‌یه‌ و به‌ده‌ست بنه‌ماڵه‌ی ئه‌سه‌دی سه‌ر به‌ ڕوس و ئێرانه‌وه‌ بووه‌!!
كه‌وابوو، به‌ كشانه‌وه‌ی چه‌ند هه‌زار سه‌ربازێكی ئه‌مریكا له‌ عێراق، ئه‌وا نفوزی شیعه‌ی له‌ ناوچه‌كه‌ له‌ق كرد، چونكه‌ دانی به‌گژی وه‌یشوومه‌ی وه‌ك داعش و به‌ره‌ی نوسره‌ و هاوپه‌یمانه‌كانی توركیا و سعودیه‌.
به‌مه‌ش ڕاسته‌ هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌مریكا (كورد و سوننه‌) تووشی تراژیدیای وه‌ك شنگال و حه‌له‌ب بوون، به‌لام به‌وهۆیه‌وه‌ هه‌م كورد شه‌نگال و كه‌ركوكی بۆ هه‌میشه‌ چنگخسته‌وه‌ و، هه‌میش سیخوڕانی ئه‌مریكیی داخلی سوریابوون، ئه‌شی بینین ئه‌مریكا چۆن شه‌ڕ ئه‌خاته‌ ناو ئێرانیشه‌وه‌!!