جەزا ئەحمەد فارس: چى لەهەگبەکەى دۆناڵد ترەمپ دایە؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بە پێچەوانەى پێشبینى زۆربەى ئەو توێژەرو مامۆستایانى زانکۆ وە لە هەرێمى کوردستان، کە پێیان وابوو هیلارى کلنتۆن دەڕواتە کۆشکى سپى، دۆناڵد ترەمپ هەنگاوەکانى بەرەو کۆشکى سپى نا.

دیموکراسیەتى ئەمریکى
ئەمریکا سەلماندى نەک تەنها ووڵاتێکى دیموکراسى خوازە بۆ ناوخۆى ووڵاتەکەى خۆى بگرە یەکێکە لەو ووڵاتانەشى کە نمونەیەکى جوانى پێشکەش کردووە لە قبوڵکردنى جیاوازیەکان کە یەکێکە لە بنەما بنەڕەتیەکانى دیموکراسییە.
دۆناڵد ترەمپ ئەوەى ڕاگەیاند کە ئێستا کاتى کارکردنە ئەمە دەرخەرى ئەوەیە، کە ئەو هەرچەند لە کەمپینى هەڵبژاردنەکەى لەگەڵ دیموکراتەکان کە هیلارى کلنتۆن سەرۆکایەتى ئەکرد، زۆرجار لۆمەکردن و تۆمەتبارکردنى یەکتر بووە، بەڵام ئەوە کۆتایى هات و دەست لەناودەست ئەبن بۆ ئەوەى ئەمریکایەکى بەهێز دروست بکەن.
ترەمپ ئاماژەشى بەوەشدا، کە کار بۆ یەکگرتووى ناوخۆى ئەمریکا دەکات لە نێوان دیموکرات و کۆماری و سەربەخۆکان بەم پەیامەى ئەوەى پشت راستکردەوە، کە ئەو سەرۆکێکە بۆ هەموو ئەمریکیەکانە نەک تەنها بۆ کۆماریەکان ئەمەش جەوهەرى راستەقینەى دیموکراسى ئەمریکیەکانە کە سەرۆکەکانیان بەیەکچاو سەیرى پێکهاتە جیاوازەکان دەکەن بە پێچەوانەى سەرکردە سیاسسیەکانى ووڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستەوە، کە بەتەنها نمایندەى پارتەکەى خۆیان یان ئەوانە دەکەن کە هەڵیانبژاردوون .
دۆناڵد ترەمپ بەشانازیەوە سوپاسى هیلارى کرد بۆ ئەو خزمەتەى کە بەئەمریکیەکانى کردووە، ئەمە پێمان دەڵێت: سەرکردە سیاسیەکانى ئەمریکا هەرچەند ناکۆکى و جیاوازیى ئایدیا لە نێوانیاندا هەبێت، بەڵام ئامادەن کە دان بەوە دا بنێن، کە بەرامبەرەکەیان کاریى باشى کردووە.
لەپاڵ ئەو هەموو جوانیانەى دیموکراسى ئەمریکى لەناوخۆدا، ئەکرێت ئەمریکا بە پێچەوانەى ئەوەوە لە دەروەى ووڵاتەکەى کار بکات بۆ بەدیهێنانى ئامانجە ستراتیجیەکانى.

سیاسەتى ئابورى دۆناڵد ترەمپ
ئەمریکیەکان لە چەندین قەیرانى ئابوریدا ئەژین، بۆ ئەوەى لەو قەیرانانە رزگاریان بێت پێویستیان بە سەرۆکێکە کە شارەزاى لە سیاسەتى ئابورى و بازرگانى هەبێت نەک سیاسەتى دەرەوە، بۆیە دەنگیان بە ترەمپ دا لەبرى هیلارى.
لە سیاسەتى ئابووریدا ترەمپ کە بانگەشە بۆ گۆڕانکارى ریشەى ئەکات لە ئابورى ئەمریکا لە پێناو ئەوەیە کە ئەمریکا بکاتەوە بە مەزنترین وولاتى ئابورى جیهانى.
بۆ باشکردنى بارى ئابورى ناوخۆى ئەمریکا ترەمپ ئاماژەى بەوە کرد، کەکار لە پێناو رەخساندنى زۆرتین هەلى کار دەکات، بەمەش بازارى ئەمریکى زیاتر چالاک ئەبێت لەناوخۆدا، لە یەک کاتدا هاوڵاتیانى ئەمریکى ئەتوانن سودمەند بن و، هەروەها ئەمریکاش زیاتر هەنگاو بەرەو دروستکردنى ئابورییەکى یەهێز بنێت.
سیاسەتى ئابورى ترەمپ ئایندەى ئەمریکا دیارى دەکات یان ئەوەیە، کە ئەمریکا بەرەو لوتکە ئەباتەوەو لەڕووى ئابورییەوە و ئەیچەسپێنێت، یان ئەمریکا توشى شکستى ناوخۆى ئەکات و پێگەى لاواز دەبێت.
ئەمریکیەکان وا سەیرى ئەم بابەتە ئەکەن لە هەردوو حاڵەتەکەدا قازانجیان بێت لەبەر ئەوەى لەحاڵەتى یەکەم حکومى جیهان دەکەن بەهۆى بوونى ئابوریەکى بەهێزەوە.
لە حاڵەتى دووەمیش کە شکستە زۆرێک پێیان وایە کە ئەمریکا ئەبێت شکست بیەنێت بۆ ئەوەى جارێکى تر خۆى بونیاد بنێتەوەو بە هێزێکى گەورەترەوە لەکایەى جیهانى دەربکەوێت .
مێژووش زۆر نمونەى پێداوین لە سەر شکستى هەندێک ووڵات، کە دواتر توانیویانە لەماوەیەکى کەمدا خۆیان رێکبخەنەوە و ببن بە بەهێزترین ووڵاتى جیهانن دیارترین ووڵات ئەڵمانیاى دواى شەڕى جیهانى دووهەمە کە کەوتنێکى گەورەى لە سەرجەم بوارەکان بەخۆوە بینى بەڵام کاتێک کە هەستایەوە توانى کە ببێتە سوڕێنەرى ئابورى و سیاسى ئەوروپا و لەسەر ئاستى جیهانیش رۆڵى کاریگەر ببینێت.
یەکێک لەوکارانەى کە ترەمپ کە گرنگى پێدەدات لایەنى ئابورى وویلایەتە یەکگرتووەکانە، پلانى ئەوەى هەیە کە لەڕووى ئابورییەوە ئەمریکا بەهێز بکات، دورنیە یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانى ئەوەى، کە دەنگدەرى ئەمریکى ئەویان لە هیلارى پێپەسەند تربوو، ئەوەبێت کە بیانەوێت لەو کێشە ئابوریانە رزگاریان بێت کە لەناوخۆى ئەمریکا هەیە، چونکە ترەمپ ئەوەندەى بازرگانێکى لێهاتووە پیاوێکى سیاسى نیە.

سیاسەتى دەرەوەى ئەمریکا لە سەردەمى دۆناڵد ترەمپدا
ستراتیجیەتى ئەمریکا بۆ دەرەوە گۆرانى بەسەردا نایات، ئەوەى کە دەگۆڕێت بریتیە لەئامڕازەکانى بە دیهێنانى ستراتیجیەتى ئەمریکى ئەکرێت کە دیموکراتەکان ئەوکاتانەى کەلەسەر فەرمانڕەواى بوون سیاسەتى نەرمیان گرتبێتەبەر بۆ بەدیهێنانى ئامانجەکانى ئەمریکا بەڵام کۆماریەکان بە پێچەوانەوە.
کۆماریەکان بڕوایان بەوە هەیە بۆ بەدیهێنانى ستراتیجیەتى ئەمریکا ئاساییە ئەگەر بەشێوەیەکى راستەوخۆ سنورى ووڵاتانى تر ببەزێنرێت بۆیە ئاساییە جارێکى تر ترەمپ ژمارەى هێزەکانى ئەمریکا لە دەرەوەى سنورى زیاتر بکات.
ئەوەى کە گرنگە لە سیاسەتى ترەمپ بریتیە لەوەى کە ئەو بەڕاستى مەبەستێتى داعش لە موسڵ و ڕەقە تێک بشکێنێت بۆیە ئەگەرى زۆرە کە ئەم دوو ئۆپەراسیۆنە خێراتر بکرێن.
هەموان چاوەڕێى ئەوەدەکەن کە لە سەردەستى دۆناڵد ترەمپ ژمارەیەک شەڕ هەڵبگیرسێت لەڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و جیهان بەڵام دور نیە ئەم چاوەڕوانیە هەڵەبێت وەک ئەوەى کە هەمووان پێش بینى هیلارى کلنتۆنیان دەکرد بڕواتە کۆشکى سپى .
دروست بوونى شەڕ ئەگەرێکى کراوەیە لەسەردەمى ترەمپ چونکە زۆربەى ئەو شەڕانەى کە ئەمریکا بە شێوەى راستەوخۆ بەشدارى تیادا کردووە لە سەردەمى کۆماریەکان بووە.
ئەوەى گرنگە بۆ کورد ئەوەیە کە ئێمە ئەتوانین سودمەند بین لە سەردەمى ترەمپ چونکە ئەو دیدگایەکى پۆزەتیفى هەیە بۆ پرسى کورد بەڵام خاڵکى گرنگ کەوتۆتەوە سەر سەرکردایەتى کورد کە چۆن مامەڵە دەکات لەگەڵیدا.
ئێمە ئەگەینە ئەو ڕاستیەى کە ستراتیجیەتى ئەمریکا گۆڕانى بەسەردا نایەت لە سەردەمى ترەمپ بەڵام ئامڕازەکانى سیاسەتى دەرەوە ئەگۆڕێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت