جەزا ئەحمەد فارس: قەیرانى داراى لەنەبوونەوە بۆ بوون.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

قەیرانى دارایى یەکێک لەو دەستەواژانەی، کە زۆرترین کات لە لەلایەن ( ڕاگەیاندنەکان ، هاوڵاتیان ، بەرپرسەکان)ـەوە بەکار هاتووە، ئەمە لە کاتێکدایە پێش ئەم دەستەواژەیە هاوڵاتیان ئاشناى هەندێک دەستەواژەى تر بوون لەوانە ( گەندەڵى، نا شەفافیەت، دزینى نەوت).
ئەکرێت ئاماژە بەوە بکەین کە لە ئەنجامى بوونى گەندەڵییەکى زۆر و ناشەفافیەت لەداهاتەکانى هەرێمى کوردستان بەتایبەت لە داهاتى نەوتدا قەیرانى دارایى دروست بووە، ئەم قەیرانە هێندەى قەیرانێکى دروستکراو، نیو هێندە قەیرانێکى واقعى نیە.
کاریگەرییە خراپەکانى قەیرانى داراى لە سەر خەڵکى وایکردووە کە ئەم دەستەواژەیە ببێت بە دەستەواژەیەکى باو. بە شێوەیەک هاوڵاتیانى ئەم هەرێمە کراونەتە قوربانى ئەم قەیرانە، دور نیە لە ئایندەدا نەوە بەنەوە، دەرئەنجامە خراپەکانى ئەم قەیرانە بگێڕنەوە، چونکە ئەم قەیرانە بووە بە بەشێک لە فەرهەنگمان .

ئایە قەیرانى دارایى بوونى هەیە یان دروستکراوە ؟
سەبارەت بەوەى کە ئایا قەیرانى دارایى قەیرانێکى دروستکراوە یان قەیرانێکى ڕاستەقینەیە؟ دوو بۆچوونمان هەیە، کە هەریەک لەم بۆچوونانە پێچەوانەى ئەوى تریانە، لێرەدا هەردوو بۆچونەکە دەخەینەڕو و لێکدانەوەیان بۆدەکەین:
1- بۆچوونى یەکەم قەیرانى دارایى بوونى نیە: لایەنە ناڕازییەکانى ناو حکومەتى هەرێمى کوردستان ئاماژە بەوە دەکەن, کە قەیرانى دارایى بوونى نیە. پارتى دیموکراتى کوردستان, کە زۆربەى پایەگرنگەکانى ئەم حکومەتەى بەدەستەوەیە، ئەم قەیرانەى دروستکردووە. ئامانجى سیاسى هەیە، لەپشت دروستکردنى ئەم قەیرانەوە.
لایەنە ناڕازییەکان کە خۆیان لە (بزوتنەوەى گۆڕان، یەکگرتووى ئیسلامى، کۆمەڵى ئیسلامى، بەشێکى یەکێتى نیشتیمانى ) دەبیننەوە بەڵگەى ئەوە دێننەوە سەبارەت بە نەبوونى قەیرانى دارایى، کە بڕى ئەو داهاتەى لە فرۆشتنى نەوت لەگەڵ داهاتى ناوخۆ دەستمان دەکەوێت، ئەگەر بە شێوەیەکى شەفافانە بخرێنە خزمەتى خەڵکەوە، ئەوە بەشى پێدانى موچەى فەرمانبەران و خزمەتگوزارییەکان و تەواوى خەرجیەکانى حکومەت دەکات، بەم پێیەش شتێک بەناوى قەیرانى داراییەوە بوونى نامێنێت.
ئەم لایەنانە، پارتى بەوە تۆمەتبار دەکەن، کە سەرچاوەکانى داهاتى لە ژێردەستدایەو، زۆر ناشەفافەنە مامەڵەى پێوە دەکات و, گەندەڵییەکى زۆر لە سێکتەرى نەوتدا هەیە.
ئەوەى جێگەى سەرەنجە لەپاڵ ئەوەى ئەم لایەنانە لە ئەداى حکومەتى هەرێمى کوردستان ناڕازین و، بە حکومەتێکى شکست خواردو گەندەڵى ناوى دەبەن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ یەکێکیان ئامادەنیە دەست لەکار بکێشێتەوە لەم حکومەتە. ئەمەش شانسێکى گەورەى داوە بە سەرانى حکومەت کە لە سەر گەندەڵى و ناشەفافیەکانیان بەردەوام بن.
2- بۆچوونى دووەم قەیرانى داراى بوونى هەیە: سەرانى پارتى دیموکراتى کوردستان لە حکومەتى هەریم تاکە لایەنە کە بە بەردەوامى ئاماژە بەوە دەکەن، کە هەرێمى کوردستان لە قەیرانێکى دارای گەورەدایە، بە هۆى دابەزینى نرخى نەوتەوە و، نەناردنى بودجەى هەرێمى کوردستان لەلایەن حکومەتى عێراقى فیدراڵەوە.
سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە زۆرێک لە کۆنگرە ڕۆژنامەنوسیەکان و کۆبوونەوە فەرمییەکانى حکومەت ئاماژەى بەوەکردووە کە ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ بەغداد لە بەر ئەوەى (بەغداد پارەى نیە و مفلیسە)، ب بە تێپەڕبوونى کات بۆمان دەرکەوت کە ئەم ووتەیەى سەرۆکى حکومەتەکەمان دوورە لە ڕاستیەوە، چونکە ئەگەر بە قسەى ئەو بوایە ئێستا حکومەتى عێراقى فیدڕاڵ دەبوایە شکستى بهێنایە بە هۆى کێشەى داراییەوە.
لەڕاستیدا ئەگەر تەماشایەکى واقعیانەى هەرێمى کوردستان بکەین و لێکدانەوەیەکى زانستى بکەین بۆ بابەتى قەیرانى داراى لەسەر بنەماى ئەو داهاتەى لە هەرێمى کوردستاندا هەیە، چى ناوخۆ، مەبەست لێى داهاتى (خاڵە سنوریەکان و باجە) بەدەرەجەى یەکەم لەگەڵ ئەو داهاتەى کە لەڕێگەى فرۆشتنى نەوتەوە دەستمان دەکەوێت، دەگەینە ئەو ڕاستیەى ئەو قەیرانەى کە هەیە دەرئەنجامى بوونى گەندەڵییەکى زۆرە لەداهاتى هەرێمى کوردستان و بەفیرۆدانێکى ناسروشتى لەم داهاتەدا بۆیە قەیرانى داراى ئەوەندەى قەیرانێکى دروستکراوە نیو هیندە قەیرانێکى واقعى نیە.
قەیرانى داراى دەرئەنجامى ئەوە یە کە گروپێکى بچوک کۆنترۆڵى داهاتیان کردووە لەم هەریمە و ئەیخەنە خزمەتى خۆیانەوە بە بێ گوێدانە ئەوەى کە داهاتى ئەم هەرێمە هى هەموو هاوڵاتیانە.
ئەو داهاتانەى کە بە داهاتى گشتى هەژمار دەکرێن بە شێوەیەکى زۆر ناشەفافانە مامەڵەى پێوە دەکرێت و خراواتە خزمەتى گروپێکی سیاسى نابەر پرسەوە، کە هەست بە نەهامەتیەکان و قورسى ژیانى خەڵکى هەرێمى کوردستان ناکەن.
دەکرێت بڵێین ئامانج لە دروستکرنى ئەم قەیرانە بریتیە لەبردنى داهاتى هەرێمى کوردستانە بۆ خزمەت هەندێک بەرپرس، کە هیچ هەستێکى بەرپرسیارانەیان تیادا نیە سەبارەت بە خراپى گوزەرانى خەڵکى و بە شێوەیەکى نابەرپرسانە داهاتى ئەم هەرێمە تەخشان و پەخشان دەکەن.

وەڵامى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ قەیرانى داراى
حکومەتى هەرێمى کوردستات ئەو وەڵامانەى کە هەیەتى سەبارەت بە قەیرانى داراى ناتوانێت قەناعەت بە خەڵکى بکات، سەرەتا حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند کە ئەوان توشى کێشە بوون بەهۆى دابەزنى نرخى نەوتەوە لە بازارەکانى جیهان بە بەرزبوونەوەى نرخى نەوت ئەم کێشەیە چارەسەر دەکرێت.
بەڵام حکومەتى هەرێم بە بەرزبوونەوەى نرخى نەوت هیچ سیاسەتێکى نەگرتە بەر کە بارودۆخى هاوڵاتیان باش بکات.
ئەگەر تەماشاى نرخى نەوت لە چەند مانگى ڕابردوودا بکەین دەبینین کە نرخى بەرمیلێک نەوت لە ( 40 )دۆلار زیاتر بووە ،زۆر جار نزیک بۆتەوە لە ( 50 ) دۆلاریش ئەمە بە راورد بەوەى لە قۆناغێکدا نرخى نەوت کەمتر لە( 30 )دۆلار ووە لە لە بازارەکانى جیهان مامەڵەى پێوە دەکرا دەبوایە بە بەرزبوونەوەى نرخى نەوت، قەیرانى داراى ئاسۆى چارەسەرى خۆى دەر بخستایە بەڵام بەداخەوە ئەم قەیرانە زیاتر گەورەتر بوو.
لێرەوە دەگەینە ئەو ڕاستیەى کە بەهانەى دابەزینى نرخى نەوت کە ماوەیکى زۆر خەڵکیان پێوە سەرقاڵکردبوو هەمیشە بەکاریان دەهێنا بەهانەیەکى ڕاست نەبووە، ئەوەى کە کێشەى گەورەیە لە پرسى نەوتدا بریتى نیە لە دابەزینى نرخەکەى بەڵکوبریتیە لەو ناشەفافیەتەى کە لە داهاتى نەوتەوە دەستمان دەکەوێت.
حکومەتى هەرێم دەیتوانى کە لە چەند ساڵى ڕابردوودا پەیوەندییەکانى ئاساى بکاتەوە لەگەڵ بەغداد بۆ ئەوەى لەم قەیرانە هاوکارى بێت چونکە تاوەکو نوسینى ئەم ووتارە هەرێمى کوردستان بە پێى دەستور بە شێکە لە عێراق بەڵام بەداخەوە پارتى دیموکراتى کوردستان یەکێک بوون لەو لایەنانەى کە ڕۆڵى نەگەتیفیان هەبوو لە ئاڵۆزکردنى پەیوەندییەکان تا کە ئاسۆیەک کە هەبوو بە غداد بودجەمان بۆ بنیریت ئەویشیان نەهێشت.
حکومەتى هەرێمى کوردستان یارى بەکات ئەکات دەیەوێت بەردەوم بێت لە سەر ئەم قەیرانە لە پێناو ئەوە ى ئەو گروپە بچوکەى کە کۆنترۆڵى داهاتیان کردووە زیاتر داهاتى گشتى ئەم هەرێمە بۆخۆیان بەرن و تەخشان و پەخشانى بکەن .

بۆچى قەیراى دراى دروستکرا
یەکێک لەهۆکارە گرنگەکانى دروست کردنى ئەم قەیرانە بریتیە لەوەى کە خەڵکى توشى بارودۆخێکى وا قورس بکرێن نەیان پەرژێتە سەر ئەوەى کە بیر لە هەندێک پرسى گرنى سیاسى بکەنەوە بۆنمونە پرسى سەرۆکایەتى هەریم کە پرسێکە پەیوەندى بە تەواوى بەخەڵکى هەرێمى کوردستانەوە هەیە.
دواى ئەوەى پارتى دیموکراتى کوردستان نەى توانى بگاتە رێکەوتنێک لەگەڵ لایەنەکانى ناو پەرلەمان بۆ ئەوەى بە شێوەیەکى نایاساى ماوەى سەرۆکایەتى هەرێم درێژبکاتەوە بۆ (مەسعود بارزانى) بۆیە هەستا بە دروست کردنى ئەم قەیرانە و چەندان قەیرانى تر.
پارتى بە دروست کردنى ئەم قەیرانە دەیەوێت کە هاوڵاتیان باجێکى زۆر قورسى پرسى درێژنەکردنەوەى سەرۆکى هەرێم بدەن چونکە ئەو پارتانەى کە ئەمان دەنگیان پێداون ئامادە نەبوون بە شێوەیەکى نایاساى ماوەى سەرۆکایەتیەکەى (مەسعود بارزانى ) درێژبکەنەوە.
سەرئەنجام پارتى بە بێ گوێدانە بنەماکانى دیموکراسى و گوێگرتن لەراى لایەنکانى تر راى گەیاند کە (مەسعود بارزانى) سەرۆکى هەرێمە لە راستیدا ئەمە پێمان دەڵێت هەتاوەکو ئێستا لە هەرێمى کوردستا بە عەقلیەتى خێڵ و بنەمالە حکومرانى ئەکرێت نەک بە پێى بنەماکانى دیموکراسى.
ئەگەر ئەم قەیرانى دراییە دروست نەکرایە ئەوە هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان لە هەریەک لە پارێزگاکانى (سلێمانى و هەڵبجە)بەلێشاو ئەهاتنە سەر شەقامەکان دژى چۆڵنەکردنى کورسى سەرۆکایەتى لە لایەن بارزنیەوە بەڵام بە دروست کردنى ئەم قەیرانە پارتى دیموکراتى کوردستان توانى ئاراستەى خۆپیشاندەران بگۆرێت لە دژى لابردنى مەسعومد بارزانیەوە بۆ داواکردنى موچەکانیان.
جگەلە پرسى سەرۆکایەتى هەرێم لاى هەموان ڕوون و ئاشکرایەکە کە پەڕلەمانى کوردستان بە شێوەیەکى زۆر ناشارستانیانە پەک خرا لە( 12/10/2015) ئەگەر ئەم قەیرانى داراییە نەبوایە ئەوە بێگومان خەڵکى هەرێمى کوردستان بەچەندین شێوە نارزایەتیەکانیان دەر دەبڕى دژى ئەم کارەى پارتى دیموکراتى کوردستان و خۆپیشاندانى فراوان بەشیکى زۆرى هەرێمى کوردستانى ئەگرتەوە
کەواتە قەیرانى داراى بۆئەوە دروستکراوە کە پارتى دیموکراتى کوردستان لە سەر سیاسەتە چەوتەکانى بەردەوام بێت و خەڵک لە بەر قورسى ژیانیان نەیان پەرژێتە سەر ئەوەى بیر بکەنەوە لەو سیاسەتە چەوتانە.
قەیرانى دراى وایکرد کە هاوڵاتیان پرسى سەرۆکایەتى هەرێمیان بیر بچێتەوە کە گرنگترین پرسە بەو پێیەى ئەگەر بەم شێوەیە بمێنێتەوە ئەوە بێگومان بەرەو هەرێمى دیکتاتۆرى نادیموکراسى فاشى دەمانبات، لەپاڵ ئەم پرسە ئەم قەیرانە پرسى پەک کەوتنى پەرلەمانیشى بیر بردینەوە .
لایەنە بەرپرسەکانى ئەم دۆخە
ئەوەى بەرپرسى یەکەمە لەم قەیرانە بریتیە لە سەرانى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەرئەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان حکومەتێکى دامەزراوەى نیە و هەژموونى پارتە سیاسیەکان زاڵە بە سەر ئەم حکومەتەوە لیرەدا باسى رێژەى بەر پرسیارێتى هەر پارتێکى سیاسى دەکەن لەم دۆخەى کە هەیە.
پارتى دیموکراتى کوردستان کە پایە گرنگەکانى ئەم حکومەتەى بە دەستەوەیە بەر پرسى یەکەمى دروست کردنى ئەم قەیرانەو چەندین قەیرانى ترە لە بەرئەوەى سەرۆکى حکومەت کە بەرزترین دەسەڵاتى جێبەجێکردن وداڕێژەرى سیاسەتى حکومەتە سەر بەم پارتە یە.
لەهەمانکاتدا وەزارەتى سامەنە سروشتییەکانیش لەلایەن ئاشتى هەورامى کاندیدى ئەم پارتەوە بە رێوە دەبرێت و لە ناو وەزارەتەکەیدا نا شەفافیەتێکى زۆر هەیە بە شێوەیەک زۆربەى لایەنەکانى ناو پەڕلەمان دەنگى نارەزاییان بەرز کردۆتەوە سەبارەت بەم وەزارەتە و بە یەکێک لەناشەفافترین وەزارەتەکانى دادەنێن .
لایەنە نارازیەکانى ناو حکومەت ئاماژە بەوە دەکەن ئەگەر ئەم وەزارەتە بە شێوەیەکى شەفاف بەڕێوەببرێت ئەوە بەشێکى گرنگى ئەو قەیرانەى کە دروستکراوە چارەسەر دەکرێت.
یەکێتى نیشتیمانى کوردستان لە بەر ئەوەى گڵۆپى سەوزیان بۆ گەندەڵى و نا شەفافیەتەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان هەڵکردووە و جێگرى سەرۆکى حکومەت لەم پارتەیە ئەکرێت بە بە ر پرس بزانرێت لەم قەیرانەى کە دروستکراوە لە بەرئەوەى ئەگەر بگەرێینەوە بۆ قۆناغەکانى مێژوو بۆمان دەردەکەوێت تاکە لا یەنێکى کاریگەر پێش راپەرین کە توانیبێتى ریگە لە سیاسەتە هەلەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان بگرێت یەکێتى نیشتیمانى کوردستان بووە.
بەڵام بەداخەوە ئێستا یەکێتى نیشتیمانى کوردستان ناتوانێت رۆلى گرنگ بگێرێت لەچارە سەر کردنى ئەم قەیرانانە و ببێتە بە ر بەست لە بەردەم سیاسەتە هەلەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان لە بەرئەوەى ئەم پارتە بە قۆناغێکى قورسى پەرتبووندا تێدەپەڕێت.
بەشێک لە سەرکردایەتى ئەم پارتە بە شەرێکى پارتى دیموکراتى کوردستان دادەنرین لەو ناشەفافیەت و دیارنەمانى داهاتى نەوتەى کە هەیە بۆیە دەکرێت ئەم پارتە بە بەرپرس دەبنێین چونکە هەرچەندە لە سەر ئاستى پەرلەمان ئەم پارتە نارەزاى دەر بریوە بەڵام لە سەر ئاستى سەرکردایەتى و مەکتەبى سیاسى بێدەنگیەک بالى بە سەر بەشێکى زۆرى ئەم پارتەدا کێشاوە.
بزوتنەوەى گۆڕان کە خەڵکى هیوایەکى زۆریان پێى بوو بتوانێت ڕۆڵێکى گرنگ بگێرێت بۆ باشکردنى بارودۆخى خەڵکى بە هۆى دەر کردنى وەزیرەکانى لە حکومەت و وەستاندنى کارەکانى پەڕلەمان بە شێوەیەکى نایاساى لە لایەن پارتى دیموکراتى کوردستانەوە کەمترین بەر پرسیارێتى ئەکەوێتە ئەستۆ لەم دۆخەدا .
یەکێک لەو ڕەخنە گرنگەکان کە لەم بزووتنەوە دەگیرێت بریتییە لەوەى کە ئەم بزووتنەوەیە ڕێکەوتنێکى ستراتیجى بەستووە لەگەڵ یەکێتى نیشتیمانى کوردستان کە یەکێتى بە لایەنێکى بەرپرس دادەنرێت لەم دۆخە, چونکە هەڵوەشاندوەى حکومەت تەنها کاتێک ئەبێت کە یەکێتى نیشتیمانى کوردستان لە حکومەت بێتە دەرەوە, چونکە جێگرى سەرۆکى حکومەت لەم پارتەیەو بەپێى هەموو بۆچونەکانیش ئەم پارتە ئامادە نیە ئەم کارە بکات.
واقعى هەرێمى کوردستان ئەوڕاستیەمان پێدەڵێت کە یەکێتى نیشتیمانى کوردستان لە بەر ژەوەندى نیە ئەم حکومەتە هەڵبووە شێتەوە لە بەر ئەوەى بەرژەوەندییەکانى ئەکەوێتە مەترسیەوە.
لەڕاستیدا ڕێکەوتنى گۆڕان و یەکێتى بۆ ئەوە بوو کە ببنە بەر بەست بۆ کارە چەوتەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان بەڵام بەهۆى پەرتەوازە بوونى سەرکردایەتى یەکێتیەوە پێدە چێت زۆر قورس بێت ئەم ریکەوتنە بتوانێت ئەو ئامانجە سیاسیە گرنگەى کە لە پێناویدا بە ستراوە بپێکێت.
هەرچى لایەنەکانى ترى ناوحکومەتى هەرێمە وەک یەکگرتووى ئیسلامى و کۆمەڵى ئیسلامى بەشێک نین لە داڕێژەرى دروستکردنى ئەم قەیرانە بەڵام بەمانەوەیان لەم حکومەتە شەرعیەت ئەدەن بەدرێژەدەرى ئەو ناشەفافیەت و گەندەڵیەى کە لە سەر ئاستى باڵاى ئەم حکومەتە هەیە.
کۆمەڵى ئیسلامى کوردستان جیاواز لە یەکگتووى ئیسلامى لەماوەى ئەم قەیرانەدا خۆى یەکلاى کردۆتەوە و بە بەردەوامى لە بەرەى خەڵک بووە بەڵام یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان لەپاڵ ئەوەى کە بەشێکى لە بەرەى خەڵکدایە بە ڵام بەشێکى ترى ئەم پارتە بە تایبەت رێکخستنەکانى دهۆک یان لە خزمەتى پارتى دیموکراتى کوردستان مامەڵەیان کردووە.
بۆیە بۆ درەباز بوونى خۆیان لەوەى کە بەر پرسیاریەتیان نە کەوێتە ئەستۆ پێویستە یەکگرتووى ئیسلامى ووریایانە مامەڵە بکات لە بەرئەوەى دەنگدەران سزاى ئەم کارانەیان ئەدەن لە ئایندەدا.
پارتى دیموکراتى کوردستان بەبەرنامە کار بۆ ئەوە دەکات کە وا لە خەڵکى تێبگەیەنێت کە هەموو لایەنەکان بەر پرسن لەم بارودۆخەى کە هەیە ئەمیش لە پێناو ئەوەدا یە کە ئەو بەر پرسیاریەتیە گەورەى کەوتۆتە سەر ئەوان لە خۆیانى دور بخەنەوە.
لەڕاستیدا سەرچاوەى یەکەمى کێشەو قەیرانەکان پارتى دیموکراتى کوردستانە وە یەکێتى نیشتیمانى کوردستانیش لە بەر ئەوەى گڵۆپى سەوزیان بۆ ئەم پارتە هەڵکردووە بەرپرسیارێتیان دەکەوێتە ئەستۆ لەم قۆناغەدا.

دەرئەنجامەکانى قەیرانى داراى
1- دەرئەنجامەکانى قەیرانى داراى لە ڕووى کۆمەڵایەتیەوە
قەیرانى داراى بووە هۆى هەڵوەشاندنەوەى خێزانى کوردى و زیادبوونى ڕێژەى تەڵاق بەهۆى هەژارییەوە هەروەها یەکێکى تر لەو دیاردە ناشارستانیانە بریتیە لە (خۆکوشتن) بەداخەوە خۆکوشت زیادى کرد ئەمە لەکاتێکدایە هەرێمى کوردستان پێشتر کەمترین حاڵەتى خۆکوشتنى تیادابووە.
ئەم چەند ساڵەى کە گیرۆدەى ئەم قەیرانە داراییە بووین بووە هۆى زیادبوونى تاوان بە تایبەتى دزین و کوشتن لە پێناو پارەدا ئەمە جگە لەوەى کە ئەم قەیرانە بووە هۆى زیاد بوونى کۆچکردن بۆ دەرەوە.
شەپۆلێکى نائاساى کۆچکردنى گە نجان بۆ دەرەوە ڕۆى کردە هەرێمى کوردستان و تا ئێستاش بەردەوامە،ئەوەى جێگەى مەترسییە بۆ سەر ئایندەى ئەم هەرێمە بریتیە لەوەى کە زۆر بەى گەنجەکان لە بەر کاریگەرییە خراپەکانى ئەم قەیرانەو بێئومێد بوونیان لەباش بوونى بارۆدۆخى هەرێمى کوردستان ئەم هەرێمە بە جێدەیەڵن بەمەش هەریمى کوردستان بێبەش ئەبێت لەتواناکانى ئەو جیلە رەخنەگرو لیهاتووەى گەنج کە کۆچ دەکەن لە پێناو ژیانێکى شایستەدا.
لەپاڵ ئەوەى گەنجان کە ئەزانن چارەنوسێکى نادیار چاوەڕوانیانە لەدەرەوە بەڵام نەهامەتیەکانى ئەم هەرێمە پاڵیان پێوەدەنێت کە بە هەر شێوەیەک بێت ئەم هەرێمە جێبیەڵن .
لەمیانەى کۆچ کردنى گەنجاندا بە سەدان گەنجى بوێرى هەرێمى کوردستان بونە قوربانى شەپۆلەکانى دەریاو رێگەى سەختى ئەوروپا کە ئەمە کارەساتێکى گەورەیە.
جگە لەمانەى سەرەوە دیاردەى سواڵکردن پەرەى سەندووە کە ئەم دیاردەیە زۆر کەمبوو پێشتر بەڵام بە بەردەوامبوونى ئەم قەیرانى دارییە جارێکى تر شەقامەکان پڕبوون لە دیاردەى سواڵکردن کە ئەم دیاردەیە لە هەر شوێنێکى ئەم جیهانەدا بێت سیمایەکى ناشیرین دە بەخشێت بەو جێگەیە.
2- دەرئەنجامەکانى قەیرانى داراى لە ڕووى سیاسیەوە
لەڕووى سیاسیەوە لایەنە سیاسیەکان متمانەیان بە یەکترى نەماو بێ متمانەیەکى زۆر لە نێوان هاوڵاتیان و حکومەت لە لایەک و سەر کردە سیاسیەکان لە لایەکى ترەوە دروست بوو.
ناڕەزایەتیەکى گشتگیر باڵى بەسەر هەرێمى کوردستاندا کێشاوە لە شێوەى خۆپیشاندان و مانگرتنى فەرمانبەران لە پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە خۆى دەنوێنێت کە ئەم ناڕەزایەتیانە لە فراوانبووندایە.
لە پارێزگاکانى تر وەک هەولێرو دهۆک ئەم نارەزایەتیانە بوونى هەیە بەڵام بەهۆى ئەوسیاسەتە توندەى کە پارتى دیموکراتى کوردستان لەم دوو پارێزگایە گرتوویەتە بەر خەڵکى ناوێرن نارەزایەتیەکانیان لە شێوازى خۆپیشاندان و مانگرتن دەرببرن کە ئەمە سادە ترین مافى هاوڵاتى بوونە .
لە بەرئەوەى روو بەى لیدان و سوکایەتى و سجن کردن دەبنەوە هاوڵاتیانى ئەم پارێزگایانە بێدەنگیان هەڵبژاردووە هەرچەندە هەندێک جار دەنگى نارەزاى لە سەر ئاستى تاک بەرز بۆتەوە بەڵام پارتى دیموکارتى کوردستان بە شێوازێکى ناشارستانیانە و دور لە بنەماکانى دیموکراسى و مافى مرۆڤ ئەم دەنگە نارەزاییانەیان نەهێشتووە.
لەراستیدا بەردەوام بوونى پارتى دیموکراتى کوردستان لە سەر ئەم سیاسەتەهەڵانەو پێشێک کردنى مافى هاوڵاتیان بەوەى کە نەتوانن مومارەسەى ئازادییەکانى خۆیان بکەن ئەم پارتە ئەکات بە پارتێکى نەخوازراو لە سەر ئاستى ناوخۆو هەرێمى نێودەوڵەتى بە تێپەڕبوونى کات، پێویستە بە زووترین کات ئەم پارتە بە خۆیدا بچێتەوە چونکە ئەگەر بەردەوام بێت لەسەر ئەم سیاسەتانە ئایندەیەکى باشى نابێت.
ئەم قەیرانە تەنگى بە هاوڵاتیان هەڵچنیوە و لە خراپترین بارودۆخدا ژیان ئەگوزەرێنن بۆیەخەڵکى زۆر جار لە ڕاگەیاندنەکانەوە ئاواتى ئەوە دەخوازن کە (سەدام حسێن) لە قەبر هەڵبسێتەوە، دەڵێن کە کە ئەم حکومەتە لە بەعس خراپتریان پێکردوین .
لە ڕاستیدا ئەمە مەترسییەکى گەورەیە کە ڕژێمێک بە دەیان ساڵ توشى کوێرەوەرى و نەهامەتى کردین ئاوات بە و رژێمە بخوازین ئەمە پێمان ئەڵیت کە سیاسیەکانى ئەم هەرێمە پێویستە بە زووترین کات فریاى خۆیان بکەون چونکە ئایندەى ئەمان باشتر نابێت لە ئایندەى (سەدام حسین) ئەگەر بە زووى بارودۆخى ژیانى هاوڵاتیان باش نەکەن.
لەهەندێک لە شوێنەکانیش خۆپیشاندەران بە ئاشکرا داوا لە (حەیدەر عەبادى) سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق دەکەن کە فریایان بکەوێت و لەم قەیرانە ڕزگاریان بکات وە سسیاسەکانى کورد بە شکست خواردو نابەر پرس وەسف دەکەن.
لە رووى سیاسیەوە مەتر سیەکى گەورەیە کە نەهامەتیەکانى خەڵک گەشتبێتە ئاستێک کە ئاوات بخوازن بە (سەدام حسین) و داواى ئەوە بکەن کە جاریکى تر عەرەب حکومیان بکات و (عەبادى) چارە سەرى کێشەکانیان بۆ بکات ئەم دوو پەیامە پێمان دەڵێت کە سیاسیەکانى کورد ناتوان حکومرانى بەم عەقلیەتەوە بکەن و لە بار قورسى و نەهامەتى زیاتر هیچى تر نین بەسەر خەڵکەوە .
3- دەرئەنجامەکانى قەیرانى داراى لەڕووى ئابوورییەوە
قەیرانى داراى بووە بە واقعێکى ئابورى لە هەرێمى کوردستان و خەڵکى بە شێوەیەکى گشتى لە بارو دۆخێکى سە ختدا ژیان بەرێدەکەن.
بە شێوەیەکى گشتى چینى ناوەند کە لە زۆر بەى ووڵاتانى جیهان سەرچاوەى گۆرانکارى و بەرەو پێشچوونن لە دواى ساڵى (2003)ەوە لە هەرێمى کوردستان ئەم چینە لەگەشە کردندا بوو هەرچەندە ژمارەیان زۆر کەمبوو بەڵام هیوایەکى گرنگ بوون بۆ درسوت کردنى ئابوریەکى بەهێز لە ئایندەدا .
ئەوەى جێگەى نیگەرانیە بە دروستبوونى قەیرانى داراى ئەم چینە ووردە ووردە بەرەو لەناو چوون دەچن زۆر بەیان ئەو داهاتەى کە دەستیان دەکەوت لە دەستیان داو بەرەو هەژاربوون هەنگاو دەنێن کە ئەمەش مەترسیەکى گەورەیە بۆ سەر ئایندەى ئەم هەرێمە لە بەرئەوەى چینى ناوەند ڕۆڵیکى گرنگ ئە بینن بۆ بەرەو پێش چوونى هەر کۆمەڵگایەک لە جیهاندا وە ئەم چینە بنەماى دروست بوونى گۆران و پێشکەوتنى ئابوورین .
ئەم ناسەقامگیرە داراییە بووە هۆى ئەوەى کە چینى هەژار بارودۆخى ژیانیان بە تەواوەتى بشێویت وە ژمارەى خەڵکى هەژار زیادى کردو ئەو خەڵکە هەژارەى کە لە ڕێگەى کرێکاریەوە بژێوى ژیانى خۆیان پەیدا ئەکرد ئێستا بە ئاسانى کاریان دەست ناکەوێت لە بەر ئەوەى یەکێک لە مەترسیەکانى ئەم قەیرانە بریتییە لەوەى کە بازارو دەستى کار ووردە ووەردە بەرەو وەستان هەنگاو ئەنێت ، بە هۆى کەمبوونەوەى جوڵەى ئابورییەوە.
کاتێک کە جوڵەى ئابوورى کەمیکرد واى کرد کە خەڵکى نەتوانن کاریان دەست بکەوێت، بەشێکى زۆرى ئەوانەشى کە کاریان هەیە کارەکانیان لە دەستداوە ئەمەش بووە هۆى زیاد بوونى بێکارى .
بێکارى لە هەر شوێنێکدا بێت پێویستە هەنگاو بنرێت بۆ کەمکردنەەى چونکە بە تێپەڕبوونى کات دەبێتە هۆى هەڵوەشانەوەى کۆمەڵگاو ناسەقامگیرى لە سەرجەم بوارەکاندا.
لەڕاستیدا ئەوەى وادەکات کە ئەم قەیرانە زۆر مەترسى دار بێت بریتیە لە جوڵەى بازاڕ کە بە شێوەیەکى ناسروشتى کەمیکردوە و کاریگەرى خراپى جێهێشتووە لە سەر خەڵکى هەرێمى کوردستان.

دەرئەنجامەکانى قەیرانى داراى لەسەر پرۆسەى خوێندن و بوارى ڕۆشنبیرى
قەیرانى داراى کاریگەرى زۆر خراپى بەسەر سەرجەم بوارەکانى ژیانەوە بە جێهێشت لە هەرێمى کوردستان پرۆسى خوێندن و ڕۆشنبیریش دوو بابەتى گرنگن کە تەواوکەرى یەکترین،بەداخەوە کاریگەریە خراپەکانى ئەم قەیرانە پرۆسەى خوێندنى وەستاند و بوارى ڕۆشنبیریشى بەرەو دواوەبرد.
ساڵى 2015-2016 ساڵێکى خوێندنى زۆر قورس بوو لە خوێندنگاو پەیمانگاو زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بەتایبەتى لە پارێزگاى هەڵەبجە و سلێمانى بە مێژووى ئەم هەرێمە پرۆسى خوێندن بە و شێوە خراپە پەکى نەکەوتووە لەناوەندەکانى خوێندن.
شەپۆلێکى مانگرتن و ناڕەزاى دژى سیاسەتەکانى حکومەت سەر جەم ناوەندەکانى گرتەوەو بۆماوەیەکى کاتیش ئەو ناوەندانە داخران، لەبەر هەست کردن بە بەر پرسیارێتى مامۆستاین ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەمساڵ بەردەوام ئە بن بەڵام لە ساڵى ئایندە کەبەڕێوەیە ئەوان درگاکانى خویندن ناکەنەوە.
مامۆستایان ساڵێکى قورسیان تێپەڕاند و شانسى ئەوەیان دا بە حکومەت کە بە خۆیدا بچێتەوە بەڵام حکومەتى هەرێم هیچ وەڵامێکى جدى نەبوو بۆ داواکاریەکانیان بۆیە کە ساڵى خوێندنى ( 2016-2017 ) دەستى پێکرد درگاى سەرجەم ناوەندەکانى خوێندن لە پارێزگاکانى سلێمانى و هەڵەبجە لە برى ئەوەى بکرێنەوە داخران.
مامۆستایان لە سەر شەقامەکان زەنگى ساڵى نوێیان بۆ حکومەت لێدا کە ئەگەر بە سیاسەتى هەڵەى پاشەکەوتى موچەدا نە چێتەوە ئەوە بێگومان نارۆنەوە ناوهۆڵەکان و پۆلەکانى وانە ووتنەوە بەمەش پرۆسەى خوێندن بەتەواوى وەستا و بە سەدان خوێندنگاو 10 یان زانکۆ درگاکانیان داخراون.
روونیە کە ئایندەى ئەم ساڵى خوێندن چى بە سەر دێت لەم دوو پارێزگایە بەڵام ئەوەى روونە کە ئایندەیەکى باش نابێت .
لەپاڵ وەستانى پرۆسەى خوێندن لە ناوەندە حکومیەکاندا، ناوەندە ئەهلیەکان بەردەوام بوون لە خوێندن،بەهۆى خراپى بارودۆخى مامۆستایانى زانکۆوە بەشێکى زۆرى پلە باڵا زانستیەکان ڕوویان کردە زانکۆ ئەهلیەکان و زانکۆ حکومیەکانیان جێهێشت لە پێناو بژێوى ژیانیان، بەمەش زانکۆ حکومەیەکان زەبرێکى گەوەرەیان بەرکەوت بەوپێیە بێبەش ئەبن لە تواناى ئەو ئوستازە بە ئەزمونانەى کە ساڵانێک خزمەتیان لەوێکردووە.
بەداخستنى ناوەندەکانى خوێندن چالاکیە رۆشنبیریەکان لەو ناوەندانە زەربێکى کارگەریان بەرکەوت لەهەمان کاتدا لەم ساڵانەى قەیراندا ئەو دیالۆگ و گفتوگۆیانەى کە هەبوون بەرەو کەمبوونەوە چوون و وە ژماریەیەکى زۆر رێکخراوى کۆمەڵگاى مەدەنى درگاکانیان داخست و ئەو گروپ و کۆمەڵە رۆشنبیریانەى کە هەبوون ووەردە ووردە بە تێپەڕبوونى کات زۆربەیان هەڵوەشانەوەو بەرەو نەمان چوون.

چارەسەر
بۆچارەسەر کردنى قەیرانى داراى پێویستە کار لە سەر سنوردار کردنى گەندەڵى بکرێت و هەندێک لەو بەر پرس و کە سایەتیەنەى کە هەستاون بە کارى گەندەڵى بە سزا بگەیەنرێن.
ئەگەر ئەو کەسانەى کە گەندەڵیان کردووە بەسزا بگەیەنرێن ئە بێت بەوانەیکى گرنگ بۆئەو بەر پرس و لێپرسراوانەى کەهەن و دواى ئەمان دێن وە لەترسى سزادان و ئابڕوو چونیان ناتوانن هەستن بە ئەنجامدانى کارى گەندەڵى.
بۆ ئەم مە بە ستەش پێویستمان بەوە هەیە کە دەسەڵاتى دادوەرى لە ژێر هەژموونى پارتە سیاسیەکان بهێنرێتە دەرە وە بۆ ئەوەى ئەو دۆسیە گەندەڵیانەى کە ئەجوڵێنرێن بە شێوەیەکى بێلایەنانە دادگاکان یەکلاییان بکەنەوە.
پێویستە شەفافیەت هەبێت لە داهاتى گشتى ئەم هەرێمە لە بەرئەوەى داهاتى گشتى موڵکى هەموو کەسێکە و مافى هاوڵاتیانە کە بە پێى پێویست ئاگادارى داهاتى گشتى بن بۆئەوەى کە هاوکارى حکومەت بن هەر کاتێک کە قەیرانێک یان باریکى ئابورى قورس روو بە رووى هەرێمى کوردستان دەبێتەوە .
بۆئەوەى کە بتوانین رێگە لە گەندەڵى بگرین و شەفافیەت هەبێت پێویستمان بەدەزگایەکى کارا هەیە کە بتوانێت چاودێر بیت و لێپێچوونەوە بکات سەبارەت بەو بابەتانەى کە گومان دەکرێت گەندەڵى بوونى هەبێت تیایاندا، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستمان بەوە هەیە کە دەبێت پەرلەمانى کوردستاک کە لە بەرووارى (12/10/2015 )پەک خراوە بە زووترین کات کارا بکرێتەوە چونکە ئەوانەى کە لە سەر کورسیەکانى پەرلەمان دا ئەنیشن بە دەنگى خەلکى هاتوونە سە ر ئەو کورساینەو لە سەر یشیان پێویستە کە چاودیرى وورد بن لە سەر سەرجەم بوارەکان بە تایبەتى داهاتى گشتى کە گەندەلى و ناشە فافیەتێکى زۆرى تیادایە.
پێویستە مەوداى ئازادى فراونتر بکرێت لەپێناو ئەوەى کە ریکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدنى و رۆژنامە ئازادەکان بتوانن ببن بە بە شێک لە چارەسەر کردنى کێشەکان و پشتگیریان بکریت بۆ دەر خستنى دۆسیەکانى گەندەڵى و نابێت کە رۆژنامە نوسەکان و چالاکوانانى بوارى کۆمەڵگەى مەدەنى ڕووبەڕووى (هەڕەشە،لێدان،فڕاندن،کوشتن) ببنەوە .
دەبێت ریگە نەدرێت کە گروپێکى بچوک داهاتى گشتى ئەم هەرێمە بخاتە خزمەتى خۆیەوە چونکە داهاتى گشتى موڵکى هەموو خەڵکى هەرێمى کوردستانە و پێویستە بخرێتە خزمەتى هەمووخەڵکەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت