شه‌ریف هه‌ژاری: وتاره‌كه‌ی مه‌سعود به‌رزانی: هه‌ڕه‌شه‌ی ڕاسته‌وخۆ و، دژ به‌ گیانی یه‌كگرتوویی نه‌ته‌وه‌یش بوو!

ئه‌مڕۆ مه‌سعود به‌رزانی له‌ باشیك وتارێكی دا، هه‌رچه‌نده‌ سه‌ره‌تای وتاره‌كه‌ی باسی قوربانیدانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و گیانبازییان بوو، كه‌ پارتیی و یه‌كێتیی به‌ به‌رده‌وامیی بازرگانی به‌ شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌وه‌ ئه‌كه‌ن. له‌ […]
سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئه‌مڕۆ مه‌سعود به‌رزانی له‌ باشیك وتارێكی دا، هه‌رچه‌نده‌ سه‌ره‌تای وتاره‌كه‌ی باسی قوربانیدانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و گیانبازییان بوو، كه‌ پارتیی و یه‌كێتیی به‌ به‌رده‌وامیی بازرگانی به‌ شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌وه‌ ئه‌كه‌ن.

له‌ كاتێكا كه‌سوكاری شه‌هیدان زیانلێکەوتوتریت توێژی كۆمه‌لگان و، سێ مانگ جارێك چاره‌كه‌ مووچه‌یان پێ ده‌درێت. كه‌چی خوا هه‌ڵناگرێ پارتیی و یه‌كێتیی به‌ دروشم هیچیان بۆ كه‌س نه‌هێشتووه‌ته‌وه‌ له‌ باسی شه‌هیدان و كه‌سوكاریاندا.
به‌لام له‌ كرده‌وه دا،‌ هیچ یه‌كێك له‌و به‌رپرسانه‌ی پارتیی و یه‌كێتیی نابینین كه‌ خاوه‌نی ( تاقمه‌ مۆنیكا، كۆمپانیا، به‌نزینخانه و، بگره‌ هه‌نێكیشیان بوونه‌ته‌ خاوه‌ن پالاوگه‌ی نه‌وت، فرۆكه‌ی تایبه‌ت، كه‌شتیی و ئاپارتمان) له‌ ولاتانی خاوه‌ن سه‌رمایه‌دا.
كه‌واته‌‌ هه‌ق ئه‌وه‌یه‌: كاتێك مه‌سعود به‌رزانی باسی شه‌هیدان ئه‌كات، دۆخی كه‌سوكاری شه‌هیدان و دۆخی ژیانی خۆیان له‌ به‌رچاو بگرێت!! یاخود: به‌راورد بكا له‌ نێوان ( سه‌رمایه‌كانی كوڕ و برازاكه‌ی به‌ ته‌نها ) له‌ لایه‌ك و، هه‌موو سامانی كه‌سوكاری شه‌هیدانی گشت كوردستان له‌ لایه‌كی تره‌وه‌! ئه‌وجا مرۆڤی به‌ویژدان به‌ ئاسانی تێ ده‌گات كه‌ حه‌قیقه‌ته‌كان له‌ كوێن؟
به‌هه‌رحال، ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌وێت له‌م وتاره‌دا بیخه‌مه‌ڕوو، كۆتاییه‌كانی قسه‌كانی مه‌سعود به‌رزانیی بوو، كه‌ به‌داخه‌وه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌ یه‌ك وشه‌ش باسی توێژی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی نه‌كرد، كه‌ له‌ خراپترین دۆخی بژێویدان. كه‌چی ڕاسته‌وخۆ هێرشی كرده‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی كه‌ ڕكه‌به‌ری له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن ( كه‌ پێموایه‌ ڕاسته‌وخۆ مه‌به‌ستی نه‌وشیروان مسته‌فا ) بوو و شوهابهاندنێكی زۆر نه‌رێنیی ئاراسته‌كردن، كه‌ نه‌ده‌بوو هه‌رگیز مه‌سعود به‌رزانی له‌و پێگه‌یه‌ی كه‌ خۆی به‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌زانێت، لێدوانێكی وا بدا كه‌ به‌ دور بێت له‌ گیانی یه‌كگرتوویی نه‌ته‌وه‌یی!
مه‌سعود به‌رزانی له‌ كۆتاییه‌كانی وتاره‌كه‌یدا وتی: ( وه‌ك چۆن پێشمه‌رگه‌ لوغمی داعشه‌كان هه‌ڵ ده‌گرنه‌وه‌، ئه‌وا ئێمه‌ش لوغمی سیاسیی ئه‌وانه‌ هه‌ڵ ده‌گرینه‌وه‌ كه‌ ململانێمان ده‌كه‌ن و ئه‌و خه‌ونه‌یان قه‌ت نایه‌ته‌دی و ده‌بێت حیزبه‌كان كۆببنه‌وه‌ و بڕیارێك بده‌ن!!).
ئاخر چۆن ئه‌بێت سه‌ركرده‌ ململانێی سیاسیی له‌گه‌ل براكه‌ی خۆیدا ( كه‌ كورد له‌ مێژوویدا هه‌میشه‌ قوربانی ئه‌و یه‌كترخۆریه‌ی بووه‌ ) بخاته‌ هاوئاستی دانانه‌وه‌ی لوغمی داعشه‌ وه‌حشه‌كان!؟
ئه‌مجۆره‌ وتاره‌، به‌ ته‌واوی كاتێك مرۆڤ ده‌یدات كه‌ باكی به‌ داننان به‌ فره‌ڕه‌نگی سیاسیی و پلورالیزمی حیزبیی و دیموكراسیی نه‌مێنێت و، ئیلا و بیلا خۆی هه‌ر ده‌بێت له‌ سه‌روو لوتكه‌كه‌وه‌ دابنێت!!
له‌ كاتێكدا، دۆخی ئێستای هه‌رێم به‌ وردیی و دیقه‌ته‌وه‌، به‌ ته‌واوی پێویستی به‌گیانی لێبورده‌یی هه‌یه‌، تا كوردستان و دۆخی خه‌ڵكه‌ خوێناوییه‌كه‌ی له‌م دۆخه‌وه‌ تێ په‌ڕێنرێت!
ئینجا له‌ هه‌مووی گرنكتر بۆ پارتییه‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێموایه‌: ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت نه‌وشیروان مسته‌فا و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش وه‌ك (یه‌كێتیی و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو) بچنه‌ پاڵ پارتیی و سه‌رۆكی په‌رله‌مان بگۆڕن و وه‌زیره‌كانیشیان ده‌وام بكه‌نه‌وه‌، ئه‌وا له‌و كاته‌دا خه‌ڵك دژی خودی نه‌وشیروان مسته‌فا و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش ئه‌وه‌ستنه‌وه‌.
چونكه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ و ناڕه‌زایه‌تییه‌كان په‌یوه‌ست نین به‌ ته‌نها به‌ نه‌وشیروان مسته‌فا و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه‌، به‌ڵكو په‌یوه‌سته‌ به‌ دۆخی زۆر خراپی ئابوری خه‌ڵك به‌تایبه‌ت تویژی مامۆستا و فه‌رمانبه‌ران!!
پرسیاره‌كه‌ش بۆ مه‌سعود به‌رزانیی و سه‌ركرده‌كانی پارتیی و یه‌كێتیی و وه‌زیره‌كانی كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو ئه‌مه‌یه‌: خۆ ئه‌مڕۆ مه‌سعود به‌رزانی ڕایگه‌یاند شه‌ڕی داعش له‌ سنوری كوردستان دوركه‌وتووه‌ته‌وه‌، كه‌وابوو ئه‌ی ئێستا كوا مووچه‌ی توێژه‌كانی گه‌ل!؟ دڵنیام بیانووی تر ئه‌دۆزنه‌وه‌، چونكه‌ ئێوه‌ حوكمه‌تدارنین، به‌لكو هه‌ر له‌ بیری تاقمه‌ مۆنیكا خودیه‌كانتان و به‌شه‌ بودجه‌ی حیزبه‌كانتانن.
ئه‌یڵێمه‌وه‌: گه‌ر ته‌نانه‌ت بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش بوونی نه‌مێنێت، ئه‌وا ئیتر دۆخی ته‌واو خراپی خه‌ڵك گه‌شتۆته‌ لوتكه‌و به‌هیچ جۆرێك خه‌ڵكی كوردستان ( به‌تایبه‌ت جوولانه‌وه‌ی مه‌ده‌نی-سه‌رشه‌قامی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران ) له‌ پارتیی و یه‌كێتیی و ته‌نانه‌ت به‌شداربوونی كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو له‌م حكوومه‌ته‌ چه‌پاولگه‌ره‌دا قبوول ناكه‌ن!!
بۆ نابیستن: خه‌ڵك ناتوانێت بژی، مامۆستا و فه‌رمانبه‌ر ناتوانن ته‌نانه‌ت به‌م چاره‌كه‌ مووچه‌ وه‌رزانه‌یه‌‌ كرێی خانووه‌كه‌ی بدات، ئیدی چۆن شۆڕش به‌رپا ناكات، ئیدی چۆن داگیركه‌ران ئه‌م هه‌له‌ ناقۆزنه‌وه‌، ئیدی چۆن خه‌ڵك خۆیان ناده‌ن به‌ كوشت له‌ پێناو قوت و بژێویی و مافه‌كانیان و گۆڕینی ئه‌م ده‌سه‌لاته‌ چه‌پاولگه‌ره‌دا!؟
زۆر پێویسته‌ پارتیی و یه‌كێتیی له‌م دۆخه‌ به‌ باشی تێ بگه‌ن و، چیتر سه‌رمایه‌ی خه‌ڵك به‌م ئاشكراییه‌ چه‌پاولگه‌ر و هه‌ڵ نه‌لووشن. ئه‌گه‌ر نا: له‌ داهاتوودا ناڕه‌زایی توندی خه‌ڵك ئه‌بینن!! چونكه‌ مه‌سعود به‌رزانی وته‌نی: خۆ ئیتر شه‌ڕی داعش له‌ سنوری كوردستان دوركه‌وتۆته‌وه‌!! به‌سه‌ بیانوو هێنانه‌وه‌ بۆ چه‌پاولگه‌رییه‌كانتان!!

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت
شەریف هەژاریی

ئەرشیڤی بەڕێز: شەریف هەژاریی