زه‌به‌نگ به‌هادین: ئاى دنیا كێ باسى خیانه‌ت ئه‌كات.

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى هه‌ڵگیرسانى شۆرشى كوردى و دروست بوونى حیزبه‌كانى كوردوستانى باشوره‌وه‌، هه‌میشه‌ ووشه‌ى ته‌خوین ئاماده‌ بوونى هه‌بووه‌. بە گه‌رانه‌وه‌ بۆ مێژوو، ده‌بینین هه‌بوونى ته‌خوینكردن و به‌ خائین زانین، شتێكى نامۆ نه‌بووه‌. به‌ به‌رده‌وامى لایه‌نێك لایه‌نه‌كه‌ى ترى ته‌خوین كردووه‌ كه‌سێك كه‌سێكى ترى ته‌خوین كردووه‌. هه‌ڵبه‌ت هاتنه‌ ناوه‌وه‌ى ئه‌م ووشه‌یه‌، بۆ كایه‌ى سیاسى و شۆرشه‌كانى كوردوستان و لایه‌نه‌كان له‌ خۆوه‌ نه‌بووه‌، به‌ڵكو ئه‌و ته‌خوین و خیانه‌ت كردنه‌ بوونى هه‌بووه‌ له‌ كایه‌كانى خه‌باتى سیاسى لایه‌نه‌كاندا, به‌ ووته‌يەكى تر حیزبه‌كان ووشه‌ى خیانه‌تیان فیرێ ئێمه‌ كرد.
هه‌بوونى دوژمنى هه‌میشه‌یى بۆ كورد واى كردووه‌ كه‌ هه‌میشه‌ كه‌س و لایه‌نى خائین بوونى هه‌بووه‌, گه‌ر بگه‌ێینه‌وه‌ بۆ ساڵەكانى شه‌سته‌كان و گه‌رانه‌وه‌ى جه‌لالى یه‌كان بۆ لاى رژێمى ئه‌و سه‌رده‌مه‌، به‌ خائین زانینیان له‌ لایه‌ن مه‌لایى یه‌كان. پاشان ئاشبه‌تاڵى ساڵى 75 به‌ خاین زانینى مه‌لایى یه‌كان و، پاشان 31 ئاب و ده‌ست تێكه‌ڵكردنى پارتى له‌ گه‌ڵ رژێمى به‌عس. ئه‌مە جگه‌ له‌وه‌ى ئه‌گه‌ر بگه‌رێینه‌وه‌ سەر میژووى شه‌رەنخوازى ئه‌م حیزبانە، هیچى خراپ نه‌ماوه‌ به‌یه‌كى نه‌كه‌ن، هه‌ر له‌ شه‌رى یه‌كێتى و بزوتنه‌وه‌و شه‌رى پارتى و سوسیالیست و یه‌كیتى و شیوعى و پارتى و پارتى گه‌ل و یه‌كێتى و پارتى و چه‌نده‌ها شه‌رى قێزه‌ونیتر. ئه‌م حیزبانه‌ چى خراپه‌ به‌ خۆیان و به‌م میلله‌ته‌ داماوه‌یان كرد, برایان له‌ برا كرد به‌ دوژمن، دراوسێیان كرد به‌ گژى دراوسێدا, كه‌سایه‌تى و خزمایه‌تیان نه‌هێشت، نیشتیمان په‌روه‌ریان له‌ ناو تاكى كوردا كوشت.

هه‌ر خودى بارزانى خۆى ووتى: راسته‌ رژێمى به‌غداد هه‌موو بیناو شه‌قام و دام و دەزگاكانى روخاندووه‌ به‌ڵام شكور بۆ خوا ئه‌خلاقى میلله‌تى كورد وه‌ك خۆى ماوه‌ به‌ به‌رزى، به‌عس نه‌یتوانى ئه‌وه‌ تێك بدات، به‌ڵام ئه‌مان خۆیان بیناو ته‌لاریان بۆ به‌رزكردینه‌وه‌و ئه‌خلاقیان نه‌هێشت, تازه‌ دێن و ده‌یانه‌وێت میلله‌ت ته‌خوین بكه‌ن و بڵێن گه‌رانه‌وه‌ بۆ به‌غداد خیانه‌ته‌.

تازه‌ ده‌سته‌ بۆگه‌ن و پیسه‌كه‌یان به‌ میلله‌ت ئه‌سرن. ئه‌وه‌ى خۆیان ئه‌یكه‌ن به‌ میلله‌ته‌ خیانه‌ت نى یه‌، ئه‌ى ئه‌و هه‌موو دزى و ده‌ست تێكه‌ڵكردنه‌ له‌ ژێره‌وه‌ له‌گه‌ڵ دوژمنانى كورد خیانه‌ت نى یه‌؟ ئه‌ى بۆ كاتێ خۆیان بیانه‌وێت بست به‌ بستى ئه‌م خاكه‌ بفرۆشنه‌وه‌ خیانه‌ت نى یه‌؟ به‌ڵام میلله‌تى داماو له‌ تاو زوڵم و زۆردارى ئێوه‌ رووبكاته‌وه‌ ئه‌و به‌غداده‌ى كه‌ خۆتان هه‌میشه‌ پێیه‌كتان له‌وێ، ئه‌مه‌ خیانه‌ته‌ .
به‌راستى كارێكى واتان كرد رووى سیاسه‌ت و كوردایه‌تى و نیشتیمان په‌روه‌ریشتان ره‌ش كرد. ئاخر ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ مافیاگه‌رى و گه‌نده‌ڵ په‌رستى و خیانه‌تكاریى نه‌بێت، وڵات ئاوا به‌رێوه‌ نابرێـت، بۆ له‌ مێژووى هه‌رچى حیزبى دنیادا هه‌یه‌، كه‌س هێنده‌ى ئێوه‌ خیانه‌تى كردبێـت. ئێوه‌ تێبگه‌ن خیانه‌ت له‌ كركۆكى خوتاندا بوونى هه‌یه‌، پێشینان راستیان ووتوه‌ ( له‌ دز وایه‌ هه‌موو كه‌س دزه‌ ) له‌ خیانه‌تكارانیش وایه‌ هه‌موو خه‌ڵك خائینه‌ .

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت
زەبەنگ بەهادین

ئەرشیڤی بەڕێز: زەبەنگ بەهادین