نەبەز گۆران: چارەسەر روخاندنی ئەم دەسەڵاتەیە, نەك عەبادی.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دەرك بەوەدەكەم هیچ كەس جەسارەتی وتنی راستییەكەی نییە! ئەوەی لەخەیاڵ و بیركردنەوەی بەشێكی زۆری خەڵكی سەر شەقامدا هەیە، لەگەڵ قسەی ناو میدیاكان و نووسینەكاندا جیاوازییەكی جەوهەری تێدایە. كاتێكیش دێینە سەر باسكردنی برینە گەورەكانی سیستەمی دەسەڵات و كۆمەڵگە، دوردەكەوینەوە لەو خەیاڵە شاعیرییانە و، زۆر واقیعیانە باسی دەكەین. ئیدی باسكردنەكە كێ‌ پەرێشاندەكات و چ ناوێكی لێدنرێت ئەوە كێشە نییە.

ئەم سیستەمی دەسەڵاتە و دەردەكانی ئەم كۆمەڵگەیە زۆر لەوە قوڵترن بە پەنابردن بۆ شوێنی دیكە چارەبكرێن. ئەشێت بەشێكی زۆری رۆشنبیریان و بیركەرەوەكان، بۆیە ئەمڕۆ كەمتر لە میدیاكان قسە دەكەن، یان ناچنە ناو خۆپیشاندەرانەوە، لەوە تێگەیشتوون ئەم جۆرە هەوڵە مەدەنی و دیموكراسییانە لەگەڵ ئەم سیستەمی دەسەڵاتە (پیسخۆر _گەندەڵ) و بێ‌ فەرهەنگە كاریگەرییەكی وای نییە و تۆسقاڵێك ئومێدی لەسەر هەڵناچنرێت. هەوڵدانیش بۆ پینەكردنی سەرتاپای كراسە دڕاوەكە لە دەرەوەی كۆمەڵگە و لەشوێنی دیكەش، تەنها پینەكردنی یەك شوێنی دڕاوە لەكاتێكدا هەموو شوێنەكانی دیكە وەك خۆیان دەمێننەوە.
لەبری ئەمە دەبێت كۆمەڵگە بڕیاری خۆی بدات، ئەو بیركردنەوەیەی لە دانیشتنە تایبەتییەكاندا زۆرینەی تاكەكان باسیدەكەن ئەوەیە، كە ئەم سیستەمە لەوە تێپەڕیكردووە بەشێوازی قسەكردن، شێوازی نارەزایەتی، شێوازی بایكۆت، چارەسەر بكرێت. بیركردنەوەكەش راستییەكی جەوهەری تێدایە. چونكە لەبنەوانەوە ماڵەكە بەخراپی بونیات نراوە، پێویستە لەبنەوانەوە هەڵیتەكێنیتەوە و جارێكی دیكە ماڵێكی نوێ لەسەر بونیادێكی باش دروستبكەیتەوە. ئەوانەی شاعیرانە باسی (گاندی) و شێوازی مەدەنیانە دەكەن بۆ گۆڕینی دەسەڵاتێكی هەرچی و پەرچی، ئەوانە باشترە چیدی قسە لەسەر دونیایەك نەكەن، كە دونیاكە دورە لەو خەیاڵە شاعیریانەی ئەوانەوە. تۆدەبێت كاتێك باس لە خەباتی (گاندی) بكەیت، بەرامبەرەكەت كۆمەڵێك پیاوكوژ و پیسخۆر و نوێنەری وڵاتانی بێگانە نەبن و بەرامبەرەكەت هێزێك بێت تێبگات لە مۆدێلی تێگەیشتنی تۆ. كاتێك زۆرینەی خوێنرێژ و پیسخۆرەكانی ئەم كۆمەڵگەیە لەسەر كورسی فەرمانرەوایەتی بن، دەبێت بەهەمان كەرەستەی خۆیان مامەڵەیان لەگەڵ بكەیتەوە. ئەمانە تائێستاش بڕوایان وایە بۆیە خەباتیانكردوە و خوێنی كوڕی خەڵكیان رشتووە دەبێت نەوە دوای نەوە لەسەر دەسەڵات بمێنەوە و، خەڵكی رازی بن بەهەموو شێوازەكانیان. كاتێك ئەمە بیركردنەوەی ئەوان بێت، كۆمیدیایە بێیت لەرێگای خەباتی پەرلەمانی و دیموكراسییەوە باس لە گۆڕینیان بكەیت.
ئەوانەشی ترسنۆكن و بە خوێن تێك دەچن و، باس لە كوشتنی كوڕی خەڵك دەكەن، بێگومان ئەوانەن هەرگیز پەنجەیان گەرم نەبووە، هەرگیز لەلایەن ئەم سیستەمە هەرچی و پەرچیەوە رۆژێك لە رۆژان ئازار نەدراون، هەرگیز باكیان بە ئایندەی نەوەكانی ئەم وڵاتە نییە. ئەگەر ئەم نەوەیەی ئێستا بەرێوەیە، لە ئێستاوە بیر لەتاروماركردنی ئەم سیستەمە بێكەڵكە نەكاتەوە، ئیتر بە هەر شێوازێك بووبێت، دەبێت ئەم نەوەیە تا پەنجا ساڵی دیكە باجی ئەو دەسەڵاتە بدات كە ئەمانە بونیادیان ناوە. ئەوەی ئێستا دەیبینین لە حوكومرانی باوكەكان، زۆر باشترە لەوەی لە ئایندەدا دەیبینین لە حوكمرانی كوڕەكانیان. چونكە كوڕەكانیان لەخۆیان بێكەڵكتر و بێ‌ فەرهەنگتر و مەترسیدارترن.
كۆمەڵگەیەك لەوە بترسێت بۆ بونیادنانی ئایندەی نەوەكانی خۆی نابێت پەنجەی كەسێك گەرم ببێت، ئەو كۆمەڵگەیە چاوەرێی ئەوەی لێناكرێت هیچ روناكییەك لەناویدا سەر هەڵبدات. كاتی سەردەمە كۆنەكانیش نییە كۆمەڵگە چاوەڕوانی پاڵەوانێك بێت پێشی بكەوێت، دەبێت خۆی ببێتە پاڵەوان و خۆی پێش خۆی بكەوێت، ئەویش بەم كەرەستە بێمانایانەی مەدەنییەتەوە نا. چونكە ئیدی جوڵەی مەدەنی ئەوەندە بێمانابووە پێویست بەو هەموو خۆ دووبارەكردنەوەیە ناكات. ئەگەر خەمی ئایندەی نەوەكانتانە نە بیر بۆ پەنابردن بۆ شوێنێك بكەنەوە، نە پەنا بۆ جوڵەی مەدەنی ببەن. دەسەڵاتەكە لەسەرەوە بۆ خوارەوە دارزیووە، ئەوە نزیكەی هەشتا ساڵە كوڕەكانتان دەدەن بەكوشت ئەمە بەرهەمەكەی بوو، ئەو شەڕانەشی دەیانكرد شەڕی بەوەكالەتی ئێرانی و توركی بوو، ئێستا دەبێت كۆمەڵگە خۆی بریاری یەكلایی بدات و ئەمجارە لەپێناو ئایندەی نەوەكانی خۆی بێ‌ ئەوەی لە ساتە خەمبارەكان بترسێت، ئەم سیستەمە زۆر زۆر خراپ و بێكەڵكە بڕوخێنێت و جارێكی كە خۆی بونیاد بنێتەوە. میتۆدە بنەرتیەكە ئەوەی جوتیارەكەیە: “گیا كەڵەكان هەڵدەكێشی بۆ ئەوەی توتنێكی باش پەرهەم بهێنیت.” زۆر بە جەسارەتەوە پێویستە بوترێت گەر بریارە كۆمەڵگە بەشوێن چارەسەرێكی بنەرەتیدا دەگەرێت ئەمە چارەسەرەكەیە، گەر وەك ئێستاش هەر خەریكی ئەو كارانەیە كە دەیكات با هەرخەریك بێت و سیستەمە نەخۆشەكە بەردەوام نەخۆشییەكانی تەشەنە دەسێنن و ئایندەیەكی تاریك لەبەردەمدایە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت