هونەر جەمال: بۆدەبێت ناڕەزاییەکان فراوان تر بکرێن.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زیاتر لەدوو ساڵە بەبیانوی قەیرانی داراییەوە، تاک بەتاکی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە گیرۆدەو وابەستە کراون بە کۆمەڵێک قەیرانەوە. وە بۆ هەریەک لەو ئەزمەو قەیرانانەش حوکومەت دو بیانوی هەیە:

یەکەمیان: کێشەکەی بۆ دابەزینی نرخی نەوت دەگێڕنەوە. چونکە بەرپرسانی حوکومەت تەکید لەوە دەکەنەوە داهاتی هەرێم لەسەدا نەوەت پشتی بەنەوت بەستووە .. وەدابەزینیشی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر کەم بونەوەی داهاتی هەرێم هەیە.

دووەم: کە حوکومەت و بەرپرسانی هەرێم تەکیدی لێدەکەنەوە شەڕی داعش و خەرجیەکانی جەنگن. من وەک خۆم هەق دەدەم بە هەردو بیانوکە، کە حوکومەت هەیەتی چونکە هەر وڵاتێک ئابوریەکەی ئاڕاستەی یەک کەرت، یاخود پشتی بەیەک سەرچاوە بەست ئاساییە توشی قەیران ببێت. بۆنمونە: بەشێک لەوڵاتانی خۆر ئاوای ئاسیا، کە داهاتەکانیان بەشێوەیەیەکی گشتی پشتی بەیەک سەرچاوە بەستووە، کە ئەویش کشتوکاڵە. توشی هەمان قەیران ئەبن، چونکە هەندێک ساڵ بە هۆی لافاوەوە بێت یاخود کەمی بارانبارین، یاخود نەخۆشییەوە بێت، توشی ئەم قەرانە ئەبن. وە گومان لەوەدانییە جەنگی دژە تیرۆر، یاخود جەنگی داعش و ئاوەرەکانیش بارگرانییەو بەربەستێکی تری ئابورین بۆ ئەم حوکومەت و هەرێمە.
تائێرە ڕەوایەتی دانی من بو بۆ حکومەت. بەڵام دەبێت دەستنیشانی خاڵە دیارەکانی کێشەکانیش بکەین، کە بەرپرسانی یەکێتی و پارتی بەرپرسی ئەساسین لە ڕودانی ئەم قەیرانە. چونکە ئەم دوو حیزبە بە دیاریکراویی پارتی بەرپرسی یەکەمە لە بەفیڕودانی داهاتی ئەم وڵاتە لە ماوەی 25 ساڵ حوکومەت و حوکمڕانی کردنیاندا.
کەم نەبون ئەو هێزو لایەنانەی وەک دەهۆڵ دەیان دا بەگوێی یەکێتی و پارتیدا، تا بە ئاگایان بێننەوە لەسەر ئیدارەدان و بە فیڕۆدانی پارەوسامانی ئەو وڵاتە.
زۆرمان وتو گوێیان بۆنەگرتین. بەرپرسانی هەرێم ئەزمونو تەجروبەی هیچ وڵاتێکیان لەبەرچاو نەگرت، لەڕووی ئابورییەوە، بێ ئاگا بون لەوەی داهاتی نەخینەی یاخود ئابورییەکی تۆکمەو دامەزراو زامنی ئاسایشی نەتەویشە. وەک ئەوەی بڵێیت: ئەم لەم وڵاتەدا بەس بەرپرسانی یەکێتی و پارتی ئەژین. بەردەوام لە ناوخۆیاندا لە کێبڕکێیەکی توندا بون بۆ دزین و بە هەدەردانی پارەی وڵات، گەر لە ساڵی 2003 بکەین بەپێوەر بۆ حکومەتی هەرێم بێ لەداهاتی ناو خۆ زیاتر لە 80 ملیار دۆلا ر هاتۆتە کوردستان.
گەر سیستمێکی بانکی باش و سیستمێکی رێخستنی موچەی باش هەبوایە دەکرا موچەش بدرێ و پارەیەکی زۆریش. ئاڕاستەی کەرتە جیاوازەکان بکرایا تاکو ڕووەو وەبەرهێنان ئاڕاستە بکرێت. تاکو بڕبڕەی ئابوری پتەو بۆ کوردستان زامن بکرێت. ئەویش بەوەبەرهێنان لە کەرتی پیشەسازیدا.
دەکرا بەو پارەیە سەدان کارگەی بچوک و گەورەدا بمەزرێنرێت. دەکرا کەرتی گەشتیاری بە باشترین شێوە لەسەر نەخشەو دیزاینی نوێی سەردەم، وەک وڵاتانی سەنگافورەو تایلەندو مالیزیا ببوژێنرێتەوە. چونکە بەرپرسانی هەرێم خۆیان ساڵانە داتاو ژمارەی گەورە دەدەن لەسەر زۆری ژمارەی گەشتییار، کە سەردانی کوردستانیان کردووە. ئەمانە جگە لەوەی دەبونە سەرچاوەیەکی باشی داهات. وەڕێژەی بێکاریشی کەم ئەکردەوە لە پاڵیشیا ژێرخانی ئابوریشی بەخێرایەکی باش دەبوژاندەوە.

یەکێتی و پارتی جگە لەوەی هیچ یەکێک لەم کارانەیان نەکرد، کە بەبڕوای فەیلەسوف و ئابوری ناسانی جیهانی نوێ، ئابورییەکی پتەو زامنی ئاسایشی نەتەوەیشە. بونەتە ڕێگر تاکو بازرگان و وەبەرهێنەکان بەچەند ئەرکێکی ئابوری هەستن. بۆیە هەقی خۆیەتی سەرجەم توێژەکان دەنگی ناڕەزای بەرز بکەنەوە لەپاڵ داواکردنی مافە داراییەکانیان داوای دادگایکردنی بەرپرسانیش بێننە نێو داواکانیان، چونکە ناکرێت لە ڕابردودا تۆ ئەم هەمو پارەیەت هاتۆتە دەست. بۆهیچ بوارێکی بنیاتنانی ئابوری سەرفت نەکردووە. یاخود کەرتێکی تری ئابوریت بنیات نەنابێت تاکو لە حاڵەتێکی لەم شێوەیەدا، کە نرخی نەوت نزمە یاخود جێگیر نییە سود لەم کەرتانەی تر وەربگریت. تا لە کاتی کورت هێناندا. ئیدامەدانی وڵات توشی نشوستی نەبێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت