ئەحمەد ڕەسوڵ: کوردایەتی، پڕۆژەی ئەرستۆکراتیەتی سیاسی و ستەمکاریەکی ڕووت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کوردایەتی چیە و چی بوو؟!
کوردایەتی و بزوتنەوەی سیاسی کوردی لێک جیاناکرێنەوە و هەمان شتن. کاتێک دەڵێین کوردایەتی، بزوتنەوەی کوردایەتی یان بزوتنەوەی سیاسی کوردی ڕێک و ڕاستەوخۆ حزبە سیاسیەکانی مێژووی سیاسی کورد دەگرێتەوە.
نابێت وێنەی خەیاڵی لە کوردایەتی دابتاشین، نابێت تێزە و تیۆرەی وەهمی لە کوردایەتی بخەینە ڕوو. کوردایەتی واتا ئەوەی هەبووە و هەیە. واتا یەکێتی و پارتی و هیزەکانی کە لەفەلەکی ئەم دوانەدا دەسوڕێنەوە. کوردایەتی لەوە زیاتر ناتوانێت ببێت کە هەبووە و هەیە. هەم سادە هەم قوڵ تێگەیشتن، ئەوەیە کوردایەتی وەک لاکە تۆپیوێک جگە لە زەرەر و بۆگەن هیچی تری نیە و نابێت و بۆمان. بزوتنەوەی کوردایەتی لە ڕابردوودا خەڵکی ئیدمان کرد، هەروەک مەوادی موخەدیر، بە ئەوهام و خەیاڵات. هەڵبەت بۆ خەڵکێک لانی کەمی قوڵایی لە بینین و تێگەیشتنیدا هەبووبێت لەمیژە دەرکی ئەو حەقیقەتەی کردووە و جەوهەری هەم بزوتنەوەی کوردایەتی ناسیوە هەم تاک بە تاکی سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی وەک خۆیان تێگەیشتووە.
وێناکردنی پێکەوە ژیانی تایفە جیاوازەکانی نێو کۆمەڵگای کوردی وەک کوردایەتی جگە لەوەی تێنەگەیشتنە لەهیچ یان بە نائاگاوە بەشێکبوونە لە کوردایەتی و داکۆکیکردنە لێی بەمەبستی تایبەتی هەروەها هەوڵێکی ئاست نزمی مەعریفیشە بۆ تێکەڵکردنی چەمکەکان و دروستکردنی تەپوتۆزە بە دەوری چەمکەکەدا بە مەبەستی ئاڵۆزکردن و شێواندنی. ئەو پڕۆژە فاشیستیەی کە ناوی کوردایەتیە نەک هەر توانای بەرهەمهێنانی ئازادی و مرۆڤدۆستی و تۆلێرانسی سیاسی و کۆمەڵایەتی نەبووە بەڵکو بە توندی هەم لە دژایەتیکردنێکی ڕاستەوخۆ و بەردەوامدا بووە لە ئاستیاندا و هەم بەرهەمهێنی تەفرەقەی قەومی و دینی و ئیتنیکی و ناوچەیی بووە ئەمە سەرەڕای بونیادنانی ڕۆحێکی دەستەمۆی سەرکز و ملکەچ و سایکۆلۆژیایەکی خەسیو و شکستخواردوو لە نێو گروپ و ئەندامانی حزب و نێو کایەی سیاسی و ئیداریدا بە تایبەتی و لە نێو تاک بە تاکی کۆمەڵگادا بەگشتی.
هێشتا دەیانەوێت بە ئەوهام و سەفسەتەی کوردایەتی وەڵامی یەئس و بێزاری کوشندەی ملیۆنەها ئینسان بدەنەوە.
کادێرە نەخوێنەوارە حزبیەکان و زوڕناژەنە “نوسەر و میدیاکارە” توتیئاساکانیان، کە موچەی مفت و زۆری لە ئینسان کەوتنیان دەخۆن، ئێستاش بە گوتاری پفدراو و قاندراوی کوردایەتی و دەوڵەت، خەبات و شۆڕشگێڕی، جەنگ و داعش، دوژمنان و ئەزمونەکەمان، سەربەخۆیی ئابوری و ئەمنیەت…هتد و دەیان زاراوە و قسەی پووچی تر و دەیان مەقولەی بۆش و بەتاڵی تر بۆ چەندەمین جار بێسەوادی و بەئامێربوونی خۆیان دەسەلمێنن.
کوردایەتی هەر ئەوەبوو کە بینرا و ئەزمون کرا، تێنەگەیشتن و کاڵفامیە هێشتا چاوەڕوانیەک لە کوردایەتی لەگۆڕی بێ.
کوردایەتی، پڕۆژەی تەماشاکردنی تەواوی کۆمەڵگایە وەک بوویەکی هەمیشە قوربانی لە پێناو نوخبەیەکی زۆر بچوکی هەمیشە سەردەست و ئاوساو هەم بە غروری خۆ بەشت زانین و هەم بە گرێی هەستکردن بە کەمیی.
ئەوەی ئێستا پێیگەیشتوین، جگە لەوەی ئەنجامێکی سروشتی کوردایەتی و بەرهەم و تێگەیشتن لە حەقیقەتی بەربەریەتی ئەم هێزانەیە هیچی دی نیە. هیچ ڕیگەیەکی دی نەماوەتەوە جگە لە ڕیشەکێشکردنی کوردایەتی، ئەگەر نا سەرەتانێکە و هیچی تر.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت