ئەسعەد قەرەداخـــی: هەروا بووە و هەروا ئەبێ.

هەر خوێندەوارێك، ڕۆشنبيرێك ناوی ڕەوانشادی نەمر عێڵ بەگی جاف/ی بيستبێت، دڵنيام لەوەی كە پێشبينييە پەندئامێزەكانی دێتەوە ياد. كاتێك ئەم گوزارەيە دەخوێنينەوە كە كردوومەتە ناونيشانی وتارەكەم، ئاماژەيەكی ڕوون و زۆر سەرنجڕاكێشە […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

هەر خوێندەوارێك، ڕۆشنبيرێك ناوی ڕەوانشادی نەمر عێڵ بەگی جاف/ی بيستبێت، دڵنيام لەوەی كە پێشبينييە پەندئامێزەكانی دێتەوە ياد. كاتێك ئەم گوزارەيە دەخوێنينەوە كە كردوومەتە ناونيشانی وتارەكەم، ئاماژەيەكی ڕوون و زۆر سەرنجڕاكێشە بۆ ئەو زاتە بەهەشتييە كە يەكێك بووە لەو كەسايەتييە ناودار و هۆنەروانە مەزنە دێرينانەی كە دەبێت تاكو كورد بارودۆخی ناهەمواربێت شانازی بە ئامۆژگاريەكانييەوە بكات كە بە چەشنێكی هۆنراوەيی پەندئامێز دايڕشتوون. يەكێك لەو سرۆ(ئيلهام)يانەی كە خودێی ئافرين پێيــبەخشيبوو. ئەو پێشبينيانەی کە نەوە پەی نەوەی دوای خۆی لە بارودۆخ و سەردەمی دوای خۆی لێی چاوەڕوان دەكرا.

ئەم دووربينا و پێشبينا مەزنە، وەك دەڵێن لە ساڵانی 898- 941 كۆچی، لە گەڕوبەری سيروان و ناوچەی شارەزووری ئێستادا ژياوە، هەندێك ژێدەری ديكە دەيگەڕێننەوە بۆ دەڤەری ناوچەی سنجاو/ ی ئوستانی كرماشان و پاشان بە خۆی و باروبارگەيەوە لە ناوچەی هۆرامان گيرساوەتەوە و نيشتەجێبووە.
يەكێك بووە لە گيرۆدانی ئەهلی هەق، هەر لە سەردەمی خۆيدا وەك هۆنەروان و هزرمەندێكی دانستمەند، دووربين و و پێشبينمەند لە سرۆ بۆهاتنيدا پێش ڕۆژگاری خۆی كەوتووە. ئەو پێشبينييانەی بە هۆنراوەی بەپێز و پرمانا دايڕشتوون و گوزارەی لێكردوون.
يەكێك لەو پێشبيننامە هەرە مەزنانەی كە زۆر جێی سەرسووڕمانە لەم ڕۆژگارەی ئێستاماندا و لە باشووری كوردستاندا پاش نزيكەی 500ساڵ بە هەناسەيەكی ساردەوە پێشوازی لێدەكەين، ئەو هۆنراوە سرۆبەخشەيەتی بەناوی ” هەروا بووە و هەروا ئەبێ” كە بە لاوژەی گۆرانی کۆن فەرموويەتی، بەڵام پێدەچێت بە لاوژەی گۆرانی سەردەم داڕێژرابێتەوە، ئەمەيش بەشێك لەو ديمەنەی كە ئێستا لەنێو ئێمەی كورد/دا بەرجەستە بووە.

ئەگەر مێژووی كورد بڕوايش بە پێ
هەرگيز لە ستەم ڕزگاری نابێ
گاهێك بە دەست سەوزەوە بێ
تووشی قەوزە خواردن دەبێ
گاهێك بە دەست زەدەوە بێ
تووشی دەردی زەردوويی دەبێ
كوردە واتەنی دەبێ حاڵ وابێ
گاه لە قونێ بێ و گاه لە دۆشاوبێ
تا كورد زەليلی دەستی زاڵم بێ
حاڵ هەروا دەبێ و پووچ مايە دەبێ

دەی، گڵكۆت پڕ لە نوور بێت ئەی عێل بەگى جافی ڕەوانشاد. بە داخەوە دەبێت چەندين خەمخۆری وامان هەبووبێت كە ئێمەی كورد بە ئێستايشەوە پەندمان لێــوەرنەگرتوون. زۆرجار قسە وەك مەشكەژەنێن دێت و دەڕوات، داخی دڵمان بەسەر سەروسيمای چەرخی ڕۆژگاردا دەڕيێژين كە گوايە بوارمان نادات هەناسەيەكی ئازادانە هەڵبكێشين و بە درێژايی مێژوو دەرگای بەخت و چارەنووسی لێـداخستووين. بەڵام ڕۆژێك لە ڕۆژان بيرمان لەوە نەكردۆتەوە كە بۆ هەر دەبێت تاوان بخەينەپاڵ چەرخی ڕۆژگار.
ئەی بۆ جارێك بەخۆماندا نەچووێنەوە و بڵێين خۆمان چيمان كردووە؟
ئايا ئەو نەهامەتی و داڕمان و نسكۆيانەی كە بەسەرماندا هاتوون.
چی بوون؟چۆن بوون و كێ بوونە هۆکاری.
خۆ نە لافاو و نە بۆمەلەرزە و نە کۆلێرا و تاعون، نە هيچ كارەساتێكی سرووشتی ديكە….ئێمەی كوردی بە مەڕەی بارێكی وا نەبردووە كە ئێستا ئێمە پێوەيان دەناڵێنين.
دەبێت هۆی ئەم نەگبەت بارينە بەسەرماندا چی بێت؟
سەرچاوەی ئەم هەميشە هەرەس هێنانەمان لە كوێوە هاتبێت؟
ئەگەر وێژدانانە و زارشتانە، ئاوڕێك لە پێشينەو پاشينەی خۆماندا بچينەوە. دەبێت بێ دوو دڵی و يەكودوو…. ئەم ناهەموارييانە بدرێتە پاڵ خودی تاكی كورد، ئينجا كۆمەڵگا و ميللەت.
گەلێك، نەزانێت و نەتوانێت پەند لە پێشەنەی مێژينی وەرنەگرێت … بەو دەردەی ئێمەی بەسەردا دێت كە تێيكووتوين.
ئەم بارودۆخە ناهەموارەی كە ئێستا ڕووبەڕوومان بۆتەوە و دەبێتەوە، پڕاوپڕ ئەو پێشبينيە بەپێزەی عێل بەگی ڕەوانشادە كە بۆتە بوياری ژيانمان و بەرەو چارەنووسێكی ناديارمان دەبات.

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر بەشی بەرێزت یان هاوڕێکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
ئەسعەد قەرەداخی

ئەرشیڤی بەڕێز: ئەسعەد قەرەداخی