نەبەز گۆران: باجی رەحمە بێ‌ قەزابێ‌، ناهێڵی رێك هەڵپەڕین.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وتارەكەی سەرۆكی پارتی، دژی نارەزایەتییەكان و دژی بزوەتنەوەی گۆڕان، وتارێك بوو ئەوپەڕی شێواوی پێوە دیاربوو. شێواوی سەرۆكی حیزب ئەو كاتانە دەردەكەوێت بەرگەی رووداوێك، یان جوڵەیەك ناگرێت و ئیدی دەچێتەوە ئاستەكەی خۆی، ئەو ئاستەی كە بەزمانێكی زۆر لاوازەوە رووبەرووی رووداو جوڵەكە دەبێتەوە.

سروشتی كەسایەتی ستەمكار ئەوەیە، لەو ساتانەی پێویستە ژیرانە بیربكاتەوە هەرەشە دەكات، لەو ساتانەی پێویستە لە مانای ماف تێبگات، ماف پێشێل دەكات، لەو ساتانەی پێویستە گوێبگرێت، قسەدەكات. هەمیشەش لە قسەكانیدا چ بۆ بەرامبەر چ بۆ ناوخۆ، جۆرێك لە هەرەشەی تێدایە، هەرەشەكانیش دەرخستنی لاوازی خۆیەتی، نەك بەهێزیی. بۆ مانادان بەم هەرەشانەی خۆی هەوڵدەدات دوژمن دابتاشێت، دوژمنێك گەر لە دەرەوە نەبوو لەناوەوە دایدەداشێت. یەكێك لەو سروشتە ستەمكارانەی هەمیشە سەرۆكی پارتی پێدەناسرێتەوە هەرەشەكردن و داتاشینی دوژمنە.
خاڵێكی دیكە كە زۆر كۆمییدی و زۆر كارەساتباریشە ئەوەیە، ئەم سەرۆكی حیزبە ئەوەی بەكردەوە خۆیدەیكات پاشان بەرامبەرەكانی بەو كردەوەیە تۆمەتباردەكات كە خۆی كردویەتی! بۆنمونە: مەسەلەی كودەتا، كە ئەم ماوەیە زۆر قسە لەسەر كودەتا دەكات، بەكارهێنانی ئەم چەمكە لە وتارەكانیدا، بوونی گرێكە لە خودی خۆیدا. گرێك كە خۆی كردەكەی ئەنجامداوە و دەیەوێت ئەم كردەیە بكاتە كردەیەكی گشتی. تەنانەت نارەزایەتی بوونی چینەكان لەسەر داوای مافی خۆیان لەو چوارچێوەیەدا دەبینێت كە خۆی ئەنجامی داوە! چ خۆپیشاندەران چ هێزە بێ‌ چەكەكان ناتوانن كودەتا بكەن، كودەتا چەمكێكە ئەو هێزانە دەیكەن سەرباز و چەكداریان هەیە، (جیاواز لە كودەتای سپی، كە لەپەرلەمان یان لە دەنگداندا دەكرێت.) كاتێك سەرۆكی حیزبێك هێشتا لەواتای كودەتا تێنەگەیشتووە و بە بێ‌ هۆ بەكاری دەهێنێت، پەیوەندی بەوە هەیە لەخۆیدا ئەو گرێیە هێشتا ماوە. ئەو گرێییەی لە رێگای هێزە میلیشیاكانی حیزبەكەیەوە كودەتای بەسەر دامەزراوە یاساییەكانی پەرلەمان و حوكومەتدا كرد. ئەم گرێییە لە وتارەكانیدا زۆر بەروونی دەردەكەوێت.
هێرشكردنە سەر داواكاریی چینی مووچەخۆران، شتێك نییە جێگای سەر سوڕمانبێت. بە پێی ناسینمان بۆ سروشتی ئەم سەرۆك حیزبە، ئەوەی جێگەی سەرسورمانە ئەوەیە پێچەوانەی ئەم قسانەی و پێچەوانەی ئەم كردەوانەی ئێستای بجوڵێتەوە، چونكە یەكێكە لەو بكەرانەی چاوەرێی هیچ شتێكی باشی لێناكرێت و، زۆر بێباكانە بە درێژایی مێژوو یاریی بە چارەنووسی خەڵكەوە كردوە. ئەو حەشاماتە (مشەخۆر)ەی لە دەورەی خۆی كۆیكردوونەتەوە لای ئەو ئەوانە هاوڵاتییە راستەقینەكانی ئەم مەملەكەتەن. پێشی وایە لە دەرەوەی ئەو حەشاماتەوە هەركەسێك هەبێت مافی ئەوەی نییە داوای مافەكانی بكات. بێباكیشە لەوەی فەزایەكی پیسخۆری دروستكردوە و خۆی و دەوروبەرەكەی سەریانخوستووەتە ناو ئەو فەزا پیسخۆرییەوە. كێشەی ئەم ستەمكارە حیزبییە دەسەڵات بچوكە ئەوەیە، دەنگە نارازییەكان ناهێڵن بە ئارامی پیسخۆرییەكەی خۆیان بەردەوامی پێبدەن.
هەرچۆن (حەمدی) دەڵێت: باجی رەحمە بێ‌ قەزابێ، ناهێڵێ رێك هەڵپەڕین. ئەمیش هەمان كێشەی هەیە. هەمان ئەو كێشەیەی كە لەو جیهانەدا دەژیت كە پێی وایە خەریكی رێك هەڵپەڕینە و، هەندێك دەنگی نارازی هاتوون هەڵپەركێكەی لێ‌ تێكدەدەن. بە پێچەوانەكەشییەوە هەر راستە. خەڵكی داوای مافی خۆی دەكات لە شوێنێكدا كە مافی خوراوە. كەچی باجی رەحمەیەك بەخۆی و دەنگە ناشازەكەیەوە هاتووە، دەیەوێت ئەم داواكاریانە تێك بدات و، لەبری ئەوەی گوێ‌ لە ماف خوراوەكان بگرێت، هەڵپەركێ‌ وەك (ئیهانە)یەك بەكار دەهێنێت بۆ ماف خوراوەكان و ریزەكەیان تێكدەدات.
كاتێك سەرۆكی حیزبێك لەم دۆخەدا دەردەكەوێت، جێگەی دڵخۆشییە. چونكە ئەوە دیوە راستەقینەكەی خۆیەتی. ئەوە ئەو بكەرەیە هێشتا لەو فەزایەدا دەژیت دەبێت سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە بخوات و، كەسیش داوای مافی خۆی نەكات. هێشتا لەو جیهانە بچوكەدا خولدەخواتەوە پیسخۆریی بە بنەمایەك دەزانێت بۆ بەرێوبردنی دەسەڵاتە نایاسایی و خۆسەپێنەكەی. شانازی بەوەوە دەكات لە قەڵەمرەوی ئەودا تروسكایەك ئازادی نەماوە و هاوڵاتیان بۆیان نییە داوای مافی خۆیان بكەن. ئەم جیهانە بچوكەی ئەم سەرۆك حیزبەی تێدا دەژیت، جیهانێكە مرۆڤ بەخیلی پێ نابات. چارەنووسی ئەم جیهانە بچوكانەش چارەنووسێكە لەكۆتایدا شایەنی تەماشاكردن و دڵخۆشییە. هێشتا ئەو لەوە تێنەگەیشتووە كۆتایی ئەو جیهانە كاتێك وێران دەبێت تەماشاكردنەكەی چەند خۆشە. ئێستا لەبەر ئەوەی لەهەوای خۆیدایەتی لەم رستە گاڵتە پێكەرانانە تێناگات. خۆی وتەنی نووسین كاری تێ‌ ناكات، لەبەر ئەوەی ناخوێنێتەوە. بۆیە لەبەرامبەر ئەودا دەكرێت بوترێت: لە كۆتایی ئەم جیهانە بچوكە حیزبیەدا باجی رەحمە هەرچی بكات هەڵپەركێكە دەكرێت.

– ناونیشانی ئەم وتارە دێرە شیعرێكی (حەمدی) شاعیرە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت