کاوسین بابەکر: بارزانی قوفڵەکە دەشکێنێ؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

دەمێکە چاوەڕێی دەستپێشخەریەکەی بارزانین، ئەم ڕاگەیاندنەی ڕەنگە بەنیازی دەستپێشخەریەکی نوێ دەرکردبێ، بۆ چارەسەری کێشە کەڵەکە بووەکان، کە چارەسەری ڕیشەییش بەچالاککردنەوەی پەرلەمان دەست پێدەکات.
دیارە ئێمە چاوەڕێ بووین بە کلیلی چارەسەرەکان دەست پێبکات ودەرگاکە بکاتەوە، کەبریتی بوو لەوەی ڕێگە بدات پەرلەمان کۆبوونەوەکانی دەست پێبکاتەوەو وەزیرە دەرکراوەکانی گۆڕان بگەڕێنەوە بۆ دەوامی خۆیان، یان لایەنە سیاسیەکان گفت وگۆ بۆ پێکهێنانی حکومەتیکی نوێ دەستپێبکەن.
کەچی بارزانی دیسان بانگی لایەنەکان دەکات بۆ کۆبوونەوە ودوبارە ڕەتی دەکاتەوە، سەرۆکی ئێستای پەرلەمان سەرۆکایەتی پەرلەمان بکات.
واتا دەیەوێ وسورە لەسەرئەوەی، سەرۆکایەتی ئێستای پەرلەمان بگۆڕدرێ، بەڵام بۆ گۆڕینی ئەم سەرۆکایەتیەش خۆدەبێ هەر پەرلەمان بە پێکهاتەی ئێستایەوە کۆبێتەوەو گۆڕانکاریەکانیش بخاتە نێو بەرنامەی کۆبوونەوەکانی.
من پێموانیە گۆڕانکاری لەسەرۆکایەتی پەرلەماندا هیچ کێشەیەک دروستبکات و پێویستیشە لایەنەکان بەگۆڕانیشەوە ئامادەی هەر گۆڕانکاری و دانوسانێک بن لەسەر ئەو بابەتە، بۆ کردنەوەی گرێکوێرەکان. ناکرێ لەم دۆخە هەستیارەدا هەموو شتێک کەخەریکە لەدەست دەربچێ پێداگری بکرێ لەسەر ئەم کەس یان ئەوی دی، بە سەرۆکی ئێستای پەرلەمانیشەوە، پێداگرتن لەسەر مانەوەی کەسەکان جگە لەعینادیەکی هەرزەکارانەی سیاسی و قوڵنەبوون لە دەرک کردنی بەرژەوەندیەباڵاکان، هیچی تر نییە ولەکۆتاییداناچاری باجی گەورە دەبین.

بارزانی قوفڵەکە دەشکێنێ؟
ئەمجارە بارزانی زۆر ڕاشکاوانەتر داوای هەڵوەشاندنەوەی حکومەت وپێکهێنانەوەی حکومەتێکی نوێ دەکات، ئەگەر چوار لایەنەکە، بەدەم بانگەوازەکەی بارزانیەوە بچن کەدەبێ بشچن، پێویستە بارزانی مادام کلیلەکانی جێهێشتووە، قوفڵەکە بشکێنێ و دەرگای چارەسەرەکان بخاتە سەر گازەرای پشت، دەبێ وەک کەسی یەکەم کە لەدوای مام جەلال لەسەر ئاستی هەرێم ئەو حسابەی بۆکراوە، ڕەفتار بکات و بە باوەشێکی کراوەودڵێکی بەسۆزو پڕ لە بەرپرسیارێتی هەڵوێست بگرێ و هەموو بەرژەوەندیەکی تەسکی کەسی و حزبی وەلانێ وگوێ بداتە ئەو هەموو داواودادو هاوارە بۆ چارەسەری کێشەکان، کەلەبنەچەدا هەر خۆی و حزبەکەی بەپلەی یەکەم لێی بەر پرسیارن.
کەواتە بارزانی مادام دەست بۆ کلیلەکان نابەی، قوفڵەکە بشکێنەو لاپەڕەیەکی نوێ لەخەباتی کوردایەتی لەگەڵ پارتە سیاسیەکانی تر بکەنەوە، لاپەڕەیەک، دێڕی یەکەمی بریتی بێ لە؛ هەمووان بەیەکگرتوویی بەرەو دەوڵەتی سەر بەخۆ و ژیانێکی ئازادو خۆشگوزەران بۆ سەرجەم کوردستانیان .