شه‌ریف هه‌ژاری: په‌رله‌مانتارانی یه‌كێتیی و گۆڕان، هه‌ر هیچ نه‌بێت، ده‌بوو ئه‌م هه‌لوێسته‌ كردارییه‌یان بۆ پاكتاوی باكور هه‌بایه‌!

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

له‌ كوردستانی ولاتی حیزبۆكراتیی دا، حیزب هه‌موو خه‌تێك بۆ په‌رله‌مانتار ئه‌كێشێت، زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌شی ئه‌بنه‌ په‌رله‌مانتار (ده‌مبازن)، چونكه‌ كۆمه‌لگه‌ی ئێمه‌ له‌ زاره‌وه‌ له‌ توانای كه‌سه‌كان ئه‌روانن!

بۆیه‌ ده‌بینین، رۆژنامه‌نووسانی ناپرۆفیشنال (میدیاكارانی كورد )، شاعیر و وتاربێژان، زۆرینه‌ی ژماره‌ی په‌رله‌مانتارانی كورد پێك دێنن! بۆ ؟ چونكه‌ میلله‌ته‌كه‌ به‌ پێی (ده‌مبازی) توانای كه‌سه‌كان ده‌ست نیشان ده‌كات. ئه‌م یاسای ده‌مبازییه‌ كه‌ باشترین چانسه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی زۆر به‌ده‌ست بهێنن، ئه‌وا بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و شاره‌وانییه‌كانیش هه‌ر هاوته‌ریب دێته‌وه‌.
نموونه‌شمان زۆره‌ له‌و ده‌مبازانه‌ی كه‌ له‌ كاتی هه‌لمه‌تی هه‌لبژاردن دا پرۆپاگه‌نده‌ی زۆر گه‌وره‌یان ده‌كرد و خه‌لكه‌ هوشیاره‌كه‌ش باوه‌ری پێ ئه‌كردن. بۆ نموونه‌: مامۆستا مه‌لا موسه‌نا ئه‌مین ئه‌یووت: به‌لێن بێت ئه‌گه‌ر هه‌لبژێرێم وه‌ك په‌رله‌مانتاری كورد له‌ به‌غدا، ئه‌وا بودجه‌ی خه‌لكی كوردستان ده‌گێرمه‌وه‌ و نوێنه‌رانی پێشتری كورد له‌ به‌غداد وه‌ك پێویست نه‌بوون!
ئیدی ئه‌و خه‌لكه‌ بیری له‌وه‌ نه‌ده‌كرده‌وه‌، باشه‌ تۆ بڵێی: (مام جه‌لال، به‌رهه‌م سالح، هوشیار زێباری، حه‌مه‌ تۆفیق ره‌حیم و فوئاد مه‌عسوم و ئه‌وانی تر) هێنده‌ی موسه‌نا ئه‌مینیان لێ نه‌هاتبێت له‌ به‌غداد؟
كه‌چی دوێنێ شه‌و هه‌ر ئه‌م موسه‌نا ئه‌مینه‌ له‌سه‌ر ته‌له‌فزیۆنی كه‌ی ئێن ئێن وتی: با خه‌لكی كوردستان بزانن، كه‌ عه‌بادی پاره‌ی خه‌لكی كیمیابارانی هه‌له‌بجه‌ و گه‌نمی جوتیاران نانێرێت، ئیتر مووچه‌یان چۆن بۆ ده‌نێرێت؟
كه‌وابوو ئێستا وه‌خته‌ به‌ره‌و هه‌نگاوی تێگه‌یشتن له‌ ململانێ و به‌رژه‌وه‌ندی سیاسیی ئه‌چێ و ئه‌زانێت ململانێی سیاسیی (ده‌مبازی) نییه‌!!
له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ش سه‌یرتر ئه‌وه‌یه‌: یه‌كێتیی و گۆڕان، به‌ پرۆپاگه‌نده‌ و به‌ پۆستی فه‌یسبووك و ته‌نانه‌ت لێدوانی سیمیناراتیشیان له‌ شاری سلێمانی، پشتیوانی بێ ئه‌ملاولای دۆزی باكوری كوردستان و په‌كه‌كه‌ن، ئه‌لبه‌ته‌ خولانه‌وه‌ به‌ده‌ور هاوكێشه‌ی سیاسیی ئێرانیش دا هاوته‌ریبیان ئه‌كاته‌وه‌ له‌گه‌ل ئه‌و هه‌ڵوێسته‌یان دا!
كه‌چی له‌ ئێستادا كه‌ زۆرینه‌ی فه‌رمانبه‌رانی كورد و سه‌رۆك شاره‌وانییه‌ كورده‌كان و سه‌ركرده‌كانی هه‌ده‌په‌ له‌ باكوری كوردستان پاكتاو ئه‌كرێن و ڕاپێچی زیندانه‌كانی توركی فاشیست ئه‌كرێن، ئه‌وا به‌كرده‌وه‌ نابینین، یه‌كێتیی و گۆڕان یه‌ك هه‌ڵوێستی كرداریشیان هه‌بێت.
بۆ نموونه‌: هه‌ر هیچ نه‌بێت، خۆ په‌رله‌مانتارانی یه‌كێتیی و گۆران ئه‌گه‌ر به‌راستیی و به‌كرده‌وه‌ پشتیوانی له‌ دۆزی باكوری كوردستان ئه‌كه‌ن، بۆچی هه‌ندێكیان له‌ به‌رده‌م كونسولخانه‌ی توركی فاشیست له‌ هه‌ولێر مانناگرن و چادر هه‌ڵ ناده‌ن؟
خۆ ئێستا په‌رله‌مانتاران بێ ئیش و كارن! ئه‌ی بۆ به‌كرده‌وه‌ به‌ دوو ڕێپێوان ناچنه‌ به‌رده‌م كونسولخانه‌ی ده‌وله‌تی تورك له‌ هه‌ولێر، كه‌ بێ گوومان ده‌یان نیشتیمان په‌روه‌ریش پشتیوان و هاوهه‌ڵوێستیان ده‌بن!
باشه‌ تو ویژدانی كوردانه‌تان، نه‌ك هه‌ر عه‌یب بگره‌ كه‌موكورتیش نییه‌، كه‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانی ئه‌وروپی ئاماده‌بێت تا توركیا بڕوات بۆ ئه‌وه‌ی سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش له‌ زیندان دا ببینێت و توركی فاشیست رێگاشی پێ نه‌ده‌ن، كه‌چی ئێوه‌ی په‌رله‌منتارانی كورد به‌ كرده‌وه‌ش ڕێپێوانێك ساز نه‌كه‌ن!؟ ئیدی ئاكامی چی ئه‌بێت ئه‌وه‌ شتێكی تره‌، به‌لام گرنگ هه‌ڵوێستی كرداریتانه‌ كه‌ بیسه‌لمێنن پشتیوانی براكانتانن له‌ باكوری كوردستان دا.
هه‌رچه‌نده‌ نه‌ ئێوه‌ به‌ زاریش باس له‌ دۆزی كورد له‌ خۆرهه‌لات ئه‌كه‌ن و، نه‌ پارتیش باس له‌ دۆزی كورد له‌ باكور ئه‌كات، كه‌وابو: سندان له‌و سیاسه‌ته‌ بێت كه‌ له‌ باشوری كوردستانی ڕزگاركراودا په‌رله‌مانتارانی كورد نه‌وێرن و ئیراده‌ی ئه‌وه‌یان نه‌بێت به‌كرده‌وه‌ پشتیوانی له‌ دۆزی كوردانی (خۆرهه‌لات و خۆراوا و باكور) بكه‌ن و، حیزبه‌كانیش سازش له‌ دوای سازش بۆ داگیركه‌ران هه‌رده‌م بۆ دوواوه‌ بگه‌رێنه‌وه‌!

 

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت
شەریف هەژاریی

ئەرشیڤی بەڕێز: شەریف هەژاریی