نەبەز گۆران: په‌یامه‌ جه‌هه‌نه‌مییه‌كه‌ی‌ بارزانی‌‌.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ناسینی‌ دیده‌كانی‌ بارزانی‌ كارێكی‌ هێنده‌ قورس نییه‌، مرۆڤ گیرۆده‌بێت پێیه‌وه‌. ئه‌كرێت بوترێت هیچ كه‌سێك له‌ سه‌ركرده‌ حیزبییه‌كانی‌ ئه‌م سنووره‌، وه‌ك ئه‌و ئاسان نین بۆ ناسینیان. ئه‌و گروپه‌ی‌ هه‌میشه‌ شه‌یدای‌ پۆستن هێنده‌ روكه‌شانه‌ سه‌یری‌ په‌یامه‌كان ده‌كه‌ن، به‌ رسته‌یه‌كی‌ فریوده‌رانه‌ فریوده‌درێن. بۆئه‌وه‌ی‌ دوربین له‌و شه‌یدایانه‌ی‌ پۆست و له‌و فریوخۆرانه‌، هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كی‌ سه‌ره‌تایی‌ و ساده‌ له‌سه‌ر په‌یامه‌كه‌ی‌ بارزانی‌ ده‌كه‌ین.

له‌یه‌كێك له‌ رسته‌كانیدا باس له‌ ئاڵوگۆڕی‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان ده‌كات، ده‌یه‌وێت پێمان بڵێیت: حیزبه‌كان ئه‌مجاره‌ با خۆم به‌ته‌نیانه‌بم، وه‌رن پێكه‌وه‌ بێحورمه‌تییه‌كی‌ دیكه‌ بكه‌ین به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان و ده‌نگده‌ران و بیگۆڕین، گۆڕینێك به‌و جۆره‌بێت ئه‌م سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مانه‌ پشت به‌ یاسا نه‌به‌ستێت و رێگریی‌ نه‌كات له‌ كاره‌ چه‌وته‌كانی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم و حوكومه‌ت. ئه‌و ده‌سته‌یه‌ی‌ ئه‌و ده‌یه‌وێت، ده‌سته‌یه‌كه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك رازی‌ بێت جارێكی‌ تر بێحورمه‌تی‌ به‌یاسا بكرێت و خودی‌ بارزانی‌ بۆ ماوه‌یه‌كی‌ دیكه‌ بخاته‌وه‌ سه‌ر ئه‌و كورسییه‌ی‌ كه‌ شه‌یدای‌ بووه‌. ئه‌م ده‌سته‌یه‌ی‌ كه‌ ئێستا سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان ده‌كه‌ن باجی‌ رێزگرتنی‌ یاساده‌ده‌ن. بارزانی‌ نایه‌وێت ئه‌م ده‌سته‌یه‌ له‌و شوێنه‌ بمێننه‌وه‌، چونكه‌ رێگریده‌كه‌ن له‌ بێ‌ یاساییه‌كانی‌ ئه‌و. له‌م رسته‌ جه‌هه‌نه‌میه‌دا ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه‌ ئاماده‌یه‌ كه‌ به‌روونی‌ به‌ هه‌موولایه‌ك ده‌ڵێت: ئه‌و كوده‌تایه‌ی‌ پێشوتر له‌سه‌ر كورسییه‌كه‌م به‌ته‌نیاكردم، ئێستا ده‌مه‌وێت به‌ ده‌سته‌ بیكه‌ین.
له‌ رسته‌یه‌كی‌ دیكه‌دا ده‌ڵێت: باحیزبه‌كان رێك بكه‌وین! به‌رێزێك دابنێن بۆ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم. هیچ گومان له‌وه‌نییه‌ به‌مه‌ستی‌ خۆیه‌تی‌. ئه‌م پیاوه‌ كه‌ بووە‌ هۆی‌ وێرانكردنی‌ ته‌واوی‌ دامه‌زراوه‌ یاساییه‌كانی‌ هه‌رێم، ئه‌مجاره‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ فریوده‌رانه‌ و به‌شێوه‌ی‌ پێكه‌وه‌یی‌ بیر له‌وه‌ده‌كاته‌وه‌ له‌شوێنی‌ خۆی‌ بمێنێته‌وه‌. كێشه‌ له‌وه‌یه‌ هه‌ندێك له‌وانه‌ی‌ شه‌یدای‌ پۆستن زۆر به‌ ئومێده‌وه‌ له‌م په‌یامه‌ تێده‌گه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌نا كه‌ ئومێدیان هه‌یه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ له‌هه‌مان دۆخی‌ بارزانییدان و شه‌یدای‌ كورسین.
رسته‌ی‌ دانانی‌ كه‌سێك له‌لایه‌ن حیزبه‌كانه‌وه‌ بۆ پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم، ئه‌و په‌ڕی‌ گاڵته‌كردنه‌وه‌ به‌ ده‌نگدان و به‌ دامه‌زراوه‌ی‌ په‌رله‌مان. كاتێك كه‌سێك دێت ئه‌م قسه‌یه‌ ده‌كات كه‌ هیچ مافێكی‌ له‌سه‌ر ئه‌و كورسییه‌ نه‌ماوه‌ و ئاماده‌ نییه‌ كورسییه‌كه‌ به‌ربدات و ده‌یه‌وێت خۆی‌ وه‌ك بێ‌ گوناهێك پیشان بدات، نیشانه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ هێشتا حیزبه‌ كوردییه‌كان هێنده‌ له‌ دۆخی‌ یاده‌وه‌ریی‌ لاوازدان به‌م وتاره‌ فریوده‌رانه‌ شاگه‌شكه‌ ده‌بن. ئه‌و به‌رونی‌ پێیتان ده‌ڵێت: دامه‌زراوه‌ یاساییه‌كان هیچ نین و ده‌مه‌وێت پێكه‌وه‌ رێك بكه‌ون به‌رێزم دابنێنه‌وه‌.
گۆڕینی‌ حوكومه‌ت بۆ كابینه‌یه‌كی‌ كاتیی‌، جگه‌ له‌ دڵخۆشكردنی‌ چه‌ند لایه‌نێكی‌ ناڕازی‌ هیچ واتاییه‌كی‌ تری‌ نییه‌. قه‌یرانه‌كه‌ له‌وه‌دا نییه‌ كێ‌ وه‌زیری‌ ئه‌و وه‌زاره‌ته‌یه‌ و ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ سه‌ر به‌كام حیزبه‌، قه‌یرانه‌كه‌ له‌ نه‌بوونی‌ متمانه‌، وێرانی‌ ئابووری‌، فراوانبوونی‌ فه‌زای‌ گه‌نده‌ڵی‌، كۆتایی‌ هاتن به‌ دامه‌زراوه‌ یاساییه‌كان. كه‌وتنی‌ دیموكراسی‌ و به‌هێزبوونی‌ ده‌سته‌ زبره‌كانی‌ حیزبه‌. ده‌یان كابینه‌ش بگۆدرێت هیچ له‌ دۆخی‌ ژیانی‌ هاوڵاتیان ناگۆڕێت. قه‌یرانه‌كانیش له‌وه‌ گه‌وره‌تر و قوڵترن به‌م به‌یاننامه‌ فریوده‌رانه‌ چاره‌سه‌ربكرێن.
له‌پشت ئه‌م به‌یان و په‌یامه‌وه‌ ئه‌و دیوه‌ جه‌هه‌نه‌مییه‌ خه‌وتووه‌، بكه‌رێك كه‌ خۆی‌ پایه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ كێشه‌كانه‌ دێت وا خۆی‌ نیشانده‌دات كێشه‌كان بخاته‌ سه‌ر لایه‌نه‌كانی‌ دیكه‌ و، خۆی‌ بێ‌ گوناه پیشان بدات و، جارێكی‌ دیكه‌ بۆماوه‌یه‌كی‌ زۆر كاتی‌ بێ‌ سود هه‌ندێك له‌و حیزبانه‌ سه‌رقاڵ بكات و، كێشه‌كانی‌ حوكومه‌ته‌ شكستخواردوه‌كه‌ و كورسییه‌ نایاساییه‌كه‌ی‌ خۆی‌ بخاته‌ ناو حیزه‌كان. جه‌هه‌نه‌می‌ بوونی‌ ئه‌م په‌یامه‌ ئه‌وه‌یه‌ هێنده‌ روكه‌شانه‌ سه‌یری‌ دونیا ده‌كات، هێشتا پێی‌ وایه‌ به‌ چاره‌سه‌ره‌ رووكه‌شه‌كان كه‌ به‌دڵی‌ ئه‌وبن، قه‌یرانه‌ گه‌وره‌كان كۆتاییان پێدێت! ئه‌وانه‌شی‌ شه‌یدای‌ پۆستن ده‌كه‌ونه‌ شوێن ئه‌م وتاره‌ فریوده‌رانه‌وه‌ و دڵخۆشیان ده‌كات.