نەوزادى موهەندیس: سیاسەتى فرۆشتنى سەربەخۆى نەوتى هەریم لە نێوان سەرکەوتن و شکستدا.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

پسپۆڕ لەنەوت و پتڕۆکیمیاویاتدا

• ئاشکرایە کەرتى وزە بەگشتى پێکدێت لە دوو سەرچاوەى گرنگ کە بریتین لە (( نەوت و غازى سروشتى)) لە هەموو ئەو وڵاتانەى خاوەن نەوتن بەکوردستانیشەوە گرنگیەکى گەورەى هەیە و ڕۆڵ و کاریگەرى گەورەش دەبینێت لە گەشەکردن و پێشخستن و بوژاندنەوەى ژێرخان و سەرخانى سیاسەت و ئابورى و ئەمنى و کۆمەڵایەتى وڵات و کۆمەڵگادا، لەهەمان کاتیشدا کەرتێکى زێدە هەستیارە و دەبێت ئیدارەیەکى بەهێز و شارەزا و خاوەن ئەزمون بیبات بەڕێوە سیاسەتێکى خۆماڵیانە و نیشتیمانیانەى دڵسۆز و دەستپاک و ئەمین سەرپەرشتى بکات دوور لە گەندەڵى و پاوانکردن و بەتاڵانبردن و هەرزانفرۆشکردنى.
• ئاشکراشە لەم سەردەم و قۆناغەى جیهانى پێدا تێپەڕ دەبێت ئابورى و بازرگانى و بازاڕ و کۆمپانیا ئابوریە زەبەلاحەکان سیاسەت کێش دەکەن بەدواى خۆیاندا و خاوەن سەرمایە و کۆمپانیاکان دوا بڕیار دەدەن تەنانەت لەسەر چارەنوسى دەسەڵاتدار و سەرۆکى حکومەت و وڵاتان و سیستەمى حوکمڕانیەکانیشیان ، بۆیە گرنگە ئیدارەى کەرتى نەوت و کەسە لێپرسراو و بەدەسەڵاتەکانى ئەم کەرتە شارەزاییەکى گەورە و زانیارى و زانستى باشیان هەبێت لە سیاسەتى نەوتى دونیا و ڕێکخراوى ئۆپیک و کۆمپانیا ناودار و گەورەکانى بوارى نەوت. بەپێچەوانەوە دەکەونە هەڵەى کوشندە و خراپ و بەهەڵە خوێندنەوەى حسابات و هاوکێشە سیاسى و ئابوریەکانەوە و دواتریش بە زیانى گەورە دەگەڕێتەوە بەسەر ئێستا و ئایندەى وڵات و کۆمەڵگادا.
• هەرێمى کوردستانى عێراق وەک هەرێمێکى چوارچێوەى دەوڵەتى عێراقى فیدڕاڵى لەبەر ئەوەى خاوەن سیادە و سەروەرى خۆى نیە و ناتوانێت وەک وڵاتێکى سەربەخۆ هاوبەشى بکات لە کۆڕو کۆبونەوە نێودەوڵەتى و دیدار و دانیشتنەکانى تایبەت بە وزە،هیچ کۆمپانیا و وڵاتێک بەڕەسمى نایناسن و مامەڵەى یاسایى و ئاسایى لەگەڵدا ناکەن، بەڵام بەهۆى بوونى یەدەگێکى زۆر و زەوەندى نەوت (( کە 50-70 ملیار بەرمیل نەوت)) و غازى سروشتى (( 7ر5 تریلیۆن مەتر سێجا)) ى هەیە و هەرێمێکى دەوڵەمەندە و لەسەر ئاستى دونیا ڕێژەى 5-8% وزەى جیهان پێک دێنێت ،کە ئەمەش بۆخۆى سێ یەکى یەدەگى دەوڵەتى عێراق پێکدێنێت کە لە بنچینەدا عێراق بۆخۆى 4-5 وڵاتى جیهانە لەسەر ئاستى بوونى یەدەگى نەوت و غازى سروشتیدا.
• ئاشکرایە دەرهێنانى نەوتى هەرێمى کوردستان لەساڵى 2002وە دەستى پێکردوە بەشێوەیەکى بازرگانى، بەڵام لە پێش ئەو بوارەشدا لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە لەساڵى 1994وە دەزگایەکى تایبەت دامەزرا بەناوى (( دەزگاى پڕۆژە تایبەتەکان)) وە کە سەرپەرشتى هەڵدانەوەى بیرە نەوتەکانى دەکرد لە ناوچەى شیواشۆک لە تەق تەقى قەزاى کۆیە و دەرهێنانى نەوتەکەى و فرۆشتنى بە تانکەر بە ئێران و دواتر هەوڵدان بۆ دروستکردنى پاڵاوگەیەکى خۆماڵى لەشارى سلێمانى و ئەوەبوو لە 5/12/1997دا بۆ یەکەم جار نەوتى کوردى لەسەر دەستى ئەندازیاران و تەکنیککاران و کرێکارانى کورد خۆیەوە لە پاڵاوگەیەکى کوردى بچوکەوە بپاڵێورێت و بۆ یەکەم جار لە مێژوودا کورد نەوتى خۆى بۆخۆى و لەناو خۆى خۆیدا بەکارهێنا کە ئەوکات عێراق و کوردستانیش لەژێر چەندین گەمارۆى ئابوریدا بوون و ئەوە بۆخۆى دەسکەوتێکى گەورە بوو بۆ ئەوکاتە.
• دواتر و لەدواى ڕزگارکردنى عێراقەوە لەساڵى 2003دا هەرێمى کوردستان کەوتە خۆى بۆ هێنانى کۆمپانیاى نەوتى جۆربەجۆر لەگەورە و بچوک و مامناوەندى دونیاوە بۆ هەرێم بەمەبەستى گەڕان و پشکنین و دۆزینەوە و هەڵکەندنى بیرى نەوت و گەشە و پێشخستنى بەرهەم و دواتر فرۆشتنى و هەناردەکردنى بۆ دەرەوەى کوردستان و عێراق، سەرەتا لەژێر چاودێرى و بە ئاگادارى کۆمپانیاى فرۆشتنى نەوتى عێراقى ((سۆمۆ)) بوو و دواتریش لە 15/6/2015وە بەشێوەیەکى سەربەخۆ نەوت دەردەهێنرا و دەفرۆشرا دواى ئەوەى عێراق لەسەرەتاى ساڵى 2014وە بەشە پشکى هەرێمى 17% ى لە بودجەى گشتى عێراق بڕى و نەینارد بۆ حکومەتى هەرێم. هەرێم جیاواز لە عێراق سیستەمى گرێبەستى نەوتى بەشێوەى ((هاوبەشى )) پیادەکرد لەکاتێکدا لەعێراق سیستەمى گرێبەستە نەوتیەکان بەشێوەى (( خزمەتگوزارى )) بوو. کە ئەمەش لایەنى باش و خراپیان هەیە بۆ هەرێم وعێراقیش.لەسەرەتاى هێنانى ئەم کۆمپانیایانەوە بۆ هەرێم لە سەردەمى دوو ئیدارەیى (( سلێمانى و هەولێر))ەوە تاکو کابینەى شەشەمى حکومەتى هەرێم 42 گرێبەستى نەوتى واژۆکراوە کە یەکەم گرێبەست لەبەروارى 17/7/2002وە بوە لەلایەن بەڕێز د. بەرهەم احمد ساڵح سەرۆکى حکومەتى ئیدارەى سلێمانیەوە.و زیاد لە 26 کۆمپانیاى بوارى نەوتى جیهانى هاتونەتە کوردستانەوە لە کۆمپانیاى (( ئەمریکى و کەنەدى و تورکى و نەرویجى و… هتد))

بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکە کلیک بکەرە سەر ــ سیاسەتى فرۆشتنى سەربەخۆى نەوتى هەریم