عیماد عەلی: لە باوەشی دایکی دەیرفێنن و دواتر بە مردوویی دەیدەنەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەمە بۆ چەندین جارە لەم کوردستانەی ئێمەدا، خەڵک بە گشتی، یان چین و توێژێک، یان کەرتێکی تایبەت، یان کۆمەڵە گەنجێکی عاقڵمەند و ژیری خاوەن بیرو فکری تازەگەری و چالاک، یان کۆمەڵێک هاوپیشە و خاوەن بیرۆکەی نوێ، لە زۆر بواردا دەستیان داوەتە کارێک یان چالاکیەک یان بیرۆکەیەک یان بنیاتنانی رێکخراوێک بە هەر جۆریەکیەوە بێت مەدەنی یان حزبی، پیشەیی یان تیۆری هەمەجۆر، یان چالاکیەکی سیاسی، لە شێوەی نارەزایەتیەک لێرەو لەوی سەریهەڵدابێت، ئەمانە هەمووی ئەگەر لە دەرئەنجامی گەورەبونی لە منداڵدانی کۆمەڵێک خەڵکدا بوبێت و بە ژانێکی سروشتیشەوە لەدایکبوبێت و لە باوک و دایکێکی رەسمی و شەرعیش پەیدابوبێت، زۆر جار لایەنەکان و بەتایبەتی هەرسێ لایەن، پارتی و یەکێتی و گۆران، بەهەر شێوەیەک بوبێت و ئەگەر لە قازانجی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیاندا زانیبێت، لە باوەشی گەرمی دایکی فراندویانن و بۆ مەبەستی خۆیان یان لەناویان بردون یان تەبەنایان کردوون، کە زۆر جار بەوە پێناسەیان کردووە کە سواری شەپۆلی ئەو کردەوەیە بوون، بە جۆرە سیاسی و رۆشنبیری و کۆمەڵایەتیەکەشەوە. هەرچەند، هەندێک جاریش وای بە راست دەزانن کە ئەوان لە دایک و باوکی رەسەنی خۆی جوانتر تەبەننای دەکەن و ئامرازەکانی بەخێوکردنی بۆ پەیدا دەکەن تاوەکو لە خەم دەرەخسێت و لەدەست و باوەشی گەرمی دایکی دەریدێنن و بەخۆیان گەوەری دەکەن، بەو ئاواتەی بەرهەمی دوا گەشەکردنی بۆ خۆیان بێت، کە ئەمەش بە پێچەوانەی بەرژەوەندی باڵای میلەت دەکەوێتەوە. ئەگەر حزبی راستەقینە خاوەنی جەماوەری راستودروستی خۆی بێت و اە هەناوی گەلەوە سەریهەڵدابێت، پێویستی بە منداڵدانی دروستکراو نیە. بەڵکو دەبێت رێکخراو و حزبەکان منداڵدانی هەموو کارێکی باش بن و بۆ پەیدابون و هاتنە ئارای بەرهەمی چاک بەرگەی ژانی گەورە بگرن و لەدواجاردا رادەستی میلەتی بکەنەوە و قازانجەکەی بۆ ئەوان بێت، نەک بە پێچەوانەوە.

لەم رەفتارە پێچەوانەییاندا، رێکخراو و حزبەکان چەندین مەبەستیان هەیە:
یەکەم: خۆیان بکەنە خاوەنی پرۆژە و شتە باشەکان و، ئەگەر بە باشی کەوتەوە بەرژەوەندیە حزبیە تەسکەکەی پێ دابین بکەن و، ئەگەریش یەیدابوەکە نەخۆشی هەبوو یان نزیک بوو لە مردن یان هیچ قازانجێکی بۆ مەبەستی ئەوان نەبوو، دەیدەنەوە خاوەن منداڵدان و دایک و باوکەکەی خۆی و هەموو زیانەکانی ئەو کارە لە خۆیان دوور دەخەنەوە و دەیخەنە ئەستۆی خاوەنە راستەقینەکەی.
دووەم: ئەگەر بە خۆیان لە سەرەتادا خاوەنی ئەو بیرۆکە بن و، بۆ تاقیکردنەوە خەڵکی تریان راسپاردبێت بۆ ئەو مەبەستە، تاوەکو رۆژی لەدایکبونی، ئەوا تەماشای بارودۆخ و چوارچێوەی کارەکە دەکەن، بۆ ئەوەی خۆیان بکەنە خاوەنی راستەقینەی و قازانجی لێ بکەن، یان ئەگەر بە مردوویی لەدایک بوو یان نەخۆش بوو، خۆیان لێ دەکەن بە کەرەی شەربەت و خۆیان بەدوور دەگرن، وەک ئەوەی نە بایان دیبێت و نەش باران.
سێیەم: ئەگەر لە کاتی لەدایکبونی بە ژانێکی قورسەوە هات و دوارۆژی روون و دیار نەبوو، ئەوە چاوەرێ دەکەن تاوەکو لەکاتی شیاودا هەنگاوی پێویست بنێن و رەفتاری دیاریکراوی لەگەڵدا بکەن.
نمونە لەم بارەوە زۆرە، چەند رێکخراوی مەدەنی و دەزگای راگەیاندن و پلاتفۆرم و پرۆژەی سیاسی و رۆشنبیری هەمەجۆر، دەستی بۆ براو دواتر خۆی لە باوەشی باوەپیاڕە ( زڕباوک) دا دۆزیەوە. یان چەند چالاکی سیاسی و رۆشنبیری، دەستی بۆ براو حزبەکان خۆیان کردە خاوەنی و مەبەست و ئامانجەکانیان شێواندن و هەموو شتێکیان دێزە بە دەرخونە کرد.
چەند چالاکی سیاسی لە منداڵدانی راستەقینەی خەڵکەوە هاتە ئاراوە و حزب خۆی کردە خاوەنی یان روونتر تەبەننای کرد و یان وا خۆیان باسی لێ دەکەن سواری شەپۆلەکەی بوون، بە هەر شێوەیەک بێت و، دواجار لە کاتێکی شیاودا بە مردوویی رادەستی دایک و باوکە دەستخەرۆ و بێ دەرەتانەکەیان کرد و تەنانەت رەخنەشیان لێ گرت. بۆیە هەموو لایەک حەقی خۆیەتی کە متمانەی بە هیچ لایەنێکی کوردستانی نەمێنێت و هەوڵ بدات خۆی بەدوور بگرێت لە هەموویان و نەفرەت لە کاروکردەوەیان بکات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت