عیماد عەلی: ئەگەر هەموویان راست بکەن گەڕی سەردانەکانی ناوێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

باش دەزانن کە کات بەسەریەوە نەماوە و قۆناغەکە وا بە خێرایی دەروات بواری هیچ خاوخلیجی و گەڕیی سەردان و قاوەخواردنەوەی تێدانەماوە و، پێویستە چەندین کۆبونەوە لە کۆبونەوەیەکی سەرەکی خێرادا چر بکرێتەوە، بۆ ئەوەی ئەنجامی هەبێت، کەس باوەر ناکات بە سەردان و رێکەوتنی ژێربەژێر و بینینی ئەم و ئەو و، کێ دادەنێشتێت و، بریار لای کێیە و، بۆ لای کێ دەگەرێنەوە و، دواجار ناکۆکی نەک لەسەر وشەیەک بەڵکو لەسەر پیتێک دروست بێت و هەموو ریسەکە بکەنەوە بە خۆری و، تەنها ئەوانە لێ قازانج بکەن کە مەبەسەتیان کات کوشتنە. بە یەک دانیشتنی هەموو لا یەنەکان و لە شوێنێکی تایبەت یان گشتی و لە پەرلەمان بێت یان لە ژوورێکی ئەنجومەنی وەزیران یان لە ماڵی هەر کەسێکی خەمخۆر یان لەدەرەوەی وڵات، ئەگەر نیەت و متمانە هەبێت چارەسەر زۆر کورت و کەمخایەن دەبێت، ئەگەر نا، متمانە وەک ئەمرۆ و لایەنەکان پەرتو بڵاو بن و چەقۆ لەیەک بسون، ئەگەری چارەسەر بەقەد یەک دونیا دوور دەبێتەوە.

بۆ مەبەستی سەرکەوتن و چارەسەری خێرا و پتەو پێویستە:
* لە رۆژی یەکەمەوە و بۆ راستگۆیی و بە ئەنجام گەیشتن، کەسی یەکەمی لایەنەکان لە کۆبونەوەکە بەشدار بێت.
* ئەکەر بۆ دوورخستنەوەی دەستوەردانی ناحەزان بیانەوێت کۆبونەوەیەکی دوور لە چاوی کامێرا و هەڵای راگەیاندنەکان بکەن، دەتوانن لە ولاتێکی دەرەوە کۆبونەوەی سەرەکی خۆیان بکەن و مەسەلە سەرەکیەکان و وردەکاریەکانیش یەکلایی بکەنەوە و، ئەگەر نا بریاری ئەوەش بدەن کە شەفاف بێت لەبەر چاوی خەڵک بێت، ئەوە لە هەموو لایەکەوە راگەیاندن ئاگادار بێت و رەش و سپی لەبەردەم خەڵک بێت بۆ هەڵسەنگاندن و دەرکەوتنی لایەنی گوناحبار لە شکستی رێککەوتن.
* کاری یاسایی و دانانی کەسەکان لە شوێنە هەستیارەکان هەر هەمووی بە باکێجێک بێت، کە بیخەنە بەردەستی پەرلەمان لە دانیشتنێکی یەک سەعاتیدا بریاری لێبدات و یەکلایی بکاتەوە.
* سەردان و سەردانکاری درێژەدانە بە کات کوشتن و خۆخەریک کردن بە شتی لابەلا و سادربونەوەی گەشبینی لەم کاتەدا کە خەڵک تۆزێک گوری بە گەشبنیدا هاتۆتەوە، بۆیە کۆبونەوەکە بەکورتی و چری بێت زۆر پێویستە.
* بۆ ئەوەی رێگە لە تەکتیک کردن و نیازی خراپ و خەڵک ساردکردنەوە لە فشارەکانیان بگیرێت، کە هەر لایەک بیەوێت بە رێگەی دانوستانەوە مەرامەکانی جێبەجێ بکات و خۆی لەقەرەی پرس و کێشە سەرەکیەکە نەدات، دەبێت هیچ گەرێکی سەردان نەیەتە ئاراوە و، بۆ کاری لوجستیش دەتوانرێت راگەیاندراو لە رێگەی دەزگای راگەیاندنەوە بڵاو بکرێتەوە، یان بۆ نهێنی پاراستن بە کتابی رەسمی لایەنەکان ئاگادار بکرێنەوە، یان لەیەک رۆژدا تەنها بۆ دیاریکردنی کاتی کۆبونەوەی کەسە یەکەمەکان، یەکجار سەردانیکردن بکرێت.
ئەگەر بەم شێوەیە نەبێت و گەری سەردان و دانیشتن و کێ پێشوازی کێ دەکات و کێ نایکات و لە چ ئاستێک دەبێت و ئەجێندا و نەخشەی کارەکە چۆن دەبێت، بێگومان لەوێشدا ئەتەکێت بەکار دێت، ئەوا جگە لە گەرێکی دانوستانی شکستخواردوی تر و لە بازنەیەک خولخواردنەوە و ناکۆکی لەسەر بچوکترین شت، هیچ شتێکمان دەست ناکەوێت و کاتەکە دەروات و دەستی هەموو لایەک لە بنی هەنبانەکەوە بە خاڵی دەردەچێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت