دانا مەحمود: دوای موسڵ ــ باشوری کوردستان بەرەو کوێ.

لە دوای دروست بونی عێراقەوە کورد هەوڵی داوە لە چوار چێوەی عێراقدا بە مافەکانی بگات، بەڵام لەبەر ئەوەی هەمو دەستەڵاتە یەک لە دوای یەکەکان، لە سەر بنەمای ڕێزگرتن لە هەمەجۆری […]
سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لە دوای دروست بونی عێراقەوە کورد هەوڵی داوە لە چوار چێوەی عێراقدا بە مافەکانی بگات، بەڵام لەبەر ئەوەی هەمو دەستەڵاتە یەک لە دوای یەکەکان، لە سەر بنەمای ڕێزگرتن لە هەمەجۆری نەتەوەکان دروست نەبو، بۆیە عێراقێکی دیکتاتۆریی فاشیت دروست بو، ئێستەش دوای ئەوەی شیعە لە ساڵەکانی 1920 وە دەسەڵاتی وەرنەگرت و دەستەڵاتیان حەرام کرد، بووە هۆی لاوازی دەسەڵاتی شیعەکان و باڵادەستی سونەی نەتەوە پەرستی عەرەبی.

لە ئێستادا بە پاڵپشتی ئێران شیعە دوای 94 ساڵ دێتە ناو دەسەڵات و بەو پەڕی باڵادەستییەوە کاری دەوڵەت داریی دەکات، ئەمە وای کردوە نەک هەر عێراق بگرە پەل بهاوێژێت بۆ ئەفغانستان و یەمەن و لوبنان و سوریا، کە پێ دەچێت لەبەر ئەوەی هێزێکی گەورەیە هەم ئەمریکا و هەم ناتۆ مامەڵەکانیان زیاتر بێت لەگەڵ ئێران، بە تایبەت لە دۆسیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

لە ئێستادا تورکیا لە ململانێی قورسدایە لەگەڵ سوریا و یۆنان و ئەرمینیا و عێراقدا، بۆیە پێ دەچێت ئەم سەرکێشەیەی تورکیا ببێتە هۆیەک بۆ بەرکەوتنی شانسی شێر بە ئێران، لەم نێوەندەدا کورد لە باشور دوای موسڵ ناچار دەکرێت بگەڕێتەوە بۆ ناوەند و لەوێوە ململانێکانی بکات، بە تایبەت لە ئێستادا جگە لەوەی زۆنی سەوز درێژکراوەی ئێرانە، دەریش کەوت کە لەسایەی ئەم دەستەڵات و سەرۆکایەتیەی باشور توانای ئیداریان نیە و دەرکەوتوە کە فاشیلن، هەر بۆیە گەر لە ئێستادا چاوپۆشیەک هەبێت لە ئاست کێشە ناوخۆییەکانی باشور ئەوا دوای موسڵ نە ئەمریکا و نە ناتۆو چی ئێرانیش ڕێگە نادەن هەرێمێک هاوپەیمانیان بێت و نەتوانن ئیدارەی خۆیان بدەن.

بە مانایەکی تر ناتۆ و ئێران کەسێکیان ناوێت بێ هێز و لاواز و قومارچی بێت و نەزانێت سەروەت و سامانی خۆی چی لێدەکات، دوای موسڵ لە ئەگەری فراوان بونی باڵا دەستی شیعە بەرەو سوریا و بناغە دانانی پتەو لە عێراقدا و لاواز بونی بەرەی سونە لە عێراقدا و سەیرکردنیان وەک پاشکۆ.

 باشوری کوردستان ناچار دەبێت بە ملدان بۆ هەژمونی ئێرانی، ئەم دۆسیەیە لە ئێستەوە سەرەتاکانی دەرکەوتوە، دەبینین پارتی دەیەوێت بە خێرایی لە داخوازی و بێمنەتی و لە خۆباییەکانی بێتە خوارەوە، ئەوە دەزانی کە لە دوای موسڵ ئێران بچوکی دەکاتەوە بۆ ناو چوارچێوەی سنوری قەڵەم ڕەوی خۆێ، خۆ ئەگەر تورکیا نەچێتەوە سەر مێزی ناتۆ ئەوا لە بەرامبەردا ئێران نەک هەر فراوان دەبێت بگرە وڵاتانی وەک بەحرەین و کوەیت و ئیمارات و قەتەریش دەخاتە ژێر هەژمونی خۆی ئەو کات کورد لە باشور ئەگەر دەستی هەر بە عەباکەی حەرەمسەرای عوسمانیەوە بێت، ئەوا لەگەڵ کەوتنی تورکیا ئەویش دەکەوێت، دور نیە وەک جەزائیر ئەم جارە تورکیا بە ناوی ئیمرالیەوە کوردی باشور وەک کارتێک بفرۆشێت، بۆیە دوای موسڵ هەمو ئەگەرەکان ئەوە دەڵێن، کە کورد ناچار دەبێت بگەڕێتەوە ناوەند، ئەو کات لە بەرامبەر ڕیفراندۆمەکەی بارزانی و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی دەبێت وەک پیرەمێرد بڵێن:

 با بچین بۆ خزمەت عەرشی عێراقی

 بڵێین یار باقی و هەم سوحبەت باقی 

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت
وتاریکورد

ئەرشیڤی بەڕێز: وتاریکورد