کاوسەین بابەکر: تورکیا، تاکەی پێچەوانەی تەوژم مەلەدەکات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دیکتاتۆریەت سستمێکی بێزراوە، بەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتی بینیومانە، چۆن ئەم شێوازە لەحوکمڕانی، لەکۆتاییدا سەری خاوەنەکانی خواردووە. مێژوو دەیان چیرۆک و بەسەرهاتی پاشاکان، سەرۆکەکان و فەرمانڕەواکانمان بۆ دەگێڕێتەوە کەوا، چۆن بەئاگرو ئاسن هاتوونەتە سەر حوکم و بەخوێن و کوشتار دەستەڵاتەکانیان ڕاگرتووە کەچی، دواتر زوو یان درەنگ تێدا چوون!
دەوڵەتی تورکیا دوای سەردەمێکی ڕەش و خوێناوی، کەپڕە لەخوڵقاندنی کارەساتی گەورە گەورە دژی گەلانی خۆی، هەر لە جینۆسایدکردنی گەلانی ئەرمەن و کورد لەسەرەتای سەدەی بیست و لەخوێندا نقومکردنی شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانی کورد، خەریک بوو و وردەووردە، لە نەوەدەکانی کۆتایی سەدەکە، بەرەو دێموکراسی و ئاشتەوایی نیشتمانی هەنگاوی دەنا، بەڵام خۆپەرستی و چاوچنۆکی، ئەردۆگان بۆ دەستەڵات، هەموو ئەو هەوڵانەی دەیان ساڵەی بەباداو تورکیای بۆ ڕۆژە پڕ شەرم و ڕەشەکان گێرایەوە. ئەردۆگان چاو لە و مێژووە پڕ لەشەرمەزاریەی ڕابردووی دەنوقێنێ و نەک دەرسی لێوەر ناگرێ بەڵکو هەوڵدەدا خوێناوی تر ودڵڕەقانە تر لە باپیرە فاشستەکانی دووبارەی بکاتەوە!
گەلی کورد کە هاوبەشی تورک بوو لە دەوڵەتداری چ لەسەردەمی عوسمانیەکاندا و، چ لدروستکردنی کۆماری تورکیای نوێداڕۆڵێکی مێژوویی بەرچاوی هەبوو، نەک ئامادە نەبوون هیچ ئاشتەواییەکی لەگەڵ پێک بێنن و بەشێک لەمافە کلتوری و نەتەوەییەکانی پێبدەن، تەنانەت ئامادە نەبوون و نین دان بەناسنامە نەتەوەییەکەشیدا بنێن، لەکاتێکدا پارتی هەدەپە زۆر شارستانیانەو سەردەمیانە خەباتی مەدەنیانەی خۆی بۆ خزمەتی تورکیای گەورە خستۆتە گەڕ، لەچوارچێوەی دەستورو یاسای ووڵاتەکەدا، نەک جێگەی ڕەزامەندی کوردو گەڵانی تری تورکیایە بەتورکیشەوە بەڵکو گەلان و دەوڵەتانی دونیاش بەڕێزەوە لە خەباتی ئەوان دەڕوانن، ئەم شێوە خەباتەی هەدەپە کاریگەری لەسەر پێ کاکاش داناو ئامادەی هەر گفت وگۆو ڕێککەوتنێک بوو لەگەڵ دەوڵەت ولەوپێناوەشدا بۆ نیازپاکی نیشاندان چەندین ئاگربڕی یەکلایەنەی ڕاگەیاند واتا دانانی چەکیش هاتە پێش! بەڵام بەداخەوە ئەردۆگان و حزبەکەی نەک پێشوازیان لێنەکرد، بەڵکو زیاتر کەوتنە توندو تیژی و هەموو ئەو هەنگاوانەیان بەئاگرو ئاسن وڵام دایەوە، تا کار گەیشتە ڕەشبگیری سەرجەم کادیرو سەرکردەکانی پارتە کوردیەکان و چالاکوانانی مەدەنی کورد و ئێستا، هەزاران کەسیان بەبێ هیچ پاساوێکی یاسایی لەگرتووخانەکان پەستێوراون! ئەوە هەموو لەکاتێکدا بەڕێوە دەچێ کە، ناوچەکە تووشی ئاگری شەڕێکی ماڵوێرانکەر بۆتەوە بەدەستی دڕەندەترین دوژمنی مرۆڤایەتی کەداعشە و دەوڵەتەکانی ناوچەکە جگەلە تورکیا بە پشتیوانی ووڵاتە گەورەکانی دونیا بەگژیدا هاتوونەوەو کورد، بە هێزی پێشمەرگەو گەریلا لەم شەڕەدا، ڕۆڵێکی سەرەکی هەیەو گەلانی دونیا دەستخۆشی و شانازیان پێوەدەکەن و ئەمەش کێشەی کوردی لە بازنەی ناوخۆیی و ناوچەیی بوون دەرهێنایەوەو کورد، بووە بە سونبولی مەزڵومی و قوربانی دەوڵەتەکانی ناوچەکە لەلایەک و لەلایەکی تر سونبولی بەرگری و گیانفیدایییە دژی زوڵم و داگیرکاریەکانی داعش. ئەمەش وای کردووە کورد ئیدی بەئاسانی نەتوانرێ گەلەکۆمەکی لەدژ بکرێ و جاریکی تر سایکسەکان و وبیکۆکان، نەخشەی نیشتمانەکەی وونجڕ وونجڕبکەنەوە. ئێستا ئەوروپیەکان و ئەمریکا لەلایەک و ڕوسیاو ئیسرائیل لەلایەکی تر، لەهەوڵی پێکهێنانی دەوڵەتێکن بۆکورد، کە بەچاوخشاندن بەنەخشەی سیاسی ناوچەکەدا دەردەکەوێ، کە زەرورەتی ئەو دەوڵەتە بۆ دێموکرسی و بەگژاچوونەوەی تیرۆرو بازارو بازارگانی ئازاد لەناوچەکەدا تاقانەو دەگمەن و گرنگ دەبێ و، بەرژەوەندیە ئینسانی و ئابوری و ئارامیەکانی دەولەتانی دونیاش وادەخوازێ.
کەچی لەو ناوەدا هێشتا ڕەجەب ئەردۆگان لەهەوڵی ناکامانەدایە بۆ لەبار بردنی هەموو ئەو تەوژمانە و شێتگیربووە، کە دەزانێ هەموو هەوڵێکی بێ ئاکامەو دەوڵەتی کوردی کە بەدرێژایی تەمەنی خۆی و باپیرانی لێی دەترسان بۆتە دیفاکتۆو لەماوەیەکی زەمەنی کورتدا ئاڵای ئەم دەوڵەتە لەتاقی ئاسمان لەبەردەم نەتەوە یەکگترووەکان دەشەکێتەوە و سنوری ئەو دەوڵەتەش لەنزیک دیوارەکانی ئەنقەرەی پایتەخت دەبێ، مەلەنەزانێکی وەک ئەردۆگان، چیتر ناتوانێ پێچەوانەی تەوژمی ڕوباری مێژوو مەلەبکات، لەکۆتاییدا یان دەپسێ، یان دەبێ دەستی تەسلیمبووون بەرزکاتەوە!.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت