شه‌ریف هه‌ژاری: هه‌ر ئه‌مه‌مان مابوو، به‌ڕۆژی ڕوناك و به‌ بەرچاوی كامێراكانه‌وه‌ دیمان تێڵای پۆلیس له‌سه‌ری مامۆستادا‌ شكایەوە!

پرسیار ئه‌وه‌یه‌: لایه‌نگرانی ئه‌م ده‌سه‌لاتی حوكمه‌تی بنكه‌فراوانه‌، چ شتێكیان ماوه‌ بۆ وتن كه‌ له‌ ئاست ئه‌و بێڕێزییه‌ دابێت كه‌ به‌ مرۆڤ ئه‌كرێت له‌م كۆمه‌ڵگایه‌دا، به‌ڕاستی مرۆڤ شه‌رم ئه‌یگرێت له‌ ئاستی […]
بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە

پرسیار ئه‌وه‌یه‌: لایه‌نگرانی ئه‌م ده‌سه‌لاتی حوكمه‌تی بنكه‌فراوانه‌، چ شتێكیان ماوه‌ بۆ وتن كه‌ له‌ ئاست ئه‌و بێڕێزییه‌ دابێت كه‌ به‌ مرۆڤ ئه‌كرێت له‌م كۆمه‌ڵگایه‌دا، به‌ڕاستی مرۆڤ شه‌رم ئه‌یگرێت له‌ ئاستی دا!؟

گۆڕان وه‌ك بزووتنه‌وه‌یه‌كی سه‌رشه‌قامیی جه‌ماوه‌ری ناڕازی كوردستان، كوا به‌یاننامه‌ی فه‌رمیان له‌باره‌ی ئه‌م ئه‌تككردنه‌ی كه‌رامه‌تی مرۆڤ، ئه‌تكردنی كه‌رامه‌تی مامۆستا!؟ ئه‌و پیرۆزییه‌ی كه‌ مامۆستا بۆ نیشتیمان هه‌یه‌تیی ته‌نها لای گه‌له‌ پێشكه‌وتووه‌كان له‌ گرنگیی و پیرۆزییه‌كه‌ی به‌ به‌رپرسیارییه‌وه‌ هه‌ستی پێ كراوه‌! ئێستا پارێزگار گۆڕانه‌، قایمقام گۆڕانه‌، لێپرسراوی په‌روه‌رده‌ هه‌ر گۆڕانه‌، ئه‌مڕۆش به‌دیارچاوی دنیاوه‌ پۆلیس توێڵای له‌سه‌ری مامۆستادا شكاند، ئێستا ده‌سه‌لاتتان هه‌یه‌ به‌و هه‌موو پۆسته‌ ناوچه‌ییانه‌وه‌ یاخود نا!؟ ئه‌گه‌ر نیتانه‌ وازبێنن، ئه‌گه‌ر هه‌تانه‌ چی به‌ جه‌ماوه‌ر ئه‌ڵێن!؟ پرسیار ئه‌وه‌یه‌: ئایا ئێوه‌ش له‌م كه‌ین و به‌ینان! ئه‌گه‌ر وانییه‌ بۆ به‌و ده‌سه‌لاته‌ی كه‌ هه‌تانه‌ ئه‌و پۆلیس و پله‌دارانه‌ی به‌و كاری توێڵاوه‌شاندنه‌ هه‌ستاوون ڕووبه‌ڕووی یاسایان ناكه‌نه‌وه‌!!

ڕێزم هه‌یه‌ بۆ به‌شێكی پۆلیس و ئاسایش و، له‌ ڕاستیش دا زۆرینه‌یان كه‌سوكارمانن، هه‌ر له‌ پۆرزا و خاڵۆزا و ئامۆزا تا ده‌گات به‌ خزم و كه‌سی دورتر. به‌ڵام هه‌ندێك كه‌س لای ئه‌م ده‌سه‌لاته‌ كراوه‌ته‌ پله‌داری پۆلیس و ئاسایش، كه‌ پێشتر هه‌ڵگری چه‌ندان تاوان بوون.
له‌ ڕاستیش دا، یه‌كێك له‌و كایانه‌ی كه‌ له‌ به‌ریتانیا گرنگیم پێ ده‌دا، ته‌ركیزم بوو له‌سه‌ر ئه‌دای سه‌ركه‌وتووانه‌ی پۆلیسه‌كانی به‌ریتانیا، كاتێك وردبوومه‌وه‌ و پرسیارم كرد، ئه‌وكات بۆم سه‌لما، كه‌ له‌وێ كه‌سانێك ده‌توانن ببنه‌ پۆلیس كه‌: كۆلێژیان ته‌واو كردبێ و پاش ئه‌وه‌ی داخوازینامه‌ی بوون به‌ پۆلیسی پڕده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌وا سێ مانگ تا ساڵێك به‌ وردی چاودێری ڕابردووی كه‌سه‌كه‌ ئه‌كرێت، ئایا ئه‌و كه‌سه‌ پاشخانی مێژوویی چۆن بووه‌!؟ جه‌سته‌ و كه‌سێتیی و نه‌رمونیانیشی چۆنه‌!؟ ئه‌وكات ناوه‌كان ئاشكرائه‌كرێن كه‌ كێن ئه‌و كاندیدانه‌ی بۆ بوون به‌ پۆلیسی ده‌پاڵێورێن! دواتریش چه‌ندان ساڵ (به‌شێكیان سێ ساڵه‌) فێرده‌كرێن له‌سه‌ر كه‌یسه‌كانی (مافی مرۆڤ، یاساسه‌روه‌ریی، خو و ڕه‌وشت و ئه‌ته‌كێتی به‌رز)، كه‌ ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت بووشنه‌ پۆلیس، كارێكی نا یاسایان لێ ببینرێت، ئه‌وا به‌ توندی ڕووبه‌ڕووی یاسایان ئه‌كه‌نه‌وه‌ و له‌ پیشه‌كه‌یان لایان ده‌ده‌ن و، كه‌سه‌كه‌ باجه‌كه‌شی زۆر قورستر ده‌دات.
كه‌چی له‌ كوردستان، جگه‌ له‌ زۆر پرسیار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م هه‌موو خه‌لكه‌، ئه‌و هه‌موو پله‌یه‌ی ئاسایش و پۆلیسی چۆن وه‌رگرت و چۆن وه‌رده‌گرێت، كه‌چی كاتێك كه‌سێك ده‌بێته‌ پۆلیس و ئاسایش، به‌بێ ئه‌وه‌ی فیلته‌رێكی ئه‌وتۆی پاڵاوتنی هه‌بووبێ (جگه‌ له‌ فیلته‌ری واسته‌ و حیزبۆكراتی)، ده‌كرێته‌ پۆلیس و، ئیتر ئه‌بێت ئه‌ویش خۆی بخاته‌ ڕیزی به‌رپرسه‌ چه‌پاولگه‌ره‌كان و مانۆڕ به‌سه‌ر خه‌ڵكی گشتی دا لێ بدات!

له‌كاتێكدا ڕۆژانه‌ پۆلیس و ئاسایشه‌كان له‌ (پرسگه‌كان، خاڵه‌كانی پشكنین، نه‌خۆشخانه‌كان و داو و ده‌زگاكان)ی دیكه‌ ده‌بینین، ئه‌وا بۆمان ئه‌سه‌لمێت كه‌ یه‌كێك له‌و توێژه‌ حوكمه‌ت كه‌ زۆرترین ڕۆتینات ئه‌نجام ده‌ده‌ن ئه‌مانن. بۆنموونه‌: وردببنه‌وه‌ له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر پۆلیسێك له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌ك بناسیت بزانه‌ هه‌میشه‌ بۆچوونه‌ ژووره‌وه‌ پێشناخرێیت!! زۆر نموونه‌ی دیكه‌ش به‌رچاوون‌!! ئه‌مه‌ چی ده‌گه‌یه‌نێت!؟ ئه‌مه‌ ئه‌یسه‌لمێنێت كاراكته‌ری پۆلیس و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌ فیلته‌ری قۆناغی په‌روه‌رده‌كاری ته‌ندروستی خۆیان نه‌پاڵێوراوون و فێرنه‌كر‌اون.
نه‌شم دی ڕۆژێك په‌رله‌مانتارێكی به‌ڕێز پرۆژه‌یه‌كی گرنگ له‌سه‌ر پۆلیس و ئاسایش له‌ هه‌رێمی كوردستان بنووسێت یان پێشكه‌ش كات، له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی: كێن ئه‌وانه‌ی مافی بوون به‌ پۆلیس و ئاسایشیان هه‌یه‌!؟ ئه‌رك و مافی یاسایی ئه‌مانه‌ چیه‌!؟ بۆ له‌ ولاتان سزای تاوانی پۆلیس و ئاسایش زۆر قورستره‌!؟ بۆ له‌ كوردستان له‌ زۆربه‌ی داو و ده‌زگاكان ئه‌م توێژه‌ بوونی هه‌یه‌، كه‌چی واسته‌ و به‌رتیلیش له‌ ناویان دا زه‌قه‌ و ده‌یان پرسیاری مه‌نتیقی و واقیعی دیكه‌!! له‌به‌ر ئه‌وه‌ی توێژی پۆلیس ده‌بێت زیاتر له‌ هه‌موو كه‌س یاسایی و نه‌رمونیانتر ڕه‌فتار بكه‌ن، ئه‌وا ده‌بێت باشترین په‌روه‌رده‌ و مه‌شقیان دیبێ و خاوه‌ن خاوێنترین ڕابردووبن.

شه‌هیدانی كوردستان بۆ ئازادی و عه‌داله‌تی كۆمه‌لایه‌تی گیانیان به‌خت كرد، پێشمه‌رگه‌كانی پارچه‌كانی دیكه‌ (بكور، خۆرهه‌لات و خۆراوا)ش بۆ باشور قوربانیان بۆ ئه‌و ئامانجه‌ پیرۆزانه‌ داوه‌، ئه‌ی كه‌وابوو شكاندنی توێڵای پۆلیس له‌ سه‌ر سه‌ری مامۆستایاندا، شكاندنی هه‌موو پێوه‌ره‌كانی ئازادی و مافی مرۆڤ نییه‌!! له‌كاتێكا مامۆستایان داوای پیرۆزترین مافی یاسایی و مرۆیی خۆیان ده‌كه‌ن، ئه‌بێ ده‌سه‌ڵات بیبیستێت كه‌ مامۆستا ناتوانن بژین، بڕی مووچه‌ی مانگانه‌ی مامۆستا ته‌نها به‌قه‌د كرێی مانگانه‌ی خانووه‌كه‌یه‌تی!!

ئاخر له‌ ولاتێك پۆلیس زۆرترین مووچه‌ی هه‌بێ و، پۆلیس هه‌یه‌ بڕی مووچه‌ی مانگانه‌ی ملیۆن و نیو زیاتری هه‌یه‌، مامۆستای زانكۆ 400 هه‌زار دینار بۆ 500 هه‌زاریان هه‌یه‌، مامۆستای ناوه‌ندی و سه‌ره‌تایش هه‌ر 400 هه‌زار، ئیدی چۆن هه‌مووی نابێته‌ پۆلیس، ئیدی چۆن هه‌مووی بێ چه‌ند و چوون فه‌رمانی توێڵا شكاندن به‌سه‌ر سه‌ری مامۆستادا جێ به‌جێ ناكات!؟ وڵاتێك كه‌ سیستمی حیزبۆكراتی خه‌لكه‌كه‌ی‌ فێری پاره‌ و په‌رتیل بكا، ئیدی چۆن پۆلیس شكۆ و خۆفه‌رزكردنی به‌سه‌ر توێژی گشتیی دا زاڵ نابێت، چونكه‌ بڕی مووچه‌كه‌یان زۆره و به‌ فیلته‌ری په‌روه‌رده‌كردنی‌ ته‌ندروستیش دا تێ نه‌په‌ڕیبووبن‌!!

به‌ خوا و به‌ خوێنی شه‌هیدانی هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان، دایكێك ئه‌ناسم ته‌مه‌نی نزیكه‌ی 75 ساڵه‌، مێرده‌كه‌ی و كوڕێكی شه‌هیدن، كوڕه‌كه‌ی شه‌هیدی سه‌نگه‌ره‌، وه‌لاهی ئێمه‌ ده‌به‌یه‌ك نه‌وتمان بۆ بردووه‌ و هیچی نه‌بووه‌ بۆ گه‌رمای زستان، ئاخر ویژدان و ئه‌خلاق له‌ كوێی ئه‌م هاوكێشه‌یه‌ دایه‌!؟

له‌ وڵاتێك دا كه‌ پۆلیس به‌ ڕۆژی ڕوناك و به‌ دیارچاوی هه‌رچی كامێرا هه‌یه‌، توێڵا له‌ سه‌ری مامۆستادا بشكێنێ و، ناڵه‌ی دایك و خوشكی مامۆستا بگاته‌ كه‌شكه‌لانی فه‌له‌ك، ئیدی ئه‌پرسم پیرۆزی ئه‌و وڵاته‌ له‌ كوێ دایه‌ و له‌ چی دایه‌!؟

بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ سەر فەیسبووکەکەت یان هاوڕێکانت کلیک بکەرە سەر ئەو سمبولانە
شەریف هەژاریی

ئەرشیڤی بەڕێز: شەریف هەژاریی