دکتۆر شۆرش حەسەن: خەڵك سەرچاوەی دەسەڵاتەو چارەسەریش هەر لای خۆیەتی.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دەسەڵاتی سیاسی دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی و سیاسی و یاساییە، بونی پێویستە بۆ رێكخستنی ژیانی كۆمەڵگاو و دەستەبەركردنی ئارامی و ئاسایش تیایدا بەمەبەستی پاراستنی ماف و ئازادی تاكەكانی لەرێگەی ئەو یاسایانەوە كە دەریان دەكات و بەهێز دەیسەپێنی بەسەر هەمواندا بە حاكم و مەحكومەوە. بەڵام ئەگەر فەرمانرەواكان پابەند نەبوون بە یاساكانەوەو لەئەنجامدا ماف و ئازادی تاكەكان پێشێلكرا، چون بتوانین سنوور بۆ ئەو زیادەرەویە دابنێین تا مافەكانمان پارێزراو بن لە دەست درێژی فەرمانرەواكان؟

لێرەدا دوو رێگا یا دووجۆر گەرەنتی هەیە بۆ پاراستنی ماف و ئازادیەكانمان لە دەست درێژی و سنوربەزاندنی فەرمانرەواكان، یەكەمیان گەرەنتیە یاساییەكانە، كە ئەویش بەهۆی فەراهەم بوونی كۆمەڵێك پرنسیپ و رێكاری یاسایی دەستەبەر دەكرێت، وەك پرنسیپەكانی: جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان، یەكسانی هاوڵاتیان، سەروەری حوكمی یاسا، چاودێریكردن لەسەر دەستوریەتی یاساكان، چاودێریكردنی كارەكانی دەسەڵاتی جێبەجێكردن. هەموو ئەمانەش لە دەستوور و یاسای وڵاتدا بریاریان لێ‌ دەدرێت وەك پرنسیپ و رێكاری یاسایی بۆ سنوور دانان و رێگرتن لەپێشێلكاریەكان لەلایەن هەر دەسەڵاتێكەوە بێت بە تایبەتی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن، بەڵام كاریگەری ئەو جۆرە گەرەنتیە بۆ وڵاتی یاساو دامەزراوەییە كە تیایدا سستەمێكی دیموكراتی حوكمران بێ‌.
بەڵام بۆ وڵاتانێكی نادیموكرات و حوكم میلیتاری وەك عێراق و سوریاو هەرێمی كوردستان، ئەوە تەنها رێگەی دووەم كە بریتیە لە گەرەنتیە سیاسیەكان دەتوانن سنوور بۆ زیادەرەوی فەرمان رەواكان دابنێن، ئەو گەرەنتیانەش یا فشاری بەهێزی رای گشتی خەلكە لەسەر دەسەڵات بە خەباتی مەدەنی، یاخود راپەرینی جەماوەریە دژی ئەو دەسەڵاتەو رووبەروبونەوەی بەهۆی هێزەوە. ئەوەش مافێكە ئاینەكان بەتایبەتی مەسیحی و ئیسلام رێگەیان پێداوە، هەروەها كۆمەلێك بیرمەند و زانای بواری دەستوریش وەك (جۆن لۆك، جان جاك رۆسۆ، مۆنتسكیۆ، هوریۆ، ئەهرنگ، دوگی) بریاریان لەسەر راپەرین و رووبەرووبونەوەی جەماوەر دژی حوكمرانان داوە لە ئەگەری بێ‌ سوود بونی فشارە مەدەنیەكان وەك مافێكی رەوای هاوڵاتیان هەروەك چۆن حالەتی دیفاعی شەرعی بریاری لێدراوە بۆ تاكەكان، ئەو مافەش دراوە بە خەڵك بۆ بەرگریكردن لە مافەكانیانەی كاتێ‌ دەستدرێژی بكرێتە سەر لەلایەن حوكمرانانەوە. بۆیەش هەندێك دیكۆمێنتی یاسایی دانیان پیادا ناوە، وەك پەیمانی گەورە(ماگناكارتا)ی بەریتانی ساڵی 1215، جارنامەی سەربەخۆیی ئەمریكی 1776، جارنامەی مافی مرۆڤ وهاوڵاتی فەرەنسی 1789، جارنامەی مافەكان لە فەرنسا 1793، جارنامەی جیهانی بۆ مافەكانی مرۆڤیش بە ناراستەوخۆ ئاماژەی پێداوە، هەروەها دەستوری هەندێك وڵات ئەو مافەی بۆ هاوڵاتیان دەستەبەركردووە لەوانە دەستوری فەرەنسای ساڵی 1793ودەستوری ئەلمانیای ساڵی 1949 لە مادەی (20) دا.
لەبەر رۆشنایی ئەوەی خستمانەروو دەتوانین بلێین ئەمرۆ رێگا چارە لەبەردەم هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان كە سەرەتاییترین مافیان پێشێلكراوە لەلایەن فەرمانرەواكانەوە گرتنەبەری گەرەنتیە سیاسیەكانە بۆ بەرگریكردن و پاراستنی ماف و ئازادیەكانیان. بەهۆی ئەوەی گەرەنتیە یاساییەكان ناتوانن سنوور بۆ حوكمرانانی هەرێم دابنێن ، چونكە دەزگا حوكمرانیەكان لەسەر بنەمای دیموكراتی دانەمەزراون، بەڵكو سەرچاوەیان سستەمێكی حیزبی و میلیتاریە كە گەرەنتیە یاساییەكان تیایدا بایەخی ئەو مەرەكەبەی نیە كە پێی نوسراوەتەوە، وەك دەبینین لێرە دەسەڵاتەكانی تەشریعی و تەنفیزی و قەزایی لەدەست مەكتەب سیاسی حیزبەكان یا كەسی یەكەمیان چركراوەتەوە بەهیچ شێوەیەك لێك جیانەكراونەتەوە، سەروەری بۆ ویست وبریاری حیزب و میلیتارەكانە و هەر كاتێ‌ بیانەوێ‌ یاسا دەخەنە ژێر پێوە و هەرگیز سەروەری بۆ یاسا نەبوە، لێرەشەوە پرنسیپی یەكسانی هاوڵاتیان لەبەردەم یاسادا پێشێلكراوەو بەگوێرەی ئینتمایان بۆ حیزب بەهاوڵاتی نمرە یەك و دوو و سێ‌ پۆلین دەكرێن. پەرلەمانیش وەك دەزگای نوێنەرایەتی خەڵك لە غیابی دەستوردا بەئارەزووی خۆی یاسای دەركردووە (هەرچەندە ئێستا لەكاركەوتوە)، لەرووی چاودێریكردنی حكومەتیشەوە بۆ تەنها جارێكیش چاودێری و لێپرسینەوەی لەحكومەت نەكردوە، بۆیەش دەسەڵاتی جێبەجێكردن بێباك وبێ‌ گوێدانە هیچ جۆرە چاودێریەكی پەرلەمانی یاقەزایی كاری كردوە. بێگومان لەوەها سستەمێكدا ئەو گەرەنتیە یاساییانە بایەخێكیان نیە بۆ پاراستنی مافی هاوڵاتیان لە دەستدرێژی دەسەڵات.
كەواتە رێگە چارەو گەرەنتی بۆ پاراستنی مافەكانمان تەنها رێگە سیاسیەكانە، كە یەكێكیان رێگای ئاشتیانەو خەباتی مەدەنیە لەرێی یەكخستنی رایەكی گشتی بەهێز بەشێوەیەك لەهەركاتێكدا بتەوێت بتوانی فشار بخەیتە سەر دەسەڵات و تەسلیم بەجێبەجێكردنی داواكانت بێت لە ئەنجامی ئەو فشارە زۆرەوە كە خەڵك دەیسەپێنێ‌ بەسەریدا بە شێوازە جیاوازەكانی خەباتی مەدەنی وەك (گردبونەوە، خۆپیشاندان، مانگرتن، داخستنی بازار وفەرمانگەكان، رێگرتن و مقاتەعەی بەرژەوەندیەكانی دەسەڵات بە شێوازی جۆراوجۆرو). تا ئێستا هەندێك لەو فشارە مەدەنیانە تاقیكراونەتەوە بەڵام نەیانتوانیوە دەسەڵات ناچار بە جێبەجێكردنی داواكانی خەڵك بكەن، ئەویش كۆمەڵێ‌ هۆكاری خۆی هەیە، لەوانە بەكورتی: ناهوشیاری خەڵك وبێ‌ خەمی لەهەمپەر داواكردنی مافەكانی، نەبونی پەیوەندی و رێكخستنێكی تۆكمە لەنێوان توێژە جیاوازەكاندا، شێوازی گردبونەوەو خۆپیشاندانەكان بەتایبەتی لەرووی بەرنامەو رێكخستن و رابەرایەتیكردنیانەوە. بۆیە كاراكردنی ئەو رێگایە بەو شێوەی كە كاریگەری و فشار دروست بكا لەسەر دەسەڵات، چەندە پەیوەندی بە سروشتی حوكمرانانەوە هەیە، هێندەش پەیوەندی بە خودی خەڵكەوە هەیە، گەر خەڵك خاوەنی ئاستێكی مامناوەندی هوشیاری سیاسی بێ‌ بێگومان درك بە پێشێلكردنی مافەكانی دەكاو بەرگری لێكردنیان بە پێویست دەزانێ‌ لەگەڵ هاوپیشە و توێژەكانی تری كۆمەڵگا بە شێوازی مەدەنی جۆراوجۆر بەشێوەیەك كە هەموو ئامادەباشی ورێكخستنێ‌ بكەن بۆ ئەو مەبەستە، بێگومان ئەو كاتە دەسەڵات مەگەر لەو پەری دكتاتۆری وحوكمرانی ئاگروئاسن بێ‌ وەلامی داوای خەڵك نەداتەوە، ئەگینا ناچارە بێتە وەڵام و مل بۆ داواكارییەكانی خەڵك كەچ بكا بەهۆی ئەوەی فشارە رێكخراو (مونەزەم)ـەكانی خەڵك هەموو دەزگاو بەرژەوەندیەكانی حوكمرانانان دەخاتە مەترسیەوە. وەك وتمان ئەو رێگایە لەخزمەتی كۆمەڵگایە بەحاكم ومەحكومەوە چونكە پشێوی وتوندو تیژی ونائارامی وكاری تێكدەرانەی لێناكەوێتەوە، بۆیە بەردەوامبون وسووربونی خەڵك لەسەری بە پێویست دەزانین بەو مەرجەی بتوانرێ‌ گۆرانكاری بەسەردا بهێنرێ‌ لەرووی چۆنایەتی وچەندایەتیەوە بەو شێوەی كە بەكورتی ئاماژەمان پێدا، هەروەها حوكمرانانیش گەر لەخەمی پاراستنی بەرژەوەندیەكانی خەڵك و ئەو هەرێمەن ئەوا پێویستە بەشێوازێكی تر هەلسوكەوت لەگەڵ داواكاری ونارەزایەتی خەڵك بكەن ئەگینا لە غەرق بوونی پاپۆرەكە هەمومان زەرەرمەند دەبین بەڵام حوكمرانان زیاتر. بەپێچەوانەوە واتە لەحالەت پشتگوى خستنى داوا كاريه كانى خه لك، بارودۆخەكە لەرێی هێزەوە یەكلادەكرێتەوە، ئەزمون ومێژووی زۆربەی وڵاتان وسروشتی میللەتانی دونیا راستی ئەو بۆچونەیان سەلماندووە چونكە هەركاتێ‌ جام پربو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت