کامیار سابیر: بێدەنگیی نەوشیروان موصطەفا لە نێوان، وەهم و واقیعدا. بەشی یەکەم

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە سیاسەتدا، واقیعییبوون و عەقڵانییبوون، دوو پارادایمی سەرەکیین بۆ تێگەیشتن لە ئاڵۆزییەکانی دونیای سیاسەت. لە واقیعی سیاسیی کوردستانی عێراقدا، بەهۆی هەژموونی گۆڕان و قورسایی سیاسیی ئەم حیزبەوە، تا ئێستاش هەموو هەوڵەکانی تر بۆ دروستبوونی ئۆپۆزیسیۆنی نوێ، لە جوغزی بچووکدا، ماونەتەوە و توانای ئەوەیان نییە گەشە بکەن. بە واتایەکی تر، گۆڕان، بووە بە بەنداوێک بۆ پەنگخواردنەوەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی خەڵکی کوردستان، دژ بە دەسەڵاتی میلیشیایی دوو حیزب کە بیزنسە سیاسییەکەیان لە بیزنسی قاچاغچییەتی نەوت و دزیینی سامانی نیشتمانییدا، خەست کردووەتەوە. راستە دەیان هەزار گەنجی کوردستان، چەندین توێژ و چینی بەرینی کۆمەڵایەتیی، بە هۆی سیاسەتی مافیاکانی کوردایەتییەوە، بە گاڵە هاتوون، بەڵام جگە لە چەند دەنگێکی ناڕازیی لێرە و لەوێ، یان چەند حیزبێکی بچووک و چەند تەکانێکی ئایدیۆلۆژیی ئەم گرووپی چەپ و ئەو گرووپی راست، هێزێک نییە کە مۆبەڵایزی ئەم ناڕەزایەتییانە بکات. لێرەوەیە کە رەخنەکان، پێویستە ئاراستەی گۆڕان و شەخصی یەکەمی حیزبی گۆڕان، بکرێ.

تۆڕێکی گەورەی مافیای سیاسیی، تیجاڕیی، مورتەزیقە و پرۆکسیی بۆ وڵاتانی ناوچەکە( بەتایبەت تورکیا) لە کوردستاندا دروست بووە. بڕیار بوو ئەو قسە قۆڕەی ناوی نرابوو شۆڕشی نوێی گەلی کورد( دوای ئاشبەتاڵ)، کۆتایی بەو مەحسوبییەتە بنەماڵەیی و کۆنترۆڵکردنە سیاسییە بهێنێت، ئەوەی پاترۆنەیجی سیاسیی (Political patronage ) پێدەگوترێ. دوای ئەوەی بەهۆی کەیدی سەکردە موخەضرەمەکانی کوردایەتییەوە، شەهید ئارام، کۆتایی بە ژیانی گەنجانەی هێنرا، ئیتر رێگەکان تەختبوون بۆ ئەوەی ئەو رێکخراوە چەپە- کۆمەڵەی رەنجدەران( بەهەموو کەموکوڕییەکانییەوە)، ببێ بەچەترێک بۆ ئەوەی بنەماڵەیەکی تێکهەڵکێشی سیاسیی نوێ ( تاڵەبانیی + ئەحمەد )، کۆنترۆڵی یەکجاریی یەکێتیی و بەشێکی بەرین لە کوردستانی عێراق بکەن. ئەوانەی دوای ئارام، بە دەستوری تاڵەبانیی و بەئەجێندای ئایدیۆلۆژییەوە، سووکانی کۆمەڵەیان بەدەستەوە گرت، رۆڵێکی ئێجگار گەورەیان لەم بەبنەماڵییکردن و مەحسوبییەتە سیاسییەدا بینی. ئەم پاترۆنەیجە سیاسییەش( لە هەردوو حیزبی تاڵانچییەوە- پارتیی و یەکێتیی) لە کوردستاندا، درێژەی دەبێت ئەگەر راچڵەکاندنێکی سیاسیی جەریئانە، ئەم دۆخی دزیی و تاڵانییە، بە جورئەتەوە نەخاتە ژێر پرسیارەوە و پلان و نەخشەیەکی عەقڵانیی، جەریئانە و واقیعیی دانەڕێژێت.
فەشەلی رائیدبوون و فەشەلی بە سەرکردەبوون، فەشەلی سیاسیی، ئابووریی، مۆڕاڵیی و کۆمەڵایەتیی گەورەی بەدواوەیە. فەشەلی سەرکردە سیاسییەکانی ئێستا، فەشەلی دراماتیکیی نەوەکانی ئاییندەیشی بە دواوەیە. ئەم پارادایمی پاترۆنەیجە سیاسییەی کوردستان، درێژەی هەبێت، کوردستان، بۆ دەیان ساڵی تریش، نووزەی تێدا نابێت و ئاییندەی چەندین نەوەی نوێ، وێران دەبێت. پێویستە، سیاسەتێکی جەریئانە، خاوەن فیکر و روئیا، بە سیاسەتێکی ئەخلاقیی باڵاوە، دڕ بەم دۆخەی کوردستان بدات. ئەوەی زمانناسی مەعریفیی(cognitive linguist) جۆرج لەیکۆف( لاکۆف=Lakoff )لە کتێبی سیاسەتی ئەخلاقییدا( Moral poltics)، باس لە دوو مۆدێلی تێگەیشتنی( کۆنسێپچواڵ- conceptual ) ئەخلاقیی جیاواز لە سیاسەتی ئەمێریکییدا دەکات( لیبراڵیزم و کۆنسێرڤەتیزم)، دەکرێ بۆ سیاسەتی کوردیی Kurdish politics، وەکو پارادایمێکی سیاسیی، لەکولتوورێکی سیاسیی فاشیلدا، کەڵکی لێوەربگیردرێت.
فەلسەفەی سیاسیی و چنگەکڕێی مەعریفیی مرۆڤ، ئەو بەرچاوڕۆشنییەمان پێدەدات کە سیستەم و میتافۆری تێگەیشتنمان بۆ وردەکارییەکانی سیاسەتی مۆدێرن، لە پیاوی مۆدێرن و سیاسیی جەریئدا، باشتر و چالاکتر ببینین. لەیکۆف پێیوایە” ئەم هۆکارە فیکریی و مۆراڵییانەش، هۆکاری میتافۆریین، بۆ ئەوەی مرۆڤ، کەیسی ئایدیال، سێنتراڵیی، هەستیار و سۆسیۆسیاسیی، لە نموونەیەکی بەرجەستەدا(salient exemplar) پراکتیک بکات((Larkoff, 2002:9)) . هەرچی هەڵدەستی و دادەنێشێت، دەڵێ دۆخی سیاسیی کوردستان، چەقبەستووە. باشە ئەگەر ئەمە پێودانگی سیاسەتی ئەخلاقیی –کوردیی بێت، خۆ دەبێت ئەم کەیسە ئایدیال و نەخۆشە، تەشخیص بکرێ و پارادایمێکی نوێی سیاسەت بگیردرێتە بەر. پارلەمان و حکومەتی هەرێم، وێڕای فیاسکۆیەکی( فەشەلی گەورە) زۆر کارەساتبار، بەرهەمی دوو حیزبی میلیشیایی و چەتەگەریین. سەرجەم مێژووی مرۆڤایەتیی، قەڕصەنە و چەتەگەریی لەمشێوەیەی بە ئابووریی نیشتمانەوە نەبینیەوە. هەر هەوڵێك بۆ چاککردنی سیستەمی سیاسیی کوردستان، بەهەدەردانی کاتێکی زۆر و بە فیڕۆدانی توانای چەندین نەوەی نوێشی بەدوادا دێت، وێڕای ئەوەی سامانی نیشتمانیی کوردستان، بۆ ئەبەد دەدزرێ و دەدۆڕێندرێ. ئەم سیستەمە دەبێ بڕوخێنرێ و سەرلەبەر بنیات بنرێتەوە.
گۆڕان، بەهۆی هەندێ پارادایمی سیاسیی و ئەخلاقییەوە، بووە بە حیزبی ژۆرناڵیستەکان، بووە بە حیزبی ئیخوانییە فاشیلەکان، بە حیزبی یەکێتییە تۆراوەکان و بووە بە حیزبی ئەکادیمیستە بێفیکر و گیرفان قووڵەکان. سەرەنجامیش بووە حیزبی نوخبە هەزیل و موهەڕیجەکان، لە سیاسییەوە بیگرە تا بە ژۆرناڵیست دەگات. ئەم تێکەڵیی و پێکەڵییەی گۆڕان، ئەم پۆپۆلیزمە سیاسیی و ئایدیۆلۆژییە فرەڕەنگ و فرە ئاراستەیە، بەبێ شەخصی نەوشیروان موصطەفا- رێکخەری گشتیی گۆڕان( رێگشگ)، توانای ئەوەیان نییە بە کۆرس، شیعرێکیش بخوێننەوە. هەریەکە و لە ئاوازێک دەخوێنن. لە گۆڕاندا، ئەکادیمیستی ناسیۆنالیست و کادیری نەژادپەرستی وای تێدایە، لە ناو پاسۆک و کاژیکی جارانیشدا، وەحشی نەژادیی و راسیستی دەمارگیری وا نەبووە. کادیری ئیخوانیی-مەذهەبیی-طائیفیی و سوننیگەریی وای تێدایە، بیست ساڵی تریش، یەکگرتوو، یەق بکاتەوە، مەخلوقی وای بۆ دروست ناکرێ. هاوکات، چەپ و کۆمۆنیستی مورتەدیشی تێدایە، هەموو مێژووی حیزبی شیوعیی عێراقیی و کۆمۆنیستە رەنگاوڕەنگەکانی تر بگەڕێی، هەلپەرست و ماستاوچیی وات بۆ نادۆزرێتەوە.
وێڕای ئەوەی لەشکرێک لە نوخبەی ئەکادیمیست، ژۆرناڵیست، موحەلیل، موهەڕیج و شەعبەویی( پۆپۆلیست)ی تێدایە کە بەس بەهۆی بیرکردنەوە لە گیرفانی خۆیان و ژیانی خۆیان، سواری ئەم شەمەندەفەرە پۆپۆلیستییەی گۆڕان بوون. کاتێ گۆڕان ئەوە واقیعە سیاسیی و کولتوورییەکەی بێت، جگە لە ( رێگشگ)، ئێخەی کێ دەگریت؟ لەهەمووی کارەساتبارتر، زۆربەی ئەمانە، هێزی یەدەکی کوردایەتییەکەی پارتیین و لە هەر پێچێکدا، لە هەر نووزانەوەیەکی نەژادیی و قیڕەقیڕی دەوڵەتە کوردییە مورتەزیقەکەدا، هەموویان داکۆکیی لەسیاسەتی حەکیمانەی! سەرۆکێکی طائیفیی، ناشەرعیی، ناقانونیی ، نادەستوریی و عەمیلی موخابەراتی تورکە نیۆعوثمانییەکان( میت) دەکەن.
هەمیشە، زۆرینەی هاووڵاتییان، لەکاتی قەیرانە سیاسیی و ئابوورییەکاندا، چاویان لە حکومەت و سەرکردە سیاسییەکانە کە چۆن قەیرانەکان تێپەڕێنن، یان لای کەم کۆنترۆڵی بکەن. ئیدارەکردنی( مانیجمێنت) قەیرانی سیاسیی، ئەرکی ئەو سیاسییانەیە کە تەحەدای واقیعی (سیاسیی و ئابووریی ) دەکەن و بەشوێن چارەسەری خێرا، کورتخایەن و درێژخایەنەوەن. پێویستە بڕیاری قورس بدەن، تەنانەت ئەگەر چارەنووسی سیاسیی و شەخصیی خۆیشیان بکەوێتە مەترسییەوە. لە حیزب و دەسەڵاتی سیاسییدا، بڕیاردەر، دەبێ کەسێ بێت کە جورئەت بکات، بڕیار بدات، بەرچاوی رۆشن بێت، روئیای هەبێت و خەڵکیش جورئەت بکات پاڵپشتیی بکات (The Politics of Crisis Management: Public Leadership Under Pressure ).

سەرکردەی سیاسیی، بۆچی سەرکردەیە؟
لە کاتی قەیرانەکاندا، بەتایبەتیی ئەو قەیرانانەی کە پێوەندییان بە ژیانی بەرینی کۆمەڵایەتییەوە هەیە و زۆرینەی کۆمەڵگە، دووچاری قەیرانی سیاسیی، ئابووریی و تەنانەت نەمانی ئاساییشی کۆمەڵایەتیی دەبێتەوە، دەبێت سەرکردەی کاریزما، خاوەن روئیەیەکی گەش و روئیایەکی بەرین بێت و لەسەروو هەموویشیانەوە، جورئەتی سیاسیی و توانای تەحەداکردنی واقیعی سیاسیی تێدا هەبێت. ئارامی رابەڕی کۆمەڵەی کۆتایی حەفتاکان، بەو گەنجییەتییە لە فیکری سیاسییدا و تەنانەت بەو هەرزەکارییەی تەمەنیشی، وێڕای کەم تەجرەبەیی، ئەم جورئەت و روئیایەی کەم تا زۆر هەبوو کە کۆمەڵەیەک زەبری قورسی بەعثییەکانی بەرکەوتبوو، قیادەکانی تێداچوون، بخاتەوە سەرپێی خۆی، بەڵام کۆمەڵەی دوای ئەو، بوو بە رێکخراوێکی عەسکەرتاریی- میلیشیایی، وردە وردە فیکر و روئیای سیاسیی تێدا نەما، تا سەر پلێت نەژادیی بووەوە و لەگەڵ کوردایەتییەکەی پارتییدا، هیچ جیاوازییەکی نەما.
بەتایبەت ئەو کاتانەی پیاوی وەکو فەرەیدون عەبدولقادر، تەنظیری بۆ دەکرد. ئەوانەی لە هەشتاکاندا، سەرکردایەتیی شەڕی میلیشیاکانی شاخیان دەکرد، سەرپەرشتیی حیزبەکەی خۆیان( یەکێتیی) و شەپۆلێک لە راپەڕینەکانی خەڵکی کوردستانیان دەکرد، توراثی کوردایەتیی مۆدێرنیان داهێنا، بەڵام لەهەمان مەعدەنی کوردایەتییە کۆنسێرڤەتیزمەکە. ئەو توراثە سیاسیی و عەسکەرییانە، ئەو توراثە میلیشیاییانە، بەدەردی گەنجانی ئەمڕۆ و هەلومەرجی سیاسیی ئێستا ناخۆن و سەروەرییەکانی پێرێ و دوێنێش، بەرهەمهێنەری ئەم چەتەگەریی و مافیاگەرییەی ئەم قیادانەی کوردایەتییە.
سەرکردەی سیاسیی کە خاوەنی جورئەت بێت، دەبێت لە سەرکەوتنەکاندا، کەمترین کرێدت بە خۆی رەوا ببینێت و زۆرترین مەسئولییەتی شکست و داکشانەکانیش لە ئەستۆ بگرێت. تەنانەت ئەگەر بە بۆچوونە کلاسیکییەکەی ناپیلیۆنیش سەیری بکەین، سەرکردە، ئەو دەڵاڵەیە کە عەوداڵی دۆزینەوەی “ئومێدە” و ئاسۆ، پێشانی گەلەکەی دەدات. لە کاتێکدا، پتر لە ساڵێكە رێگشگ، بە باش و بە خراپ، نە لەسەر صەفقە ئاشکرا و نهێنییەکەی نێوان داعش، تورکیا و پارتیی لەسەر شەنگال، دەنگێکی لێوە هات، نە لەسەر ئەو هەموو سووکایەتییەی پارتیی و چەتەکانی کوردایەتیی بە سیستەمی سیاسیی و دامودەسگا شەرعییەکانی هەرێمیان کرد، حەرفێکی گوت، نە لەسەر ئەو هەموو عەمالەتەی دەوڵەتی کوردیی و مانیفیستۆی کوردایەتیی بۆ دەوڵەتی نیۆعوثمانییەکانی دەکات، قسەیەکی کرد! لەسەروو هەمووشیانەوە، فرۆشتن و هەڕاجکردنی سامانی سروشتیی ئێستا و نەوەکانی ئاییندە، برسییکردن و زەلیلکردنی خەڵکی کوردستان، بە رەسمیی و روو بە خەڵک، ناڕەزایەتییەکی دەرنەبڕی؟ هەموو ئەمانە لە کاتێکدایە، بێئاسۆیی، بێئومێدیی باڵی کێشاوە بەسەر کوردستاندا و تەنانەت حیزبەکەی خۆیشی( گۆڕان)، لەوپەڕی بێچارەیی سیاسییدا رۆژگار بەڕێ دەکات. ئەم دۆخە، چەند مافیا دەسەڵاتدارەکانی کوردایەتیی( پارتیی و یەکێتیی) لێی بەرپرسن، ئەوەندەش شەخصی رێگشک، لێی بەرپرسە؟
تەقدیری ئەوە دەبێ بگیردرێ کە رێگشگ، تەمەنی هەیە، ناساغە و باری تەندروستیی، پێویستی بەچاودێریی پزیشکیی هەیە. پێویستی بە پشوودان و ئارامیی هەیە، بەڵام خۆ کەس زۆری لێنەکردووە کە درێژە بە پۆستی شاغیری گەورەترین و حەساسترین پۆستی سیاسیی لە کوردستان بدات کە سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنی جاران و رێکخەری گشتیی حیزبێکی گەورەیە، نزیک بە نیو میلیۆن دەنگدەری ناڕازیی لە هەردوو حیزبە مافیاکەی کوردستان، دەنگیان پێیداوە. ئەگەر پێیناکرێت، باشترە خۆی یان حیزبەکەی بە ئاشکرا رایبگەیەنن کە کاری ئەویش ( تمام شد). ئەگەر نا، ئەم بێدەنگییە زۆر و دوورودرێژە، جوبران ناکرێتەوە و خەڵکی کوردستان بە گشتیی و شارەکانی سلێمانیی و کەرکوک( ئیمارەتی نیللیی و سەوز) باجێکی زۆریان دا و پێویستە ئەم گۆمە بشڵەقێنرێت. ئەم هەلومەرجە سیاسییە، پێویستی بە سەرکردەیەکی جەریئو خاوەن روئیای سیاسیی و فیکریی هەیە.
یەکێک لە گەلۆرترین سیاسییەکانی دونیا، دۆناڵد ترامپە، لەم کەمپەینی هەڵبژاردنەی ئەمێریکادا، تەعبیرێکی جوانی لەسەر رۆڵی سەرکردە باسکرد. بە باوەڕی ئەو، سەرکردە هەر بیربکاتەوە، بۆچی بیرکردنەوەی گەورە( Think big ) بەخەیاڵیدا نەیات. ئەو پێیوایە بۆ ئەوەی شتە گەورەکان بە ئاکام بگەیەنیت(accomplish big things ) زۆر ئەساسییە کە روئیەیەکی جەریئانە و روئیایەکی روونت هەبێت. ئەم روئیایە، ئەم دیدە سیاسییە جەریئانەیە، لای رێگشك، سەرلەبەر و لەماوەی ئەم ساڵ و نیوەدا، بوونی نەبووە. لە سیاسەتدا، بێدەنگیی و بێڕوئیایی، سەرکردە بەرەو فەنابوون دەبات. ئەوەی تا ئێستا ئەم پیاوەی هێشتووەتەوە، ئەو پۆپۆلیزمە سیاسییەیە کە هەر لەتەنکاوەکاندا قسەی کردووە و نەچووەتە ناو وردەکاریی ریشە سیاسیی و فیکرییە جۆراوجۆرەکانەوە. بە قەولی گەنجی ئەم رۆژگارە( پەیکار)، ئەم پیاوە هەمیشە لە عمومیاتدا، قسەی کردووە و نەچووەتە ناو تەفاصیڵەوە. ئەمەش پۆپۆلیزمی سیاسیی، کولتووریی و کۆمەڵایەتییە. لە کاتێکدا مرۆڤی سیاسیی خاوەن دید و روئیا، دەبێ بە جورئەتەوە بچێتە ناو قووڵایی و تەفاصیڵەکانەوە، رێنمانیی حیزبەکەی خۆی و جەماوەریش بکات.

لە بەشی دووەمدا، درێژەی دەبێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت