گۆران هەڵەبجەیی: شتێکتان هەیە جێگەی شانازی بێت؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەو ڕۆژە دەترسم کە کوردستان لەلایەن حیزبە کوردیەکانەوە داگیر بکرێت. حەمەسعید حەسەن

سەرکەوتوویی یا شکستی هەردەسەڵاتێک بە کارەکانیدا پێناسە دەکرێت.
هەر دەسەڵاتێک کە بە مەبەستی خزمەتکردن و گۆشگوزەرانی هاوڵاتیان دێتە کایەوە، گەر لە ماوەی دەسەڵاتیدا توانی خزمەت بە هاوڵاتیان بکات و لە هەندێک بواریشادا هەنگاو بۆ پێشەوە بنێت، کە هاوڵاتیان هەستی پێبکەن، ئیدی بەلای کەمەوە بە پێوەری هەڵسەنگاندنی دەسەلات، دەچێتە خانەی دەسەڵاتە سەرکەوتووەکانەوە. خۆگەر دەسەڵاتێک نەیتوانی هاوڵاتیان لە خۆی ڕازی بکات و لە دەستەبەر کردنی پیداویستیە سەرەتاییەکاندا سەرکەوتوو نەبوو، ئەوە بە مانای وشە دەسەڵاتێکی شکستخواردوە.
دەسەڵاتی کوردی کە زیاتر یەکێتی و پارتی بەڕیوەیان بردوە، لە ماوەی [25] ساڵی ڕابردوودا فاشلترین نمونەی دەسەڵاتیان نیشانی خەڵک دا. نەیانتوانی ژیانێکی شایستەو ئاسودە بۆ خەڵکی کوردستان دەستبەر بکەن. هیچ بوارێک شکنابەم کە خەڵکی کوردستان ئاماژەی بۆ بکەن و بڵێن بەڵی دەسەڵاتی کوردی لەم بوارەدا سەرکەوتووبووە. دەست بۆ هەر کایەیەک دەبەیت وێرانە. تەندرووستی، خۆراک، کارەبا، زانست، پەروەردە، مووچە، ڕێگاوبان، کۆمەڵایەتی، دادگاو یاسا، سیاسەتی دەرەوە، کشوکاڵ، ئابووری. لەهەر هەموویاندا جووت حیزب شکستی مەزنیان تۆمارکردوە. بەردەوام کوردستانیان لە گێژداوی قەیراندا نغرۆ کردوە .
سەیر لەوەدایە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت نەسەرۆکی هەرێم نە سەرۆکی حکومەت نە جێگرەکەی نە وەزیرێکی خاوەن دەسەڵات، دان بەو شکستیانەدا ناهێنێت. ئەوە [25] ساڵە گفتی درۆ،قسەی سواو بێکەڵک، پاساوی بێ ئەرزش و کاڵوکرچ دەرخواردی خەڵک دەدەن. [25] ساڵە بەڵێنی بەدووبەی کردنی کوردستان دەدەن بەڵام لە ئاکامدا کوردستانیان کردە دووبەی بەر لە [60]ساڵ، ئەوەتا کەسێکی وەک ئاشتی هەورامی کە سەرچاوەی زۆرێک لە نەهامەتیەکانی خەڵکە، بەر لە یەکدووساڵ باسی کارەبای [24] کاتژمێری کردوە. پێدەچێت مەبەستی ماڵەکەی خۆی وماڵی بەر پرسەباڵاکان بوو بێت.
ئەمانە گەر کەمێک ویژدان و ئابڕوو مۆرالیان هەبوایە بەڕاشکاوانە دانیان بە شکستیەکاندا دەهێنا و دەستبەرداری دەسەڵات دەبوون.
ئەوان تا ئێستاش خۆیان بە سەرکەوتوو دەزان وا نیشان دەدەن تەنها لەم یەکدووساڵەدا کەمووکووڕیان هەبووە. کە بە قسەی خۆیان هۆکارەکانی دەگەڕێتەوە بۆ سەرهەڵدانی داعش و نەهاتنی بودجە لەبەغداوە، وەک ئەوەی بەر لەم قەیرانە هەمووشت بەرکەماڵ بووبێت.
ئاخر دەسەڵاتێک نەتوانێت نیو مووچەو چارەکە مووچەی مووچەخۆران دابین بکات، کارەبایەکی کەم بۆ هاوڵاتیان مسۆگەر بکات، سیستەمێکی پەروەردەی هاوچەرخ بۆ خوێندکاران دەستەبەر بکات، حەسرەت و هاواری ڕۆژانەی خەڵکی کەمدەرامەت و هەژار ویژدانی مردوویان نەبزوێنیت، ئیدی ئەمە چ دەسەڵاتێکە؟ دەست بۆهەرلایەک دەبەیت پڕ کێشەو کەمووکوڕیە. ئەم دەستەڵاتە گەندەڵە لە تەمەنی خۆیدا نەیتوانیوە تەنها کێشەیەک کە ڕووبەڕووی هاوڵاتیان بووەتەوە، چارەسەربکات. دەسەڵاتێکی وەها تەنها یەک پێناسە هەڵدەگرێت ئەوەیش دەسەڵاتی [ دوژمنی خەڵک،] دەسەڵاتێکە مافیا ئاسا کاردەکات و تەنها لە خەمی خۆیدایە، هەموو خەڵکی کوردستان لەسەرما ڕەقبێتەوە، یا تا بەیانی چراو مۆم دابگرسێنن مێشێک میوانی نیە. خۆکارەبا نە لە کاک مەسعود نە لە کاک نێچیرو نە لە ئاشتی هەورامی نە لە هێرۆخان کوڕەکانی و نە لە کاک کۆسرەت نەلە هیچ بەرپرسێک دەبڕدرێت، ئەوە هاوڵاتی نەگبەت و بەشمەینەتە باجی حەماقەتی ئەم دەسەڵاتە بیباکە دەدات.
لەوباوەڕەدانیم ئەم دەسەڵاتە مافیا شکستخواردووە { کە وەک داگیرکەر ڕەفتار دەکات} ،لە ماوەی [25] ساڵی حکومڕانیدا کارێکی ئەنجامدابێت کە جێگەی شانازی خەڵک بێت. جا گەر دەسەڵاتێک بەو شێوە شکستخواردوە ژیانی خەڵکی بەڕێوەبردبێت، بوبێتە بارگرانی بەسەرشانی خەڵکەوە، ئیدی هیچ ئومێدێک بۆ چاکسازی بەدیناکرێت، بۆیە شایانی زبڵدانی مێژووە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت