دڵشـاد شـێخان حوسـێن: نیشتیمان واتە هەموو جیهان.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەم نووسینە، بەرگرینامەیەکە بۆ قوربانیانى حوکمڕانى ستەمکار، هاوارێکە لە دژى بێ دەنگییەکى گوماناوى لە هەمبەر کارەساتە مرۆییەکان لە تورکیا بە گشتى و باکورى کوردستان بە تایبەتى.
سیاسەت و حوکمڕانى تورکیا دەسەڵاتێکى ڕەهایە و لە جیهانبینى (AKP) کورت دەبێتەوە و خۆى دەنوێنێ کە بە تەواوى لە فرەیى و دەستاو دەست کردنى ئاشتیانەى دەسەڵات دوورە، بەو بەڵگەیەى هەر کاتێ هەستی کرد کورسییەکەی لە مەترسیدایە، قەیران دروست دەکا و خەڵک دەخاتە بارودۆخێک کە خەون بە دوێنێوە ببینن، تەواوى ئەندامانى کۆمەڵگا بە دۆزینەوەى ڕێگە چارەیەک سەرقاڵ دەکات، ئەڵبەت ئامانج لەو کارەی بریتییە لە گەڕانەوە بۆ خاڵى یەکەم و لەگەڵ ڕەوایەتیدانى زیاتر بە خۆی، ڕوونتر بڵێم ئەو بتەى کە دوێنێ جەماوەر لە پێناو شکاندنى تێدەکۆشان، بەیانى دەبێتە بتێکى هەمیشەیى بە هۆى قەیرانەکانى ئەمڕۆ و بە هاوکارى بێ دەنگییە نێودەوڵەتییەکان و نمایندە ڕاستەقینەکانى سیستەمى دیموکراسى و مافى مرۆڤ، بۆیە تورکیا مەترسیدارترین شوێنە بۆ ژیان لە دواى هەڵبژاردنى پەرلەمانى تورکیا لە 7/حوزەیرانى/2015 بە هۆى سیاسەتە خۆسەپێنەکانى (AKP)، کە گرووکارەکان (جلاد)ى بەرداوەتە گیانى خەڵک و خەریکە پێکەوە ژیانى ئاشتیانەى گەلان بۆ هەمیشە لەبەین دەبات، بۆ پشتگیرى کردن لەو ڕاستییە ئەوەیە کە لە هەڵبژاردنى (7 حوزەیران/2015)ى پەرلەمانى تورکیا کە حیزبى (HDP) بەربەستى (10%)ى تێپەڕاند و بووە خاوەنى (80) هەشتا کورسى لە پەرلەمانى تورکیا، ئەو سەرکەوتنە مەزنەى کورد لە باکورى کوردستان بە ئەردۆغان و تورکە ڕەگەزپەرستەکان هەزم نەکرا (نەیانتوانى ئەو سەرکەوتنە مەزنە قەبووڵ بکەن)، چونکە ئیتر ناتوانن هەرچى بیانەوێ تێیپەڕێنن و درێژە بە ناپاکییەکانیان بدەن، “لە بنەڕەتیشدا ئەو سەرکەوتنە بەرهەمى ئاشتى بوو”…، بۆیە ئەردۆغان ڕێگەى ئۆپەراسیۆنى زەمینى و ئاسمانى هەڵبژارد و کێشەکانى خۆى گواستەوە بۆ “قەندیل”، بە مەبەستى فێڵ کردن لە چاوى جیهان و لابردنى فۆکۆس لەسەر شـکستەکەى، چونکە ئەردۆغان لە شـار شـکستى هێنا. ئەم بارودۆخە بەرپرسیاریەتییەکى هەمووەکییە و لە پێشەوەى هەموویان نەتەوە یەکگرتووەکان، پێویستە داکۆکیکارانى دیموکراسى و مافى مرۆڤ ئەو ڕاستییە بزانن کە (AKP)تورکیاى لە قۆناغى ئاشتییەوە بۆ قۆناغى شەر و پەرچوونى ناوەخۆیى برد، ئێمە دژى لەبارچوونى ئاشتى و ئاسایشى (تورکیا)ین، ناکرێ چاو لە کردەوەکانى (AKP) دابخەین کە دەسەڵاتى قۆرخکردووە و هیچ بەهایەک بۆ مافەکانى مرۆڤ دانانى و هەموو سنوورەکان دەبەزێنێ . لە ڕاستیدا دەبێ شۆڕببنەوە بۆ ناو واقیعى ژیانى سیاسى و کۆمەڵایەتى و فەرهەنگى دەوڵەتى تورکیا، لە ڕووى جیۆپۆلۆتیکى و کولتووریەوە لێى ورد ببنەوە و بابەتیانە مەسەلەکان ڕاڤە بکەن ئینجا بەو ئەنجامە دەگەین کە (AKP) نمایندەى تورکیا ناکات، ئەڵبەتە دروشمى ڕاستەقینەى پێکهاتەکانى تورکیا بریتییە لە (نا بۆ شەڕ، بەڵێ بۆ ئاشتى)، تورکیا برینێکە لە جەستەى جیهان، بۆیە پێویستى بە چارەسەرى خێرا هەیە ئەگەر نا دەبێتە خانەیەکى شێرپەنجە لە جەستەى مرۆڤایەتى و گێتى، چونکە نیشتیمان واتە هەموو جیهان. بۆ کۆتایى هێنان بەم ڕەوشە مەترسیدارە، دەبێ لە دژى ستەم و سیستەم کار بکەن و ستەمکارەکان لە ستەمکردن بوەستێنن و…
ئاگر شتێکە و سوتان شتێکى دیکە، زۆر بە ئاسانى دەتوانین لە گۆشەنیگاى جیاوازەوە بەپێى کولتوورە جیاوازەکان لە ماناى ئاگر تێ بگەین، بەڵام ناتوانین لە چییەتى سوتان تێ بگەین تا نەسوتێین. کێ لە سوتانى باوکى “ئایلان” تێدەگات؟ کێ لە ئازارى ئەو دایکە تێدەگات کە، لە شەوێکى چلەى زستاندا لە ناوەڕاستى دەریاى ئیجە هەردوو منداڵەکەى باوەشى تا مردن دەیانگوت دایە سەرمامانە.
ئەگەر مرۆڤایەتى لە ماناى سوتانى تاکە مرۆڤێ تێ ناگا! ئەى چۆن دەتوانێ لە جینۆساید کردنى نەتەوەیەک بە درێژایى میژوو تێ بگات؟ مرۆڤایەتى ئەوندە کاڵفامە کە لە بەها مرۆییەکان تێ نەگات! واقیعێکى سەیرە کە، مرۆڤ لەسەر مرۆڤایەتى نایەتە دەنگ، لەگەڵ ڕەگەزى مرۆیى خۆمان بێگانەین! بۆ پشتگیرى کردن لەو ڕاستییە ڕووى قسەکانم لە (دادگاى مافەکانى مرۆڤ لە ئەوروپا) دەکەم و پێیان دەڵێم: بۆچى دادگاکەتان ناهێننە تورکیا و سەبەبکارانى ئەم بارودۆخە دادگایى بکەن؟ لەوە زیاتر چاوەڕێى چى دەکەن!
ئەو ئاگرەى کە کورد و کوردستان دەسوتێنێ، دەستپێکى ئاگرێکە بۆ سوتاندنى مرۆڤایەتى بە بێ جیاوازى کردن لەسەر بنەماى ڕەنگ و ڕەگەز و ئایین و ئیتنیک و…، چونکە نەتەوە و خاکێکە، ڕەگەزێکە لە ئێوە، ڕووبەرێکە لە زەوى، ئەوەى دەسوتێ مرۆڤە، مەگەر مرۆڤ ناوێکى دیکەى هەیە بێجگە لە مرۆڤ؟ ڕاستە لە وەها بارودۆخێکدا تورکیا بە هەموو پێکهاتەکانى قوربانى یەکەمە لە ڕووى کاتەوە، بەڵام لە چرکەساتەکانى دواتر تورکیا دەبێتە گۆڕستانێک بۆ تەرمى مرۆڤایەتى، هەموومان لەوێ دەنێژرێین. بۆیە بە خێراییەکى پێویست چاوەڕێى بەرسڤ دەکەین لەوانەى کە خاوەندارێتى لە (جاڕنامەى گەردونى مافەکانى مرۆڤ) دەکەن، دەنگ هەڵدەبڕین بۆ بەتەنگەوە هاتنى دامەزراوە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانى مرۆڤ کە بێنە سەر خەت و بە بەرپرسیاریەتى خۆیان هەڵسن و ئەو ئاگرە خامۆش بکەنەوە و “ڕاى گشتى” بەلاى خۆیاندا ڕابکێشن و بیکەنە دادوەر بۆ دادپەروەرى کردن لە نێوان بەرگرى مەدەنى ناتوندوتیژى و دژبەرەکەى (دەسەڵاتى ستەمکار)، پێکەوە خەبات بکەین لە دژى ئەو هێزانەى کە خەریکى تێکدانى هەمەڕەنگى کۆمەڵگا و بن پێخستنى بنەماکانى دیموکراسى و مافە بنچینەییەکانى مرۆڤن لە تورکیا، دەبێ “کوردستان” ببێتە کەنارێکى ئارام بۆ پێکەوە ژیانى ئاشتیانەى گەلان، چونکە “میزۆپۆتامیا لانکەى مرۆڤایەتییە.
100% باوەڕم بە “خەباتى بەرەنگاریکردنى ناتوندوتیژى” هەیە لە ڕێگەى زەمینە سازى و ئامادە کردنى ژمارەیەکى زۆرى خەڵک بۆ مەیلى ئەنجامدانى کردارگەلێک لە پێناو چاکەى گشتى و بنبڕ کردنى بەرژەوەندییە تایبەتییەکان. بە بۆچوونى من، پەنا بردن بۆ جەنگ لە دژى هەر دەسەڵاتێکى ستەمکار بونیاد (ستراکچەر)ى کۆمەڵگا وێران دەکات، هیچ پاساوێکى لۆژیکى و ئەخلاقى نییە کە ڕەوایەتى بە جەنگ بدات، چونکە ئەوپەڕى توندوتیژییە، ئەگەرچى پەینى خاکى توندوتیژى بریتییە لە نەبوونى دادپەروەرى کۆمەڵایەتى (چەوساندنەوە).
زومى کامێراکان و فۆکۆس خستنە سەر ئازارەکان بۆ پێشانگا فۆتۆگرافییەکان و فیلمە سینەماییەکان لە ئازارەکان کەم ناکاتەوە، ئەمڕۆ قۆناغى هەنگاو هەڵێنانە بۆ چەسپاندنى پیت بە پیتى دیموکراسى ڕاستەقینە و مافەکانى مرۆڤ. ” ئێمەش وەک ئەوانى دیکە مافێکى سەرەتایى خۆمانە کە نیشتیمانێکمان هەبێ بۆ مومارەسە کردنى مافەکانمان ” ئیتر ناتوانین لەوە زیاتر دان بە خۆماندا بگرین و تا ئەوجى ماندوبوون ماندوبووین”، لە پێناو تێگەیشتنتان لەم واقیعە گەورەترین ئاسانکاریمان کردووە کە، گیانمان دەبەخشین بۆ لابردنى ماسکەکان و نیشاندانى ڕووى ڕاستەقینەى سیاسەت و حوکمڕانى ناوچەکە، باوەڕ ناکەم بەڵگەیەکى لەوە بەهێزتر هەبێ بۆ ڕووماڵکردنى ڕاستییەکان، بۆیە کات بە فیڕۆ مەدەن و هەموو شتێ ڕوون و ئاشکرایە، وەک دەڵێن: ( بەرى خۆر بە بێژنگ ناگیرێ).
ئێمە داواى ژیانێکى شەرەفمەندانە دەکەین بۆ سەرجەم پێکهاتەکانى تورکیا بەبێ هیچ جیاکاریەک، ئەو داخوازیەش مافى ڕەوا و سروشتى هەموو تاکێکى ( تورکیا) یە، چونکە مرۆڤ بە سروشت کۆیلە نییە، بەڵکو ئەوە جۆرى سیستەمى ژیانە کە تاکى ملکەچ یان ئازاد باردێنێ، سیستەمى دیموکراسى ڕاستەقینە تەنها بریتى نییە لە ئازادى دەنگدان و قسە کردن کە تاکەکانى تورکیا لێى بێ بەشن! بەڵکو بریتییە لە چۆنایەتى ژیان کە شایانى مرۆڤ بێ، سیاسەتى ناوەخۆى تورکیا بێ ئەخلاقە، لەبەر ئەوەى ئازادیەکان دەخنکێنێ، هاوکات بوونى ڕاستەقینەى مرۆڤ لە فیکرى ئازادەوەیە، هەژموونى دەسەڵاتى تورکیا لە ڕێگەى سندوقى دەنگدان خۆڵى کردە چاوى هەمووان و تا بە تورکیا ڕادەگا فێڵى لە جیهانیش کرد! لە ڕاستیدا مۆدێلى حوکمڕانى (AKP) دیکتاتۆریە، بۆیە پێکەوە ژیانى ئاشتیانەى سیاسى و کۆمەڵایەتى قەبووڵ ناکات.
با پێکەوە دەست لەناو دەست زەوى و مرۆڤ بپارێزین، نەفرەت لە شەڕ بکەین و لێبووردەیى بکەینە دایک بۆ لە دایک بوونى جیهانێکى ناتوندوتیژ .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت