ستارە عارف: بەغدا ئامانج نیە ئامڕازە.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لەسەرەتاوە دەبێت ئاماژە بۆ ئەوە بكەم، كە كاتێك باس لەمافە نەتەوەیەكانمان و گرفت و قەیرانمان لەگەڵ بەغدا دەكەین، بە نەغمەی پارتی و بنەماڵە لێكیمەدەنەوە، چونكە ئەوەی بنەماڵەی بازرانی و تاڵەبانی بە پرسی كوردیان كردووە، هێندە بێ شكۆیان كردووە، مەگەر تەنیا سەدام و دوژمنانی كورد كردبێتیان و، ئەوەیشی كە بنەماڵەی بارزانی ئێستا بە خیانەت ناوی دەبەن، لەخۆ بەرهەمهێنانەوەیەکی خیانەتكارانە بەو لاوە هیچیتر نیە و ئەوان بە هیچ جۆرێك بۆیان نیە باس لەخیانەت و پرسی نەتەوەیی بكەن. چونكە كاتێك ئەوان خیانەتیان لەكورد كردووە، كە كەس باش لەمانای خیانەت تێنەدەگەیشت. ئەو نەتەوە بازی و ناسیۆنالیزمەی ئەوانی جاشزادە باسی دەکەن، نەک پرسی ڕاستەقینەی نەتەوە نیە، بەڵکو سوکایەتیە بە ڕەگ و ڕیشەی کورد و ناچێتە قاڵبی نەتەوەیی بون و ناسیۆنالیزمەوە. ئەم مژارە لەنێوان خیاتەتکارانی پارتی و بنەماڵە و پرسە سەرەکیەکەدا، کە دەبێت ئێمە داکۆکی لەو پرسە سەرەکیە بکەین، زۆرجار بە مەبەست لەلایەن زۆر کەسەوە یەکسان دەکرێت و لەیەکتر جیاناکرێنەوە، کەواتە ئەوەی ئێمە ئامانجمانە بەرگری لێ بکەین پرسی نەتەوەیی کوردە وەک دەقە ڕەسەنەکەی نەک ئەو ساختەکاریەی هەردو بنەماڵە لەپێناو ناشیرینکردن و بچوکردنەوەی پرسی کوردیدا و بۆ سوڵتانیەتێکی ڕانتچی نەوتی کردویانە، بە پیلانی تورکیا و عێراق و ئێران بوە و جیایە لەوەی پەیوەندی بە نەتەوەوە هەیە.
بۆیە بێ سڵەمینەوە و هیچ حساب كردنێك بۆ پارتی و بنەماڵەی نەوت دز و قاچاخچی و ئەو تۆمەتە ناشیریانەی دەیبەخشتەوە، دەبێت زۆر ئازاد و ئازا باس لەوە بكەین، كە بەڵێ هێشتا پرسی نەتەوەیمان لەگەڵ بەغدا هەیە و پێویستە ئاگاداری پرسە سەرەكیە كوردیەكەمان بین، هانا بردن بۆ بەغدا لەپێناو ژیان و گوزەرانی خەڵک زۆر ئاساییە.
بەڵام
بۆ سكاڵا تۆماركردن لەسەر بە ناو حكومەتی هەرێم و ئەو دەسەڵاتە چەتەیەی ئەم خەڵكەی بەم هەمو زوخاو و قەیرانە گەیاندوە، مەگەر تەنیا ڕێگەی بەغدا بۆ ئەوە بەكاربهێنین و بە کەڵکمان بێت، کە ئێستا بڕیارمانداوە وەك ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی كوردستان خۆمان بگەیەنینە دادگاکانی ئەوروپا و لاهای، بۆ ئەو مەبەستەیش وەک ڕێ و شوێنە یاساییەکەی، کە یاساییەکان باسیانکردوە، دەبێت سەردانی دادگا ناوخۆییەکانمان کردبێت، کە دادگای عێراق لەوانەیە و دەبێت پێش چونە دەرەوەی وڵات ئەوانمان بەسەرکردبێتەوە، ئەگەر نا بە هیچ جۆرێک بەغدا کێشەی ئێمەی کورد چارەسەر ناکات، بە پێچەوانەوە ئێستا زۆر بەم قەیران و نەهامەتیانەی کورد خۆشحاڵن و بە تایبەتیش، كە شكستی حوكمڕانی كورد دەبینن، با خۆمان بەو قسە ڕەنگاو ڕەنگانەی کۆمەڵێک پەرلەمانتاری کوردی عێراقچی عەقڵ كۆن و خڵەفاو لەبەغدا فریو نەدەین، کە باس گوایە لەپێکەوە ژیان لەگەڵ عەرەب دەکەن و عەقڵ و ئینتیمایان هێندەی یەکێتی و پارتی لەلای گەنج نەهێشتۆتەوە و عێراق و بەغدایان لێكردوینەتە پاریس و لەندەن.
بەڵکو با داوا بکەین ئەو مافانەی تا ئێستا بەسەر بەغداوە هەمانە وەک ماف نەک خێر پێکردن لەبارەی کوردە وە، بەغدا جێبەجێیان بکات و لەبودجەدا بیچەسپێنن و جێگەیان بكاتەوە و فشاری توندی لێ بكەن، جگە لەو هەمو ئیستیحاقاقەی خۆیان بەردەوام باسی دەکەن.
داوا بکەن لەبەرامبەر هاتنی زیاتر لەسێ ملیۆن بە ناو ئاوارەی عەرەب، کە لەسەر وزە و سوتەمەنی و ئاو و کارەبا و بەنزین و دەرمان و هەلی كاری گەنجی کورد و هەتا هەوای کوردستان دەژین، بودجەی کورد بنێرن، ئەمە مافێکی زۆر سەرەکیە و هەر وڵاتێکی تر بوایە لەسەر ئەم مژارە بە دەنگی بەزر دەهاتە قسە، بە داخەوە ئەوە تەنیا بە ناو نوێنەرە شەرمنە عێراقچیەکانی کوردن، کەوتونەتە ژێر کاریگەری عەرەبەوە و وەک ئەوان باس لەکورد دەکەن و ڕویان نایەت، بە دەنگی بەرز پێیان بڵێن، کە ئەم هەمو ئاوارەیەت بۆ کوردستان ڕەوانە کردوە، بۆچی بودجەی تایبەتیان بۆ نانێریت و خۆت بەخێویان ناكەیت؟، لەسەر بودجە و داهاتی کورد دەبێت بژین و لەولایشەوە ئاگاداریت کورد لەچی قەیرانێکی قورسدایە و بودجەکەی نانێریت، بەڵێ دەزانین دو دەسەڵاتی مافیا هەمو کارەکانیان تێکداوە و شکۆمەندی کوردیان لەهەمو شوێنێک شكاندوە و خەڵکیان ناچار کردوە پەنا بۆ بەغدای وێران بباتەوە، بەڵام ئەمەیش لایەنێکی گرنگە و شایانی فەرامۆشكردن و شەرم لێكردن نیە.
پێش ئەوەیش لایەنەکانی ناو پارێزگای سلێمانی بۆچی فشار ناکەن، داهاتی ناوخۆیی پارێزگاکە بۆ ناوخۆ خەرج بکرێتەوە و نەگەڕێتەوە ژێر دەستی پارتی و بنەماڵە؟، بۆچی ڕیگە لەدزینی نەوت و داهاتی سلێمانی لەلایەن پارتیەوە ناگرن، ئەگەر هاوبەش نین؟، بۆچی ئامادەن ڕۆژانە بە ناو ئاوارەی عەرەب وەربگرن و خزمەتیان بکەن، لەکاتێکدا هەزاران گرفتی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی و ژینگەیی و دیموگرافیان بۆ کورد دروستکردوە و لێیان ناپرسنەوە؟، کەواتە داهات تەنیا بۆ خەڵکی کوردستان نیە.
بزوتنەوەی گۆڕان لەشوێنی داواکاری بۆ بە پارێزگا کردنی سلێمانی، کە من هەرگیز لەگەڵ جیاکردنەوەی سلێمانی لەکوردستان نیم، باشترە شێوازی داواكاریەكەی بە هەمان دروشمەکەی خۆی بێت، کە پرسی لامەرکەزیەتی ئیداری و کارگێڕییە بۆ سلێمانی و لەهەڵبژاردنەکانی ٣٠/٤/٢٠١٤دا بەرزی كردبوەوە.