زه‌به‌نگ بەهادین: ڕه‌هندى سێهه‌م بۆ كێشه‌كانى كوردوستان.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

له‌ زانستى بینیندا سێ دووریى هه‌یه،‌ كه‌ وا له‌ چاو ده‌كات ئه‌و بارسته‌یه‌ یان ئه‌و ته‌نه‌ى به‌رده‌مى به‌ ته‌واوى به‌ سێ ڕه‌هه‌ندى ببینێ, له‌ زانستى ئه‌ندازیارى به‌ (x , y ,z) ناو ده‌برێن, بۆ دیارى كردنى پێگه‌و شوێنى خاڵێك پێویستیت به‌ هه‌ر سێ دووریى یه‌كه‌ هه‌یه‌ تا ئه‌و خاڵه‌ ته‌واو جێگیر بكه‌یت و ببێته‌ یه‌كه‌یه‌كى زانراو بینراو هه‌م له‌ قه‌باره‌و هه‌م له‌ پێگه‌ى. به‌ ته‌نها به‌ ( تان پۆ ) واتا ( X,Y ) ناتوانیت بینه‌رى ته‌واوى ئه‌و خاڵه‌ ببیت و هه‌میشه‌ لایه‌كت لێ نه‌زانراو ده‌بێـت وه‌ ناتوانیت پێگه‌كه‌ى به‌ ته‌واوى له‌ بۆشاییدا دیارى بكه‌یت هه‌روه‌ها قه‌بارى نابینیت, واته‌ ته‌نها ده‌بێته‌ وێنه‌یه‌كى روو ته‌خت, وێنه‌ش هه‌رگیز ناتوانێ پێناسه‌ى ته‌واوى ئه‌و بارسته‌یه‌ یان ئه‌و ته‌نه‌ت بۆ بكات، چونكه‌ تۆ قه‌باره‌و پێگه‌كه‌ى نازانى, پێویسته‌ هه‌رسێ ره‌هه‌نده‌كه‌ى یان دووریى یه‌كه‌ى دیارى بكرێت ئه‌و كات ده‌توانین به‌ ئاسانى پێناسه‌ى بده‌ینێ و جێگه‌و پێگه‌ى دیارى بكه‌ین. هه‌روه‌ها ده‌توانین هه‌موو روو و لایه‌نه‌كه‌كانى ئه‌و ته‌نه‌ ببینین قه‌باره‌ى ته‌واوى زانراو ده‌بێت لامان.
ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌م بابه‌ته‌ شى بكه‌ینه‌وه‌ بۆ كایه‌ى سیاسى ئه‌مرۆى كوردستان، ده‌بینین ئێمه‌ هه‌میشه‌ به‌ دوو ره‌هه‌ندى یان دوورى ( تان و پۆ ) سه‌یرى بابه‌ته‌كان ده‌كه‌ین و هه‌میشه‌ ته‌نها وێنه‌یه‌كى روو ته‌ختى بابه‌ته‌كه‌ ئه‌بینین, ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ هه‌میشه‌ له‌ خاڵێكى چه‌قیوداین و له‌ بازنه‌یه‌كى داخراودا بسورێینه‌وه‌, به‌ بونى ته‌نها ( x,Y ) ناوئەنین، هیچ بابه‌تێك شى بكه‌ینه‌وه‌ لێى تێبگه‌ین.
گه‌ر وا دابینێن هه‌موو ئه‌و واقعه‌ى ئه‌مرۆ له‌ كوردوستان ئه‌گوزه‌رێـت ئه‌مه‌ X بێت، واته‌ ئه‌و ره‌فتارانه‌ى ده‌سه‌ڵات ئه‌یكات به‌رامبه‌ر میلله‌ت و چۆنێتى به‌رێوه‌بردنى وڵات و چۆنێتى فرۆستنى نه‌وت و چۆنیتى دابه‌شكردنى بوودجه‌ له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، ئه‌مانه‌ هه‌مووى ئه‌كه‌ینه‌ ره‌هه‌ندێك واتا با ئه‌مانه‌ تان بن x بن. هه‌رچى بیركردنه‌وه‌ى خه‌ڵك و خه‌یاڵه‌تى خوشگوزه‌رانى و شه‌فافیه‌ت و دیموكراسى و ده‌ستاو ده‌ستكردنى ده‌سه‌ڵات وو بوودجه‌و فرۆستنى نه‌وت كه‌ ئه‌مانه‌ ئه‌و حه‌قیقه‌تانه‌ن، كه‌ میلله‌ت ده‌یه‌وێت ئه‌مانه‌ بكه‌ینه‌ Y ئه‌مانه‌ پۆى خاڵه‌كانمان بن, ئه‌مانه‌ هه‌ردوكیان بێنه‌ و بیانخه‌ره‌ سه‌ر ته‌ختى بینین و به‌ ووردى سه‌یرى بكه،‌ ده‌بینیت ته‌نها وێنه‌یه‌ك له‌ به‌رده‌متایه‌ هیچى لێ حاڵى نابیت چونكه‌ ئێستا ئه‌م دوو ره‌هه‌نده‌ى به‌رده‌مت كامڵ نین و ناتوانیت هه‌موو دووریى و لایه‌نه‌كان و قه‌باره‌ى كێشه‌كه‌ ببینیت به‌ شێوه‌یكى زانستى, ئه‌مه‌ش واى كردووه‌ زۆرترین كات ناتوانین تێبگه‌ین له‌ ده‌ستپێكى كێشه‌كان و ناوه‌ند وكۆتایى و وورده‌كارى یه‌كانى كێشه‌كان به‌ شێوه‌یكى زانستى.
بۆیه‌ لێره‌ پێویستیمان به‌ ره‌هه‌ندى سێهه‌م ده‌بێت، تا بتوانین ئه‌م بابه‌تانه‌ یان ئه‌و ته‌ن و مادانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى سێ ره‌هه‌ندى ببینین و به‌ ته‌واوى لێ ى تێبگه‌ین, هه‌ڵبه‌ت هه‌میشه‌ له‌ دیارى كردنى كێشه‌دا ئه‌وه‌ى گرنگه‌ لێك تێگه‌یشتنى كێشه‌كه‌یه‌ كه‌ ئه‌مه‌ له‌ زانستى پزیشكیدا پێى ده‌ڵین نیوه‌ى چارسه‌ر, واته‌ گه‌ر له‌ كێشه‌كه‌ تێنه‌گه‌یه‌ن ئه‌وا چاره‌سه‌ر ناكرێت به‌ شێوه‌یەكى زانستى و ئاسان, له‌ م باره‌ى ئێمه‌شدا پێویستیمان به‌ ره‌هه‌ندى سێهه‌مه‌ كه‌ ئه‌ویش ( فكره‌ ) به‌ واتاى بیركردنه‌وه‌ و به‌ كارهێنانى عه‌قڵ.
هه‌ر كات توانیمات واقعى تاڵى ده‌سه‌ڵات و حه‌قیقه‌تى ویستووى میلله‌ت و فكر پێكه‌وه‌ به‌كاربهێنین ئه‌و كات هه‌ر سێ ره‌هه‌نده‌كه‌مان لا گه‌ڵاڵه‌ ده‌بێت ده‌توانین به‌ ته‌واوى ده‌ست بخه‌ینه‌ سه‌ر شوێنى كێشه‌ سه‌ره‌كى یه‌كه‌و جێگاو پێگه‌ و قه‌باره‌و جۆره‌كه‌ى دیارى بكه‌ین, كه‌ ئه‌مه‌ش دیارى كرا ئه‌و كات چاره‌س ئاسانتر ده‌بێـت.
كه‌واته‌ له‌ ئێستادا كۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه‌ به‌ هه‌موو چین توێژه‌كانیه‌وه‌ پێویستى به‌ به‌كارهێنانى فكر و عه‌قڵه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى زانستى، تا بتوانێت له‌ بابه‌ته‌كان تێبگات و به‌ باشى ووردیان بكاته‌وه‌ و بۆ ئه‌وه‌ى چارەسه‌ر بدۆزینه‌وه‌ بۆ كێشه‌كانمان, ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تا ئه‌رك و كارى رۆشنبیران و نوسه‌رانه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كى زانستى ئه‌م كاره‌ بكه‌ن و ببنه‌ چراى رووناكه‌ره‌وه‌ى رێگاى میلله‌ت و دیراسه‌ كردنى كه‌م و كورى و گه‌نده‌ڵى یه‌كانى ده‌سه‌ڵات. نه‌ك به‌ ته‌نها رۆشنبیران به‌ڵكو مامۆستایانى ئاینى و خۆێنه‌وار و چینه‌كانى تری میلله‌تیش كه‌ هه‌ر كه‌سه‌و له‌ جێگه‌ى خۆیه‌وه‌ به‌ جۆرێك فكر و عه‌قڵ به‌كار بهێنێ تا بتوانێت هه‌ر سێ ره‌هه‌نده‌كه‌ بخاته‌ به‌رده‌ستى خۆى و میلله‌ته‌كه‌شى تا له‌م نه‌هامه‌تى و له‌م خۆسه‌پاندنانه‌ رزگارمان بێت.