عەتا قەرەداخی: ئەوانەى لە ئازارەکانی خەڵک تێناگەن.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

مەبەست لە ئازارەکانی خەڵک چیە؟ ئەى خەڵک کێن؟ ئایا ئەوەى مێژوو درووست دەکات خەڵک نیە؟ ئەى گۆڕانکارى چۆن دەکرێت و کێ دەیکات؟ ئایا مەبەستمان لە گۆڕانکاری چیە؟ بێگومان ئەوەى لە ماوەى رابردووداو تاکو ئێستاش لە ناوەندی سیاسی و حیزبی و حکومی کوردیدا لەبارەى گۆڕانکارییەوە دەیبیستین شتێکی لاستیکیەو هەریەکەش بە ئارەزووى خۆی دەتوانێت خۆی بە خاوەنی بزانێت بە تایبەتی کە ئەو مەسەلە تاکو ئێستا هەر لە سنووری قسەدا ماوەتەوەو لەسەر زەمینەى واقیع بوونی نیە. دیارە گۆڕانکاری مەبەست گواستنەوەیە لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی تر یان لە بارێکەوە بۆ بارێکی تر کە بێگومان ئەوەى لە زیهن و فیکری هەمووماندا جێگیرە سەبارەت بە گۆڕانکاری بریتیە لە گواستنەوە لە باری خراپی ئێستاوە بۆ بارێکی باش، تەنانەت لەو وڵاتانەشی کە لەباری باشدان گۆڕانکاری بە مەبەستی گواستنەوەیە بۆ بارێکی باشتر.
ئێمە لەسەرەتای دامەزراندنی دەسەڵاتدارێتی خۆماڵی کوردیەوە ئومێدی ئەوەمان هەبوو کە ئەم دەسەڵاتە بچەسپێت و ببێتە دیفاکتۆو جارێکی تر نەکەوینەوە ژێر چەپۆکی عەرەبی عێراق و جارێکی تر نەگەڕێینەوە بۆ مێژووى ژێردەستەیی و وێرانکردنی کوردستان و لەسێدارەدانی کوڕی کوردو بە زیندانکردنی کوردستان. دیارە بۆ ئەو سەرەتایە گەورەترین گۆڕانکاری بۆ ئێمە رزگاربوون بوو لەدەستی دەوڵەتی داگیرکەرو گەیشتن بوو بەو ئاستە لە ئازادی کە بتوانین خۆمان بەڕێوەببەین.
بەڵام دیارە لەگەڵ رۆیشتنی کاتدا کە تا ئەندازەیەک دەسەڵاتی خۆماڵی کوردی جێگای گرت و دوای روخاندنی رژێمەکەی سەدام حسێنیش مەترسیەکان لەسەری کەمتر بوونەوە. ئەو کاتە قۆناغێکی تر لە گۆڕانکاری دەبوو بهاتایەتە ئاراوە کە ئەویش درووستکردنی حکومەتێکی خۆماڵی باش و بەڕێوەبردنێکی باش بوو کە تیایدا عەدالەتی کۆمەڵایەتی و مافی هاووڵاتیبوون بنەماو پایەی سەرەکی بەڕێوەبردن بن، راستە لە رووى داراییەوە بۆ چەند ساڵێک بارى ژیانی رووبەرێک لە خەڵک باش بوو. هەرچەندە نە دەسەڵاتی کوردى و نە عەقڵی سیاسی و رۆشنبیرى و کەلتوورى کوردى لەبارێکدا نەبوو بتوانێت گۆڕانکارى لە بنیادى کەسێتی کوردیدا بکات و بەرەو ئاستێکی ترى ببات واتە ئاستێک کە تیایدا ئەو کەسێتیە ببێتە کەسێتێکی بەرهەمهێن و درووستکەرو ئەوەش واى لێبکات لەسەر قاچی خۆى رابووەستێت.
بەهەرحاڵ بە کاریگەری عەقڵی شاخ و دەستبەسەرداگرتنی هەموو جومگەکانی فەرمانرانڕەوایی کوردی لەلایەن ئەو نوخبە سیاسیەوە کە هەڵگری شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بوون و بە عەقڵی شاخ دەیانوویست شار بەڕێوەببەن، خراپترین شێوازی فەرمانڕەوایی لە کوردستاندا دامەزراو، دامەزراوەى بەڕێوەبردن بەجۆرێک دامەزرا کە وەکو ئامرازێک بێت بە دەستی حیزبەوە، کە حیزبیش لە کوردستاندا نە ئاسۆیەکی روون و نە بەرنامەو پرۆژەیەکی روون و نە ستراتیژی نەتەوەیی و نە پرۆژەى ئاییندەیی نەبوو، ئەمەش هۆکار بوو بۆ ئەوەى کە حیزب تەنیا لە ئێستادا بژی و نە چاوی لە ئایندە بێـت و نە بە ئومێدی ئایندەش کار بکات، بۆیە هەموو شتێکی لە پێناوی ئێستای خۆیدا کردو حکومەتیشی بەجۆرێک درووستکرد کە لەبار بێت بۆ جێبەجێکردنی ئەم ویستە کورت تەمەنە حیزبیە کە رووتکراوە بوو لە رەگەزە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان و بۆ ئەو مەبەستەش بەرپرس و کادیرە دڵسۆزەکانی خۆیی بەسەر کۆی جومگەکانی حکومەتدا دابەشکرد، کە ئەوانیش هیچ ئەزموونێکی بەڕێوەبردنیان نەبوو، ئەمە بێجگە لەوەى کە کۆی جومگەکانی حکومەت بۆیە بە بەرپرس و کادیرە باڵاکانی حیزب پڕکرانەوە بۆئەوەی ویستەکانی حیزب لە بەرژەوەندی دارایی جێبەجێ بکەن و هەر لێرەشەوە بە حیزبیکردنی حکومەت و کۆی دامەزراوەکان دەستی پێکردو تەنانەت لەم ستراتیژە ئاوەژووەشدا مەنسوبیەت و مەحسوبیەت پێش هەموو پێوانەو بنەمایەکی تر کەوت. کە ئەوەش سەرچاوەی سەرەکی و هۆکاری سەرەکی سەرهەڵدانی گەندەڵی بوو لە کوردستاندا.
گەندەڵی لە هەموو ئاستەکاندا گەیشتە ئاستێک کە شاردنەوەو پەرەدەپۆش کردنی بووە کارێکی نەشیاو. دەستگرتنی حیزب بەسەر بازاڕو دارایی و گومرگ و زەوى شارو کێڵگەو مەزراو نەوت و غازو ئوتێل و جگەرەو تەنانەت خانەنشینکردنی زۆرینەى کادیرەکانی خۆى لەسەر داهاتی حکومەت و هەرئەوەش نا بەڵکو دابەشکردنی موڵکە بە نرخ و باشەکانی حکومەت بەسەر کادیرو کەس و لایەنگرانی خۆیدا و تەنانەت دۆستانی عەرەب و رەنگە ئێرانی و تورکیایش شاباشی بەرپرسانی کوردیان بەرکەوتبێت لە سامانی گشتی. ئەو گەندەڵی و تەخشان و پەخشانەى کە حیزب و دەسەڵاتی کوردى لەم بیست و ئەوەندە ساڵەدا لە سامانی گشتی میللەت کردیان وڵات و میللەتیان بەم رۆژەى ئێستا گەیاند. من بۆخۆم بڕوام بەوە نیە عەقڵی سیاسی و ئیدارى و حیزبی ئێستاى کوردستان لە پارتیەوە بۆ یەکێتی و بۆ گۆڕانیش بتوانن هەنگاوى بەرەو پاشەکشە لەو خراپەکارى و گەندەڵیى وێرانکردنەى وڵاتدا کردوویانە هەڵبنێن، بەڵکو ئەوەى پێشبینی دەکرێت رۆیشتنیانە بەرەو خلیسکانی زیاتر. ئەوەى ئاشکرایە پارتی و یەکێتی و گۆڕان هەمان سیاسەتی حیزبە شمولی و تۆتالیتارەکان دەکەن و تەنانەت لە رووى پیادەکردنی سیاسەتیانەوە بەرامبەر بە خەڵک و نەیارانیان ئەوەى دەیکەن زۆر جیاواز نیە لە رەفتارو کردارى حیزبە شمولی و تۆتالیتارەکانی دنیا، لە کوشتن، گرتن، لێدان، برسیکردن و سوکایەتی پێکردن و جنیوپێدان. کوشتن و تیرۆر لە پشتەوە لە ماوەى بیست و پێنج ساڵی رابردوودا کە حکومەتدارییان کردووە لە زاخۆوە تاکو کەلار روویداوەو بینراوە، خۆپیشاندان یان رێگاى پێنەدراوە یان بە زەبرو زەنگ و گرتن و کوشتن و دەستڕێژى گوللە لە خەڵک وەڵامدراوەتەوە. ناڕەزاییەکانی خەڵک پشت گوێخراون. دواجاریش سیاسەتی برسیکردنی خەڵک دەستی پێکردوو، ئەوەتا ئێستا بە ئاشکرا خەڵک لە خراپترین بارى ژیانیدایەو بەرپرسانی گومڕاو بێئاگا لە ژانەکانی خەڵک لە روانگەى قاسەکانی خۆیانەوە سەیرى گیرفانی بەتاڵی خەڵک دەکەن. دامودەزگاکانی حکومەت ئیفلیج و نەخۆشخانەکان نیمچە چۆڵ و خوێندنیش ئیفلیج و پەککەوتووە. پارتی و یەکێتی بیست و پێنج ساڵە ئەم سیاسەتە پیادە دەکەن لە کوردستاندا. بزووتنەوەى گۆڕانیش کە بەشێک لە خەڵکی ئومێدیان لەسەر هەڵچنیبوو، وەکو رێکخراوێکی پۆپۆلیستی ئاسۆکورتی روانین هەرزەکارانە ( لەگەڵ ئەوەشی کە دەزانین کەسانێکی ژیرو بە ئەزموونیش لە ئاستی سەرەوەى ئەو بزووتنەوەیەدان بەڵام پێناچێت رۆڵیان لە سیاسەتڕێژکردنیدا هەبێت ) سوودى لە ناڕەزاییەکانی خەڵک وەرگرت بۆ جێگاکردنەوەى خۆى و لە کورترین کاتدا پشتی لەو دروشمانە کرد کە بۆ فریودانی خەڵک بەرزى کردبوونەوە وەکو هەر رێکخراوێکی پۆپۆلیستی تر. ئەویش لەبەر ئەوەى هەمان شێوەى بەرپرسانی یەکێتی و پارتی زۆرینەى بەرپرسانی بە نامەشروع لەسەرداهات و سامانی گشتی خانەنشینکراون و دەخۆن و قسەى گەورە دەکەن و رێکخەرەکەشی بە تەمایە لە دوورى هەزاران کیلۆمەترەوە بە ریمەوت کۆنترۆڵ بزووتنەوەکە بەڕێوە ببات و هەروەک شێوەى کارکردنی ئەم دوواییانەى ئەم بزووتنەوەیە وادەردەکەوێت کە دەیەوێت لەگەڵ گورگ گۆشت بخوات و لەگەڵ مەڕیش شین بگێڕێت. لە لایەک لەگەڵ جەماوەر فرمێسک بڕێژێت و واخۆى نیشانبدات هاوشعورى ئەوانە، لەلایەکی تریشەوە لە بەڕێوەبردنی بە لایەنی کەمەوە جوگرافیاى سەوزى ئەوسادا هاوبەش بێت و تەنانەت زۆرینەش بێت بەڵام زۆرینەیەک پارێزگارەکەى لە سلێمانیدا، قائیمقامەکەى لە سلێمانیدا لەچاو بەڕێوەبەرى ئاسایشدا دەسەڵاتی پۆلیسێکی نەبێت. جوانە پارێزگار لە بەڕێوەبەرى ئاسایش بپاڕێتەوە مامۆستا دەستگیرکراوەکانی سەربە بزووتنەوەکەیى بۆ بەربدات. بێگومان ئەم هەڵوێستەى گۆڕانیش ئەوپەڕی بێبەرنامەیی و هەلپەرستیەو هیچ پاساوێکی نیە بێجگە لە کارکردن لە پێناوى پاراستنی بەرژەوەندى تەسکی نوخبەیەکی ئەو بزووتنەوەیەدا نەک ئەو هەموو گەنجەى کە بێئاگا دواى ئەو نوخبەیە کەوتوون کە هاوبەشی نوخبەى سەرەوەى یەکێتی و پارتین لە زۆر شتدا بە تایبەتی لە عەقل و روانیندا. تەنانەت دووڕوویی ئەم بزووتنەوەیەش گەیشتە ئاستێک دواى چەندین کۆبوونەوە لەبەر لە دەستنەدانی موچەى بەرز نەتوانێت بڕیار بدات لەو حکومەتە شکستخواردووە بکشێتەوە کە لە دەرگاوە ئەویان لێکردووەتە دەرەوەو ئەو بەتەمایە لە پەنجەرەوە بچێتـەوە ناوەوە. ئێستا لە ژێر سایەى دەسەڵاتی پارێزگارەکەى گۆڕان و بە بەرچاوى ئەو پارێزگارە بەڕێزەى ئەوان و قایمقامەکەى ئەوانەوە کە سەرۆکی لیژنەى ئەمنی شارەکەیە مامۆستایانێک کە بەعس لە سلێمانیدا بوێرى ئەوەى نەبوو خەڵکی سووک و بودەڵەو نەزان بکاتە بەرپرسی ئەو دامەزراوەى کە ئەوان کاریان تێدا دەکرد، ئێستا لە سلێمانیدا شەقیان تێهەڵدەدرێت و دەستگیر دەکرێن، تەنیا لەبەرئەوەى داواى مافی رەواى خۆیان دەکەن تا بتوانن منداڵانی کورد وەکو پێویست پەروەردە بکەن. ئێستا لەم شارەیە کە چراى زانست و پەروەردەو فێرکردن کوژاوەتەوە گۆڕان و یەکێتی فەرمانڕەوان، حیزبگەلێک کە نەتوانن پێداویستی خوێندن لەو رووبەرەدا دابین بکەن کە بەهی خۆیانی دەزانن دەبێ چیان بۆ ئایندەى کورد لە دەست بێت؟.
ئێستا ئومێدی چاکسازى و گۆڕانکاری لە کوردستاندا ئومێدێکی زۆر لاوازەو گرفتی سەرەکی ئەوەیە کە نە ئەو نوخبە سیاسیەى کە لەسەرەوەى حیزبەکانن و نە ئەو عەقڵە سیاسیەى لە کوردستاندا باڵادەستەو نە دامەزراوەکانی ئەم هەرێمە لە حیزبەوە بۆ حکومەت و ئەوانیتریش هیچ ئیرادەیەکیان نەماوە بۆ چاکسازى، ئەو نوخبە نەخۆشە سیاسیەى سەرەوەیان ئیرادەی ئەوانی بۆ چاکسازی و گۆڕانکاری کوشتووەو هیچ ئومێدێک لەئارادا نییە بۆ ئەوەى بەم بکەرانە کە سادەترین کاراییان بۆ چاکسازی و گۆڕانکاری نیە گۆڕانکاری و چاکسازی بکرێت، هەربۆیە دەبێ لە ئێستادا وەها سەیری پرۆژەى چاکسازی گۆڕانکاری بکرێت لە کوردستاندا کە بەم کەرەستە مرۆییەى ئێستا کە نوخبەى باڵادەستی هەموو ئاستەکانی سیاسی و ئیداری و عەقڵی کوردستانە جێبەجێ ناکرێت و دەبێ چاوەڕوانی نەوەیەکی نوێ بین کە ببێتـە بکەری جێبەجێکەری پرۆژەیەکی لەم جۆرە کە ئەویش بە لە رەگوریشەوە هەڵـکەندنی کەلتوور ئێستای گەندەڵی و بە هەڵوەشاندنەوەی عەقڵی سیاسی ئێستاو عەقڵ و بەرنامەى ئیداری ئێستاو دامەزراندنی نوێ لە شوێنیاندا دەبێت کە ئەوەش بە بکەرێکی نوێ دەکرێت کە بە تاعونی عەقڵ و تێڕوانین و بەرنامەو ستراتیژی نوخبەی رابردوو، ئێستا ئالودە نەبووبێت. بەڵێ ئەو بکەرە نوێیە لە دایک دەبێت و دەبێتە گۆڕ هەڵکەنی ئەم نوخبەیەی ئێستا کە هیچ بنەمایەکی بۆ گۆڕانکاری و چاکسازی تێدا نەماوەو چەندێ زووتر گۆڕهەڵکەنەکەى بێت ئەوەندە لە قازانجی داهاتووی کوردە لە هەموو ئاستەکاندا. کەواتە لە ئێستادا بەڵێن و قسەى بریقەدارى بەرپرسانی حکومی و حیزبی کوردى بە گشتی بێجگە لە هەوڵدان بۆ فریودانی زیاترى خەڵک هیچیتر نیەو هەموو هەوڵێکیشیان بۆ درێژەدانە بە مانەوەى خۆیان و بۆ ئەو مەبەستەش نەک پێ لە بەرژەوەندییەکانی جەماوەر دەنێن بەڵکو هەوڵدەدەن سەرى جەماوەریش پان بکەنەوە بەڵام مەنتیق دەڵێت ئایندە بۆ جەماوەرو خەڵکە نەک بۆ ئەوانەى لەسەر خوێنی خەڵک کۆشکەکانیان هەڵدەچنن و لە ئازارەکانی خەڵک تێناگەن و تەنانەت نەدەیبینن و نە هەستیشی پێدەکەن.