زه‌به‌نگ به‌هادین: سه‌رۆكه‌ شۆرشگێره‌ دیكتاتۆره‌كان.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

یه‌كێك له‌ نیشانه‌ گرنگه‌كانى سه‌رۆكى دیكتاتور ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌میشه‌ چى سه‌روه‌ت و سامانى هه‌یه‌ له‌ ده‌روه‌ى وڵاته‌كه‌ى خۆى داى ئه‌نێت و به‌ گه‌رى ئه‌خات بۆ به‌ زیادكردنى, هه‌روه‌ها هه‌میشه‌ هه‌وڵى چه‌وساندنه‌وه‌و داپڵۆسینى میلله‌ته‌كه‌ى خۆى ئه‌دات له‌ پێناوى مانه‌وه‌ى خۆیدا, ئه‌وه‌نده‌ى گرنگى به‌ ده‌روه‌ى وڵات ده‌دات نیو هێنده‌ به‌ ناوخۆ نادات , ئه‌مه‌ خه‌سڵه‌تێكى دووباره‌ بووه‌وه‌ى ئه‌و سه‌رۆكانه‌یه‌ كه‌ مه‌یل و ئینتمایى نیشتیمانیان نى یه‌ به‌ڵكو ته‌نها ئه‌یانه‌وێت نیشتیمان وه‌گ مانگایه‌ك بدۆشن تا شیره‌كه‌ى ووشك بكات ئه‌و كات وێرانى ئه‌كه‌ن و جێ ى دێڵن.

كاتێك بن على سه‌رۆكى پێشوى تونس راى كرد له‌ وڵات و شۆرش به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یدا كرا خێزانه‌كه‌ى ( له‌یله‌ ته‌رابلسى ) خاوه‌نى زیاتر له‌ ته‌ن و نیوێك ئاڵتون بوو, ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وپاره‌ زۆرانه‌ى كه‌ به‌ 100 ملیار دولار مه‌زه‌نده‌ ده‌كرا له‌ بانه‌كانى ئه‌وروپا دایان نابوو, به‌ دواى ئه‌ودا ( قه‌زافى ) كاتێك كوشتیان خاوه‌نى 187 ملیار دۆلار بوو كه‌ له‌ بانكه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى وڵاته‌كه‌ى خۆى داینابوو, (حسنى مبارك) كه‌ زیندانى كرا خاوه‌نى 70 ملیار دولار بوو, جا ئه‌وه‌ى كه‌ سه‌یره‌ له‌ هه‌ر لاوه‌ كه‌ سه‌یرى ئه‌م سه‌رۆكه‌ دیكتاتۆرانه‌ ئه‌كه‌یت هه‌موویان ئه‌و شورشگێرانه‌ بوون كه‌ خۆیان له‌ دژى زوڵم و سته‌مى ده‌سه‌ڵاته‌كانى پێشویان و برسى كردنى میلله‌ته‌كه‌و به‌هه‌ده‌ردانى سه‌روه‌ت و سامانى وڵات خه‌باتیان كردووه‌. یه‌كێك له‌و سه‌ركردانه‌ سه‌رۆكى وڵاتى زیمبابۆى ( روبرت موجابى ) یه‌ كه‌ خۆى شۆرشگێرێكى نیشتیمان په‌روه‌ر بوو پێشتر بۆ روخاندنى ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى پێشو خۆى كه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتێكى سته‌مكار و زۆردار بوو شۆرشێكى به‌رفراوانى به‌رپا كرد و سه‌ركه‌وتوو بو تێیدا, كه‌چى له‌ دواى ئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى گرته‌ ده‌ست بو به‌ سه‌رۆك خۆى كه‌وته‌ بردنى پاره‌ى وڵاته‌كه‌ى و بردیه‌ بانكه‌كانى ده‌روه‌ى وڵات, له‌وه‌ش خراپتر هه‌رچى پارته‌ ئوپۆسزیونه‌كان بوون هه‌موویانى گرت و خستنیه‌ زیندان و ئه‌شكه‌نجه‌ى ئه‌دان به‌ توندترین شێوه‌ وه‌ زۆریشى لێ كوشتن.
یان وه‌ك سه‌رۆكى كۆریایى باكور میلله‌ته‌كه‌ى برسى كردووه‌ و هه‌موو سه‌روه‌ت و سامانى وڵاته‌كه‌ى خستۆته‌ به‌رنامه‌ ئه‌تۆمى یه‌كه‌یه‌وه‌ كه‌ ته‌نها بۆ شه‌ر و وێرانكارى به‌كاردێت, هه‌نێك له‌ سه‌رۆكه‌كان له‌ پێناو مانه‌وه‌ى خۆیان میلله‌تێكیان وێرانكرد وه‌ك به‌شار ئه‌سه‌د كه‌ رۆژانه‌ خه‌ڵك ئه‌مرێت له‌ پێناوى كورسى یه‌كه‌ى ئه‌ودا و ئه‌ویش به‌ خه‌یاڵیدا نایه‌ت.
سه‌رۆكى ئوغه‌ندا (یوری موسیفینی) خۆى زیاد له‌ 30 ساڵ خه‌باتى كرد له‌ پێناوى به‌دێهێنانى دیموكراسى و مافى مرۆڤ و ده‌ستاو ده‌ستكردنى ده‌سڵات به‌ڵام خۆى كه‌ بریار بوو بۆ ده‌ ساڵ بمێنێته‌وه‌, به‌ هۆى ته‌زویراتى زۆره‌وه‌ تا ئێستاش له‌سه‌ر كورسى ده‌سه‌ڵاته‌و كورسى یه‌كه‌ به‌ر نادات به‌و په‌رى دیكتاتوریه‌ته‌وه‌ حوكم ده‌كات, و سه‌رجه‌م جومگه‌كانى ده‌سڵاته‌كه‌ى داوه‌ته‌ ده‌ست كه‌سه‌ نزیك و خزمه‌كانى خۆى, هه‌رچه‌نده‌ زۆر جار له‌ لایه‌ن میلله‌ته‌كه‌ى خۆپیشاندان كراوه‌و داوایان لێكردوه‌ واز له‌ كورسى ده‌سه‌ڵات بهێنێ به‌ڵام ئه‌و به‌ بیانوى مێژوى خه‌باتگێرى فرۆشتنه‌وه‌ى به‌سه‌ر میلله‌ته‌كه‌یدا ئامادجه‌ نى یه‌ واز بێنێت.
سه‌رۆكى كامیرۆن ( بول بیا ) ئه‌م پیاوه‌ رێك جه‌رده‌یه‌كه‌ له‌ وڵاته‌كه‌ى خۆیدا له‌ پاره‌ كۆكردنه‌وه‌و خواردنى موڵك و سامانى وڵاته‌كه‌ى ته‌نانه‌ت ئه‌م پیاوه‌ هه‌موو ده‌ستور رێساكانى وڵاته‌كه‌ى گۆرى به‌س ته‌نها له‌ پێناوى مانه‌وه‌ى خۆیدا, ته‌نانه‌ت كاتێك ئینقلابێك كرا به‌سه‌ریدا له‌ 1984 به‌ڵام به‌ بیانوى لایه‌نگرانى سه‌رۆكى پێشوى ئەحمود و اهیجو، هه‌ستان به‌ گرتن و كوشتنى زۆر له‌ نه‌یارانى.
ئه‌وه‌تا ئێستاش سه‌رۆكى توركیا ئه‌بینین چى ده‌كات و ئه‌بینین ئاستى ئابورى توركیا چۆن خه‌ریكه‌ به‌روه‌ دارمان ئه‌بات, وه‌ له‌ هه‌وڵى گۆرینى ده‌ستورى ولاته‌كه‌یه‌تى به‌ ته‌نها له‌ پێناوى مانه‌وه‌ى خۆى له‌ سه‌ر كورسى ده‌سه‌لات, هه‌رچى وڵاتى خۆشمانه‌ ئه‌وه‌ له‌ باسكردن نایه‌ت چونكه‌ هه‌موو شاهیدى حاڵه‌كه‌ى ئێستان, و رۆژانه‌ ئه‌بینین چى ئه‌گوزه‌رێت له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم.
ئه‌وه‌ى جێگه‌ى سه‌رنجه‌ ئه‌م سه‌رۆكانه‌ بۆ به‌م شێوه‌یه‌ هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن؟ ئایا ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌و پارانه‌ى بردویانه‌ته‌ ده‌روه‌ى ووڵات بیهێننه‌وه‌ ناو وڵاته‌كه‌و بیده‌نه‌ میلله‌ته‌كه‌یان باشتر نى یه‌, كاتێك میلله‌تیش تێر و پۆشته‌ بوو ئه‌وانیش مانه‌وه‌ى خۆیان به‌ ئاسوده‌ى مسۆگه‌ر ده‌كه‌ن, ئه‌ى ئه‌گه‌ر ئه‌و سه‌رۆكانه‌ى له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كانیان ده‌ركران ئه‌مانه‌ سه‌روه‌ت و سامانه‌كه‌یان بدایه‌ته‌ هاونیشتیمانى یه‌كانیان ئه‌و كات هیچ وڵاتێك نه‌یده‌توانى رۆڵه‌كانى هه‌لخه‌ڵه‌تێنیت و له‌ خشته‌یان ببات و سه‌رۆكه‌كه‌یان پى لا ببات، ئه‌ى ئه‌وه‌ نى یه‌ له‌ ئه‌وروپا ئه‌بینین سه‌رۆكه‌كان چه‌نده‌ كه‌سێكى ئاسایین و هیچ سه‌روه‌ت و سامانێكى شاراوه‌و قه‌به‌یان نى یه،‌ ئه‌ى ئه‌وه‌ نى یه‌ خۆشیان و هاونیشتیمانیانیشیان له‌ خۆشبه‌ختى خۆشگوزه‌رانیدا ئه‌ژین ته‌نانه‌ت كه‌ هه‌ڵبژاردنیش ئه‌كه‌ن هه‌ر میلله‌ت داواى خۆیان ده‌كاته‌وه‌، وه‌ گه‌ر میلله‌تیش نه‌یه‌وێن به‌ ئاسانى ده‌ست به‌ردارى كورسى ده‌سه‌ڵات ئه‌بن و به‌ سه‌ربه‌رزى چۆڵى ئه‌كه‌ن.
پێده‌چێت خه‌سڵه‌تى دكتاتۆره‌كان وا بێت، كه‌ ئه‌وه‌ى ئه‌یبات له‌ میلله‌ته‌كه‌ى خۆشى نایخوات و ده‌رخواردى میلله‌ته‌كه‌ى خۆشى نادات, هه‌مووى سه‌روه‌ته‌كه‌یان له‌ پاشان ئه‌چێته‌ گیرفانى بانقه‌كانى ئه‌وروپاو ئه‌مریكاوه‌ ئه‌وان بۆیان ئه‌خۆن و میلله‌ته‌كانیشیان به‌ سه‌ربه‌رزى ئه‌ژێنن پێى.