شێرزاد شێخانی: یەك دەنگیش كاریگەری خۆی هەیە.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

دوای سەركەوتنی پڕۆژەكەی یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ لەپەرلەمانی عیراقدا، سەبارەت بەدابینكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم. پارتی وبارزانی تایمیان تێكچوە.. وەك هەر كەسو حزبێكی بێدەسەڵات كەوتونەتە سەر تۆمەت بەخشینەوە بەمو ئەو، تەنانەت حزبە هاوپەیمانە ستراتیژییەكەشیان بێبەری نەبو لەتۆمەتی خیانەتی نیشتمانی و كاركردن دژی دەسكەوتەكانی هەرێمی كوردستان، وەك ئەوەی ئەوان خاوەنی ئەم دەسكەوتانە بن و، خۆیان نیشتمانپەروەری عەیار 24 قیرات و ئەوانیتر هەمویان خیانەتكارو نیشتمانفرۆش!.

وەك هەر حزبێكی دیكتاتۆر پارتی ئەیەوی هەمو شتێك بەدڵی ئەو بێ، بریارو مەرجەع هەر خۆی بێ، كەی خەڵك برسی ئەكا، كەی دەستهەڵئەگرێ، ئەو خۆی هێلە نیشتمانیەكانمان بۆ رابكێشێ، هەمو ئەوانی غەیرە خۆی گوێرایەڵ و مەڕو ماڵات بن ئەویش شوان و گاوان.
ئێستا هەوڵێك ئەدات بۆ سزادانی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق وجێگرە كوردەكەی لەبەر ئەوەی دڵیان بە میللەتی كورد سوتاوەو كاریان بۆ دابینكردنی قووتی مناڵانی كوردیان كردوە.. ئەمە رەفتاری حزبە نەتەوەییەكەمانە كە بەنیازە دەوڵەتی كوردستانی گەورەمان بۆ دروست بكات؟.
كاتێك بیرۆكەی هانابردن بۆ پەرلەمانی ئیتیحادی لەلایەن هەندێ لەئەندامانی پەرلەمان هاتە ئاراوە، بەماوەیەكی زۆر كورت و بۆ دەربازكردنی میللەتەكەمان لەنەهامەتی برسیەتی و نەبونی، بو بەپڕۆژەی هەر سێ فراكسیۆنی یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ، بەپەسندكردنی ئەو پرۆژەیەش لەلایەن پەرلەمانەوە گورزێكی زۆر گەورەو كاریگەر بەر سیاسەتەكانی پارتی لەبرسیكردنی خەڵكو كۆیلەكردنیان كەوت، ئەم پرۆژەیە دەستپێكە بەدوای خۆیدا دەسكەوتی زۆر گەورەتر ئەهێنێ بۆ بنەبڕكردنی گەندەڵی دەسەڵاتی پارتی و كۆتایهێنان بەسیاسەتی قۆرخكاری و برسیكردنی میللەت، چونكە پێموایە ئەگەر پارتی نەوتەكەی خۆی تەسلیم بەبەغدا نەكا هەنگاویتر دێتە پێشەوە، هەنگاوی یاسایی و تەنانەت سەربازیش، چونكە پێشتریش وتومە شەڕێكمان لەپێشە لەسەر نەوت.
ئەمەریكیەكان ئەڵێن: هەر دۆلارێك ئەجیندای خۆی هەیە”.. لەدانیشتەكانی پێشوتری پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە ویلایەتە بەسەرچوەكەی مەسعود بارزانی، لەپەرلەمان بینیمان بۆ تەواوكردنی نیسابی یاسایی تەنانەت یەك دەنگیش قییمەتی خۆی هەبو.. پێشتریش بیرمانە لەكاتی راپەڕینە مەزنەكەی گەلی كوردستاندا ئێزگەكەی یەكێتی كە تاكە دەنگێكی راپەڕین بو چ كاریگەرییەكی هەبو لەجۆشدانی خەڵكو سەرخەستنی راپەڕینەكە، ئێستاش وەكو یەك دۆلارە ئەمریكیەكە، یەك دەنگی ئەندامێكی پەرلەمانو یەك كەناڵێكی ئیعلامی و ئاسمانی كاریگەری خۆیان هەیە بەسەر سیاسەتی هەر حزبێك و رژێمێكی دیكتاتۆرەوە، جا ئێستا كاتی ئەوە هاتوە پارتیو سەرانی لەخەوی سەدەی رابردو هەڵسنەوەو دونیای ئەمرۆ ببیننو، لەوە تێبگەن تا یەك دەنگیش مابێ ئەوان هەمیشە ریسواو شەرمەزرار ئەبن، تا ئێرەو ئیدی بۆیان ناچێتە سەر، كاتی ئەوە هاتووە بە سیاسەتو هەڵوێستەكانیاندا بچنەوەو ئەوەندە پشت بە زورناژەنو كاسەلێسە ئیعلامیەكانیان نەبەستنو بێنەوە بەرەی میللەت.