شیلان بیبانی: بیرۆكە شاراوەكانی بانكی ناوەندیی عێراقی.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بانكی ناوەندیی عێراقی پابەندە بە بەبەهاكردنی دراوی دینارو هەڵگرتنی یەدەگی وڵات لە شێوەی زێڕو هەندێ ئەرکی تریش، لە دوای ئەو چەند ساڵەی قەیرانی كوردستان و عێراق و ململانێ‌ سیاسی نێوانیان، كاری ئەم بانكە لە بەغدا تاڕادەیەك لە هەرێم دابڕا، جگە لە گۆڕێنەوەو حەواڵەی دۆلارو دینار، بەڵام لەو ماوەیەدا بڕیار دراوە لق لە هەردوو شاری سلێمانی و هەولێر بكاتەوە.
روونە کە بەرژەوەندی ئابووری لە پشت ئەم بڕیارەوەیە، سەبارەت بە کوردستان سەلامەتی و ئاسایشی وایكردووە زۆرترین كۆمپانیاو خەڵكی بیانی تێدا كار بكەن، هەروەها هەموو بازرگانی و فرۆشتن و كڕین و خانووبەرە مامەڵەكان بە دراوی دۆلارەو، زۆرترین ئاڵوگۆڕی ئەم دراوە لەگەڵ دینار بەم دراوە دەكرێت، بۆیە ئەو بانكە بۆ نزیكبوونەوە لەم بازاڕە گەرمەی دۆلارو بەرژەوەندی فرۆشتنی زیاترو قازانجی خۆی ئەم لقانە دەكەنەوە، چونكە پێشتر لە بەغدا ئەم دۆلارە لەلایەن كۆمەڵی بازرگان دەكڕدران و دەستاو دەست دەگەیشتە كوردستان، ئەمانە جگە لەوەی بانكی مەركەزی ئابووری كوردستانی بەلاوە بەهیزترە وەك لە ئابووری بەغدا، بۆیە هەوڵی زیاتر دەدات بۆ بەیەكگەیشتنەوەی لەگەڵ کوردستان، چونكە لەماوەی رابردوودا ئەم بانكە مایەپوچ بوو، بۆیە تاكە ئومید تەنها رووكردنە كوردستانە، بەتایبەت دوای نەمانی متمانە لەلایەن سندوقی نەقدی نێودەوڵەتی و پێنەدانی قەرز بە حكومەتی عێراق.
لەلایەكیترەوە تێوەگڵانی حكومەتی عێراقی لە سیستەم و ئیشەكانی ئەو بانكە گەورەترین گرفتی بەردەمی بوو، بە شایەتحاڵی بەڕێوەبەرایەتی ناو بانكەكە و گلەیی و گازاندەیان لە دەستێوەردان و تێكەڵكردنی سیاسەت بە بارودۆخی بانكی، ئەمانە جگە لەوەی كاربەدەستانی عێراقی بە پاڵپشتی پۆستەكانیان هەموو كات دەرگای بازرگانییان گرتوتە دەستی خۆیان و، مامەڵەی ئەو بانكەیان بۆ خۆیان قورخ كردووەو، لەپێناو بەرژەوەندی تاك بەرژەوەندی گشتی وەلا نراوە، شتێك نەماوە بەناوی یاساو هەمووی بۆتە بڕیاری باڵادەستەكان، كەواتە كێشەكان و گەندەڵی و نەبوونی بەڕێوەبردن هەموو هۆكاری سەرەكی تێكشكاندنی سیستەمی بانكن، بۆیە خراپی رەوشی ئابووری و بەردەوامبوونی ئەم قەیرانە نەك تەنها نرخی نەوت بەڵكو هەڵە و گەندەڵی بەڕێوەبرنە، بەوپێیەی بانكی ناوەندیی بڕبڕەی پشتی ئابووری وڵاتە.
زۆربەی وڵاتان پێداچوونەوەیان بە یاسانی سیاسەتی بانكی ناوەندییان كردووەو بەرەو سەربەخۆییان بردووە، چونكە بەهۆی بەرەوپێشچوونەكان ئەو بیرۆكەیە گرنگی پێدراوە كە سیاسەتی نەختی نێودەوڵەتی پێویستی بە سەربەخۆیی تەواوە، هەرچەندە لە وڵاتە تازە گەشەكردووەكان زۆرجار نەتوانراوە بە تەواوی سەربەخۆیی بانكی ناوەندیی وەربگێریت، بەتایبەت لە بڕیارەكانی و رێكخستنی بەهای دراوەكانی وەك ئەوەی لەئێستادا لە عێراق دەگوزەرێت، بە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لەبەرامبەر دینار.
تاكو ئێستا زۆر كەس هەڵەن لەوەی بیرۆكەی سەربەخۆبوونی بانكی ناوەندیی ئەوە ناگەیەنێت كە بانكەکە تاكڕەوانە كارەكان بكات و واز لە حكومەت بهێنێت، بەڵًكو مەبەست ئەوەیە هەردوولا بە رێكکەوتن لەسەر ئامانجەكانی وڵات و بانك بڕیار بدەن، و گەڕان بە دوای كەرەستەكانی هێنانەدی ئەو ئامانجانە لەپێناو دەستكەوتنی سیاسەتێكی سەركەوتووی نەختی، ئەتوانین ئامانجەكان لە چەند پێوەرێك دابنێن لەوانە، سەربەخۆبوونی سیاسەتی بانكیی لە حكومەت، بەوەی هیچكات بەرژەوەندی تاكی و دەسەڵات و سیاسی كاریگەری هەبێت لەسەر كاركردنی بانك، هەروەها سەربەخۆبوونی سیاسەتی بانكی لە سیاسەتی ئابوورییەكانی تری ئەو وڵاتە، هەروەها سەربەخۆبوونی كاربەدەستانی بەڕێوەبردنی ئەو بانكە و هیچكات لەژێر فشار نەبن و بەپێی خزمەتەكانیان مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت.
لە ساڵی 1824 ئابووری ئینگلیز دركی بەوەكرد كە ناتوانرێت حكومەت رۆڵ ببینیت لە كونترۆڵكردنی بەهای دراوو، بە باشی زانی چەند كەس و دەزگایەك هەبێت لەم كارە بەرپرس بێت، بۆیە سیاسەتی سەربەخۆبوونی بانكی ناوەندیی سەریهەڵدا، لەپاش رووخانی سیستەمی “بروتن وودز” هەڵئاوسان لە زۆربەی وڵاتە سەرمایەدارو تازە گەشەکردووەكان سەریهەڵدا، ئەمانە بۆ ئەوەیان گەڕاندەوە كە ناهاوسەنگی لە بەبەهاكردنی دراوی وڵات و كێشەی بەڕێوەبردنی بانكی ناوەندیی هەیە، ئەمەش یەكێك بوو لە هۆكاری بیرۆكەی سەربەخۆبوونی ئەو جۆرە بانكە، پاش سەد ساڵێك هەمان گرفت لەم وڵاتانە سەریهەڵداوەو هەمان رێچكەی گرتوتەبەر بەڵام چارەسەر هەیە و پێوستی بە بیركردنەوەیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت