زه‌به‌نگ به‌هادین: ئه‌رێ له‌ژێر سایه‌ى ئێوه‌دا ئێمه‌ ده‌وڵه‌ت بەیان بكه‌ین؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بنیات نانى ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر پێنج بنه‌ماى سه‌ره‌كى ده‌بێت: …

یه‌كه‌م: پشتیوانى جه‌ماوه‌رى و پاڵپشتى گه‌ل بۆ دروستكردنى ده‌وڵه‌ته‌كه‌ , كه‌ به‌ دڵنیاى لاى ئێمه‌ كه‌س نى یه‌ ئه‌و پشتیوانى یه‌ نه‌كات ده‌وڵه‌تى نه‌وێت.
دووه‌م: ئابوریه‌كى سه‌قامگیر و جێگیر كه‌ بتوانێت لانى كه‌م ده‌رامه‌تى میلله‌ته‌كه‌ به‌رێوه‌ ببات، به‌ مه‌رجێ شه‌فاق و ررون بێت كه‌ ئه‌مه‌ زۆر ئه‌سته‌مه‌ له‌م ولاته‌ى ئێمه.
سێهه‌م: په‌یوه‌ندى ئیقلیمى و نێو ده‌وڵه‌تى به‌ جۆرێك كه‌ بتوانى هاوسێ یه‌تى و كارى هاوبه‌شى سوودمه‌ند بۆ هه‌ردوولا دابین بكرێت ئه‌مه‌ش كه‌س نازنێ شایه‌تمان به‌ كان لا بێنێ هه‌ر لایه‌ و ته‌ره‌فێكى گرتووه‌ یه‌كیان توركیا ئه‌ویتریان ئێران كه‌ له‌ بنه‌ماشدا هه‌ردووكیان دوژمنى كۆنى كوردن.
چواره‌م: هێزێكى به‌رگرى سه‌ربه‌خۆ و نیشتیمانى به‌ دامه‌زراوه‌یه‌كى ئه‌كادیمى و زانستى به‌مه‌رجێك دوور بێت له‌ ده‌ست تێوه‌ردانى حیزبى.
پێنجه‌م: ئیراده‌یكى به‌هێز بۆ دروستكردنى ده‌وڵه‌ته‌كه‌.

جا بابێینه‌ سه‌ر ده‌وڵه‌ته‌ كوردى یه‌كه‌ى خۆمان، كه‌ به‌ نیازین ئیعلانى بكه‌ین. ده‌وڵه‌تى كوردى خه‌ونى هه‌موو تاكێكى كورده‌ , خه‌ونى ئێستا و له‌ مێژینه‌ى هه‌موومانه‌ , ئه‌و ئاواته‌ى ساڵه‌هاى ساڵه‌ هه‌وڵى بۆ ده‌ده‌ین و خه‌باتى بۆ ده‌كه‌ین روبارێك خوێنمان بۆ رشتووه‌ , له‌ مێژوودا زۆر جار كورد نزیك بۆته‌وه‌ له‌ به‌دیهێنانى ئه‌م خه‌ونه‌ى و چه‌ند جارێكیش به‌دێهێناوه‌ به‌ڵام زۆرى بر نه‌كردووه‌ له‌ناوبراوه‌و توێنراوه‌ته‌وه‌ .
جاران خۆمان داواى ده‌وڵه‌تمان ئه‌كرد و دوژمنه‌كانمان نه‌یانده‌هێشت ناویشى بێنین , سه‌یره‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ ئێستا ئه‌وان پێمان ئه‌ڵێن برۆن ده‌وڵه‌ته‌كه‌تان را بگه‌یه‌ننن و له‌ كۆڵمان بنه‌وه،‌ ئێمه‌ یه‌كه‌م كه‌سین چه‌پكه‌ گولتان بۆ دێنینین. ئه‌وان ئه‌ڵێن ئێمه‌ بروامان به‌ ئێوه‌ نى یه‌ بتوانن ده‌وڵه‌ت دروست بكه‌ن .
زۆر جار پێ ئه‌چێت قسه‌كه‌ى تاڵه‌بانى راست بێت كه‌ ئه‌یوت دروست بوونى ده‌وڵه‌تى كوردى خه‌ونێكى شاعیرانه‌یه‌ , ئاخر ده‌وڵه‌ت به‌م هه‌موو كێشه‌ و رق و كینه‌یه‌وه‌ چۆن دروست ئه‌كرێت , ئێمه‌ ئا ئێستاش ده‌ستورێكمان نى یه‌ هه‌موومانى له‌ ژێردا كۆ ببێته‌وه‌ , كێشه‌مان هه‌یه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمدا , په‌رله‌مان و سه‌رۆك په‌رله‌مان له‌ ماڵه‌وه‌ن , ته‌نها حیزبێك هه‌كوو جومگه‌ گرنگه‌كانى ده‌سه‌ڵاتى له‌ ده‌ست دایه‌ , رۆژ له‌ دواى رۆژ زیاتر چه‌قۆ له‌یه‌كتر تیژ ئه‌كه‌نه‌وه‌ و بێمتمانه‌ى زیاتر ئه‌بێت له‌ نێوان لایه‌نه‌كانى كه‌ ئه‌م وڵاته‌ ئه‌به‌نه‌ به‌ رێوه‌ , ئێتساش دوو ئیداره‌ن هه‌ر لایه‌كیشیان سه‌ر به‌ وڵاتێكه‌، یه‌كیان ئێران ئه‌ویتریان توركیا. پێ ئه‌چێت كه‌ ده‌وڵه‌ته‌كه‌شمان ئیعلان كرد، دوو ده‌وڵه‌ت ئیعلان بكه‌ین. ئه‌مان ناتوانن دوو حیزب پێكه‌و كۆ بكه‌نه‌وه‌ و بگه‌نه‌ رێكه‌وتنێك سود و قازانجى بۆ میلله‌ته‌ داماوه‌ كه‌ بێت! ئێستا چۆن ئه‌م هه‌موو خه‌ڵكه‌یان بۆ كۆ ده‌كرێته‌وه‌ تا ده‌وڵه‌تێك دروست بكه‌ن .
ته‌نانه‌ت له‌ نێوان تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگادا متمانه‌ نه‌ماوه‌ وایان له‌ گه‌نجان كرد، كه‌ وڵات جێ بێلن و برۆن بڵین ئه‌وه‌ى ئێمه‌ به‌م نیشتیمانه‌وه‌ ئه‌به‌ستێته‌وه‌ ته‌نها پێڵاوه‌كانمانه‌ , رۆحى نیشتیمان په‌روه‌ریان كوشت , هه‌ستى نه‌ته‌وایه‌تیان نه‌زۆك كرد له‌ ناو تاكه‌كانى ئه‌م كومه‌ڵگایه‌دا , ووڵات چۆن ئاوا دروست ده‌كرێت.
میلله‌ت نان نى یه‌ بیخوات به‌ چى ولات دروست ئه‌كه‌ن ئه‌و نه‌وته‌ى ئه‌شیفرۆشین كه‌س نازانێ چى لێ دێ , ئه‌ویش له‌ ده‌ست توركیادایه‌ هه‌ر ووتى نایه‌ڵم بینێرن ئه‌ویشمان لێ ئه‌گیرێته‌وه‌ , ئه‌ى وڵات دروست كردن به‌س ناوه‌ به‌س هه‌ڵكردنى ئاڵایه‌ كام ئاڵا.
ئه‌و ئه‌ڵایه‌ى كه‌ ئه‌مرۆ رۆژى بوو , هه‌موو نه‌ته‌وه‌یك پێویستى به‌ ئاڵا هه‌یه‌ بۆ ناساندنى , وه‌ هه‌مووشیان رۆژێكیان هه‌یه‌ بۆ به‌رز راگرتنى ئاڵاكه‌یان و پێرۆز كردنى. ئێمه‌ش ئه‌مرۆ ئاڵامان هه‌ڵكرد و رێزمان لێگرت و سه‌رمان له‌ ئاستیدا دانه‌وان، به‌ڵام ئه‌وه‌ى جێگه‌ى داخوخه‌م بوو، كه‌ ئاڵاكه‌مان له‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانێكدا هه‌ڵكرا كه‌ ده‌رگاكانى داخرا بوو , له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانێكى له‌كار خراو , ئاڵایه‌ك ئه‌بوایه‌ له‌ خوێندنگاكاندا هه‌ڵكرایه، كه‌ ده‌رگاكانیان به‌ هۆى نه‌بوونى مووچه‌وه‌ داخراوه‌، ئه‌و ئاڵایه‌ى كه‌ ئه‌بوایه‌ له‌ ئێخه‌ى ئه‌و دایكه‌ شه‌هێدانه‌ بوایه‌ كه‌ تازه‌ مووچه‌ى مانگى 6 وه‌رده‌گرن , ئه‌و ئه‌نفال و بێسه‌رو شوێنانه‌ى كه‌ ئێستا نان نى یه‌ بیخۆن, كه‌ ده‌به‌یه‌ك نه‌وتیان نى یه‌ خۆیانى پێ گه‌رم بكه‌نه‌وه‌ , ئێمه‌ش ئاڵامان خۆش ئه‌وێت , به‌ڵام ئاڵایه‌ك له‌نێو رۆحى تاك تاكى ئه‌م میلله‌ته‌دا هه‌ڵكرێ و هه‌مووى هه‌ست به‌ خاوندارێتى ئه‌م نیشتیمانه‌ بكات.
ده‌ با ئاڵاكه‌مان هه‌ڵكه‌ین و ده‌وڵه‌ته‌كه‌مان ئیعلان بكه‌ین. بزانین كه‌سمان ده‌ستى په‌تى ئاڵاكه‌ى پی ئه‌گیرێ , بزانین كێ پێنوسى ئیعلانى ده‌وڵه‌ته‌كه‌ هه‌ڵئه‌گرێ, هه‌تا ئه‌مانه‌ حوكمان بكه‌ن و رۆژ له‌ دواى رۆژ زیاتر له‌ت له‌ت و په‌رته‌وازه‌مان بكه‌ن كه‌سمان ئاَلاكه‌ى پێ هه‌ڵناكرێ .