هادی حەمەڕەشید: بۆ قوباد تاڵەبانی!

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

سڵاو مامی بچووک؛
لەساڵی 2005 دا، لە هۆڵی ڕاپەڕینی زانکۆی سلێمانی، کۆڕێک بۆ ئێوە ڕێکخرا بوو، باسی دۆخی هەرێم و ناوچەکەت ئەکرد، بیرمە چەندە پڕ زانیاری و ورد قسەت کرد، هێندەش خۆت بە دوور گرت لە ململانێ ناوخۆییەکانی یەکێتی و زۆر بێلایەنانە قسەت کرد، لەو کۆڕەدا مامۆستایەکی زانکۆ کە نازناوی “مەلا” شی هەڵگرتبوو هەستا و جۆرێک لە ڕووپامایی بۆکردیت و بە ئەوپەڕی تەمەلوقەوە هەندێ مەرایی بۆ کردیت، بەڵام تۆ بەئەوپەڕی بێزارییەوە سەرکۆنەت کرد و وەک بەشێک لە بەرپرسانی پێش خۆت خەنی نەبوویت بەو شێوازە بەرخوردە.
بۆیە ئەو کۆمەڵە گەنجەی کە پێکەوە هاتبووینە هۆڵەکەوە خۆشحاڵ بووین بەو جۆرە هەڵسوکەوتەی ئێوە و پێمان وابوو کە دەرکەوتنی سیگناڵێکی نوێ بێت لە تاکی خێزانە فەرمانڕەواکانی کوردستاندا، بەڵام بەداخەوە ئێستا و لەسەردەمی حوکمڕانیتاندا شتێکیتر ئەبینین!
بەڕێز تاڵەبانی؛ لەم ماڵە شێواوەی کوردستانی باشوردا، ئێستا تۆ لە بەرپرسیارێتییەکی گەورەدای کە بەداخەوە جگە لەناوێک، هیچی دیت دیار نیە!
تۆ ڕاستە لەڕووی فەرمییەوە “جێگری سەرۆک وەزیران”یت و بەرپرسیارێتییەکەت لە چاو “سەرۆکی هەرێم” یان ” سەرۆکی پەرلەمان” یان “سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران” دا لە پلەی دواتردا دێت، بەڵام هەموومان ئەزانین لەڕووی ناوەڕۆکەوە ئێستا لە غیابی سەرۆکی شەرعی هەرێم و پەکخستنی سەرۆکی پەرلەماندا، “نێچیرڤان ” و “تۆ ” دووانەی حوکمن لە کوردستاندا و هەرچی کەموکوڕیی و سکانداڵەکانی ئیدارەکەشتان هەیە لە مێژووتاندا بە خەتێکی درشت ئەنووسرێت!
لە دڵەوە هیوامان ئەخواست کە جیاوازی نێوان “دێگەڵە ” و “کۆیە “دا هەمان جیاوازی نێوان “کۆیە” و “دوکان” بووایە، بەڵام لەکاتێکدا کە لەو پایتەختەی کە تۆ جێگری سەرۆک وەزیرانیت تیایدا جگە لە پارتی و دوکانە سیاسییەکانی ئەندام و لایەنگری هەموو حیزبێک” بەحیزبەکەی مام” یشەوە ئیهانە ئەکرێن و ڕسوا ئەکرێن و دواجار دیپۆرت ئەکرێنەوە بۆ سلێمانی، هەر لەو حکومەتەی کە تۆ تیایدا جێگریت، لە ئاکرێ و ئامێدی و دهۆک و زاخۆ و هەولێر و قەڵەمڕەوی بارزاندا تۆ میوانێکی ڕەزاگران و لە دێگەڵە بەمدیودا تۆ بەرپرسی پلەیەکیت! خۆ ناکرێت تا ئێستاش تۆ خۆت لەم هاوکێشەیە حاڵی نەبووبیت؟!
کەواتە تۆ بەرپرسیاری مێژوویی یەکەم و بێ هاوتای لەم دەڤەرەدا و ئەم پەراوێزخستن و گەمارۆ ناڕەوا و ستەمکارانەی کە خراوەتە سەر سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین بەبێ چەند و چۆن ئامبازی تۆ ئەبێتەوە و لە ئەستۆی تۆدایە!
جەنابی جێگری سەرۆک؛ ماڵباتی بارزانی تا ئێستا” ئەگەر ڕێژەییش بێت” سەرکەوتوو بوون لەسەرکوت کردنی دەنگە جیاوازەکانی دەرەوەی خۆیان لە زۆنی زەرددا، لەناو خێزانەکەیانەوە تا ئەگاتە نەیارەکانیان لەناو پارتی و دەرەوەی پارتی، بەڵام تۆ بۆ ئەوەی فەرمانڕەوایەتییەک بکەیت، نەک “حوکمی ڕەشید ” بهێنیتە گۆڕێ، بگرە تەنیا و تەنیا هێندەی ئەوان کۆنترۆڵی دۆخی ئەم دەڤەرە بکەیت، مەرج نیە هەمان ڕێڕەوی ئەوان بگریت لە سەرکوت کردن و تۆقاندن و پڕکردنی زیندانەکان بەناوی جیاوازەوە، کپکردنی دەنگە ناڕازییەکانی حیزبەکەت، چونکە دواجار لە دێگەڵە تا زاخۆ یەک ڕەنگ هەیە، ئەویش تەنیا ڕەنگی زەردی پارتییە، یەک دەنگ بڵندە ئەویش دەنگی ماڵباتی بارزانییە، بۆیە کۆنترۆڵ کردنی گەلێک سانا و بێ سەرئێشەیە!
بەڵام لە مەملەکەتەکەی تۆدا چەندین کانتۆن و قەڵەمڕەوی هەیە، کەشێکی پۆپۆلیستی باڵادەستە کە هەر لە حیزبەکەی خۆتدا قەڵەمڕەوی جیاواز و هێز و قەوارەی جیاوازی سەربازیی هەیە، چەندین ناوەندی سیاسی و هێزی کۆمەڵایەتی و جەماوەریی بوونی هەیە، بەپێچەوانەی ڕابردووتەوە ئێستا تێوەگلاوی لە کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتیدا و بێلایەنیت لەدەست داوە، بەرامبەرەکانیشت خاوەنی پارە و هێز و میلیشیای کەسین، بەکامە لۆژیک چاوەڕێی هەمان لۆژیکی ئەوان بۆ ئیدارەدان پەیڕەو بکەیت؟

بەڕێز تاڵەبانی؛ تۆ بەرپرسیاریت، بەرپرسیارێتیەکەشت لە دوو ئەگەر بەدەر نیە:
1ـ ئەگەر لایەنگری ئەو بۆچوونەیت کە بڕوای ئەستوریان بە یەک ئیدارەیی هەیە، لەمبارەدا پێویستە بۆمان بسەلمێنیت هیچ جیاوازییەکی ئیداریی لە نێوان قایمقامی “چەمچەماڵ” و قایمقامی “ئاکرێ”دا نیە لەڕووی پێدانی ئیمتیازات و دەسەڵاتیشەوە، جیاوازی نیە لە نێوان سەرۆکی شارەوانی زاخۆ و سەرۆکی شارەوانی ڕانیەدا، جیاوازی نیە لە نێوان پارێزگاری هەولێر و سلێمانیدا، جیاوازیی نیە لە نێوان یانەی وەرزشی دهۆک و یانەی وەرزشی هەڵەبجەدا لەڕووی خزمەتگوزارییەوە!
یان وابکەیت بڕیارێکی بەڕێزتان لە “بەردەڕەش” هێزی جێبەجێکردنی هێندەی هەمان بڕیاربێت کە لە “ماوەت ” بەخێرایی جێبەجێ ئەکرێت، وا بکەیت ئەو فشارەی کە لەسەر مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەولێر و دهۆکن نەمێنێت، تابتوانن ئەوانیش بە جەسورانە بێنە سەر شەقامەکان و داوای مافەکانیان بکەن، نەک هەوڵ بدەیت سلێمانی و هەڵەبجەش بکەیت بەهەولێر و دهۆک و مامۆستایان بە دۆشداماویی بکەیتەوە بە ناوەندەکانی خوێندندا!
بەکورتی پێویستە تۆ ببیتە سوارچاکی لابردنی یەک ئیدارەیی ڕووپۆشکراو بە دووئیدارەییەکی قوڵ، ئەگینا بێ مانایە بەم حاڵەوە باس لە یەک ئیدارەیی بکەیت!
2- ئەگەر لایەنگری دوو زۆنیت، یان هەر چارەیەکیتری نزیک لەو ئۆپشنە، وەک دروستکردنی هەرێمێکی نوێ، یان لامەرکەزیەتی ئیداریی بۆ چەند پارێزگایەک، ئەوا دیسان پێویستە تۆ ڕوونتر ئەم بابەتە تەرجەمە بکەیت، لە ئێستادا بەفەرمی مەلەفە ئیداریی و ئەمنییەکانی ئەم زۆنە بە فلتەری ئێوەدا ئەڕوات و هەڵسوکەوتی سەرۆکی حکومەتی ئیدارەی سەوزی جاران ئەکەن و ناتانەوێت بەفەرمی کار بۆ بە یاساییکردنی لەچوارچێوەی”هەرێم”ی جیاواز یان لامەرکەزیەتی ئیداریی و کارگێڕیدا بکەن!
ئەم ئۆپشنە ئەگەر دزێو بێت و دڵخوازیی ئێوە نەبێت، بەڵام لەڕاستیدا تۆ ناتوانیت لەو فاکتە ڕابکەیت کە لە ئێستادا تۆ مومارەسەی حوکمی دوو ئیدارەیی ڕووپۆش بە یەک ئیدارەییەکی ساختە ئەکەیت!
لە گەرمەی خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2011 ی ئەم زۆنەدا، بەڕێز دکتۆر بەرهەم لەبارێکی ناجێگیردا بوو و پاڵەپەستۆی هەمەلایەنەی لەسەر بوو، کۆمەڵێک لە ڕۆشنبیر و میدیاکاری نزیک لە خۆی کۆئەکاتەوە و ڕاوێژیان پێئەکات کە لە دۆخێکدا ئۆپۆزسیۆن ڕەقیبێکی ڕاستەقینەبن بۆی، پارتی بەتوندی لێی بدەن و لەودیوی دێگەڵەوە هەر بەناو سەرۆک بێت، لەناو حیزبەکەی خۆیشیدا بێ ڕەحمانە بەرببنە گیانی، ئەبێت چی بکات؟!
ئامادەبووان پێشنیاری جۆراوجۆری بۆ ئەکەن، یەکێک لە ئامادەبووان پێی ئەڵێت باشترین هەلت لەبەردەستە، بە هاونیشتیمانیان بڵێ لە دۆخێکی وادا پۆست و حکومەتداری هیچ بەهایەکی نیە و ئەوەی لەم وڵاتەدا کاربەدەستە ئێمە نین، بەڵکو کۆمەڵێک فیگەری پشتی کەوالیسن، بۆیە وا من دەست لەکار ئەکێشمەوەو … هتد، بەڵام جەنابی سەرۆک وەزیرانی پێشوو کە سەرمەست بوو بە تازەکردنەوەی ویلایەتەکەی و چاوەڕێی دەستکراوەیی پارتی بوو تا دوو ساڵەکەی خۆیان” وەک دڵئاواییەکەی یەکێتی” ببەخشنەوە پێی! لەناو هەموو بژاردەکاندا زۆرتر لە بژاردەی دەستلەکارکێشانەوە بێزار بوو، بە ئیمایەکی دەموچاو و جوڵەیەکی پەیامئامێز قسەکەی بەو ڕاوێژکارە خۆبەخشە بڕی و جەختی لە پێشنیارەکانیتر کردەوە!
بەڵام پاش یەکلابوونەوەی کورسیەکەی بۆ نێچیرڤان و دوورخستنەوەی ئەو لە پۆستەکەی، دیسان هەمان ستافی کۆکردەوە تا چی بکات، بەڵام ئیتر درەنگ بوو!
لە ئێستادا تۆ لەبەردەم وێرانکردنی ئایندەی خۆتدایت، چونکە ئەوەی کە ناتەوێت گوێت لێی بێت، ئەوەیە کە پێت بڵێن دۆخی دەوڵەتمەداریتان لە مەترسیدایە، پێت بڵێن تۆ ڕۆڵێکی سیاسی شیاو وازی ناکەیت، پێت بڵێن تەنیا تۆیت بەرپرسیارێتی ئەم خەراباتەت لەئەستۆ ئەبێت، هەر بۆ وێنە دانانی سەرۆکی زانکۆکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ڕاپەڕین و کۆیە لە دەستی کەسێکدایە کە هیچ پۆستێکی حکومی نیە و لە ژیانی خۆیشیدا یەک خولەک لە زانکۆدا نەیخوێندووە! لەباڵەکەیتریش برادەرێکی هاوشێوە، سەرۆکی زانکۆی گەرمیان دائەمەزرێنێت دیسان ئەویش بڕوانامەی ئامادەییشی نیە! ئێ بەڕێزم خۆ بەدڵنیاییەوە سەرۆکی زانکۆکانی هەولێر و دهۆک و سۆرانیش هیچ ناچنە ژێر باری وەزیری خوێندنی باڵا کە ئەندامێکی حیزبەکەی ئێوەیە، کەواتە وەزیرمان بۆچیە؟!
تۆیش لەدوورەوە لەم خەرابستانە ئەڕوانیت!
مامی بچوک؛ ئەم ڕۆژانە زۆر بە قورسی لەسەر تۆ ئەبێتە ماڵ و باجەکەی زۆر قورس ئەبێت، ئایندەیەکی زۆر لێڵ لەسەر دەستی تۆ چاوەڕێی ئەم ناوچەیە ئەکات، کاری شەوانە ڕۆژیی تۆ ئەوەیە کار بکەیت بۆ ڕاستکردنەوەی ئەم بارە گلاوە، خەڵکی ئەم ناوچەیە ماندوون ماندوو!