ئارام عزیز عەبدوڵا: سیاسەتی بزوتنەوەی گۆڕان و غیابی نەوشیروان مستەفا.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دەمەوێت لەڕێگەی ئەم نوسینە، خەبات و سیاسەتی بزوتنەوەی گۆڕان لەگۆشەنیگای ڕەهەندی ڕەخنەوە بخەمەڕوو، بەپشت بەستن بەگیانی ڕەخنەو لەسەر بنەمای بونیادنانی، یان باشترکردنی لەوەی کە پێمان وابووە لەڕابردودا زیانی بەڕەوتی خەباتی مەدەنیانەی بزوتنەوەکە گەیاندووە. ئەویش بەدەست خستنەسەر کەم و کوڕیەکان، خستنە بەرچاوی هەر هەڵەیەکی سیاسی و ئیعلامی لەتەواوی بەر پرس و ئۆرگانەکانی بزوتنەوەکەدا.

بزوتنەوەی گۆڕان وەک دەرکەوتنێکی سیاسی نوێ و جیاواز لەگۆڕەپانی سیاسی کوردستان لە 25- 07- 2009 کەهاوکەت بوو لەگەڵ بەهاری عەرەبی و ڕاماڵینی دەسەڵاتە تۆتالیتارەکانی ناوچەکە، یەکەم تەجروبەی سیاسی سەرکەوتووی گۆڕان بوو، کە توانی پێشڕەوی ناڕەزایەتی و سەرکردایەتی بەگژداچونەوەی ناعەدالەتی بکات و زەینی کۆمەڵگای کوردی تاڕادەیەکی سەرکەوتوو لەگەڵ ئەم شەپۆلەدا هاوتەریب بکات. درێژەپێدانی سەرکەوتوانەی ئەم ڕەوتە سیاسیە زۆر لە دەسپێکەکەی گرنگتربو ، بێگومان ئەستەم تریش بوو ، بۆیە بەند بوو بە تەوقیت و ئەحداسی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراق و بە پراکتیزەکردنی سیاسەتێکی حەکیم لەگەڵ ڕەوت و خەباتی سیاسی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی هەڵبکات و بگونجێ.

وەک ئاماژەم پێدا هەل و مەرجی سیاسی و دەسپێکی خەباتی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان تەوقیتێکی گونجاو بوو. بەڵام هەل و مەرجی سیاسی ئەو گۆشەگیریە سیاسیەی ئێستای بزوتنەوەکەی پێدا گوزەر دەکات ڕاستیەکمان بۆ دەسەلمێنێ کەبزوتنەوەی گۆڕان نەیتوانی ئینتیمای سەرکەوتن و پارێزگاری لەبەدەست هاتووەکان بکات ، لێرەوە ڕووبەڕووی ئەو پرسیارە ئەبینەوە داخۆ بزوتنەوەی گۆڕان لەکوێدا هەڵەی کرد؟
1- گۆڕان دەرکەوتنی وەک حیزبێکی ئۆپۆزسێۆن لەسەرو بەندی (بەهاری عەرەبی). کەنەیتوانی یان نەی ویست یان نەیزانی شوناسی سیاسی ڕوونی هەبێت بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نەیتوانی وەک پارتێکی عەلمانی دیموکراسی خواز، جیاواز لەوەی کە لە وڵاتانی دەوروبەر لەژێر هەژمونی ئیسلامی سیاسی دەگوزەرا، لە کاتێکدا بزوتنەوەی گۆڕان بووە فاکتەرێکی بەهێزبونی ئیسلامی سیاسی لەکوردستان. لەئێستاشدا هەمان دەرئەنجامی خراپی بەهاری عەرەبی لەسۆنگەی نێودەوڵەتیەوە ڕەنگدانەوەی لەسەر بزوتنەوەی گۆڕان دەرکەوتوون.
2- لاوازی لە ڕایەڵەکردنی پەیوەندیە دبلۆماسیەکان ئەگەر چی لەڕووی نەبونی کەوادری بەئەزموون بێت یان هەڵەی سیاسەتی گشتی گۆڕان و بەدگومانی لەشێوازی پەیوەندی و هەڵسوکەوتی لەسەر ئاستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەبزوتنەوەی گۆڕان، کەئەمەش فاکتەری بەهێزی گۆشەگیربونی بزوتنەوەی گۆڕان بوو بەشێوەیەکی بەرفراوان نەی توانیوە لە ئێران و عێراق و نەیارەکانی پارتی زیاتر تێپەڕ بکات کە کافی نین بۆ بزوتنەوەکە.
3- دەزگا ئیعلامیەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بەدیار و بەرسێبەریەوە بەشێوەیەکی بەردەوام لە هێرشدا بۆسەر نەیارەکانی بووە. نەیتوانیوە گۆشەنیگایەکی تری ستراتیژی بزوتنەوەی گۆڕان پیشان بدات، ئەمەش تاقەت پڕوکێنی خەڵکی بەگشتی و تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگای لێ کەوتەوە. بەپێچەوانەوە هیچ نەفعێکی بۆ گۆڕان نەبووە. جگە لەوەش فرەلێدوانی و بێسەرەوبەرەی لەپەیج و ئەکاونت و کەسایەتیە دیارەکانی نزیک بزوتنەوەی گۆڕان و نەگەڕانەوەیان بۆ سیاسەتی بزوتنەوەکە کاریگەری خراپی لەسەر تێگڕای سیاسەتی گشتی بزوتنەوەکە هەبووە، کە بۆتە هۆکارێک بۆ دورکەوتنەوەی کەسە بەهێزەکانی ناو بزوتنەوەکە چونکە بۆهیچ کەسێکی ناو بزوتنەوەکەو دەرەوەی بزوتنەوەکەش دیار نەبووە کێ قسەکەرو بەرپرسە. بەپێچەوانەوە هەرچیەک وترابێ لەسەر بزوتنەوەی گۆڕان بووە بەماڵ و بەداخەوە خۆشی لێ بەر پرسیار دەکات.
4- بەوپێیەی کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵگای نەریتیە. هەربۆیە سەرۆک خێزان، سەرۆکی عشیرەت، سەرۆکی حیزب، سەرۆکی وڵات یان هەر سمبول و کاریزمایەکی تر ڕۆڵی زۆر جدی و کاریگەری هەیە لەسەر ژیانی خەڵکی. لە ڕابردودا گۆڕان وەک داهێنانێک تەواو پێچەوانەی ئەم ڕەهەندە کاری لەسەر لاوازی سیمبول و پیرۆزیەکان کرد. کە نەشتوانرا لە زینی تاکی کۆمەڵگا بسڕدرێتەوە تاکە لایەن لەم ڕووەشەوە زەرەرمەند بووە خودی بزوتنەوەی گۆڕان بوو. غیابی جەنابی ڕێخەری گشتی لەڕوداوەکانی کوردستان بێ متمانەی بێ ئینتیمای لەسەر هەوادارانی بزوتنەوەکە و لایەنەکانی دۆستیش دروست کردووە. ئەوەی ڕکابەرەکانی گۆڕان بەتایبەتی پارتی کەخەڵکی کوردستانی واباوەڕ پێ دەهێنا کە بزوتنەوەی گۆڕان زەرورەتی مێژووی نیەو بە پەرچەکرداری سیاسی فەشەلی ناو یەکێتی، وە دەیەوێت ئەم فەشەلەش لەسەر کۆمەڵگا ئەزمون بکات.
لەکۆتایدا وەک هەڵسوڕاوێکی بزوتنەوەی گۆڕان ڕەخنەو دیدی خۆم بەشێوەیەکی کورت لەو خاڵانەی لای سەرەوە خستەڕوو کە پێم وایە لانی کەم پێچەوانەکانیان تەواو ڕاستە بەدیدی ئەوەی ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان لە قەیرانێکی سیاسی قوڵدایە ئەو شەپۆلە ناڕەزایەتیەی کەسواری بووە ئەگەر بەخۆیدا نەچێتەوە یەکەم کەس گۆڕان دەخاو بەردەبێتەوە. بۆیە پێم وایە بزوتنەوەی گۆڕان پێویستی بە بەنج و نەشتەرگەری گشتی سیاسی هەیە کەزۆر بەپەلە لەڕێگای خەڵکی شارەزاو خاوەن ئەزمونی سیاسی و زانستی ئەم پرسە ئەنجام بدرێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت