عه‌تا قه‌ره‌داخی: سیاسیه‌كان هه‌موو شتێ ده‌ڕوخێنن تا خۆیان بژین.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

كه‌سانی سیاسی له‌ هه‌موو شوێنیك هه‌ن، وه‌كو هه‌موو مرۆڤ و هه‌موو بوویه‌كی تر.

سیاسیه‌كان شه‌رم له‌ هیچ ناكه‌ن، له‌  درۆكردندا هه ر‌گیز شه‌رم له‌  راستىی ناكه‌ن، هه‌میشه‌ به‌ڵێن ده‌ده‌ن و زۆر كه‌میشی لێ جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.

سیاسیه‌كان له‌ هه‌موو شوێنكن زۆر ده‌ڵێن و كه‌می راسته‌،

سیاسیه‌كان له‌ هه‌موو شوێنێك باسی نیشتیمان و نه‌ته‌وه‌و خه‌ڵك ده‌كه‌ن،

كه‌چی له‌ پێناوى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیاندا،

نه‌ته‌وه‌و نیشتیمان و خه‌ڵك هه‌رزانفرۆش ده‌كه‌ن،

سیاسیه‌كان له‌ هه‌موو شوێنێ باسی ره‌فتارى به‌رز ده‌كه‌ن،

به‌ڵام وه‌كو عه‌ره‌ب ده‌ڵێت: ئه‌وان باسی شتێك ده‌كه‌ن كه‌ نیانه‌.

سیاسیه‌كان باسی رۆشنبیرى و فیكرو ده‌كه‌ن،

به‌ڵام ئه‌وان وه‌چه‌ى چه‌رخی نه‌زانی و ئایدیۆلۆجیاى له‌ قاڵبدراون.

سیاسیه‌كان باسی ئه‌ده‌ب و هونه‌رو جوانناسی ده‌كه‌ن،

به‌ڵام ئه‌وان بكوژى هه‌موو جوانیه‌كان و هه‌موو هه‌ستێكی مرۆین،

سیاسیه‌كان باسی سیاسه‌ت ده‌كه‌ن،

به‌ڵام ئه‌وان ته‌نیا درۆى سیاسی و فێڵی سیاسی و پاشقولی سیاسی ده‌زانن،

زۆرینه‌ى هه‌ره‌ زۆریان له‌ زانستی سیاسیدا سفر وه‌رده‌گرن،

سیاسیه‌كان له‌ بازرگانیدا نمره‌كانیان نایابه،‌

سیاسیه‌كان له‌ روخاندنی به‌ها مرۆییه‌كاندا نمره‌كانیان نیایابه‌

سیاسیه‌كان له‌ وێرانكردنی نیشتیمان و له‌ روخاندنی ئینتیمای نیشتیمانیدا

نمره‌كانیان نیایابه‌،

 سیاسیه‌كان له‌ شكاندنی شكۆى هاوڕێ خه‌باتگێڕه‌كانی رابردوویاندا،

له‌ فه‌رامۆشكردنی هاوڕێ شه‌هیده‌كانیاندا،

له‌ فه‌رامۆشكردنی ئه‌و نه‌وانه‌ى شه‌هیداندا كه‌ وه‌كو باوكه‌ شه‌هیده‌كانیان

سه‌ربه‌رزو شكۆدارو ده‌روون به‌رزن پاڵه‌وانانی بێ وێنه‌ن.

سیاسیه‌كان له‌ فریودانی گه‌لدا، له‌ به‌تاڵنبردنی سامانی گشتیدا،

له‌ گیڵ كردنی جه‌ماوه‌ردا، له‌ گه‌وجاندنی گه‌لدا نمره‌كانیان نایابه‌،

سیاسیه‌كان له‌ زۆر شتدا نمره‌كانیان نایابه‌ بێجگه‌ له‌:

 راستی و دڵسۆزى و عه‌داله‌ت و مۆراڵدا،

 كه‌ له‌مانه‌دا هه‌رگیز په‌نجا ناهێنن.

سیاسیه‌كان هه‌موو شتێ ده‌كوژن تا خۆیان بژین،

هه‌موو شتێ ده‌ڕوخێنن به‌ نیشتیمانیشه‌وه‌

تا به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان بژى.

كه‌واته‌ سیاسه‌ت نه‌ ئه‌خلاقه‌، نه‌ دڵسۆزیه‌ نه‌ نیشتیمان په‌روه‌ریه‌،

به‌ڵكو سیاسه‌ت ته‌نیاو به‌س ته‌نیا درۆیه‌كی گه‌وره‌یه‌و

 هه‌مووى ته‌نیاو به‌س ته‌نیا پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌.