Newshirwan-6

کامیار سابیر: سەرکردە و تەحەدای سیاسیی.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بەشی دووەم لە وتاریی ــــــ بێدەنگیی نەوشیروان موصطەفا، لە نێوان وەهم و واقیعدا
کاتێ سەرکردەی سیاسیی، مەیدانی تەحەداکردنە سیاسیی و ئابوورییەکان، تەنگی پێهەڵدەچنن، پلانەکان و بەرنامەی حیزبەکەی تووشی سستیی و خاوبوونەوە دەبن، کاتێ دەزانێ جەماوەر لە حیزبەکەی دووردەکەونەوە و بەر رەخنەی دەدەن، دەبێ کۆمەڵێ هەنگاوی کرداریی، تیۆریی و فیکریی بنێت بۆ ئەوەی مۆبەڵایزی خەڵک بکاتەوە. لە رێگەی تۆڕە فراوانەکانی حیزبەکەیەوە، بەهاوکاریی کەسانی پسپۆر و شارەزا، لە چالاکوان و گەنجانی تازە پەیدابوو، تۆڕێكی گەورە دروست بکات و تۆڕە کۆنەکان هەڵبوەشێنێتەوە. تیمە کۆنە لاوازەکان، بەرکەنار بخرێن و تیمی نوێ دابڕێژرێنەوە. ستراکتۆری ئۆرگانە حیزبییەکان، سەرلەنوێ بنیات بنرێنەوە. ئاراستە و ستراتیژی نوێ بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە و دەستبەرداری ئەو قیڕەقیڕەی فاشیزمی کوردایەتیی و فاشیزمە ئابوورییەکەی دەوڵەتی کوردیی ببن و فیکری سیاسیی نوێ، لەناو خەڵکدا مۆبەڵایز بکەن.
رێگشگ، دەبێ گۆڕانی سەرەکیی لە بونیادی حیزبەکەیدا بکات. مۆبەڵایزی مەعریفەی سیاسیی و توانای گەنجان بکات و سوودیان لێوەربگرێت و پیروپەککەوتەکان، ئەوانەی نە زمانی قسەکردنیان هەیە و نە توانای نووسینی بەیاننامەیەکیان هەیە و نە جورئەتیش دەکەن، دڵی حیزبەکانی تر بڕەنجێنن، هەموو شتێک لای ئەوان، بەرژەوەندیی ماددیی خۆیانە. ئەمانە، دەبێ پەراوێز بخرێن. لەسەروو هەمووشیانەوە، ئەوانەی بە حەشیشی کوردایەتیی، بە فاشیزمی طائیفیی و مەذهەبیی مودمینن و بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەچنەوە ناو پرۆژە طائیفیی و پرۆکسییەکانی ئەردۆغان و کاسبییەکەیان دەچێتەوە، ناو ئەجێنداکانی تورکیا و پارتییەوە، دەبێت تا رادەی بەرکەنارخستنی یەکجاریی، دووربخرێنەوە… وێڕای دەیان تەحەدای تر.
“نفوذ”ی سیاسیی لەسەر کۆی کایە سیاسییەکان، کاریگەریی زۆر زیاترە لە دەسەڵاتداریی و هەیمەنەی دەسەڵات. ئەوە نفوذە، ئەوە روئیای سیاسیی روونە کە پلاتفۆرمی سیاسیی رەنگڕێژ دەکات. هەر سەرکردەیەک، پلاتفۆرمی سیاسیی بۆ حیزبەکەی و بۆ جەماوەر پێ نەبێت، بەشێنەیی کۆتایی بە ژیانی سیاسیی دێت. پلاتفۆرمی گۆڕان، لە ئێستادا، ئەوپەڕی سەرگەردانیی سیاسیی پێوەدیارە و کەس بەکەس نییە. ئانارشیزمێکی سیاسیی پەیدا بووە، هەریەکەی لە ئاوازێک دەخوێنێت. دونیای سیاسەتی کوردیی، بە شیعری حەماسیی، بە وتاری عاطیفیی ، بە چەلەحانێی کوردەنامووسیی و خورافییاتی کوردایەتیی، بەڕێوە ناچێت.
نەتەوەییە نەژادییەکانی ناو گۆڕان، چەند توند بن لە گەڵ پارتیی و چەند حەماسیان هەبێت؟ لە بچووکترین پێچەڵێ سیاسییدا، گومانی ئەوەیان لێدەکرێ، بەهۆی عاطیفەسازیی و حەماقەتی کوردایەتییەوە، بەهۆی رەیعی نەوتەوە، لە دواجاردا، خزمەتی پرۆژە سیاسیی و ئابوورییەکانی ئەردۆغانیزم و کوردایەتییەکەی پارتیی بکەن. دەیان دۆکیومێنت و بەڵگە، مێژووی سیاسیی ئەمجۆرە کادیرانە، لەماوەی ئەم چەند ساڵەی پارتیی و یەکێتیی، نەوت دەفرۆشن، پشتڕاست دەکەنەوە، بەڵام ئەمە هەر خەتای ئەوان نییە، بەڵكو خەتا سەرەکییەکە، وەهمی گۆڕان بوو بە پرۆژەی فاشیلی ئابووریی سەربەخۆ، بە بیزنسی دەوڵەتی کوردیی، بە حەتحەتۆکەکان و لوعبە موخابەراتییەکانی تری نێوان ئەردۆغان و بارزانیی.
عوقدەی کورد و ئێرانییە صەفەوییەکان لەناو سکۆلارە مێژوونووسەکاندا، لەسەر رەچەڵەکی صەفەوییەکان، دوو بۆچوون هەن و هیچیان بە دۆکیومێنت پشتڕاست نەکراونەتەوە و هەردوو بۆچوونەکەش ئارگیومێنتی خۆیان هەیە. بۆچوونێکیان پێیوایە کە صەفەوییەکان، بە رەچەڵەک لە تورکە ئۆغوزەکانن کە لە سەرەتای چەرخی ١٠ و ١١ ەوە، کۆچێكی بەرینیان لە ئاسیاوە ( لە مەنگۆلیا و قیرقیزستانی ئێستاوە) کردووە. بۆچوونێکی تریش دەڵێ رەچەڵەکیان تێکەڵەیەکە لە کورد، قزڵباشیی و ئێرانییە دێرینەکان، بە کوردستان و تورکمانستانیشەوە. ئەوەی کە ئەنثرۆپۆڵۆجیستەکان و موئەریخەکان ساغیانکردووەتەوە، عوثمانییەکان بەتایبەتیی لە جوغزی زمانناسیی و ئایدێنتیتی، کولتوور و زمانەوە، هابیتۆسی تورکە ئۆغوزەکانیان وەرگرتووە و درێژەیان پێداوە.
لەم نێوەدا، تیرە و هۆزە کێوییەکانی کورد، لەسەرەتادا خۆیان بە ئێرانیی زانیوە ( بە میزۆپۆتامیای جارانیشەوە) و داکۆکییان لە ئێرانییبوون و لە صەفەوییەکان کردووە. ئەم دوو ئیمپراتۆریایە، دوو ڤێرژنی جیاوازی شیعیی و سوننییان بۆ برەودان بە قەڵەمڕەوییەکانیان، بەکار هێناوە. بەهۆی گەشەکردنی حیقدی طائیفیی و مەذهەبیی لەنێوان عوثمانییە سوننەکان و ئێرانییە صەفەوییە شیعەکاندا، بەهۆی فڕوفێڵ، لە گیرفانکردن و بەڵێندانی سیاسیی و ئابوورییەوە، زۆرینەی رەهای سەرۆک هۆز و تیرە کوردییە شاخاویی و شوانکارەییەکان، لایەنگرییان لە لەشکری عوثمانییەکان کردووە و بەیعەتیان داوە. ئەم خۆساغکردنەوەیەی زۆرینەی کوردەکان بەلای عوثمانییەکاندا، یەکێکە لە فاکتەرە هەرە سەرەکییەکانی سەرکەوتنی تورکە عوثمانییەکان بەسەر ئێرانییە صەفەوییەکاندا، لەشەڕی چاڵدێراندا، یەکێکیشە لەو فاکتەرانەی کە کورد، لە پرۆژەی دەوڵەتداریی و سەربەخۆیی دوور بخاتەوە.
ئێستا، پاش تێپەڕبوونی پتر لە پێنج صەد ساڵ بەسەر ئەو شەڕە گەورەیەدا کە باڵادەستیی عوثمانییەکانی لێکەوتەوە و کوردستانی ئێستای عێراق و بەشێکی زۆر لە جیۆگرافیای ناوچەکە، بەتەواویی کەوتنە ژێر قەڵەمڕەویی عوثمانییەکانەوە، بە درێژایی ئەو مێژووە، هەمیشە ئەم باوباپیرانەی ئێمەی کورد، بەهۆی دەمارگیریی طائیفیی و مەذهەبییەوە، بە ڤێرژنی جیاواز و بە میثۆدی جیاواز، رقیان لە ئێرانییەکان و لە شیعە بووە و هەمیشە عەمالەت و نۆکەرایەتییان بۆ تورکە عوثمانییەکان کردووە. وێڕای هەموو ئەو مێژووە دێزەی باووباپیرانمان، ئەو هەموو وەلائو رەعییەتەی بۆ ئیمپراتۆریای عوثمانییەکانیان پێشان داوە، ئەگەر بە قەبارە و بە چەندایەتیی ئەژماردی بکەیت، لە پێنج صەد دانە ساڵدا، بە ئەندازەی ئەم پێنج ساڵەی دواییان نەکردووە کە رائیدەکانی دەوڵەتی کوردیی و مافیا ئۆریجناڵەکانی کوردایەتیی بۆ تورکیای نیۆعوثمانیی و ئەردۆغانیان کردووە.
ئایا ئەم ویلایەتە لەعنەتییە کوردییە و ئەم شێخنشینییە نەوتییەی ئەردۆغان و ئۆغلو کە بەڵێینان بە شێخەکانی کوردایەتیی داوە، تا کەی دەبێ لێی نەدرێ و بە جورئەتەوە، تەحەدای نەکرێ؟ تا کەی رێگە بدرێ گەلی کورد، کێشە سیاسییەکەی و کێشەی نەبوونی عەدالەتی کۆمەڵایەتیی، کێشەی خودی ژیان و برسییەتیی، بۆ شاردنەوەی گەندەڵیی و دزییەکانی رابەرانی کوردایەتیی، بکرێ بە کێشەیەکی طائیفیی و مەذهەبیی؟ بەڵێ، لێسەندنەوەی ئەم بیرە نەوتانە و ئەم قاچاغچییەتەی نەوت لە تورکیا ، لە پارتیی و لە شەریکە دزەکانی پارتیی( یەکێتیی)، ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە و دەبێ بە جورئەتەوە دەستی بۆ ببردرێ. ئەمەش بەبێ لێدان لە سەری رزیوی کوردایەتیی و لە سیمبۆڵەکانی کوردایەتیی، مەیسەر نابێت.
گۆڕان، دەیتوانی لای کەمی ئەمە بکات و لە رێی حکومەتی فیدراڵی عێراقەوە بیکات، بەڵام بەهۆی کارتە نەژادیی، طائیفیی و مەذهەبییەکانی پارتییەوە، بە هۆی ئەوەی مەعدەنی ئەصڵیی گۆڕان، لە ئاسن، پلێت و بورغووەکانی کوردایەتییەوە، تەجمیع کراوە، توانای تەحەداکردنی نییە و ناسیۆنالیزمە نەژادییەکە و خورافاتەکانی کوردایەتیی، کۆتی عەقڵی گۆڕانیان کردووە. گۆڕان، شەهامەتی سیاسیی و فیکریی تێدا نییە کە ئەم ئەرکە لە ئەستۆ بگرێت، چونکە بەشێکی زۆر لە مەعدەنی قیادیی و کادیرەکانی، هەمان مەعدەنە نەژادییە-طائیفییەکەی پارتییە و پارتییش، زۆر بە باشیی تەشخیصی یەک یەک دەمارە نەژادیی و دەمارە طائیفییەکانی سەرجەم حیزبە کوردییەکانی تری لە کوردستانی عێراقدا، کردووە.
چەندین ساڵە، نیۆعوثمانییەکان، لە رێگەی کۆمەڵێ مورتەزیقەی کوردایەتییەوە، لە رێگەی کۆمەڵێ قائیدی دزی کوردایەتییەوە، بە خەیاڵاتی خۆیان خەریکی راژەنینی زیندووکردنەوەی ویلایەتی موصڵ و لکاندنەوەین بە تورکیاوە کە زۆربەی کوردستانی عێراق( بە کەرکوکیشەوە) لە خۆ دەگرێ. لەلایەک، بەهۆی ئەم حەشیش و کۆکایینەی کوردایەتیی بۆ تەخدیرکردنی رای گشتیی و بزواندنی حەماقەتی نەژادیی، گوایە کورد، دەبێ بە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ؟ ی خۆی و نەوتەکەیشی بۆ خۆی؟! دەبێت، بازاڕێکیان لە حەماقەتی سیاسیی دروست کردووە کە زۆرینەی کادیر و سیاسیی حیزبەکانی تریش، بە کۆرس دەیانقیڕاند.
لە لایەکی تریشەوە، هەرکەسێ بچووکترین رەخنەی هەبووایە، خێرا و لێکدا لێکدا، تەخوینیان دەکرد و بە پیاوی ئێران و شیعەیان لە قەڵەم دەدا. لە کاتێکدا خۆیان نۆبەرەی جاسوسیی و مورتەزیقەییان بۆ ئێرانییەکان( شاهەنشاهیی و ئیسلامیی) دەستپێکردووە. سەرگرتنی ئەم هەموو شەپۆلە لە تەخوینکردن و بازاڕگەرمیی ئەم کوردایەتییە ئۆریجناڵە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە رائیدەکانی کوردایەتییە عادییەکە، شەهامەتی سیاسییان تێدا نەبووە لە جوغزی فیکریی و سیاسییەوە، بەرەنگاری ئەم فاشیزمە سیاسیی، ئایدیۆلۆژیی و کولتوورییە، ئەم فاشیزمە نەژادیی، طائیفیی و مەذهەبییە، ببنەوە. بە پێچەوانەوە، زۆرجار خۆیان کەمپەینیان بۆ کردووە.
کاتێ پارتیی بە عەنتەرییاتی کوردایەتیی، پارلەمان و پرۆسێسی سیاسیی لە کوردستاندا لەکار دەخات، رێک لەو ئەکتە سیاسییەی ئیتیحاد و تەرەقیی سەردەمی سوڵطان عەبدولحەمیدی دووەم دەچێت کە دەستوریان هەڵپەسارد و بە ” مەشروطییەت” هەمووانی ناچارکردەوە کە روو لە بابولعالیی ( طۆپ قاپیی) گەنجە تورکەکان، بکەن. ئێستا بابولعالییەکە، یان طۆپ قاپییەکە، ئەو موئەسەسە فاشیل و فاسیدەیە کەناوی نراوە( سەرۆکایەتیی هەرێم) و شەخصی سەرۆکی پارتییش، رۆڵی میرە کوردێکی ناشەرعیی دەگێڕێت.
کاتێ گۆڕان لە طۆپ قاپیی کوردایەتییەوە، فەتوای دەرکردنی لە پارلەمان و لە حکومەت دەدرێ، لەبەرامبەردا، گۆڕان لەو ماوە زۆرەدا، جورئەت نەیگرت و شەهامەتی ئەوەی نەبوو، بەبەرچاوڕۆشنییەوە لەم حکومەتە مورتەزیقە، لەم حکومەتە فاشیل و فاسیدە بێتەدەرەوە. ئێستاش دەیان کادیر، پارلەمانتار و راوێژکاری ساقیطی کوردایەتییان هەیە، چاویان لەوەیە لە طۆپ قاپیی پایتەختی کوردایەتییەوە، لێبووردنی گشتییان بۆ دەربکەن و بگەڕێنەوە دونیای غەزوبەزی دەوڵەتە کوردییە موخەڕیب و عەمیلەکە.
باووباپیرانی ئێمە، پتر لە پێنج صەد ساڵ نۆکەرایەتیی و عەمالەتیان بۆ تورکە تۆرانیی، عوثمانییەکان( تا بە نیۆعوثمانییەکان دەگات) و فاشیزمی ( تورکیی-سوننیی- مەذهەبیی و میللییگەرایی مورتەزیقە) کردووە. ئایا دەکرێ نەوەی نوێ، نەوەکانی ئاییندەش، هەر درێژە بە حەماقەتی ئەم باجدانە طائیفیی، مەذهەبیی و نەژادییە بدەن؟ هەموو ساڵەکانی تر بەلاوە بنێ، باشە، پێنج ساڵ بەس نییە بۆ ئەوەی کەسێک بە خۆی بڵێ سیاسیی و قسە لەچارەنووسی گەل و نیشتمانێک بکات، فێی کوردایەتیی و خوزیعبەلاتەکانی دەوڵەتی کوردیی بەری نەدات و بە شەهەماتەوە، شەق لەم صەنعەتە زەلیل و لەم هەڕاجە سیاسییەی فاشیزمی کوردایەتیی نەدات.

گۆڕان و پرسی کورد!
لە تازەترین دەرکەوتنی رێگشگ، لە لەندەن، داوا لە کادیرەکانی گۆڕان دەکات، گۆڕان، لەبەردەم گفتوگۆیەکدایە کە لەم هەلومەرجە سەختەدا، چیی بکات؟ هەروەها پێیوایە بیروبۆچوونی جیاواز هەیە لەسەر ئەوەی گۆڕان چیی بکات؟ بەڵام هەموویان لە روانگەی دڵسۆزییەوە بۆ پرسی کورد و بۆ بزوتنەوەی گۆڕان…سەرچاوە دەگرن… تاد. باشە بەڕاستیی، گرفتی گۆڕان، گرفتی کێشەی سیاسیی گەلی کوردە ( ئەوەی ناو نراوە پرسی کورد)؟ ئایا بەڕاستیی، گۆران لە کوێی ئەم پرسەدا وەستاوە؟ بۆ ئەوەی وەڵامی ورد و پانوپۆڕی ئەم پرسیارە بدرێتەوە، دەبێ ئاوڕێک لە مێژووی سیاسیی بزوتنەوە سیاسییەکانی کورد و ئەو مەرجەعە سیاسییانە بدرێتەوە کە ئەم بانگەوازە دەکەن و خۆیان بە خاوەنی ئەم کێشەیە یان ئەم پرسە، دەزانن.
روانگەی دڵسۆزیی، بەدەر لەوەی تەعبیرێکی زۆر عاطیفیی و لاواندنەوەیە، لە دوورونزیکەوە، پێوەندیی بە پارادایم و مۆدێلە سیاسییەکانی کێشەی گەلی کوردەوە نییە. سەرەڕای ئەوەی لە هەموو مێژووی کۆن و نوێی عێراقدا، لە هەموو مێژووی کۆن و نوێی ئەو وڵاتانەی جیۆگرافیای کوردستانیان تێدایە، هیچ کاتێ وەکو ئێستای عێراق، پرسی سیاسیی کورد، کاڵ نەبووەتەوە. شتێک هەیە بەناوی پرسی چەند حیزبێکی مورتەزیقە و پرۆکسییەوە کە کێشەی سەرەکییان ئەوەیە کامیان زۆرترین خزمەت بە وڵاتانی ئیقلیمیی بکەن و کامیان لە پاداشتی ئەم مورتەزیقەییەدا، زۆرترین تاڵانیی و چەتەگەرییان لە سامانە سروشتییەکانی کوردستان، بەردەکەوێت؟ هەروەها، کامیان لە دزیینی دارایی ئەم نیشتمانەدا، پشکی باشتریان دەبێت.
راستییەکەی جگە لەو کێشەیەی کە ناونراوە، ناوچە جێناکۆکەکان، ئەگەر روئیای نیشتمانیی لەناو حیزبە کوردییەکاندا هەبووایە، چارەسەرکردنیان ئاسان دەبوو. لە راستییدا، چونکە حیزبە کوردییەکان، ئەجێندای دەرەکیی و ئیقلیمیی جێکەوت دەکەن، خۆیان موخەڕیبن و زۆرترین زیانیان لە پرسی سیاسیی کورد و جیۆگرافیا سیاسییەکەی داوە( پارتیی بۆ نموونە، هەرگیز نەیویستووە کەرکوک بەشێک بێت لە کوردستان، بەڵام نەوتەکەی دەوێت). هەرگیز نایانەوێ پرسی کورد، کۆتایی پێبێت، بەڵكو دەیانەوێ ئەم تیجاڕەتی کوردایەتیی و دزیینی دەیان ملیارد دۆلارییە، درێژەی هەبێت.
ئێستا، دوو پارادایم و دوو مۆدێلی سیاسیی بۆ پرسی کورد لە ئاستی کوردستانەکان و ناوچەکەدا هەن. ئەم دوو روئیایە لە دوو کامپی جیاوازەوە، مەرجەعییەتی سیاسیی و فیکریی وەردەگرن و لە پراکتیک و لە دیدی سیاسیی و ئایدیۆلۆژییشەوە جیاوازییان هەیە و بگرە کۆنترادیکتی( موتەناقیض) یەکترییشن.
1- پارادایم و مۆدێلی پەکەکە، خۆی لە هەدەپە، پەیەدە، یەپەگە و هەموو لقوپۆپەکانی auxiliaries نزیک لە پەکەکەدا، دەبینێتەوە. ئەم پارادایمە، لەسەری سەرەوە، تەجاوزی ناسیۆنالیزمی نەژادیی- کوردیی و کوردایەتیی کردووە. مۆدێلێکی نیشتمانیی، مۆدێلی پێکەوەژیانی نەژاد، نەتەوە و گرووپە کۆمەڵایەتییەکانی پێشکەشکردووە و کاری لەسەر دەکات. وێڕای ئەوەی فاشیزمی تورکیی و مەذهەبیی، فاشیزمە طائیفییەکەی تورکیا و میحوەری ئەهریمەنی سوننیی، نەیاری ئەم پارادایمە پڕ لە تۆلێرانسەن، بەڵام، لە چاو کوردایەتییدا، پارادایم و مۆدێلی سەرکەوتووترە، وێڕای ئەوەی زۆر گەنجتر و جەوانترە لە پیرەخەڵەفاوی کوردایەتیی. هەموو ئەمانەش بۆ جورئەتی سیاسیی و عەقڵانییەتی شەخصی یەکەمی ئەم پارادایمە دەگەڕێتەوە کە ئۆجەلانە.
2- پارادایم و مۆدێلی موئەسەسەی ئۆریجناڵی کوردایەتیی، وەکو مەرجەع، خۆی لە( مەلا موصطەفا بارزانیی و پارتیی) دا دەبینێتەوە. هەروەها، بەهەموو ئەوانەی لە فەلەکی ئەودا دەسوڕێنەوە( یەکێتیی بەهەموو ڤێرژنەکانیەوە، حدکا و حدک-ئێران، یەکگرتوو، سەلەفەییەکان، ئیخوانییەکان، چەپە نەژادییەکان… لەگەڵ ئەکادیمیست و نوخبە بەیعەتچییەکانی کوردایەتییدا…تاد)، لەخۆ دەگرێت. هاوکات، مورتەزیقە هاوبەشەکانی ئەردۆغان و کوردایەتیی لە هەردوو کوردستانی تورکیا و سوریادا، لەخۆ دەگرێت. فەشەلی ئەم مۆدێلە تاڵانییەش، فەشەلی راستەوخۆی ناسیۆنالیزمی نەژادیی، عەصابەکانی کوردایەتیی و مەرجەعە سیاسیی و ئابوورییەکەیانە( کوردایەتییە چەتەگەرییەکە).
لەدەرەوەی ئەو دوو مۆدێل و ئەو دوو پارادایمە، بیرکردنەوە لە پرسی سیاسیی کورد، بەئەندێشەی ئەوەی روئیایەکی جیاواز نیشان بدەیت، بێئەملاوئەولا، دەچێتە خانەی یەکێکیانەوە، جا بەهۆی نزیکایەتیی بیروبۆچوونەکانەوە بێت، یان بەهۆی بەرژەوەندییە سیاسیی و ئابوورییەکانەوە بێت. بە واتایەکی تر، بەهەدەردانی وزەی گەنجان و دەستخەڕۆکردنی نەوەی نوێیە، لە ئێستای کوردستانی عێراقدا، پرسی کورد بەو میکانیزم و میثۆدانەی کوردایەتیی ، هەڵبەسنگێندرێ و باس لە کێشەی سیاسیی کورد بکرێ. هەر ئەمەشە وایکردووە کە مەرجەعی کوردایەتیی، هەموو دەنگە جیاوازەکانی کوردایەتیی، بە یار و نەیارەوە، لە بەرژەوەندیی خۆیدا، مۆبەڵایز بکات و بیانکات بە دەستمایەی سیاسیی و بازرگانییان پێوە بکات و تاڵانیی زیاتریش بە ئابووریی کوردستانەوە بکات.
لە ئێستادا، بەشێکی زۆری رێکخستنەکانی گۆڕان، کادیرە عەسکەریی و سیاسییەکانی گۆڕان، پارلەمانتارە حەپەساو و راوێژکارە نەژادییەکان، تا رادەی پاڕانەوە و لاڵانەوە لە رێگشگ دەپاڕێنەوە کە قسەیەکیان بۆ بکات، رێگەیەکیان لەم هەموو گومڕاییە سیاسییەی قاچاغچییانی کوردایەتیی و ملیاردێرە سیاسییەکانی کوردایەتییدا پێشان بدات، وەکو منداڵی بێ سەرپەرشت، داوای لێدەکەن تەحەدای ئەم واقیعە سیاسییە تاڵە بکات، بەڵام ئەو بێدەنگە و خۆی داوا لە گۆڕان و قاعیدەکەی دەکات، چیی بکەن؟
لە بەشی سێیەم و کۆتاییدا، باسی ئەوە دەکرێ کە گۆڕان دەتوانێ چیی بکات و دەبێ چیی بکات بۆئەوەی فەشەل بە پرۆژە ئیستیعمارییەکانی تورکیای نیۆعوثمانیی و پرۆژە ئیستیحمارییەکانی کوردایەتیی بهێنێت؟