شەنگار سابیر: تاهیر بن جەلون و کێشەی ئەخلاق.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دەبیت گریمانەیەکی میتافۆڕی بکەین بۆ ئەوەی کێشەی ئەخلاق نەبەستینەوە بە کێشەی ئەبستراکتەوە . واتا ئەخلاق وەک ئەبستراکتێک کە هەموو خەسڵەتە مرۆی و دەرە مرۆیەکانی لەناو خۆیدا هەڵگرتوە و بەردەوامیش لە ژێر چاوی تیژی تەفسیرکاریدایە. دەبێت سەرەتا باسی ئەوە بکەم کە ئەخلاق لە کتێبی موقەدەسدا چی هەیە بە ئێمەی بڵێ و پاشانیش کیاکگاردانە بەرگری لەوە بکەین کە دەیڵێن .
وەک هاتووە و دەخوێنینەوە لە کتێبی موقەدەسدا ” تەورات ” و لە سەفەری یەکەم دا ” واتا کتێبی پەیدا بوون ” سەروەختایەک ئیبراهیمی عیبریانی لە دوای نەوەت و دوو ساڵ کە ئیسحاقی کوڕی لەدایک دەبێت، خودا لە دوای نۆ ساڵ لەتەمەنی ئیسحاق، ئیبراهیمی عیبریانی تاقیدەکاتەوە. بۆیە خودا لەڕێگەی فریشتەیەک بەناوی ” گابریۆس_ گابرێڵ ” فەرمان بە ئیبراهیم دەکات ئیسحاقی بۆ بکاتە قوربانی ، بەوەی کە بزانێت ئایە بڕواو ئیمانی بەهێزە . بۆیە ئیبراهیم بڕیاری سەربڕینی ئیسحاق دەدات و پاشان خودا هەر لەڕێگەی گابرێلەوە ” قۆچێک “ـی بۆ دەنێرێت و ئیبراهیم لە تاقیکردنەوەکە دەردەچێت . بەڵام سەرەتا دەبێت ئەو پرسیارە بکەین ، ئایە کردەیەکی ئەخلاقیە باوک منداڵی خۆی بکاتە قوربانی بۆ هێزێکی میتیۆسی ؟
سۆرێن کیاکگاردی فیلۆسۆف لە کتێبە بەناو بانگەکەی ” ترس و لرز ” باس لەهەمان دۆخی ئیبراهیمی دەکات ، بە بڕوای فیلۆسۆفەکەمان ئیبراهیم لە گومانێکی دیکارتیانەدایە ، بەوەی کیاکگارد دەلێت: ئەگەر خودا بپەرستم پەشیمانم .. ئەگەر نەی پەرستم هەر پەشیمانم .. کەوایە بیپەرستم یا نەی پەرستم هەر پەشیمانم.
کیاکگارد لێرەدا باس لە بازێکی ئیمانی دەکات بەسەر درکپیکراوەکان و بەها پێدراوە ” کانتیە ” کاندا. واتا من بەهام بە خودا داوە بۆیە خودایە و خوداش بەهای بە ئیسحاق داوە بۆیە ئیسحاقە.!
کیاکگارد لەم دۆخە مالیخۆلیەدا باس لە وێنە ئەبەدیەکە دەکات. واتا پەرستشی خودا و نەپەرستشی، یان سەربڕێنی ئیسحاق و سەرنەبڕێنی، لە دۆخێ فینیۆمینۆلۆژیدان و شتگەلێكن دەچنە ناو تەفسیر و پرسیاری کەینونەیی فەلسەفیەوە ، بەڵام ئەی ئەگەر بازێکی ئیمانی بدەین و واز لەهەمویان بێنن لە پێناو ئەبەدیەتدا چی ؟ کەوایە ئەخلاق لەوێنە ئەبەدیەکەدا ئەخلاقە و یەکەم دەستپێکیشی لە بازە ئیمانیەکەدایە” کە هەم بازێکی نۆمینۆلۆژیە. هەم بازێکی ئەبەدیشە”. ئێمە دەتوانین شەرعیەت بە ئیبراهیم بدەین کە ئیسحاق سەرببریت بەڵام بەمەرجێک لە دەرەوەی ” لۆگۆس و میتۆس ” بڕیارەکە بدات. وەلێ ئیبراهیم لە پێناو میتۆس دا ئەم کارە دەکات و پاشان خودا لە میتۆسدا دێتە ناو ژیان و بەعەقڵی لۆگۆسەوە بڕیار دەدات.
‘ تاهیر بن جەلون ” لە ڕۆمانە بەناوبانگەکەیدا هەر وەک ” دۆبینس’ـی رۆمان نوس کە ئەخلاق دەکات بە تیمەی سەرەکەی رۆمانەکەی. یان گابریەل گارسیا مارگیز لە ڕۆمانی ” بەیادی سۆزانیە غەمبارەکانم ” ئەخلاق دەبێتە جۆرێک لە مۆتیڤی ستاتیکیانە و جادویانەی مارکیز. تاهیر بن جەلون لە ڕۆمانەکەیدا باس لە پیاوێک دەکات کە بەرهەمی ژیانی کۆمەڵایەتی مەغریبیە و لەتاو نەداری و بێپارەیی دەناڵێنێت. لەکاتێکدا ئەم پیاوە فەرمانبەرە لە دەزگایەکدایە کە هەموو پیاوانی دەزگاکە ڕشۆ وەردەگرن و بەرتیل خۆرن، بەڵام فیگۆرەکەی بن جەلون ناوێریت بەرتیل وەربگرێت .!
ئایە ناوێرێت ؟
یان نایەوێت ؟
هەردوو پرسیارەکە یەک وڵامیان هەیە، ئەگەر نەوێریت بەرتیل وەربگرێت، ئەوا ترسی لەرژێم و سیستمی دەسەڵات هەیە. وەئەگەر نەیەوێت وەریبگرێت ئەوا لە پێناو رۆحی رەسەنی عەرەبی خۆیدایە. بەڵام قسەکە لێرەدا ئەوەیە ” فیگۆرەکەی تاهر بن جەلون ” سارتەریانە شتەکان و پارەکان رەفز دەکاتەوە، واتا هێلنجی بە سیستمی دەسەڵات و بەرتیل وەرگرتن دێت. لێرەدا پاڵەوانەکەمان لە هەمان دۆخی ئیبراهیمی عیبریانیدایە و ئەگەر بەرتیل وەرنەگرێت ناژی، ئەگەر وەریشی بگرێ دیوە نۆمینەیەکەی ناژیی.
لەم نێوەندەدا دەبێت چیبکات ؟
فیگۆرەکە ی بن جەلون کیاکگاردانە باز بەسەر هەموو شتەکاندا دەدات و بەخۆی و  کتێبی ” بون و نەبون”ـە کەی سارتەرەوە بەدوای چێژ و ساتە تەنهاکانی خۆیدا دەگەڕێت ، دەیەوێت سێکس لەگەڵ کۆنە دۆستێکی خۆی بکات. خێزان و چەمکە هاپیتۆسیەکان وەلاوە دەنێت، خودا و فرمانەکانی وەلا وە دەنێت و لە چرکە ساتێکدا بەرتیل وەردەگرێت و پاشان دەیگەڕێنێتەوە و دواجار ئەم فیگۆرە دەیەوێت تەنهای تەنها بێت.
ئەخلاق و چەمکی ئەخلاق لەم ڕۆمانەدا لەنێوان چرکەساتی سۆسیۆلۆژی و نۆمینەی فیگۆردا دێت و دەچێت و خۆی بە پرسیار دەکات، لە خۆی دکۆڵێتەوە لە کۆمەڵگەی بەربەری عەرەبی و لەرۆحێکی دێوانەی خوێنەر و بیرکەرەوەدایاری دەکات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت