کاوسێن بابەکر: کورد لەکوێی ئەجێندا سێقۆڵیەکەی روسیا، تورکیا، ئێراندایە؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سێ دەوڵەت بەسێ خەونی ناکۆک لەهێندێک بڕگەو کۆک لەهێندێکی تر، لەدەوری مێزێک کۆ بوونەوە، روسیا ویستەکانی نەشاردەوەو دەیویست تورکیا ناچار بە قبوڵکردنی مانەوەی ڕژێمی سوریا بکات، دەیزانی ئەوەشی دوای کۆنترۆڵکردنەوەی حەڵەب بەئاسانی دێتەدی، ئێرانیش پشتیوانی بێ ئەملاو ئەولای ئەو داخوازیە بوو، تورکیاش لەپێناو دروستنەبوونی دەوڵەت یان هەر قەبارەیەکی سیاسی ئیداری کوردی لەباکوری سوریا، مانەوەی ڕژێم وهەڕەشەکانی بۆ تەفروتوناکردنی ئەسەدو ڕژێمەکەی کردنە بڵقی سەر ئاو، هەر ئەوەندە ئەم دوو ووڵاتەو دیارە ڕژێمی سوریاش دەستباری باری  ئەم داخوازیەی بۆ بگرن!

لەو نێوەندەدا ڕوسیا کێشەی کورد وەک نەتەوەیەکی زوڵملێکراوو داگیرکراو دەبینێ ولەسەرجەم دیدارو گفت وگۆکانی سەرکردەکانیاندا ئەوەیان نەشاردۆتەوە، کە ئەم نەتەوەیە شەڕ لەپێناو ئامانجە ڕەواکانیدا دەکات وزۆر ئازایانەش بەگژ لەشکرکێشیەکانی داعشدا هاتۆتەوەو ڕاستگۆیانە خەباتی خۆی لەجیات سەرجەم گەلانی دونیا درێژە پێداوە، خودی پۆتین چەندینجار رایگەیاندووە کە کورد شایانی گەیشتن بە مافەکانی خۆیانن، ودەبێ لەڕێکخستنەوەوداڕشتنەوەی جوگرافیای ناوچەکەدا حسابیان بۆ بکرێ، لەدوایین هەوڵیشیاندا سور بوون لە بەشداری پێکردنی کورد لەوکۆنگرەیەدا کە بڕیارە بۆ مەسەلەی سوریابەمنزیکانە ببەسترێ، سەرەڕای هەوڵە دژەکانی تورکیا.

بەڵام ئایا ڕوسیا ڕاستگۆیە لە قسەو بەڵێنەکانیدا؟ مێژوو پێچەوانەی ئەمەمان پێناڵێ؟ ئەدی ڕوسیا نەبوو بەڵێنی پشتیوانی کۆمارەکەیدا دواتر پشتی تێکردن؟ ئەدی هەر ئەم ڕوسیایە نەبوو هاوکاری سەددامی دەکرد لەکاتێکدا بە ئاگرو ئاسن بەگژ شۆڕشی کوردا دەهاتەوە؟ ئایا هەموو خەمی ڕوسەکان پارستنی بەرژەوەندیەکانیان نییە؟ یاریەکانیان لەشەڕی سوریادا مرخ خۆشکردن نییە لەکێکی دابەشکردنی بەرژەوەندیەکان لەدوای شەڕەکە؟ هەر بۆیەش پشتیوانی لەڕژێمێک دەکات کەجگە لەزمانی خوێن و ئاگر بەرانبەر بە هەر لایەنێک بەنەتەوەی کوردیشەوە کە ملکەچی سیاسەتە دیکتاتۆری وڕەگەزپەرستیەکانی نەبێ! باشە لەسیاسەتەکانی تورکیاو ئێران گەیشتووین، کە جگە لە گۆڕێک بەهیچی تر بۆ خەون وخواستەکانی کورد ڕازی نابن، بەڵام ڕوسیا بەم شێوازە لەسیاسەت لەئێستاو ڕابردوودا چی بۆ سەلماندووین جگە لەبەرژەوەندیەکانی خۆی؟ بۆیە من سەیرم بەو کەسانەدێ کە هیواکانیان بە قسەکانی پۆتین و بەرپرسەکانی کرملین هەڵدەواسن. پێویستە کورد ڕیزەکانی خۆی زیاتر یەکبخات، دەبێ خۆی به هێزتر بکات بۆئەوەی ئامادەیی هەر گۆڕانکاریەک وپێشهاتێک بێت، واباشە حکومەتی هەرێم وکانتۆنەکانی خۆراوا کۆنگرەیەکی هاوبەش ببەستن، لەو کۆنگرەیەداتواناکانیان یەکخەن لەپێناوئامانجە هاوبەشەکانیاندا، دەبێ ئەو ڕاستیە وەک ڕۆژی ڕوون لەبەر چاو بێ کە سەرکەوتنی کورد لەهەر پارچەیەکدا سەرکەوتنی تەواوی گەلی کوردستانە و ئەوەش هەنگاوێکە زووترو زۆرتر لەسەر بەخۆیی کوردستان ودەوڵەت، نزیکترمان دەکاتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت