به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی نهێنی ئینگلیز ئه‌یسه‌لمێنێت، كه‌ ئینگلیزه‌كان به‌ پلانی سیخوڕانه‌وه‌‌ ده‌سه‌لاتدارانی عه‌ره‌بی عێراقیان فێركردووه‌ كه‌ چۆن كورد بێ ده‌نگ بكه‌ن!

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی نهێنی ئیمپراتۆریه‌تی به‌ریتانیی كه‌ مێژووی نووسینی بۆ 8-10-1930 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و له‌ 10-10-1930 سادیره‌ كراوه‌، ئه‌وا چه‌ندین ڕه‌هه‌ندی سیخوڕیی و ڕێنیشانده‌ری سیاسیی ئینگلیزه‌كان بۆ ده‌سه‌لاتدارانی عه‌ره‌بی عێراقی تازه‌ درووستكراو ئه‌سه‌لمێنێت له‌ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ل جوولانه‌وه‌ی باشوری كوردستان.

(كه‌ له‌و كاته‌دا عێراق له‌ ژێر ئینتیدابی به‌ریتانیادا بوو، هێشتا نه‌بوو بووه‌ ئه‌ندامی كۆمه‌له‌ی گه‌لان، كه‌ جوگرافیایه‌كی نوێی تێكه‌ڵكێش كراوبوو له‌ ده‌ره‌نجامی رێكه‌وتنی سایكس-بیكۆوه‌ هاتبووه‌ درووستكردن، ناویشی لێنرابوو ده‌وله‌تی عێراق!).
به‌ڵگه‌نامه‌كه‌ له‌ دوو په‌ڕه‌ پێكدێت و ته‌واو نهێنییه‌ و ژماره‌كه‌شی (پ.ن.225)ه‌. له‌لایه‌ن جه‌نه‌رالی ناوداری هێزی ئاسمانی ئیمپراتۆریه‌تی به‌ریتانیی (ڕۆبه‌رت برۆكی پۆپهام)ه‌وه‌ بۆ نوری سه‌عیدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق نێردراوه‌.
شیاوی ئاماژه‌یه‌ جه‌نه‌رال ڕۆبه‌رت برۆكی یه‌كێك بووه‌ له‌ دامه‌زرێنه‌رانی هێزی ئاسمانی ئیمپراتۆریه‌تی به‌ریتانیی و له‌ بیسته‌كان تا سه‌ره‌تای سییه‌كانی سه‌ده‌ی بیست ئه‌وا فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی به‌ریتانیا بووه‌ له‌ ولاتی تازه‌دروستكراوی عێراق و خودی خۆشی فڕۆكه‌وانی جه‌نگیش بووه‌، دوای ساڵی 1935 یش كراوه‌ته‌ فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی به‌ریتانیا له‌ خۆرهه‌لاتی ناوه‌راست و دواتریش بووه‌ته‌ حاكمی به‌ریتانیا له‌ ولاتی كینیا دا.
كاتێك ئه‌م جه‌نه‌راڵه‌ له‌ عێراق دا هه‌مه‌كاره‌ بووه‌، ئه‌وا به‌ ناوه‌ڕۆكی نامه‌ نهێنییه‌كه‌یدا كه‌ بۆ نوری سه‌عیدی سه‌رۆك وه‌زیری عێراقی ناردووه‌ ئه‌سه‌لمێت كه‌ خودی شێخ مه‌حموود به‌ وردی زانیویه‌تی كه‌ ئه‌م جه‌نه‌راڵه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ده‌ستڕۆیشتووترین فه‌رمانده‌كانی به‌ریتانیا، هه‌ربۆیه‌ شێخ مه‌حموود به‌نھینییه‌وه‌ نامه‌یه‌ك بۆ جه‌نه‌رال ڕۆبه‌رت برۆكی ده‌نێرێت و داخوازی مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كوردی بۆ ده‌خاته‌ڕوو، به‌لام ئه‌م جه‌نه‌راڵه‌ی ئینگلیز‌ له‌ بری ئه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ وه‌ڵامی نامه‌كه‌ی شێخ مه‌حموود بداته‌وه‌، كه‌چی نامه‌یه‌كی نهێنی ئاراسته‌ی نوری سه‌عیدی سه‌رۆك وه‌زیری عێراق ده‌كات و چۆنیه‌تی له‌ خشته‌بردنی كوردی بۆ ڕوونده‌كاته‌وه‌!!
له‌ ناوه‌ڕۆكی نامه‌ نهێنییه‌كه‌ی ئه‌م جه‌نه‌راڵه‌دا ته‌قدیرگرتن و ڕێزلێ گرتنێكی ڕوونی تێدایه‌ بۆ نوری سه‌عید و به‌ سه‌رۆك وه‌زیری خاوه‌ن پایه‌ ناوی ده‌بات!! ده‌توانرێ به‌م ڕه‌هه‌ندانه‌ی خواره‌وه‌ لێكدانه‌وه‌ی سیاسیی بۆ نامه‌ نهێنیه‌كه‌ بكرێ، كه‌ له‌ سه‌ره‌تادا دێینه‌ سه‌ر باسی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی سیخوڕیكردنی ئینگلیزه‌كان بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی عه‌ره‌بی عێراقی له‌ نامه‌ نهێنییه‌كه‌دا.
1- له‌ سه‌ره‌تای نامه‌كه‌دا جه‌نه‌راله‌كه‌ی ئینگلیز بۆ نوری سه‌عیدی سه‌رۆك وه‌زیری عێراقی تازه‌ درووستكراو ڕوونی ده‌كاته‌وه‌ كه:‌ ناوبراو نامه‌یه‌كی له‌لایه‌ن شێخ مه‌حمووده‌وه‌ به‌ نهێنی پێ گه‌شتووه‌ و شێخ مه‌حموود داوای دابینكردنی مافه‌كانی كوردی لێ كردووه‌. هه‌ربۆیه‌ كۆپییه‌ك له‌و نامه‌ نهێنییه‌‌ی كه‌ شێخ مه‌حموود بۆی ناردووه‌ ئه‌وا بۆ نوری سه‌عیدی ده‌نێرێت، كه‌ ئه‌مه‌ش سیخوڕایه‌تی ئینگلیزه‌كان بۆ ده‌سه‌لاتدارانی عه‌ره‌بی عێراق و بڕوانه‌بوونیان به‌ مافه‌كانی كورد ئه‌سه‌لمێنێت!! هه‌رچه‌نده‌ تا مانگی 10 ی ساڵی 1930 كۆتایی به‌ حكوومه‌ته‌كانی شێخ مه‌حموود هێنرابوو، به‌لام ئه‌م نامه‌یه‌ ئه‌یسه‌لمێنێت كه‌ شێخ مه‌حموود دواتریش به‌ هه‌ر ڕێگایه‌ك بۆی لوابێت درێخی نه‌كردووه‌ له‌ تێكۆشان بۆ مافه‌ ڕه‌واكانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی.
2- له‌ به‌شێكی تری نامه‌كه‌یدا، جه‌نه‌راڵه‌كه‌ی ئینگلیز بۆ نوری سه‌عید ده‌نووسێت: من نامه‌وێت وه‌ڵامی نامه‌كه‌ی شێخ مه‌حموود بده‌مه‌وه‌! هه‌تا ئه‌و كاته‌ نه‌بێت كه‌ ئێمه‌ دڵنیاده‌بین له‌وه‌ی كه‌ شێخ مه‌حموود له‌ ولاتی پارس ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كاتێكیش‌ شێخ مه‌حموود گه‌ڕاشه‌وه‌ له‌ وڵاتی پارس، ئه‌وا من وه‌لامی ناده‌مه‌وه‌ به‌لكوو پێویسته‌ به‌ڕێز فرانسیس وه‌ڵامی بداته‌وه‌ نه‌ك من!!
(شیاوی ئاماژه‌یه‌ تا ئه‌و كاته‌ش له‌ نووسراوه‌ فه‌رمییه‌كان به‌ ئێران وتراوه‌ ولاتی پارس – دواتر ڕه‌زا شا گۆڕیی و له‌ ژێر ئایدیای فاشیستی پان-فارسیزم دا كردیه‌ ولاتی ئێرن!).
3- جه‌نه‌رال ڕۆبه‌رت برۆكی داوا له‌ نوری سه‌عید ده‌كات كه‌ هه‌ر پێشنیار و سه‌رنجێكی هه‌یه‌ له‌ باره‌ی وه‌لامی ئه‌و نامه‌ نهێنیه‌ی شێخ مه‌حموود‌، ئه‌وا بۆ ئه‌وانی بنێرێت بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامه‌كان ئاماده‌بن و دواتر (سێر فرانسیس) وه‌ڵامی شێخ مه‌حموودی پێ بداته‌وه‌.
4- پاشان جه‌نه‌راڵ ڕۆبه‌رت برۆكی به‌ نوری سه‌عید ڕاده‌گه‌یه‌نێت كه‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی شێخ مه‌حموود ده‌بێت له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌م ته‌وه‌رانه‌ی لای خواره‌وه‌ دا بێت.
A- ده‌بێت به‌ شێخ مه‌حموود ڕابگه‌یه‌نرێت كه‌: ئه‌مان هیچ ڕاسپارده‌یه‌كیان نه‌بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كرده‌وه‌ی بێ-به‌زه‌ییانه و مامه‌ڵه‌ی خراپ‌ له‌ سلێمانیدا ئه‌نجام بدرێت، بۆ نموونه‌ ئه‌وانه‌شی كه‌ بوونه‌ته‌‌ قوربانی ئه‌وا هۆكاره‌كه‌ی مامه‌ڵه‌كردنێك بووه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی فه‌رمانپێكردنی ئه‌مانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌‌ له‌ ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ دژ به‌ ئاپۆڕای جه‌ماوه‌ری سلێمانی.
(كه‌وابوو ئه‌مه‌ ساغی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئینگلیزه‌كان ده‌سه‌لاتدارانی عه‌ره‌بی عێراقیان فێركردووه‌ كه‌ چۆن كورد داپلۆسێنن و چۆنیش خۆیان له‌ به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ی بێ-به‌ری بكه‌ن، ئه‌م نامه نهێنیه‌‌ كه‌ وه‌ك ئاماژه‌ی بۆ كرا كه‌ له‌ 8-10-1930 دا نووسراوه‌ و پێشتریش ئه‌م جه‌نه‌راڵه‌ نامه‌ی شێخ مه‌حموودی پێ گه‌شتووه،‌ ئه‌وا ده‌سه‌لمێت كه‌ له‌ نامه‌كه‌ی شێخ مه‌حموود دا باسی كشتوبڕی ئاپۆڕای خۆپیشانده‌ری خه‌لكی سلێمانی كراوه‌ له‌ لایه‌ن ئینگلیزه‌كانه‌وه‌ له‌ به‌رواری 6-9-1930 كه‌ به‌ ڕۆژی شه‌شی ئه‌یلوول له‌ مێژووی كورد دا تۆماركراوه‌).
B- ده‌بێت له‌ وه‌ڵامه‌كه‌دا سه‌رنجی كورده‌كان بۆ ئه‌وه‌ ڕابكێشرێت كه‌: چه‌ندین بڕیار دراوه‌ بۆ پێدانی كۆمه‌ڵه‌ مافێك به‌ كورد، وه‌كوو: دامه‌زراندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كی یاریده‌ده‌ر بۆ كاروباری كوردان، دامه‌زراندنی فه‌رمانگه‌ی وه‌رگێڕان، به‌دواداچوون بۆ پرۆسه‌ی خوێندنی كوردی و هه‌روه‌ها گه‌ڵاڵه‌یه‌كی سه‌ره‌تایمان داڕشتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی زمانی كوردیش ببێته‌ زمانی یاسایی له‌ وڵات دا.
C- ده‌بێت له‌ وه‌لامه‌كه‌دا بۆ شێخ مه‌حموود ئاماژه‌ به‌وه‌ش بكرێت كه‌ له‌ ساڵانی ڕابردوو دا عه‌ره‌ب و كورد پێكه‌وه‌ به‌باشی ژیاون و كورده‌كان پێویسته‌ پێشوازی له‌ ژیانێكی دۆستانه‌ بكه‌ن له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌یه‌كدا كه‌ زمانه‌كه‌یان زمانی قورئانه‌.
(به‌ پێی ئه‌م بۆچوونه‌ی سه‌ره‌وه‌ی جه‌نه‌راڵه‌ ئینگلیزه‌كه‌ بێت، ئه‌وا‌ جه‌نه‌راڵه‌ ئینگلیزه‌كه‌ زۆربه‌باشی ویستوویه‌تی كه‌ڵك له‌ سۆزی ئاینی كورد وه‌رگرێت و به‌ بیانووی برایه‌تیی ئاینییه‌وه ئه‌وا‌ عه‌ره‌ب و كورد پێكه‌وه‌ له‌ وڵاتی عێراقی تازه‌درووستكراو دا بئاڵێنێت! كه‌وابوو ئینگلیزه‌كان زۆربه‌باشی خوێندنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵناسی-سیاسییان بۆ زۆرێك له‌ باوه‌ڕ و سۆزی تاكه‌كانی كورد هه‌بووه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا و، زانیویانه‌ كه‌ له‌ ڕێی پڕوپاگه‌نده‌ی برایه‌تی ئاینیه‌وه‌ ئه‌وا ئه‌توانن به‌ شێوه‌یه‌كی ڕێژه‌یش بێت سۆزی هه‌ندێك كورد بۆ پێكه‌وه‌ژیان له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب دا یه‌كبخه‌ن!).
D- ده‌بێت له‌ وه‌ڵامه‌كه‌دا سه‌رنج بۆ گووتارێكی لاوه‌ كورده‌كانی سلێمانیش بخرێته‌ڕوو، به‌تایبه‌ت ئه‌م ڕسته‌یه‌ ئاماژه‌ی پێ بكرێت كه‌: حكوومه‌تی به‌ریتانیی هیچ چالاكییه‌ك په‌سه‌ند ناكات، كه‌ خواستی جیابوونه‌وه‌ی كوردانی هه‌بێت.
(كه‌وابوو به‌ پێی ئه‌م خاڵه‌ش بێت ئه‌وا له‌و كاته‌دا و به‌تایبه‌ت له‌ ڕێپێوانی 6-9-1930 ی خه‌ڵكی سلێمانیدا، ئه‌وا گوتار و داخوازی لاوانی سلێمانی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بووه‌، بۆیه‌ جه‌نه‌راله‌ ئینگلیزه‌كه‌ به‌ پێویستی زانیووه‌ له‌م خاڵه‌ی سه‌ره‌وه‌شدا به‌ ڕوونی دژایه‌تی كردنی ده‌وله‌تی به‌ریتانیا له‌ هه‌مبه‌ر داخوازی سه‌ربه‌خۆیی له‌لایه‌ن كورده‌وه‌ ئاماژه‌ بۆ بكات.
E- ده‌بێت له‌ وه‌ڵامه‌كه‌ بۆ شێخ مه‌حموود ئاماژه‌ به‌وه‌ش بكرێت كه‌: ئه‌وه‌ خه‌ونێكی باش نییه‌ كه‌ داوای سه‌ربه‌خۆیی بكرێت، به‌ڵكوو خۆشگووزه‌رانی بۆ كورد له‌ پێشوازیكردنیان دایه‌ بۆ به‌رده‌وامی ژیان له‌ ناو عێراق دا و، تاكه‌ هیوا بۆ بووژانه‌وه‌ی ئابوریی و ئاسوده‌یی بۆ كورده‌كان ئه‌وا كاركردنیانه‌ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق دا، نه‌ك ئه‌وه‌ی دژایه‌تی بكه‌ن!

ئیمزا
ڕۆبه‌رت برۆكی پۆپهام

_________

ئامادەکردن و ساغکردنەوەى لە ئەرشیفى نەتەوەیى بەریتانیى و شیکارکردنى: ” شەریف هەژارى ” مامۆستا لە بەشى مێژووى زانکۆى سلێمانى.